پەیامی ١٥ی شوبات: ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمرالی دەردێنین

7
0
هاوبەشی :

نیلوفەر کۆچ ئاماژەی بەوەدا کە کاتی ئەوە هاتووە ڕێبەر ئاپۆ لە ڕووی جەستەییەوە ئازاد بکرێت و ڕایگەیاند کە پەیامی چالاکییەکانی ١٥ی شوباتی ستراسبۆرگ وەهایە، “ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمرالی دەردێنین.”

لە مانگی ١٠ی ٢٠٢٤ەوە گفتوگۆکان سەبارەت بە مافی هیوا و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ گەشەی سەندووە. پێشبینی دەکرێت ئەم داواکارییە لە ساڵیادی پیلانگێڕی نێونەتەوەییدا لە ١٥ی شوباتدا بە دەنگێکی بەرزتر بڵاو بکرێتەوە. لە چوارچێوەی هەڵمەتی، ‘ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد’، ڕێپێوان و گردبوونەوەیەکی جەماوەری لە شاری ستراسبۆرگی فەڕەنسا بەڕێوەدەچێت. کوردستانیان و دۆستانیان لە هەموو ئەوروپاوە بەشداری ئەم چالاکییە مێژووییە دەبن.

نیلوفەر کۆچ، لە کۆمیتەی ئامادەکاری چالاکییەکە، سەبارەت بە چالاکییەکە لە گەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد و سەرەتا پیلانگێڕی ١٥ی شوباتی شەرمەزار کرد و بە ڕێزدارییەوە ئەو شەهیدانەی بەبیر هێنایەوە کە بە دروشمی ‘ئێوە ناتوانن ڕۆژمان تاریک بکەن’ بوونە ئاگریان لە دەوری ڕێبەر ئاپۆدا. نیلوفەر کۆچ ئاماژەی بەوەشکرد ئیتر تێکۆشان لە کوردستان تێپەڕیوە و بە پێشەنگایەتی دۆستەکانی گەلی کورد لە هەموو جیهاندا بەڕێوە دەبرێت و وتی: “ناوی ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە لە ئەمریکاوە تا بەنگلادش، لە کۆڵۆمبیاوە تا ئەفریقا، لەوێشەوە بۆ ئوسترالیا. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە سیاسەتی گۆشەگیرکردنی گەلی کورد بە سیستەمی ئیمرالیەوە هەڵوەشاوەتەوە. بە پێشەنگایەتی بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمرالی، کورد لە گۆشەگیری ئازاد بوون”. ڕێبەر ئاپۆ گەلی کوردی لە سەدەی ٢١دا سەرەڕای ئەوەی ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی، شەڕ و کارەساتی سیستەمی سەرمایەداری بووەوە ئامادە کرد و وەک هەتاو بەسەر هەموو پارچەکانی کوردستاندا درەوشایەوە.

‘ڕێبەر ئاپۆ گەلی کوردی بۆ سەدەی داهاتوو ئامادە کرد’

نیلوفەر کۆچ سەبارەت بە گرنگی١٥ی شوبات، وتی: “لە ١٣ی شوباتدا بە پێشەنگایەتی شێخ سەعید ڕاپەڕینی پیران دەستیپێکرد، ئەم بەرخۆدانە ١٠٠ساڵ پێش لە کوردستاندا ڕوویدا و بە لەسێدارەدانی شێخ سەعید و هەڤاڵانی لە ٢٩ی حوزەیران کۆتاییهات، بە هەمان شێوە ڕێبەر ئاپۆ لە ١٥ی شوباتدا بە پیلانگێڕییەک ڕادەستی تورکیا کرا و لە ٢٩ی حوزەیرانی ١٩٩٩ا لە ساڵیادی لە سێدارەدانی شێخ سەعیددا سزای لەسێدارەدان بەسەر ڕێبەر ئاپۆدا سەپێندرا بەڵام ڕێبەر ئاپۆ بە تێکۆشانی لە ماوەی ئەم ٢٦ساڵە ڕژێمی کۆمەڵکوژی سەدەی لە ئیمرالی هەڵوەشاندەوە. لەم ماوەدا وڵاتانی عێراق، سووریا لە ناوچوون ئێستاش سڕەی ئێران و تورکیایە، بەڵام ئەوەی گەلی کوردی بۆ ئەم سەردەمە ئامادە کرد، ڕێبەر ئاپۆیە. یانێ ئیتر سەردەمی کوردان دەستی پێکردووە و بەرەو ئەنجام وەرگرتن هەنگاو ئەنێین.

“تێکۆشانی کورد لە هەموو لایەکەوە بەرەوپێش دەچێت”

تورکیە لەم ٢٦ ساڵەدا لە هەموو ڕوویەکەوە شکستی هێناوە. بە تایبەت لە سەردەمی حکومەتی ئاکەپەدا لە ڕووی ئابووری و کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە شکستی هێناوە. سیاسەتی دژی کوردان هێندە بەرفراوان بوو، لە کۆتاییدا زیانێکی گەورەی بە کۆمەڵگاکەی خۆی گەیاند. لە سیاسەتی دەرەوەیشدا شکستی هێنا. تورکیە بووەتە وڵاتێک کە لە هاوکێشە جیهانییەکاندا دوور خراوەتەوە و بە جددی وەرناگیرێت. لە پێگەو هەژمووندا، ئەو هێزانەی بەدوای هەژموونخوازیدا دەگەڕان، هێڵی وزەی نوێیان بۆ سەرچاوە ئابوورییەکانیان دەستنیشان کرد. تورکیە لەم پرۆسە گرنگەدا دوور خرایەوە.

