کەی حکومەتە ساواکەی هەرێم قوینە نشینە دەبێت؟

477
0
هاوبەشی :

 

کەس نیە بە منداڵە نازدارەکانی دەسەڵاتدارە دەسترۆیشتەکانی هەرێم بڵێت کە گیرفانە دیپلۆماسیەکەی هەرێمە شڕ و بێسەروبەرەکەمان بە جانتایەکی توکمەی دیپلۆماسی بگۆڕنەوە و رادەستی کەسانی کارامە و لێهاتوو و بلیمەت بکەن و واز لەم حەراجکردنەی  خاک و خەڵکی کوردستان بهێنن.

کەس نیە رێگریان لێبکات و پێیان بڵێ ئیدی بەسە تا کەی یاری بە چارەنووسی پرسی کورد و جۆگرافیای کوردستان دەکەن کە رۆژێک لە بەغدا سەودا ومامەڵەی پێوە دەکەن، رۆژێکی دیکە دەفرۆشنە ئەنقەرە،  رۆژی واش هەیە دەبەخشنە تاران و لە گەڵ دیمەشقی بەلنگازیش لە دانوسان و مامەڵەدان.

تا کەی کڕنۆش بۆ داگیرکەرانی وڵاتەکەمان ببەن؟

تا کەی لەبەردەم ستەمکاران و چەوسێنەرەکانی گەلەکەمان بپاڕێنەوە؟

تا کەی سەری خۆیان بەرامبەر بە خوێنڕێژ و خوێنمژانی  رۆڵەکانمان دابنوێنن؟

تا کەی دڵی نەیارانی گەلەکەمان شاد بکەن و دڵی دۆستانمان برەنجێنن؟

تا کەی هیوای دێرینی ئەو گەلە خیرلەخۆ نەدیوە زیندە بەچاڵ دەکەن؟

تا کەی و کەی و کەی…….. هەر وا بەردەوام دەبێت؟؟

نازانم بە ئەنقەست وا دەکەن یان درک بە ئاکامە کوشندەکانی بەد کارەکانیان ناکەن!

شتێکی شاراوە نیە کە کارکردن لە بواری دیپلۆماسیدا کار وپیشەیەکی ئەوتۆی نیە کە هەر کەسێک بیەوێ خۆی پێوە هەڵواسێ یان بە حەز و ئارەزووی خۆی و بە خواستی بەرژەوەندی تاکەکەسی و بنەماڵەیی بەرێوەی ببات.

ئەم بوارە بوارێکی گرنگ و هەستیارە، پێویستی بە کەسی شیاو هەیە کە بتوانێت ئەم ئەرکە ئالۆز و سەختە راپەڕێنێت. بوارێکە کە دەبێ چەند تایبەتمەندیەک لەو کەسانەدا کۆ بێتەوە کە شیاوی ئەم پیشەیە بن، هەروەکو دیپلۆماتکارە بە ئەزموونە ئەمەریکیەکەرۆبێرت دی. بلاکوایڵ لە وتارێکدا بە سەردێڕی تایبەتمەندیە ئیدیاڵەکانی دیپلۆماتکارێکی سەرکەوتوو ریزیان دەکات و منیش لێرەدا بە کورتی ئاماژەیان پێدەکەم:

پێویستە دیپلۆماتکار خاوەن خوویەکی شیکارانە بێت و بە شێوەیەکی خیرا و باشیشبنووسێ. هەروەها پەرە بە نووسینی خێرای پەخشانی نایاب بدات و دۆستێکی بەردەوامی خوێندنەوە بێت و لە نووسەرە گەورەکان فێری شت بێت.

دەبێ گرنگی بە هونەر و پیشەسازی دیپلۆماسیەت و پەیوەندییە نێو دەوڵەتیەکان بدات و خولیایان بێت. بۆیە ئەگەر بابەتەکە ئەوەندە بۆ کەسێک سەرنجڕاکێش نەبێت و توانایەکی خۆڕسکیی بۆ ناسینی جیهان نەیبێت، باشتر وایە بە دوای پیشەیەکی جیاوازدا بگەڕێت.

