کودەتایەکی تورکی و ئێرانی بەڕێوە دەچێت ئەمەریکاش ئامادەنەبوونێکی هەستپێنەکراوە

1173
0
هاوبەشی :

نوسینی؛ مایکل ڕۆبین

کوردستانی ئێراق خۆی وەکوو هاوپەیمانی ئەمەریکا پیشان دەدات. کاتێکیش
بەرژەوەندیەکانی لە گەڵ ئەمەریکادا هاوئاهەنگ دەبن دەشێ ببێتە هاوبەشێکی راستەقینە.
لە گەڵ ئەوەشدا، زۆر جار یارییە میکاڤیلییەکان جیاوازیەک دەخاتە نێوان ئەو خیتابە
لایەنگرەی سەرکردە کوردەکانی ئیراق بۆ ئەمەریکا و کردەوەکانیان.
بەشە گەورەکەی کێشەکە لە بنەماڵە فەرمانڕەواییەکاندا خۆی دەبینێتەوە. دابەشبوون لە
نێوان عەشیرەتی بارزانی و بنەماڵەی تاڵەبانیدا بۆ ناوەڕاستی ساڵانی حەفتای سەدەی
رابردوو دەگەڕێتەوە ، بەڵام دابەشبوونەکە دوای بیست ساڵ دەبێتە دوژمنداری.
لە یەکەم هەڵبژاردنی حکومەتی هەرێمدا تا رادەیەک هاوسەنگیەک لە نێوان پارتی
دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دا هاتە ئارا کە دواتر لەسەر
دابەشکردنی دەسەڵات رێک کەوتن.
بەڵام دابەشکردنی داهات بوو بە هۆی بەرپابوونی شەڕی ناوخۆیی و دابەشبوونی
هەرێمەکە بۆ دوو زۆن. هەوڵەکان بۆ یەکگرتنەوەی هەر دوو زۆنەکەش زیاتر رووکەشی
بوون لەوەی کە ڕاستەقینە بن. تاڵەبانی، لەو بڕوایە دابوو کە بنەماڵەی بارزانی زیاتر
خێڵەکین لەوەی کە نەتەوەیی بن، هەروەها سیاسەت و بارزگانیش لە ژێر دەستی ئەو
بنەماڵەیە دایە.
کەچی تاڵەبانیش لە دوا ساڵەکانی تەمەنیدا کەوتە دوای بەرژەوەندیەکانی بنەماڵەکەیدا،
بەڵام نەوەک ئەوەندەی بارزانیەکان.
تاڵەبانییەکان سنگفراوانتر و دیدێکی پێشکەوتووتریان هەبووە بەرامبەر بە کۆمەڵگای
فرەخواز و ئازادیە گشتیەکان و لێبوردەیی لە سلێمانی بەدی دەکران بە بەراوردکردن لە
گەڵ هەر دوو شاری هەولێر و دهۆک کە لە ژێر دەسەڵاتی پارتی دابوون.
کوردەکان لە هەر دوو زۆنەکەدا گلەییان لە سیاسەتی شکەستخواردووی حکومەتەکانیان
هەبووە. بەڵام دەسەڵاتدارانی سلێمانی ئەوەیان وەکو خۆبەتاڵکردنەوەی دەنگە
ناڕەزاییەکانیان دەبینی و بە دەگمەن دەستیان تێوەر دەدا، کەچی لەوانەیە خاوەنی هەمان
گلەیی لە بنکەکانی پۆلیس لە هەولێر لێدانی بخواردایە یان چەندین ساڵ سزای زیندانی بۆ
ببڕایەوە.
ماوەیەکی درێژە کە وابەستبوونی پارتی بە بەرژەوەندیەکانی خێڵەکییەوە بەرپرسە
ئەمەریکیەکانی بێهیوا کردووە. هەر لە سەرەتای ساڵەکانی داگیرکردنی ئیراق لەلایەن

ئەمەریکاوە، چەندین جار بەرپرسانی پارتی بۆ بەدەستهێنانی دەسکەوتی کورتخایەن لە
تاران ئۆپەراسیۆنە ئەمەریکیەکانیان دژ بە دەزگای هەواڵگیری ئێران تێکداوە.

