ئامانجەکانی سیاسەتی داگیرکاری لە ھەرێمی کوردستان
هەرێمی کوردستان، قەوارەیەکی دەستوری و یاساییە لە چوارچێوەی کۆمار و دەستوری فیدراڵی ئێراقدا. ئەم هەرێمە پێویست بوو ببێتە خاوەن دەستور و یاسای هەرێمی خۆی کە بەگوێرەی دەستوری ئێراق، ڕێک بێتەوە لەگەڵ دەستورە فیدراڵیە ئێراقیەکەدا. بەڵام ئەو هەرێمە بەدەستوری نەکرا. دەستور واتای چییە؟ دەستور یەعنی ڕێکخستنی کایەکانی سیاسەت، بەڕێوەبەری، بەشداری، حکومەتداری، خزمەتگوزاری، ئابوری، ژینگەیی، ڕەگەزی و ئازادیەکانە. ناکرێت خاوەنی هەرێم، جوگرافیا و بەڕێوەبەرییەک بیت و بێ یاسا و بێ دەستوربیت. دەستور واتای هێڵە بنچینەییەکانی چۆنیەتی بەڕێوەبردن و بەشداری و ژیانکردن. دەستور دوو جۆرە، دەستوری دەوڵەتەکان و دەستوری کۆمەڵایەتی. ئەم دەستورانە دەتوانن بەجیابن و دەتوانن تێکەڵەیەک لە هەردووکیان بن. بەڵام نەبوونیان واتای مەترسیداری هەیە. هەربۆیە هەرێمی کوردستان لەدوای نوسینەوەی دەستوری ئێراقەوە نەیتوانیوە دەستورێکی دیموکراتیک بنوسێتەوە. بە هۆکاری ئەقڵیەتی خێڵەکی و باڵادەستی پیاوسالارانە.
نەبوونی دەستور واتە برەودان بە دەستدرێژی، هێرش و سەپاندن لە ڕێگەی هێزەوە. هێز لە بۆشایی دەستوردا ڕەوایەتی بە سەپاندن دەدات. هەربۆیە هەرێمی کوردستان بوەتە گۆڕستانی ئازادییەکان و تەراتێنی هێزە ئاشکرا و شاراوەکانی لەناوبردن و کۆمەڵکوژی. بوونی زیندانەکان، بکوژە نادیارەکان، دەسگیرکردنە نایاساییەکان و هێرش بۆسەر مافە گشتییەکان و زەوتکردنەکانی ئابوری و زەوی زارەکان، لێپرسینەوەکانی دەروەی یاسا و تیرۆر و گوێپێنەدان بە تیرۆرکاران و دەیان کێشەی تر هۆکارەکەی بە سیستەم نەبوون و بەدامودەزگا نەبوونی کۆمەڵایەتییانەی هەرێمی کوردستانە.
لێدان و کوشتن و شەڵاڵی خوێنکردنی ناڕازایەتی و خۆپیشاندانەکان و لێنەپرسینەوەی هێرشکاران، هۆکارەکەی نەبونی بەرپرسیارەتی و نەبوونی خەمخۆری کۆمەڵایەتییە. دزین و گەندەڵی بە چ یاسا و دامودەزگایەک لێی دەپرسیتەوە. ڕەنجی کۆمەڵگای دزراو بەچی دەپارێزیت. هەموو ئەوانە یان لە ناو بەهایەکی کۆمەڵایەتیدا یان لە ناو دەستورێکی دیموکراتیکدا دەپارێزرێت. ئەی ئەگەر بەها و دەستور نەبوو چی؟
لە هەرێمی کوردستاندا باسی دیموکراسی و هەڵبژاردن لە نەبوونی دەستور و یاسادا دەکرێت! ئەوە بە چ مانایەکە؟ وتمان هێز دیاریکەری ئامانجی باڵادەستانە. هەربۆیە هەڵبژاردنیش بە ئامانجی سەپاندنی هێزی باڵادەست دەبێت. حکومەتی هەرێم ئەگەر بە دەستور و یاسا ڕێکبخرایەت و بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی گەلەری لە پشتی بووایەت، هەڵبژاردنەکان بەدوای چەند مانگ و ساڵدا ئەنجامییان نەدەدا بەدەستەوە. نەبوونی دەستور و یاسا بۆشاییەکی دروستکردووە کە هێزەکان بەدڵخوازی خۆیان شێوە بە ژیانی گشتی بدەن و شێوازی پەیوەندییەکان دیاری بکەن. هەربۆیە لە هەڵبژاردنی ئەمجارە و هەموو جارەکانی تریشدا ئەوەی دیاریکەری ئەنجامەکانە دەنگدان و سندوقی دەنگدەر نییە. بەڵکو هێزە دەرەکییە دەستێوەردەرەکانن. ئەمە بەڕوونی کۆمەڵگە و خەڵکی هەرێمی کوردستانیش دەیزانن بۆیە لە ڕێگەی بایکۆت و سزادانەوە تۆڵە لە دەسەڵاتداران و ئۆپۆزیسیۆنە ساختەکان دەکەنەوە. گۆڕان نمونەکەیەتی!
