تۆڵە بە سەبرە ئەمان بە زەبرە

317
0
هاوبەشی :

 

نوسینی: دلێر ئاكرەیی

ئەم پەندە کوردیە لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا لە سنگی مەحەکە دەدرێت و خەڵکی باشوری ‏کوردستان دەتوانن لە رۆژی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیراقدا بەکردەیی راستی و ‏دروستی ئەم پەندە بیسەلمێنن.‏
بژاردەی سیاسی ناسیاسی کە فەرمانڕەوایی هەرێمی کوردستان دەکات جوامێری و ‏دڵسۆزی، تنوێتی بۆ ئازادی و فیداکاری، سادەیی و ساویلکەیی و مەینەتەکانی گەلی باشوری ‏کوردستانی قۆزتەوە بۆ ئەوی کە گوایە حوکمێکی کوردی دادەمەزرێنێ کە لە سایەییدا ‏گەلەکە بحەسێتەوە و خەریکی گەیشتن بێت بە کاروانی شارستانی.‏
ئەم بژاردەیە هەر لە سەرەتاوە دامەزراندن لە ئیش و کاری کەرتی گشتی بەپلەی یەکەم و ‏کەرتی تایبەتی بە پلەی دوومدا کردی بە بوارێک بۆ پێکەوەنانی مێگەلێکی زۆرتر و ‏بەحیزبیکردنی کۆمەڵگا و حکومەت. لە پاڵ ئەمەشدا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی کردووە بە ‏گۆڕەپانی مەشق و کارگەی هەڵهێنانی فەرخە درۆزن و درۆزن و فریودەر و بێباکان. ‏ئەمانەیان لە لایەکەوە بۆ خڵافاندنی خەڵکەکە بە شتی لابەلا و بێبایەخ سەرقاڵ بکەن و ‏بیانگەمژێنن، لەلایەکی دیکەوە خۆڵ بکەنە چاوی هەژاراندا ، بەوەی کە خەونی گەورە، ‏بژێوی دابینکراو، زستانی گەرم و هاوینی فێنکیان پێبفرۆشن.‏
ئیدی بەرلەمان لە بری ئەوەی ببێتە سەکۆی داکۆکیکردن لە مافی مافخۆراوان، ‏هاوسەنگکردنەوەی نادادپەروەری و دابینکردنی ژیانێکی ئارام و نیمچەخۆشگوزەران بۆ ‏خەڵكی، بووە بە شوێنی پێگەیاندنی توێژێکی نوێی کۆمەڵایەتیی تێرخۆر، گیرفان پڕ، خاوەن ‏مووچە و خانەنشینی بەرز، کۆشک و تەلاری رازێندراو، پاشەرۆژێکی مسۆگەر بۆ خۆی و ‏منداڵەکانی. ‏
فەرمانڕەوا دەستڕۆیشتەکانی هەرێم، پەرلەمانتارەکانیان کردووە بە داکۆکیکار و پارێزەرانی ‏دزی و تاڵانکردن و شکەستە سیاسی و ئابووری ودیپلۆماسیەکانیان. ئەگەر پێویستیش کرا ‏دەیانکەن بە قەلغان بۆ خۆپاراستن لە تۆڕەیی خەڵکی بەشخۆراو.‏
ئێستا کاندیدەکانی ئەم فەرمانڕەوایانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیراق هاوشێوەی ‏سەرکردەکانیان بەڵێنی ساختە بە خەڵکی دەفرۆشنەوە، بەردی بناغەی پرۆژەی وەهمی ‏دادەنێن، هیوای نەزۆک بۆ دامەرزاندن بە خەڵکی دەبەخشن، بەڵام دوای بردنەوەی هەڵبژاردن ‏دەبنە کارمەندانی رێنماییەکانی حیزبەکانیان، ژمێریارەکانی داهاتەکانیان و پاسەوانانی ‏بەرژەوەندیەکانیان. بۆیە کاتی ئەوەیان نامێنێت بە دوای جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە بکەون کە ‏بە خەڵکی رەش و ڕووتیان داوە. ئەوان پشتراستن بەوە کە خەڵکەکەش گەلێک زوو شتیان لە ‏بیر دەچێتەوە، بۆیە ئەوەندە سەری خۆیان بە خەڵكەوە سەرقاڵ ناکەن ، جگە لە راسپاردەی ‏سەرەوەیان نەبێت. ئەویش چۆن مێشکی خەڵکەکە تێک بدەن و گەوجە و گێژ و وێژیان بکەن.‏