سەرۆکی پێشووی حکومەتی هەرێم و (سەرۆکی ئێستای هەرێم) نێچیرڤان بارزانی
فەرماندەی پێشووی سوپای قودس قاسم سلێمانی لە ئۆپراسیۆنە ئەمەریکیەکانی ئاگادار
کردووتەوە. هەروەها پارتی لە کاتی شەڕی دژ بە داعشدا بەردەوام داوای کەرەسەی
سەربازی کردووە و کاتێکیش بۆی هاتووە، ئینجا یان فرۆشتووە یان هەڵی گرتووە بۆ
ئەوەی لە دژی نەیارە کوردەکانی بەکار بێنێت.
لە کاتی بەشداریکردنی چەکدارانی پارتی لە گەڵ یەکە تایبەتیە ئەمەریکیەکاندا لە شەڕی
دژ بە داعش، هەندێ جار ژیانی هاوبەشە ئەمەریکیەکانیان خستووتە مەترسیەوە، بەوەی
کە تاکلایەنە ڤیدیۆی ئەرکەکانیان وەکو خۆی و بە بێ دەستکاری پەخشیان کردووە و
ئامانجەکەشیان ئەوە نەبووە کە تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی تێک بشکێنن، بەڵکو زیاتر
بۆ نیشاندانی ئەوە بووە (هەڵبەتە بۆ ساختەکاری) کە ئەمەریکیەکان زیاتر بایەخ بە پارتی
دەدەن لەوەی کە بە یەکێتی دەدەن.
کەچی لەم دواییەشدا سەرۆک وەزیرانی پارتی مەسرور بارزانی ژمارەیەک رۆژنامەوانی
خۆجێیی بە تومەتی سیخۆری زیندانی کردوون، بەوەی کە لە گەڵ دیپلۆماتە
ئەمەریکیەکان دواون.
لەوەتەی جەلال تاڵەبانی کۆچی دوایی کردووە وهاوسەرەکەیشی هێرۆخان خڕفاوە،
دەسەڵاتە سەرەکیەکانی یەکێتی کەوتووتە دەست کوڕەکانی تاڵەبانی بافل و قوباد و
ئامۆزاکەیان لاهور. قوباد وەک جێگری مەسرور بارزانی کار دەکات. لە راستیدا ئەو
بووە بە تاریق عەزیزی سەدامەکەی پارتی. هیچ دەسەڵاتێکی نیە. وا دیارە مەسرور بەوە
دڵخۆشە کە قوباد دڵنیایی دەداتە دیپلۆماتە ڕۆژئاواییەکان کە دواتر ناڕەزایی دەردەبڕێ و
قوبادی بێدەسەڵاتیش ناچار دەکات لە گوتنەکەی هەڵگەڕێتەوە.
بافڵ و لاهوریش بە هاوبەشی سەرکردایەتی یەکێتی دەکەن، بەڵام بافڵ دەیەوێ دەست بە
سەر یەکێتی دا بگرێت. کەچی بەرپرسە ئەمەریکیەکان وای دەبینن کە لاهور
زیاترجێگای متمانەیە، زیرەکتر و لێهاتووتر و وتووێژکارێکی بەسوودە لە ناوچەیەکی
سەخت و ئالۆزدا.