بێگومان دەبێ دیپلۆماتکار لە ئاخاوتندا رەوان و کورتبێژ بێت، تەنیا لە کاتی پێویستدا قسە بکات و تێبینیەکانیشی کورت و پوخت بن. گرنگی بە وردەکاریەکان بدات و لێیان ورد بێتەوە، چونکە ئەگەر لێیان حاڵی نەبێت لەوانەیە لە کارەکەیدا سەرکەوتن بەدەست نەهێنێ.

هاوکات دانوسانکارێکی نەبەز و گورج وگۆڵ و بەکار بێت. نابێت تەنیا ئامانجی ئەوە بێت کە دەستی بە وڵامی ئەرێ بگات، بەڵكو دەبێ خزمەتی بەرژەوەندیە نیشتمانیەکانی وڵاتەکەی بکات و بەدوای ئەوەدا بگەڕێت کە دەرهاوێشتەی دانوسانەکان تا بکرێت لەمداخوازیانە نزیک بکرێتەوە.

پێویستە هێڵە سوورەکانی لای دیپلۆماتکار روون و ئاشکرا بن و سازشیان لەسەر نەکات.هەرگیز نابێت دەرفەت بە هاوپیشە بەرامبەرکەی  بدات کە کارنامەکەی بۆ دەستنیشان بکات.

ئامادەباشیشی تیا بێت بۆ پێشوازیکردن لە ئەرکە قورس و مەترسیدارەکان، چونکە وا رێک دەکەوێ کە دیپلۆماتکارەکان لە شوێنە خەتەرناکەکانیش کار بکەن و هەندێ جاریش گیانیان لە پێناو راپەڕاندنی ئەرکەکانیان بەخت دەکەن. بۆیە  پێویستە مرۆڤ بەرلەوەی بچێتە ناو ئەم پیشەیەوە بیر لە بوێری و  ئازایەتیەکەی بکات کە لە چ ئاستێک دایە.

دەبێ بە وردی بیروبۆچوونەکەی بە دەسەڵات رابگەیەنێت و ئامادەیی تێدا بێت کە ئەگەر دۆخێکی سیاسی نوێی ناخوازراو هاتە ئارا و شایستەی ئەوە بێت کە  نارەزایی خۆی دەرببڕێ، پێویستە ئەو کارە ئەنجام بدات،  بەڵام دەبی بە وردی کاتە گونجاوەکان گوڵبژێر بکات.

خوێندنەوەی مێژوو و سوود وەرگرتن لە پەند و وانە و ئەزموونەکانیشی تایبەتمەندیەکی دیکەی  دیپلۆماتکارانە.

گەشە بە نەرمی سیاسیەتەکەی بدات و چاوەڕوان بێت کە ناوە ناوە شکەستە سیاسیەکانیش روو دەدەن و ئامادەیی تێدا بێت بۆ روبەڕوبوونەوەی پێشهات و ئالنگاری نوێ.

ئەگەر بەختیش رووی تێکرد، دەبی سوودی لێوەرگرێت هەر وەکو وڵامەکەی ناپلیۆن بۆ ئەمپرسیارەی کە لە کاتی خۆیدا لێکراوە سەبارەت بەوەی کە بە دوای کام جۆرە ژەنەڕاڵەسەربازیەکاندا دەگەڕێت؟ ئەویش ئەوها وڵامی داوەتەوە: ئەوانەی بەخت یاوەریانە.

لێرەدا پرسیارێک قوت دەبێتەوە کە ئایا ئەوانەی کاروباری  بواری دیپلۆماسی هەرێم بەرێوە دەبەن چەندە تایبەتمەندیەکانی دیپلۆماتێكی سەرکەوتوو تیایاندا بەدی دەکرێت؟ هەروەها  چەندە لە راپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا سەرکەوتوو بوون؟

ئەوەی من تێبینی کرد بێت بە دەگمەن تایبەتمەندێکی ئەوتۆیان تێدایە کە شایستەی ئەو کارە بن.

ئەنجامەکانیش باشترین بەڵگەن لە سەر شکەستە یەک لە دوا یەکەکانیان.

ئینجا تۆ بڵێی وڵاتەکەمان ئەوەندە بێ ساحیب بێت کە وا چارەی کەوتبێتە دەست منداڵە بەنازو نیعمەتە ساواکان؟!.

دلێر ئاکرەیی

هاوبەشی :