چۆن چۆلەکە ئەمەریکای داگیرکرد..؟

1444
0
هاوبەشی :

نوسینی: لوقمان حەوێز...

چۆن چۆلەکەی ماڵی لە ئەوروپا گەیشت بە ئەمەریکا و بەو شێوەیە زۆربوون و بڵاوبوونەوە..؟

تەنیا چەند پۆلێک چۆلەکە کە بەدەستی مرۆڤ لە ئەوروپا هێنران بۆ ئەمەریکا بەر لە نزیکەی 170 ساڵ ئێستا بوون بە پتر لە 540 ملیۆن چۆلەکە و لە هەموو ویلایەتەکانی ئەمەریکا و هەردوو کیشوەری ئەمەریکا بڵاوبوونەتەوە…

چۆلەکەی ماڵی بە باڵندەکەی جیهانی کۆن دادەنرێت، لەبنەڕەتدا لە زۆربەی ناوچەکانی ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقیا هەیە، کاتێک کریستۆفەر کۆلۆمبۆس کیشوەری ئەمەریکای دۆزیەوە لە ساڵی 1492 گەلێک باڵندە و ئاژەڵ کە ئەمڕۆ لەئەمەریکا هەن ئەو کاتە لەوێ نەبوون لەوانەش چۆلەکەی ماڵی…

چۆلەکەی ماڵی چۆن وە بۆچی گەیشت بەئەمەریکا..؟

مرۆڤ بوونەوەرێکی بێ وێنە و بێ هاوتایە لەنێو هەموو زیندەوەر و بوونەوەرەکانی تر لەسەر ڕووی زەوی، کاریگەری ترسناکی لەسەر هەموو سیستەمی ژینگەیی لە سەرانسەری جیهان دروستکردووە، نەوەک تەنیا لەڕێگەی پیسکردن و وێرانکردنی ژینگە بەڵکو بە دەست تێوەردانیشی لەسروشت و گۆڕینی شیرازە سروشتیەکان لەنێو زیندەوەراندا، ئەم چیڕۆکەش باشترین بەڵگەیە…

لەناوەراستی پەنجاکانی سەدەی نۆزدەهەم واتە بەر لە نزیکەی 170 ساڵ، جۆرە کرمێک لەسەر زۆربەی درەختەکانی شاری نیویۆرک بڵاوبوونەوە، چەند ساڵێک بوو هیچ چارەسەرێکی ئەوتۆیان نەدۆزیەوە بۆ لەناوبردنیان، کەسێکیش هەبوو لە شاری نیویۆرک بەناوی یوجین شێفڵین کە دەرمانساز بوو بەڵام خولیای بەخێوکردنی باڵندەشی هەبوو، ئەو کەسە پێشنیارێکی کرد بۆ بەرپرسانی شاری نیویۆرک کە چەند پۆلێک چۆلەکەی خۆماڵی لە ئەوروپاوە بهێنن بۆ شاری نیویۆرک و بەڕەڵا بکرێن بەمەبەستی لەناوبردنی ئەو جۆرە کرمە، پێشنیارەکە جێبەجێکرا، دوای چەند ساڵێکی کەم ئەو جۆرە کرمە نەما، بەڵام چۆلەکەکان زۆر بەخێرایی زۆربوون و وردە وردە بەهەموو ناوچەکانی ویلایەتی نیویۆرک و نیوجێرسی و ویلایەتەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا بڵاوبوونەوە، لەناوەڕاستی سەدەی بیستەمیش واتە دوای نزیکەی سەد ساڵ بەهەموو پانتاییەکانی باکوری ئەمەریکا و بەشێکیش لە باشوری ئەمەریکا بڵاوبوونەوە، تەنیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ئێستادا ژمارەیان مەزەندە دەکرێت بە پتر لە 540 ملیۆن چۆلەکە و هەر لەزۆربونیشن..!

هۆکاری ئەو زۆربوونە خێرایەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دوژمنێکی سروشتی و هەروەها زۆری خۆراک…

چۆلەکەی ماڵی لە ئێستادا بە زیندەوەرێکی داگیرکەر واتە Invasive دادەنرێت لەئەمەریکا، بۆتە دڕندە بۆ گەلێک جۆر لە پەپولەکان و هەندێک جۆر گوڵ و بەروبومە کشتوکاڵیەکان، هەروەها لەو ماوەیەدا هێلانەی کۆمەڵێک جۆر لە بولبولی بچوکیشان داگیر دەکرد و هەندێک لەوانە ئێستا زۆر بەکەمی دەبینرێن و مەزەندەی ئەوە دەکرێت بەرەو لەناوچوون بچن…

لە ڕاستیدا ڕیشۆڵەکانیش بەدەستی مرۆڤ هێنران لە ئەوروپا بۆ ئەمەریکا و ئێستا ئەوانیش بوون بە باڵندەیەکی داگیرکەر و ژمارەیان گەیشتووە بە سەدەها ملیۆن ڕیشۆڵە، ساڵانە بڕی پتر لە یەک ملیار دۆلار زیان دەگەیەنن بە بەروبومە کشتوکاڵیەکان، کاتێکیش کە بەپۆلی گەورە دەفڕن لە نزیک فڕۆکەخانەکان مەترسیەکی زۆر دروستدەکەن لەسەر فڕۆکەکان، لە ساڵی 1960 بوونە هۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەک و کوژرانی هەموو سەرنشینەکان کە ژمارەیان 62 کەس بوو..!

هاوبەشی :