هۆی پەیوەندی لاهور لە گەڵ واشنتۆندا لە خاڵی بەیەکگەیشتنی تورکیا و ئێراندا خۆی
دەبینێتەوە. تورکیا لە کاتی خۆیدا بۆ وڵاتانی رۆژاوا هاوبەشێكی توکمەی دژە تیرۆر بوو،
کەچی لە سەردەمی ئەردۆغاندا یارییەکی دوو سەرە دەکات:
بەڵگەی زۆر هەن کە بەرپرسە تورکەکان ئاسانکاریان کردووە بۆ دەوڵەتی ئیسلامی
ئەگەر پاڵپشتیشیان نەکرد بێت! لەو کاتەی کە ئەمەریکا رووبەڕووی داعش بووەتەوە.
تورکیا لە سەودایەکی ئەهریمەنی( شەیتانی)دا پەیوەندیەکانی لە گەڵ مەسرور پتەوتر
کردووە:
ئەویش گۆڕینەوەی بەرژەوەندیە بازرگانیە تایبەتەکانی بارزانیە بەرامبەر بە سەروەری
هەرێمەکە. کەچی مەسرور بارزانی ٤ساڵ پێش ئێستا باسی لە ریفراندوم بۆ سەربەخۆیی
دەکرد. ئەمرۆش هەرێمەکەی هاوشێوەی کۆماری باکووری قوبرس کردووە بە کۆڵۆنیەک
بۆ بەرژەوەندیەکانی تورکیا.
گەندەڵی بارزانی و پارەی کاش بەرامبەر بە پیلانە ناپاکەکانی، مرخی بۆ پارتی
کرێکارانی کوردستان و حیزبە لایەنگرەکەی لە سوریا خۆشتر کردووە کە تورکیا هەوڵ
دەدات هەردووکیان لەناو ببات.
لاهوریش وەکو کۆسپێک دەبینرا لەبەردەم ئەم جۆرە کردەوانانە. لە کاتێکدا دەکرا کە
یەکێتی و لاهوریش رخنەی توند لە پەکەکە بگرن، بەڵام ئامانجەکە هەڵگیرسانی شەڕێکی
ناوخۆییە لە پێناو فەرمانەکانی ئەردۆغان یان لەخۆبایی بوونەکەیەتی کە یارمەتیدانی
لاهور بۆ کوردانی سوریا زیاتر ئەوی توڕە کردووە. ئینجا ئەگەر مەسرور لە سەر
فەرمانی تورکیا لاهوری تێكشکاند، ئەوە ئەنجامە دەستبەجێیەکە سەرهەڵدانەوەی دەوڵەتی
ئیسلامی دەبێت.
لەبارەی دۆسیەی ئیرانیشەوە، بە پێی وتەی دیپلۆماتە هەرێمییەکان مەسرور لە چەند
هەفتەی رابردوودا نێوەندکارێکی بنەماڵەکەی بەکار هێناوە بۆ جێبەجێکردنی سەودایەک لە
گەل دەسەڵاتدارە ئێرانیەکان، بۆ ئەوەی چرای سەوزی بۆ هەڵگیرسێنن تا لە دژی لاهور
بجووڵێتەوە، ئەویش لە بەرامبەردا گروپەکانی وەکو حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئیران
لە ئیراق وەدەرنێت. هەرجەندە ئەم گروپانە هیچ بەرخۆدانێکی چەکداری دژ بە ئێران
ناکەن. کەچی تاران بەدوای تۆڵەسەندنەوەی مێژووییدا دەگەڕێت، ئەگەرچی بەو کارە
هاوسەنگی ناسکی هەرێمەکە دەخاتە مەترسیەوە، بەوەی کە گروپە خەوتووەکان ناچار
بکات لە پێناو مانەوەیان شەڕ بکەن.
وا پێدەچێت کە ئەمەریکاش لە گوێی گادا خەوتبێت. پشتیوانیکردن لە فراوانخوازی تورکیا
لە هەرێمەکە، نەک تەنیا ئیراق بەهێز ناکات، بەڵکو لاوازتری دەکات. هاوکات بە
هێزکردنی مەسروریش لە بەرژەوەندی ئەمەریکادا نیە:
بەلانیکەم مەسرور ئەوەندەی باوکی لە بەرێوەبردن وکاروباری عەشیرەتیدا شارەزا نیە.
لەسەر ئاستی شەخسیش مەسرور لە رووی دەروونیەوە ناجێگیرە. زۆربەی قەیرانەکانی
سیاسەتی دەرەوە و ناوبانگی هەرێم کە گەشەسەندنی کوردستانیان پەکخستووە،

