کورد و گەمەی زلهێزەکان لە ناوچەی خۆڕهەڵاتی ناوین لە بەڵگەکانی وەزارەتی دەرەوەی ‏ئەمەریکادا

392
0
هاوبەشی :

 

وەرگێڕانی بۆ كوردی : دلێر ئاكرەیی
بەڵگەی ٣٠٢‏
یاداشت لە بەرێوەبەری هەواڵگری ناوەندی ( هێڵمز) بۆ یاریدەدەری سەرۆکی کاروباری ‏ئاسایشی نەتەوەیی ( کیسینجەر)، وەزیری دەرەوە رۆجرز و وەزیری بەرگری لێرد.‏
واشنتۆن، ٢٩ی ئازاری ١٩٧٢‏
بابەت: هەوڵەکانی کورد بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی نێو دەوڵەتی بۆ هەڵوێستەکەیان سەبارەت ‏بە بەرەنگاربوونەوەی پتەوتربوونی پەیوەندیەکانی سۆڤیەت و ئیراق و لێکەوتەی فشارەکانی ‏سۆڤیەت لە سەر کوردان.‏
‎‏١. مانگی ئازاری ١٩٧٢ مەلا مستەفای بارزانی [؟]* وەک نێردەی تایبەتی خۆی نارد بۆ ‏ئەوەی وتووێژ [؟]* لەگەڵ [؟]* نوێنەرانی [؟]* و حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ‏ئەمەریکا بکات.‏
‎‎‏٢. لە میانەی دیدارەکانیدا لەگەڵ [؟]* پێشهاتەکانی ئەم دواییەی عێراقی ڕوون کردەوە، کە ‏بریتیبوون لە: واژووکردنە چاوەڕوانکراوەکەی پەیمانی دۆستایەتی سۆڤیەت و عێراق کە کە ‏لە بنەڕەتدا لە کاتی سەردانی جێگری سەرۆک کۆماری ئیراق سەدام حوسێن تکریتی لە ‏مانگی شوباتی هەمان ساڵ بۆ مۆسکۆ لە سەری رێکەوتبوون، هەروەها فشاری سۆڤیەت بۆ ‏سەر کوردەکان تا پەیماننامەی نیشتمانی لەگەڵ حیزبی بەعسی ئیراق و حیزبی شیوعی ئیراق ‏واژوو بکەن؛ و لێکەوتەکانی ئەم هەموو پەرەسەندنانە لە سەر تەواوی ناوچەکە.‏
‏٣. [؟]* وتی ئەو گەشەسەندنانە کوردیان خستووتە گۆشەیەکەوە کە ئەگەر رازی بن لە گەڵ ‏حیزبی شیوعی ئیراقی و بەعسدا بچنە ناو پەیماننامەکەوە، ئەوە لە داهاتوودا مەحاڵە لێی ‏رزگاریان بێت، بە تایبەتی لە گەڵ ئەو ئاستە پشتیوانییەی کە ئێستا یەکێتی سۆڤیەت دەداتە ‏حکومەتی بەعس لە بەغدا. ئەگەر کوردەکان بەشدارییەکە رەت بکەنەوە، دەبێت رووبەڕووی ‏ئەگەری نوێبوونەوەی دۆژمنایەتی ببنەوە. لە کاتێکدا یەکێتی سۆڤیەت فشاری دەخستە سەر ‏کوردان تا بەشداری پەیماننامەکە بکەن، هاوکات ئێرانیەکانیش هەموو هەوڵێکیان دەدا کە ئەم ‏کارە نەکەن. ئێرانییەکان داوایان لە ئیدریس بارزانی کوڕی مەلا مستەفا کردووە کە لیستێکی ‏پێداویستیە سەربازی و مادییەکانی ئێستایان بۆ بنێرن. لیستەکە لە بنەمادا لەلایەن ئێرانییەکانەوە ‏پەسەند کرا. هەر چۆنێک بێت، کوردەکان، متمانە بە ئێرانییەکان ناکەن کە بەڵێنەکانی ‏هاوکاریکردنیان جێبەجێ بکەن. ‏
‏٤. [؟]* لە درێژەی قسەکانیدا وتی کوردەکان چیتر تەنیا بیر لە تەواوی مەرجەکانی خۆیان ‏ناکەنەوە، بەڵکو پەرەسەندە هەنوکەییەکان وەکو کێشەیەکی نیشتمانی لە ئیراق باسیان لێوە ‏کردووە. سەرباری ئەمەش واژووکردنە چاوەڕوانکراوەکەی پەیمانی سۆڤیەت و ئیراق، ‏لێکەوتەی ستراتیژی بۆ تەواوی ناوچەکە لێدەکەوێتە. کوردەکان لەهەوڵێکیاندا بۆ ‏بەرخوردکردن لەگەڵ ئەو کێشەیە لەچوارچێوە نیشتمانەکەیدا، پەیوەندیان بە گروپە ‏عەرەبەکانی تاراوگە کردووە کە لەقاهیرە نیشتەجێن، بەڵام متمانەیان پێ نەبووە. [؟]