لە کاتێکدا داگیرکەری تورک بۆردوومانی ڕۆژئاوا دەكات و داگیركاری لە باشوور پێشدەخات، نوح یەڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز كۆدەبنەوە
لە کاتێکدا ڕۆژانە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆردوومانی هاوڵاتییانی مەدەنی دەکات و داگیرکاریی لە باشوور ئەنجامداوە، ڕابەری گشتیی زووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورک کۆدەبێتەوە و دەست لەناو دەستی یەکتر دەکەن.
وەزارەی دەرەوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی جێگری وەزیر لەگەڵ ڕابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، نوح یەڵماز، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئەنقەرە لەگەڵ عیرفان عەلی عەبدولعەزیز ڕابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان کۆبووەتەوە.
ئەم سەردان و کۆبوونەوەیە لەکاتێکدا، ڕۆژانە حکومەتەکەی ئەو جێگر وەزیرەی عیرفان عەلی عەزیز لەگەڵی کۆبووەتەوە، ئاگر بەسەر هاوڵاتییانی مەدەنی لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستاندا دەبارێنێت و ژن و منداڵ و هاوڵاتییانی مەدەنی بە ئامانج دەگرێت.
تەنها لە ڕۆژی ٢٧ـی ئەم مانگە دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە دوو بۆردوومانەدا لە سنوورەکانی زاخۆ و چوارقورنەی باشووری کوردستان، شەش هاوڵاتی مەدەنی شەهیدکرد و یەکێکی دیکە برینداربوو.
لە ڕۆژئاوای کوردستانیش لە ٢٢ ڕۆژی ڕابردوودا بە هۆی بۆردوومان و تۆپبارانی ڕاستەوخۆی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی، ٤١ هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و ٢٤٥ـی دیکەش برینداربوون، کە بەشێک لەوانە ژن و منداڵ بوون.
وێرای سەردانە بەردەوامەکانی بارزانییەکان بۆ لای جەلادەکانی سەر گەلی کورد، لە ماوەکانی ڕابردووشدا هەریەک لە سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، سەردانی تورکیایان کرد و لەگەڵ نوح یەڵماز، جێگری وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورک کۆبوونەوە.