سەرچاوەکەیان بۆ پیلانەکانی مەسرور یان حەزە بچووکەکانی بۆ تۆڵەسەندنەوە
دەگەڕێتەوە.
هەروەها نابێت سەرۆک جۆ بایدن باوەڕی بەو لێدوانە دژە ئێرانیانەی مەسرور و گەورە
بەرپرسانی دیکەی کورد بکات کە لە کاتی سەردانە جۆراوجۆرەکانیدا بۆ هەرێمەکە بە
گوێیدا دەچرپێنن. لە کاتێکدا پارتی زۆر جار یەکێتی بە لایەنگری ئێران سەرزەنشت
دەکات و بە بەرپرسە ئەمەریکاییەکانیش دەڵێت کە بارزانییەکان بە توندی لە دژی ئێران
دەوەستنەوە، بەڵام راستیەکە زۆر جیاوازترە:
بڕواکردن بەوەی کە پارتی دژی ئێرانە بە واتای چاوپۆشین لەو بازرگانیە زەبەلاحەی
نەوت دێت کە دەکەوێتە بەر سزاکان و لە سنووری ژێر دەسەڵاتی پارتی وەک حاجی
ئۆمەران ئاودیو دەکرێت. هەروەها نابێت پەیوەندی کراوەی یەکێتی لەگەڵ ئێراندا بە
هاوسۆزی لێک بدرێتەوە؛ بەڵکو زیاتر چڕبوونەوەیە لەسەر پرسە کردەییەکانی
دراوسێبوون.
ئەگەر کودەتای پارتی بە پشتیوانی تورکیا و ئێران لە دژی لاهور سەربکەوێت، ئەوە
واشنتۆن لە بری جێگۆڕکێی هاوبەشێکی دژە تیرۆری گرنگ، دەدۆڕێنێت.

سوپای قودسی ئێرانیش گوشار دەخاتە سەر پارتی بۆ ئەوەی هێزە ئەمەریکییەکان تا کۆتا
کشانەوەیان بێزاریان بکات و بەرزخوازی مەسرور و لەوانەیە گۆڕینەوەی تەرفداری
ناچاری ملکەچی بکرێت.
بەرێوەبەرایەتی بایدن دەخوازێت دیپلۆماسیەت لە پێشەوە بێت. بەشێکی دیپلۆماسیەتیش
ئەوە نیە کە هاوشێوازی ترەمپ ناپاکی بەرامبەر بە هاوپەیمانەکان بکرێت. بێدەنگی لە
کۆشکی سپیش نیشانی دەدات کە تیمەکەی بایدن تا رادەیەکی زۆر پەرتەوازەن و ناتوانن
رێگری بکەن لە هەوڵە یەکخستووەکانی تورکیا و تاران بۆ خنکاندنی لیبرالترین ناوچە لە
کوردستانی ئێراق و وەلانانی یەکێک لە گەورە هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لە هەرێمەکە.
ماوەی چەند ساڵێکە من بەکژ لاهوردا دەچمەوە و هێشتا ناکۆکی توندم لە گەڵیدا هەیە
سەبارەت بە ژمارەیەک پرسی پەیوەندار بە سیاسەت ، مافەکانی مرۆڤ، رۆژنامەگەری
وچاپەمەنی. بەڵام هیچ هۆیەک نیە کە باشە بە خراپە بگۆڕدرێتەوە،
بەتایبەتی کاتێک کە لەوە دڵنیا بیت کە ئەو کەسەی دێت زۆر خراپترە لە بواری مافەکانی
مرۆڤ، ئاسایشی ناوخۆ و بەرژەوەندی نەتەوەیی ئەمەریکی.
ئامادەکردن و وەرگێڕان لە ئینگلیزیەوە: دلێر ئاکرەیی

تێبینی یەکەم: ئەم وتارە شیکاریە رۆژی ١٢ی مانگی تەمووزی ئەمساڵ بڵاو کراوەتەوە،
بەڵام لێکدانەوەی نووسەرەکە ئەمڕۆدا بە وردی هەست پێدەکرێت. بۆیە وا بە باشم بینی
کە خوێنەری کوردیش لێی ئاگادار بکەمەوە.
تیبینی دووەم: ئەمەش لینکی وتارەکەیە بە زمانی ئینگلیزی.
https://www.19fortyfive.com/category/the-embassy/page/8/

هاوبەشی :