تۆش بەخێرهاتیت بۆ سەردەمی تەكنەلۆژیا

405
0
هاوبەشی :

نوسینی: لوقمان حەوێز…

ئایا دەزانن تا ئاستی تەکنەلۆژیا بەرزتر دەبێتەوە ژیانی مرۆڤەکانیش ئاڵۆزتر دەبێت..؟ لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە تەکنەلۆژیا نوێیەکان بەگشتی ڕێژەی شادی و ئاسودەیی لەنێو مرۆڤەکاندا کەم کردۆتەوە، بۆچی وایە..؟

تا ئێستا بەتەواوی نازانین ئەو هەموو پێشکەوتنەی کە لەم یەک دوو سەدەیەی دوایی دەستی پێکردوە و ئێستاش زۆر بەخێرایی بەردەوامە ژیان و مرۆڤ لەسەر هەسارەکەمان بەرەو کوێ دەبات..؟ لەوانەیە هەر بەردەوام بین لە پێشکەوتن و لە قۆناغێکدا زاڵ بین بەسەر کێشە هەرە گەورەکان، بەڵام لەوانەشە دەرەنجام و لێکەوتەی ئەو پێشکەوتنانە ئەگەر لە ئاستێکدا لە دەست دەربچن سەری خۆمان و زۆربەی ژیانیش بخوات…

لەوە دڵنیاین کە ئەوەی نزیکەی دوو سەد ساڵێکە ڕوودەدات لەنێو سیستەمی ژینگەیی سەر هەسارەی زەوی بەهۆی مرۆڤەوە ڕووداوێکی تەواو ناسروشتی و بێ وێنەیە لە مێژووی هەسارەکەمان کە پتر لە سێ ملیار ساڵە ژیان تیایدا سەری هەڵداوە…

ئایا دەزانن مرۆڤ بونەوەرێکی زۆر کۆمەڵایەتیە و تەنیایی شادی ناکات..؟

لەهەموو سەردەمەکاندا سەرەکیترین سەرچاوەی شادی یان ئاسوودەیی بۆ هەر مرۆڤێک لەژیانیدا کۆمەڵە مرۆڤێکی تر بووە یان بەگشتی بیڵێم مرۆڤەکانی تر بوون، بەڵگەی ئەم ووتەیەش ئەمەیە: مەزەندەی خۆت بکە لەسەر هەسارەیەک دەژیت کە جوانترینە، پاکترینە، هەرچیەک بتەوێت و ئارەزووت بۆی هەبێت لێیەتی، بەهەشتە، تەنیا ئەوە نەبێت تۆ بە تاقی تەنیایت و تاکە مرۆڤیت لەوێ، ئایا شاد دەبیت..؟ ئایا تۆ دەتوانیت بە ئاسوودەیی بژیت لە شوێنێکی ئاوا..؟ وابزانم ئەستەمە هیچ یەکێک لە ئێمە بتوانێت بە شادی بژییت لە شوێنێکی ئاوا و بەو شێویە..!

لەوەتەی ناوەراستی سەدەی بیستەمەوە تاوەکو ئێستاش مرۆڤ هەرچی تەکنەلۆژیای بەردەست هەیە کە دایهێناوە زۆر بەخێرایی و بەبەربڵاوی خستویەتیە جێبەجێکردن لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، با بزانین ئەنجامە ئەرێنیەکان و نەرێنیەکانی ئەم کارەی چی بووە..؟

هەندێک لە ئەنجامە ئەرێنیەکان ئەمانە بوون:

– درێژتر بوونی تەمەنی مرۆڤ بۆ زیاتر لە ئەوەندە و نیو، لەهەندێک ووڵات بۆ نزیکەی دوو بەرامبەر…

– گەڕان و چوون بۆ شوێنە دوورەکان بە ئاسانی…

– زۆربوون و هەرزانتربوونی خۆراک…

– دابینکردنی شوێنی باشتر و پاکتر بۆ ژیان و حەوانەوە…

– ئامێرەکان و داهێنانەکان یارمەتیدەرن بوون لە خۆشگوزەرانی و گەیاندنی تام وچێژێکی کاتی…

هەندێک لە ئەنجامە نەرێنیەکانیش ئەمانەن:

– پیسکردن و وێرانکردنی ژینگە بە ئاو و خاک و هەوا بەشێوەیەکی بەربڵاو…

– لەناوبردنی جۆر و ژمارەیەکی زۆر لە زیندەوەرانی تر…

– زۆربوونی تواناکانی مرۆڤ لە کوشتن و وێرانکردن وەکو داهێنانی چەک و چەکە بەکۆمەڵ کوژەکان…

– لەهەمووی خراپتریش بۆتە هۆی کەمبوونەوەیەکی زۆر لەکاتی مرۆڤەکان بۆ یەکتری هەتا لەنێو ئەندامانی یەک خێزانیش، ئەویش لەبەر ئەوەی زۆربەی مرۆڤەکان دەبێت لایەنی کەم ئەوەندەی جاران یان بگرە زیاتریش لە جاران کاربکەن و دورتریش بڕۆن بۆ کارکردن، هەروەها کاتێکی زۆریش ببەخشن بەو ئامێر و ڕێگا نوێیانەی کە داهێنراون بۆ کات بەسەر بردن، ئەمە لەوانەیە هۆکاری سەرەکی بێت بۆ کەمبوونەوەی ڕێژەی شادمانی لەنێو مرۆڤەکان…

– زۆرتربوونی ئازاری جەستەیی بەڕێژەیەکی بەرچاو لەبەر ئەوەی مرۆڤەکانی سەردەمی تەکنەلۆژیا زۆرتر دەژین و زۆربەیان توشی ئەو نەخۆشیانە دەبن کە بەزۆری لە دوای ناوەندە تەمەنەوە سەرهەڵدەدەن…

لەگەڵ هەموو پێشکەوتنەکان و داهێنانەکانیش بەڵام مرۆڤی ئەم سەردەمە بێ توانا و تەمبەڵیش بووە، هەر تەنیا بۆ نمونە ئەگەر لە شارێک خزمەتگوزاریەکانی وەکو ئاو و کارەبا و ئینتەرنێت نەمێنێت، ئەوا زۆربەی مرۆڤەکان نازانن چی بکەن..!

ئەم نوسینەم زنجیرە بابەتە، لە بەشە نوێیەکان لە داهاتوو باسی سەرهەڵدانی مەترسیە هەرە گەورەکانی سەردەمی تەکنەلۆژیا دەکەم، وەکو زیرەکی دەستکرد، نانۆ تەکنەلۆژی، فیوژن، دژە بارستە، دەرکەوتن یان بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکی کوشندەتر لە ڤایرۆسەکانی کۆڕۆنا… چاوەروان بن…

هاوبەشی :