زەینەب جەلالیان سەپاندنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و زیندانیانی سیاسیی دیکەی بە توندی شەرمەزار کردووە.داوای دەستبەجێ هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزا سەپێندراوانە دەکات.

11
0
هاوبەشی :

 

زەینەب جەلالیان، زیندانی سیاسیی کورد کە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە و ١٧ ساڵە لە زیندانە، لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا سەپاندنی حوکمی لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و زیندانیانی سیاسیی دیکەی بە توندی شەرمەزار کردووە. زەینەب جەلالیان کە ئێستا لە زیندانی یەزد بەند کراوە داوای هەوڵی دەستبەجێ بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزا سەپێندراوانە دەکات.

دەقی تەواوی ئەم نامەیە، کە لەلایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە بڵاو کراوەتەوە، بەم شێوەیەیە:

“چۆن توانیت خۆشەویستیی دایکایەتی، سۆز و خۆشەویستیی باوکایەتی و خۆشەویستی بۆ مرۆڤایەتی پشتگوێ بخەیت؟”

بۆ چ سوودێک؟ ویژدان و مرۆڤایەتیت بە چی فرۆشت؟ بە چ نرخێک ساتوسەودات بە مافی ژیان و هەناسەدانی کەسانی ترەوە کرد؟

بە چ نرخێک ئەم هەموو خەونە لەناو دەبەیت؟ چۆن بە ئاسانی گەنجی نیشتمانەکەت دەکەیتە قوربانی؟ خۆپەرستیی تۆ گەیشتۆتە ئاستێک کە تەنها شتێک کە ڕازیت دەکات سزای لەسێدارەدانی ئەوانی ترە.

تۆ کە دەستەکانت بە خوێنی ئەوانی تر سوورە، بزانە هیچ کەسێک و تەنانەت تۆش دەسەڵاتی ئەوەی نییە مافی ژیان لە مرۆڤێک بسێنێتەوە. چۆن توانیتان حوکمی لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و براکانمان دەربکەن کە قەڵەمتان هەڵگرت؟ ئایا ژیانی مرۆڤ بۆ تۆ هێندە بێ بەها بووە؟ کام هەڵە؟ بۆ چ تاوانێک؟ لەسەر بنەمای کام مافی مرۆڤ؟

دەماننێریتە قوربانگایەک کە پەتە نیمچە ئەستوورەکەی لە مووی بڕدراوی دایکی قوربانییەکانت تەنراوە. چی تۆی گەیاندووەتە ئەم دۆڵە تاریکە؟ دڵم بە حاڵت دەسووتێت، بۆ تۆ کە هەموو بنەما ئینسانییەکانت پێشێل کردووە و هەموو پردەکانی پشت خۆت ڕووخاندووە. بۆ تۆ ئەی ئەشکەنجەگەر و دادوەری نادادپەروەر!

سەرباری ئەو هەموو ستەمەی کە لە ئێمەت کردووە، بزانە من بە دوای تۆڵەکردنەوە نیم و لێت خۆش دەبم. ئەمە جیاوازیی نێوان من و تۆیە.

وریشە گیان، پەخشان گیان، دڵم تەنگ دەبێت….

دڵم ئازاری پێ دەگات کاتێک پێم دەڵێن دوێنێ، قەڵەمتان هەڵگرت و دژی لەسێدارەدانی من و هەڤاڵەکانم نووسیتان، بەڵام ئەمڕۆ خۆتان سزای لەسێدارەدانتان بەسەردا سەپێندراوە. بەزەییم بە شارێکدا دێتەوە کە پاداشتی مرۆڤایەتی یان زەلیلکردنە یان مردن بە فەرمانی حاکمەکان.

بەزەییم بە وڵاتێکدا دێتەوە کە مافی ئازادی و مافی بیرکردنەوە و مافی ژیان لە گەلەکەی بێبەش دەکات.

دڵم ئازاری پێدەگات کاتێک درەنگ درەنگ تەلەفۆن بۆ دایکانمان دەکەین و بە سەرسووڕمانەوە دەپرسن “ڕۆڵە ئەوە تۆی”؟ چونکە نەگبەتیی لە سێدارەدان سێبەری بەسەر شارەکەمان و نیشتمانمانەکەماندا کێشاوە.

من بە هەموو شێوەیەک سەپاندنی سزای لە سێدارەدان شەرمەزار دەکەم. داواکارم لە هەموو ژنانی جیهان و مرۆڤە ئازادەکان لە سەرانسەری جیهان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و هەرکەسێک کە بتوانێت هەر کارێک بکات، پشتگیریی ئەو کەسانەی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە بکەن. “لە بەرامبەر حوکمی لەسێدارەدانی مرۆڤەکان بێدەنگ مەبن!”

هاوبەشی :