یانێ پێگەی ژئۆپۆلەتیکی ١٠٠ ساڵەی خۆی لەدەستدا. لە لایەکی دیکەوە بە هۆی حکوومەتی تەیب ئەردۆغانەوە، پێشنیاری سەنتزی تورکی-ئیسلامیان کرد، سیاسەتێک کە ئێستا شکستی هێناوە. ئەو سیاسەتانەی کە ئیسلام بۆبەرژوەندی خۆیان خراپ بەکاردەهێنن، هەمووی شکستی هێنا. هەر بۆیە لە تورکیەدا دەوترێت “پاشای ڕووت”. سوپاکەشی ناتوانێت ئەنجام بەدەست بهێنێت. سەرەڕای بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زۆر پێشکەوتوو، بەڵام لە شەڕی دژی گەریلا قارەمانەکانمان دۆڕا. بەساڵانە هەوڵی جێگیر بوون دەدات لە هەریمەکانی زاپ و مەتینا و ئاڤاشین، بەڵام قەد نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێت.

ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە؛ ئایا ڕێگایەکی تر لە پێشەوەی تورکیا ماوەتەوە؟ کاتێک سەیری هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین، هێزێک دەبینین کە هەمیشە سەردەکەوێت و گەشە دەکات. ئەویش ڕێبازی ڕێبەر ئاپۆیە. تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورد بە ڕێبەرایەتی ڕێبەر ئاپۆ، لە هەموو لایەکەوە بەرەو پێش دەچێت. کورد خاوەن ئاڵترناتیڤی زۆرن. دوای سوریا دیزاینەکانی ناوچەکە بەردەوام دەبێت و ڕۆڵی کوردیش هێندەی تر چارەنووسسازتر دەبێت. دوو حکومەتی سەرەکی ماون؛ یەکێکیان تورکیە و ئەوی تریان ئێرانە. لە لایەکەوە بەربەستێک لە ناوەوە هەیە ئەویس ژنان و عەلەوییەکان، بەدوای ئازادی و دیموکراسیدا دەگەڕێن. لێرەدا ئەوە کوردە کە ڕێبەرایەتی بەڕێکخراوترین تێکۆشانی دیموکراتیک دەکات. چیتر کەس ناتوانێ ڕێگری لێبکات. چونکە زۆر شتیان تاقیکردەوە و سەرنەکەوتن.”

“ڕێبەر ئاپۆ کلیلی چارەسەری پێشکەش دەکات”

هەروەها سەبارەت بە پرسی چارەسەری، نیلوفەر کۆچ وتی: “حکومەتی تورکیا لە ترس و نیگەرانی لەوەی کە ڕەنگە کورد لەم بارودۆخە کەڵک وەربگرن نوقم بووە. ڕێبەر ئاپۆ، وەک خۆی ٣٢ساڵە رایدەگەیەنێت، جارێکی دیکە کلیلی چارەسەری پێشکەش دەکات. رێبەر ئاپۆ بە حکومەتی تورکیا دەڵێت؛ “پێکەوە دەتوانین سەرکەوین”. دەڵێت؛ “ئەوەی ئێوە بەرامبەر کوردان کردووتانە ناڕەوایە، بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێکارێکی دیموکراتیک پێویستە”. بۆ ئەم چارەسەرییە دەبێت چوارچێوەی ئەو ٧ خاڵەی ڕێبەر ئاپۆ قبوڵ بکرێت لەبەر ئەوەی هەمووان سوودمەند دەبن.

نیلۆفەر کۆخ ئاماژەی بە چالاکییەکەی ١٥ی شوباتی ستراسبۆرگ کرد و وتی: “ئەمساڵ لە ١٥ی شوباتدا ئامادەبوون لە گۆڕەپانەکانی چالاکییەکاندا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەبینێت. زۆر گرنگە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بە هێزەوە نیشان بدەین کە رێبەر ئاپۆ کلیلی چارەسەرییە. ئێستا لە سەردەمێکی مێژووییداین. ١٥ی شوباتی ئەمساڵ ە وەک ساڵی ڕابردوو نییە. بۆ سەرکەوتنی چوارچێوە ٧ خاڵییەکەی ڕێبەر ئاپۆ، پێویستە ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ بە بنەما بگرین. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت، دەتوانم لە چوارچێوەی یاسایی و سیاسیدا کێشەکە چارەسەر بکەم. ڕێبەر ئاپۆ باس لە دیموکراتیزەکردن و چارەسەری دەکات لە سەرتاسەری تورکیە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەگەر تورکیە ئەمە قبوڵ بکات، بە دڵنیاییەوە سوودێکی زۆر دەبینێت، ئەگەریش نەیکات، بە پێچەوانەوە شکستی زۆر گەورەی بەردەکەوێت.”

“پەیامی ١٥ی شوباتی ئەمساڵ وەهایە: ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمرالی دەردەهێنین”

لە کۆتاییدا نیلۆفەر کۆچ بۆ چالاکی ١٥ی شوباتی ستراسبۆرگ بانگەوازی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: “ئێستا لە کاتێکداین کە دەبێت ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکەین. کاتی گونجاو ئێستایە لەبەر ئەوەی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەلی کوردی بەم ئاستە گەیاندووە. هەروەها ڕێبەرایەتی دەیەوێت بە کلیلی چارەسەری هەموو کێشەکان چارەسەر بکات. ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە ڕێبەر ئاپو لە ئیمرالی دەربهێنین. هەروەها پەیامی ١٥ی شوباتی ئەمساڵمان وەهایە: ئێمە ڕێبەر ئاپو لە زیندانی ئیمرالی دەردەهێنین.”

 

هاوبەشی :