ئەگەر جارێک فێڵت لێکردم خوا بتگرێ ، ئەگەر دووجار فێڵت لێکردم خوا خۆم بگرێ

612
0
هاوبەشی :

نوسینی: دلێر ئاکرەیی

نووسەر و شاعیری سکۆتڵەندی جۆرج مەک-دۆناڵد لە حیکاتە خەیاڵەکەیدا بە ناوی لە ‏پشتەوەی باهۆزی باکوور و لە زاری پاڵەوانی چیرۆکەکەیەوە کە منداڵێکە بە ناوی دایمۆندی ‏بچووک، باس لە گەشتەکەی دەکات بۆ دیوی پشتەوەی باهۆزی باکوور کە لە شوێنێک ‏کەوتووتە خوارەوە و تەنیا کیژۆڵەیەکی بینیوە، بەڵام نەیتوانیوە بدوێنێ، چونکە خەڵکی ئەوێ ‏نادوێن و تەنیا بە سەیرکردنی یەکتر لە هەموو شتێک تێک دەگەن.‏
هەروەها خەڵکەکەیشی بە تەواوی قایلن بە ژیانەکەیان، بەڵام تەنیا کەمێک غەمگینن، کە واتە ‏بەختەوەر نین، وا دیارە چاوەڕوانی ئەوەن کە رۆژێک بێت و بەختەوەرتر بن. ‏
کەچی خەڵکەکەی هەرێم دەتوانن بدۆێن، بەڵام لە یەکتری حاڵی نابن، چونکە بەکارهێنانی ‏ژیری مێشک، بیردانگی تیژ، شێوەی بیرکردنەوەی قوڵ، توانای لێکدانەوە و وردبینی لە ‏رەوتی رووداوەکانی ناوخۆیی و دەرەکی، بەراوردکردنی ئاستی جیاوازی نێوان ژیان و ‏گوزەرانی چین و توێژەکانی خوارەوەی پلیکانەکەی کۆمەڵگا و گوڵبژێرە فەرمانڕەواکەی ‏هەرێم و هتد…… مەرجن بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ بەرەو خۆشگوزەرانی و ژیانێکی ‏ئارام وبەختەوەر هەنگاو بنێن.‏
ئەو دۆخەی کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە، دۆخێکی ئەوەندە ئاڵۆزۆکاو نیە کە ‏شیرۆڤە و وردبینیەکی قوڵی بیەوێت تا راستی و چەوتیەکانی لە یەکتر جیا بکرێنەوە. تەنیا ‏چاودێرێکی کەم ئەزموونیش دەتوانی زۆر بە ئاسانی کەلێنی نێوان زۆرینەی خەڵکە ‏هەژارەکەی کۆمەڵگا و کەمینە دەوڵەمەندەکەی ببینێت کە چەندە فراوانە و جیاوازیەکەی ‏نێوانیشیان چەندە قوڵە!! ‏
ئەی هۆ و هۆکارەکە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ ‏
وا بزانم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کاتێک مرۆڤ لە مرۆڤبوونی دەردەکەوێت و دەبێتە ئامرازی ‏دەستی کەسانیتر، ئیدی هەموو هێز و وزەی خۆی بۆ خۆشگوزەرانی و بەختەوەری کەسانی ‏دی دەخاتە گەڕ کە شایستە نین و هیچی بۆی نامێنێتەوە کە بیر لە خۆی و دەوروبەرەکەی ‏بکاتەوە. ئەو جۆرە مرۆڤانە وەک ئامێری ئەلەکترۆنین و بە ریمۆت کۆنتڕۆڵی دەستی ‏کەسانیتر کار دەکەن و بیر دەکەنەوە!!.‏
ئینجا پرسیارە گەورەکە لێرەدا ئەوەیە:‏
تا کەی ئەو کەسانە بە زەلیلی لە بەرپرسان دەپاڕێنەوە؟
‏ تا کەی وەکو موریدێکی ئەڵقە لە گوێ لە بەر دەرگای بەرپرسیاران ئێشک دەگرن و ‏دەیانپارێزن؟
تا کەی دەبنە زۆڕنای پرۆپاگندەکردن بۆ گەورە بەرپرسیارەکانیان؟
‏ ئەرێ کەنگی مرۆڤبوونیان دەگەڕێننەوە؟ ‏
کەی نایەڵن هیچ کەسێک دەستدرێژی بکاتە سەر دەنگەکانیان؟!‏
تۆ بڵێی نەزانن کە دەنگ ناسنامەیە، شەرەف و روومەتە!!‏
دەنگ هاوشێوەی ئیرادە و شکۆ پێوەری رەوشت و ئەخلاقی مرۆڤەکانە، هێزی رۆحیی ‏مەعنەوییانە.‏
ئیدی کەنگی خاوەندارێتی لە پێودانگە ئەخلاقیەکانیان دەکەن!‏
تا کەی و کەی و کەی…. لە کەشی توقاندن، دڵەراوکێ، ئاییندەی لێڵ، رۆژی تاریک، ‏تارمایی بێهیوایی و شەوە زەنگی ژیاندا خۆیان مەڵاس دەدەن؟
ئەرێ ئەوەندەی منداڵە پاڵەوانەکەی حیکایەتی پشتەوەی باهۆزی باکووریش وردبینیەکەیان بڕ ‏ناکات و بە دوای چارەنووسی بەختەوەرییاندا بگەڕێن! تەم و مژی دەیان ساڵی رابردوو ‏بڕەوێننەوە! بە عەقل وبیرکردنەوەی خۆیان بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆیان بدەن، نەک بە ‏ریمۆت کۆنتڕۆڵی ئاغاکانیان!‏
شانسیان هەیە کە دەرفەتێکی زێڕین لە پێشیانە. ئەمەش تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسسازە. ‏دوای کەمتر لە یەک هەفتە هەڵبژاردنی ئیراقە و دەتوانن خۆیان تاقی بکەنەوە کە چەندە ‏شانازی بە خۆیانەوە دەکەن؟ یان چەندە بڕوایی بە خۆیانە بۆ ئەوەی کار بۆ خۆیان بکەن و ‏بڕیارەکەشیان لە دەست خۆیانە؟ یاخود تەنیا کار بۆ ئەو کەسانە دەکەن کە بە دەنگی ئەوان ‏پلە و پۆست و پول و پارە و کۆشک و ژیانێکی شاهانە بۆ خۆیان دەستەبەر دەکەن!!!‏

هاوبەشی :