* ‏پێشنیاری کرد [؟]* و لەو بڕوایە دایە کە ساتی گونجاو هاتووە، بۆیە دەبێ خۆی بە شەخسی ‏بەشداری لە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی عەرەبی – کوردیدا بکات کە بارەگاکەی لە ‏کوردستان بێت و دروشمی شۆڕشی ئیراق لە باکوور بەرز بکاتەوە. پێویستە لیژنەکە ‏پەیوەندیە نێو دەوڵەتیەکان لە سەرانسەری جیهان دابمەزرێنێت و دوای ئامادەکردنی بنەمای ‏دەستوری بۆ رژێمێکی نوێ، حکومەتێک لە باکور پێک بهێنێت کە دواتر هەوڵی بەدەستهێنانی ‏هاوکاری ئەرتەشی ئیراق بدات و حیزبی بەعس لە بەغدا وەدەرنێت. هەروەها پێویستە ‏کۆمیتەی عەرەبی – کوردی بۆ ئێران ڕوون بکاتەوە کە یارمەتییە سەربازیی و ماددییەکانی ‏دیکەیان پێ قەبوڵە، بەڵام پێشوازی لە کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆ یان دەستێوەردانی ئێران لە ‏کاروباری ناوخۆی عێراقدا ناکەن. ئەزموونی دریژخایەنی کارکردنی کوردان لە گەڵ ئێراندا ‏هیچ گومانێکی نەهێشتووتەوە کە سیاسەتی ئێران بۆ ئەوە بووە حکومەتێکی لاواز لە بەغدا ‏دامەزرێنێت بە سەرپەرشتی سەرکردە ناشایستەکانی وەکوعبدالغەنی ئەلراوی.‏
‎‏٥. [؟]* وتی ئەگەر هەر شتێک بکرێت، دەبێت لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا دەست ‏پێبکرێت. نیردەکەی بارزانی پێشنیاری کرد سەردانی [؟]* بکات کە پێشتر بەڵێنی داوە ‏نێوەندگیری لای شای ئێران بکات بۆ دابینکردنی یارمەتی سەربازی پێویست، بەبێ ‏پێداگریکردن لەسەر دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئێران و کۆنترۆڵکردنی ڕووداوەکان. ‏سەرباری ئەوەش ، [؟]* وتی هیواخوازە وتووێژ لەگەڵ بەرپرسە باڵاکان بکات لە [؟]* ‏واشنتۆن بۆ ئەوەی لێکەوتە ستراتیژییەکانی جموجووڵی ئەم دواییەی سۆڤیەت لە ئیراق روون ‏بکاتەوە و داوای چەند رێوشوێنێکی سادە و ساکار دەکات بۆ یارمەتیدانی کوردان بە شێوەیەکی ‏زۆر نهێنی. ‏
‏٦. لە کاتێکدا درک بەوە کراوە کە سیاسەتی نەریتی ڕۆژئاوا بەرامبەر بە کورد بریتی بووە لە ‏‏ دەستێوەرنەدان، [؟]* وتی کوردەکان ناتوانن باوەڕی بەوە بکەن کە هێزە رۆژاواییەکان دوای ‏وریاکردنەوەیان سەبارەت بەوەی کە لە ئیراق روودەدات، ئەوەندە بێباک بن. لە میانەی ‏وتووێژەکانی نێردەی بارزانیدا لە وڵاتانی رۆژاوا، هیوای خواست کە وەڵامێکی گونجاو بۆ ‏هەندێک یان گشت ئەم مەرجانەی خوارەوە وەربگرێتەوە:‏
ئا. گفتوگۆی سیاسی بە شێوەیەکی بەردەوام؛
ب.دابینکردنی یارمەتی دارایی؛
ج.دابینکردنی وێستگەیەکی بەهێزی رادیۆ و ڕاهێنان بە کارپێکەرەکەی بکرێت؛
د.هاوکاریکردن لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی کوردی کە لە ژێر بەرپرسیارێتی مەسعود ‏بارزانی دایە؛ و
ر. رێ بە چەند خوێندکارێکی کورد بدرێت تا لە زانکۆکانی وڵاتانی رۆژاوادا بخوێنن.‏
ریچارد هێڵمز
تێبینی: [؟]* دەقی نێوان هەر دوو کوانەکە بە نهێنی هێڵراوەتەوە.‏
‏ وەرگێڕ: دلێر ئاکرەیی
سەرچاوە: ‏
https://history.state.gov/historicaldocuments/frus1969-76ve04/d302‎

هاوبەشی :