٣١ئابی ١٩٩٦ خیانەتە مەزنەكەی پارتی

368
0
هاوبەشی :

 

مێژووی پارتە كلاسیكیەكانی كوردستان پڕی خیانەت و كارەساتی مالوێرانكەر و  سیاسەتی قڕكردن و كۆمەڵكوژیە.

پارتە كلاسیەكانی كوردستان لەدوای جەنگی دوهەمی جیهانیەوە زیاتر دەركەوتن لە باشوری كوردستان و پارچەكانی تری كوردستان، ئەم پارتانە كەم تا زۆریان لە پێناوی گرتنە دەستی دەسەڵات، مێژوویەكانیان پڕی كارەساتی جەرگ بڕو كەمەر شكێنە بۆ گەلانی كوردستان و گەلانی ناوچەكە، پڕی خیانەت و كۆمەڵكوژی كردنی یەكتر و وێرانكردنی ژینگە كوردستانە.

پارتی دیموكراتی كوردستان و دەسەڵاتدارە بنەماڵەییەكەی یەكێكە لەو پارتانەی خاوەنی دەیان كارەسات و نەهامەتی و تێكشكاندن و پارچە پارچە كردنی خەڵكی كوردستانە، مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان پڕی خیانەت و كارەساتی جەرگ بڕ و پەلكێشكردنی سوپای داگیركەرانی كوردستانە بۆ سەر خاكی پیرۆزی كوردستان، مێژووی ئەو پارتە لە دروست بوونیەوە تا ئەمڕۆی پڕ لەشكست و ماڵ وێرانیە و پڕی قڕكردن و تیرۆركردنی ئازادیخوازانی هەموو پارچەكانی دیكەی كوردستانە، مێژووەكەیان هیچ ڕۆشنایەكی تێدا نابینیت بۆ گەلانی كوردستان و گەلانی ناوچەكە، لە ڕێگەی ئەو پارتە و بنەماڵە دەسەڵاتدارەكەیەوە هەمیشە داگیركەرانی كوردستان دەستوەردانیان كردوە لە خەبات و تێكۆشانی ئازادیخوازانەی گەلی كوردستاندا، هێرشیان كردۆتە سەری و لاوازیان كردوە، بەلاڕێیان بردوە، لە چەند قۆناغێكدا بزوتنەوە ئازادیخوازەكانیان  سەركوت كردوە.

یەكێك لە كارەساتە ترسناكەكان كە پارتی لەگەڵ ڕەقیبەكەی یەكێتی خولقاندیان لە ٣١ ئابی ١٩٩٦ كە بەخیانەتە مەزنەكە ناسراوە لە مێژووی گەلی كوردستاندا كە لە ئەنجامی شەڕێكی ماڵوێرانكەر  نێوان پارتی و یەكێتیدا بەسەر خەڵكی كوردستاندا سەپێنرا پاش ئەوەی گەلی كوردستان چەند ساڵێك بوو  كارەساتی كیمیابارانكردن و ئەنفالی تێپەڕاند بوو، ئەویش لەسەر داوای مەسعود بارزانی و پارتی لە دەوڵەتی فاشستی جینۆسایدكەر و وێرانكەری كوردستان دەوڵەتی عێراق بۆ هێرشكردنە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و دەركردنی یەكێتی لەو شارە بووە هۆكاری كوشتن و بریندار بوونی سەدان كەس و ماڵوێرانكەریەكی زئر بۆ خەڵكی كوردستان كەبووە هۆكاری ئەوەی یەكێتی ناوچەكانی خۆی بەجێبهێڵێت و دواتر پاش چل ڕۆژ بە یارمەتی دەوڵەتی ئێران هێرشی كردەوە و تا دێگەڵە بوو بە سنوری ئەو دوو پارتە.

پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەنی دەیان كارەساتی گەورەیە بەسەر خەڵكی كوردستان و بزوتنەوە شۆڕشگێڕكەیدا هێناوە لەوانە تێرۆر و قڕكردنی ئازادیخوازانی ڕۆژهەڵات و باكور و ڕۆژئاوا و باشور لە شەستەكانی سەدەی ڕابوردودا، داگیركردنەوەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی ئێراندا، ئاشبەتاڵە ئابڕووبەرەكەی ساڵی ١٩٧٥، ڕادەست كردنی شەنگال و جینۆساید كردنی ئێزدیەكان لە ٣ ئابی ٢٠١٤ دواتر جێهێشتنی شەنگال جارێكی تر لە ١٦ ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ و ڕادەست كردنەوەی نیوەی كوردستان لە هەمان كاتدا، شەڕی ناوخۆی كوردستان، پەلكێشكردنی داگیركەرانی كوردستان هەتا ئێستا بەردەوامە

دەرچە میدیا

٣١ ئابی ٢٠٢١

٣١ ئاب لە زمانی داگیركەری بەعسەوە

هاوبەشی :