بەڵگەنامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ژمارە ٢٦٧ دەربارەی سەردانی ئیدریس بارزانی بۆ تاران چەند ڕۆژێك پێش ڕێكەوتنی ١١ ئازاری ١٩٧٠

410
0
هاوبەشی :

وەرگیڕانی لە ئینگلیزیەوە: دلێر ئاكرەیی

ئیدریس بارزانی هەفتەیەک پێش راگەیاندنی بەیاننامەی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ لەلایەن ‏سەرۆکی دەزگای ساڤاکی ئێرانیەوە بانگهێشتی تاران کرا و چاوی بە نوێنەرانی حکومەتی ‏ئیسرائیلیش کەوت.‏
ئەم زانیاریانە لە بەڵگەنامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ژمارە ٢٦٧دا بخوێنەوە: ‏

‏١.‏ ئیدریس بارزانی کوڕی سەرکردەی کوردە یاخیبووەکان مەلا موستەفا بارزانی لە سەر ‏داخوازی دەزگای ساڤاک بۆ تاوتوێکردنی ئاییندەی شۆرشی کوردی رۆژی ٤ی مانگی ئازار ‏گەیشتە تاران. رۆژانی ٤ و ٥ی هەمان مانگ، بارزانی، سامی سنجاری و ئەنیر قاسمی لە ‏گەڵ نوێنەرانی حکومەتی ئیسرائیل کۆبوونەوە.‏
ئیسرائیلەکان فشارێکی زۆریان هێنا بۆ دەستپێکردنەوەی دوشمنایەتی لە باکوری ئیراق و ‏بەڵێنیان بە کوردەکان دا کە دژە فرۆکە و تۆپخانەی سووکیان بۆ دابین بکەن. ئیدریس ‏بارزانیش داوای ماشینی زریپوشی و نەفەرهەڵگرە زریپۆشەکانی لێکردن. ئیسرائیلیەکان ‏قەبوڵیان کرد کە ئەو جۆرە کەرەستانە بۆیان بنێرن. لە هەمان دانیشتندا ئیسرائیلیەکان داوایان ‏کرد کە دەبێ مەلا مستەفا بارزانی هەوڵ بدات بەلانیکەم دەست بەسەر دوو تانکی ئیراقیدا ‏بگرێت. لەبەرامبەریشدا بەڵێنیان دا کە وێرای کەرەستەکانیتر، ژمارەیەک تانک و تاقمی ‏تانکەکانیشیان لە رێگای ئیرانەوە بۆیان بنێرن. ئیدریس بارزانی خواستی کە تاقمی تانکەکان ‏کورد بن وراهێنانیان پێبکەن. ئیسرائیلیەکان دەستبەجێ ئەو داواکارییەیان پەسەند کرد.‏

‏٢.‏ رۆژی ٦ی مانگی ئازار بارزانی چاوی بە جەنەڕال نەعمەتوللا ناسری بەرپرسی ساڤاک ‏کەوت. ناسری باسی لە پلانەکانی ئێرانی کرد بۆ پێشکەشکردن کۆمەکی زیاتر بۆ مەلا ‏موستەفا بارزانی. هەروەها نیگەرانی ئێرانیەکانیشی دەربڕی سەبارەت بە دانوسانی کوردان ‏لە گەڵ رژێمی ئێراقدا. ناسری وتی: ئیران بە تەواوی پشتگیری لە پلانی ئیسرائیل دەکات ‏سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی شەڕ لە باکوری ئیراق و پێویستە ئیدریس بارزانیش بە دیقەت ‏پێشنیارەکەی ئیسرائیلیەکان لەبەرچاو بگرێت. ‏
وا بڕیار بوو ئیدریس بارزانی رۆژی ٧ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ جارێکی دیکە چاوی بە ‏ناسری بکەوێتەوە تا گفتوگۆی زیاتر لە سەر پێشنیارەکەی ئیسرائیلیەکان بکەن.‏

‏٣.‏کۆمەکی دارایی ئیرانیەکان و ئیسرائیل بۆ بارزانی لە مانگی رابردوودا یەک ملیۆن و ‏‏٢٠٠هەزار دیناری ئیراقی بوو کە بەرامبەرە بە ( ٣ملیۆن و ٣٦٠هەزار دۆلاری ئەمەریکی) ‏‏.‏

‏٤.‏دەقەکە بە نهێنی هێڵراوەتەوە….‏

وەرگێران لە ئینگلیزیەوە: دلێر ئاکرەیی

سەرچاوە:‏
https://history.state.gov/historicaldocuments/frus1969-76ve04/d268%E2%80%8E‎

هاوبەشی :