ئیدی خەڵکینە! گوڵبژێری فەرمانڕەوایی هەرێمەکەتان ئەوها سەیرتان دەکەن! ‏
‏ ئێوە لای ئەوان تەنیا هێمایەکی ئەرێنین لەسەر کارتی دەنگدان و هیچیتر. تەنیا هەر چوار ساڵ ‏جارێک پێویستیان بە دەنگی ئێوەیە و دواتر لە بیرتان دەکەن. بۆ گەیشتن بە ئامانجە ‏گڵاوەکانیان هەوڵی لە خشتەبردنتان دەدەن، کە لەم بوارەدا وەستای بێ رکابەرن، ئەگەر بەم ‏رێبازەیان بۆ بچێتە سەر هەر وەکو جارانی پێشوو کردوویانە، ئەوە هەرزانیان لە سەر ‏دەکەوێت.‏
ئەگەر نا بە بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ یان هەوڵی کڕینی دەنگەکانتان بە بڕە پارەیەکی ‏کەم کە بە قێزەوترین رەفتار و کردەوە و سەوداومامەڵە لە قەڵەم دەدرێت هەم بۆ کڕیارەکە ‏وهەمیش بۆ فرۆشیارەکە. ‏
بۆیە دەبێ لە بیرتان نەچێت کە هەر ئەوانەن ئێوەیان برسی کردووە، بێڕیزیان بەرامبەر بە ‏ئێوە کردووە، شکۆی ئێوەیان شکاندووە، ئیرادەیان لە ئێوە سەندووتەوە، بێئاو و کارەبا و ‏نەوتیان کردوون. هەر ئەوانن دەوڵەمەنتر دەبن، ئێوەش هەژارتر، شوێنی حەوانەوەیان ‏فراوانتر و خۆشترو دڵگیرتر دەبێت، کەچی هی ئێوە بچووکتر و تەسکتر و تاریکتر دەبێت، ‏ئەوان شەوانی سووری کەیف و سەفا و بە هەڵدانی پێک و نۆش کات بەسەر دەبەن، ئێوەش ‏لە نائارامی و دڵەڕاوکێدا بۆ پەیداکردنی نانی سبەی نوغرۆی دەریای غەم و خەمۆکی دەبن.‏
بەڵام بێهیوا مەبن، بێهیوابوون دەردێکی کوشندەیە و دەرفەتەکانتان لە دەست دەدات. وا ‏پێدەچیت کە جارێکی دی بەخت رووی تێکردوون. ئەمجارە بەردی دامەکەتان سوارە، باش ‏بەکاری بێنن، لێیان دەبەنەوە. بایەخی دەنگەکانتان بزانن و هەرزان فرۆش مەکەن، بیکەن بە ‏چەکێک دژ بە ستەمکاران و لە جێگای گونجاودا بەکاریان بێنن. گوێ لە بەڵێنە نەزۆکەکانیان ‏مەگرن، رۆژ رۆژی ئێوەیە و رێکەوتی ١٠ی مانگی ١٠ی ئەمساڵ شێلگیرانە و کاوە-ئاسا ‏دەست و باسکی لێهەڵماڵن و تۆڵەی دەیان ساڵیان لێ بکەنەوە. وانەیەکیان پێبدەن کە تا ماون لە ‏بیریان نەچێتەوە و ببێتە پەندێک بۆ هەموو ئەوانەی کە هێزو و بازووی خەڵكیان فرامۆش ‏کردووە یان لە بیرخۆیان بردووتەوە. ‏
ئەمەیە ئەو رۆژەی کە بە دەنگی خۆتان سزایان دەدەن و سەرکەوتنێکی گەورە و ‏وەرچەرخانێکی مێژوویی تۆمار دەکەن. ‏
بڕۆن بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆتان بەو نوێنەرانە بدەن کە باوەڕی بە ‏راستگۆیی و بوێری و لێهاتووییان دەکەن.‏
دلێر ئاکرەیی
‏ ‏

هاوبەشی :