گەمەی هەڵبژاردن زۆر جاڵجاڵۆکەیی و شاراوەیە، پێویستی بە حیکمەتی تێگەیشتن و کۆمەڵگەی ڕێکخراو هەیە. داگیرکەرانی کوردستان، لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان گەمەیەکی جەرگبڕ بەڕێوەدەبەن. دوو حیزب و دەسەڵاتی گەورەی هەرێمی کوردستان کە یەکێتی و پارتین، کاریگەری گەورە و ڕێککەوتنی بنچینەییان هەیە لەسەر دابەشکردن و بەشداری قەوارەی هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی. ئەم دوو حیزبەش دابەشی سەر دوو ئەجندای تورکیا و ئێرانن. ئەمریکاش لەم نێوەندەدا هێزی بڕیاردەر و گەمەکەری سەرەکییە. ئەمریکا لە ڕێگەی جوڵاندنی هێزە شاراوەکانییەوە گەمەکەی بەڕێوەدەبات و هێزە ناکۆک و جیاوازەکان ئاراستە و بەیەکدا دەدات و ئەنجامی درێژمەودای لێبەدەست دێنێت. هەر هێز، وڵات، پارت و حکومەتێک بەگوێرەی ستراتیژ نەجولایەوە دەبێتە دەستەمۆی سیاسەتە ڕۆژانەییەکان و دەسکەوت و بەرژەوەندی تایبەت. هەربۆیە حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی دەسکەوت و بەرژەوەندی تایبەتتدا جوڵە دەکات و خۆی سپاردۆتە پارێزگاری بەرژەوەندییە دەرەکییەکان.
لەم قۆناغە نوێیەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا، هەرێمی کوردستانیش لە گۆڕانکارییانە بەدەر نییە. ئەوە لە کاتێکدا ناڕەزایەتیەکی گەورەی کۆمەڵایەتی بەرۆکی بە هەموان گرتووە. بۆ دەستبەسەردا گرتنی ئەو ناڕەزایەتییانە و دیموکراتیزەنەبوونی کۆمەڵگە. هێڵێکی ساختەی ئۆپۆزیسیۆن لە پارتی سیاسی، کۆمەڵگەی مەدەنی و بزوتنەوەی ناڕەزاییان دروستکردووە. کە ئەجندای دەستێوەردانەکان و نەخشە و شێوازەکانی حکومەتی دڵخوازی هەرێم دیاریدەکەن.
لێرەوەیە کە دەبێت سەرنج بدەینە ڕۆڵی بزوتنەوەی گۆڕان و بەسەرچوونی و هێنانە پێشەوەی نەوەی نوێ و ڕۆڵ پێدانی لەسەر ئاستی ١٥ کورسی ئەوە لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی پێشوی ئێراقدا وایان سزادا کە کورسییەکیشی نەهێنا. جێگەی سەرسوڕمانە (کە بۆخۆشییان شۆک بوو) کە لەهەرێمی کوردستاندا ١٥ کورسییان پێ ببەخشرێت. هۆکار چییە؟ هەروەها لەپاڵ ئەمانەدا دروستکردنی دەنگی بەناو ناڕازی مامۆستایان و گرێدانەوەی بە ئەجندا دەرەکیەکانی حکومەتی فیدراڵی ئێراقی و لەژێرناوی گەڕانەوە بۆ دەستور و سەروەری دادوەری ئێراقیدا، ئەوانە هەموویان لە چوارچێوەی گوشار و فشارەکانی ئەجندای داگیرکەریدا جێگەی هەڵوەستە لەسەر کردنن و پێویستە تێبگەین ئەو گەمانە چ تەونێکی جاڵجاڵۆکەن بۆ گیانی گەلی کورد و تێکۆشانە ئازادەکەی.
لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەکاندا هەر هێزە کۆمەڵێک ئەجندا و پەیمانی دەدا و دەبەخشییەوە. یەکێتی نەڕەی گۆڕانکاری و ناردنە ماڵەوەی مەسروری وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێم عەرشی دەلەرزاند. بەڵام چی دەرچوو؟ هیچ دەرنەچوو، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی شەڕێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەدەچێت، ئێران و تورکیا لەم ناوەدا خاوەن ڕۆڵن. بەڵام بۆ شکاندنی هەژموونیەتی ئێران پێویست بە گەمەی بەکارهێنانی تورکیا دەکات. بۆیە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان هاتنە دەرەوەی زۆرینەی پارتی و پێویست بەدەنگی ئەوانی تر بوو. بۆچی پارتی بە زۆرینەی براوە دەستنیشان نەکرا. لەبەر ئەوەی ستراتیژی گەمەی کەروێشک ڕاکە و تانجی بیگرە کاریگەری خۆی لەدەست نەدات و کەس بێمنەت نەبێت لە پێویستی بە ئەوانی تردا. هەربۆیە هاوسەنگییەکانی ناوچە دیاریکەرە نەک پڕوپاگەندەکان! لە ئێستەشدا حکومەت ناتوانن پێکبێنن. لەبەرئەوەی گۆڕەپانی شەڕەکانی ئێران کۆتایی نەهاتووە و خواستەکانی تورکیاش فراوانخوازییە. هەربۆیە گەمەی شاسوار دروستکردنی فشارە بۆسەر یەکیەتی و دروستکردنی حکومەتە بەزۆرینەی بەرژەوەندییەکانی تورکیا. ئەگەر قسەی بەخشینی ١٥ کورسی نەوەی نوێ لە چوارچێوەی فشار بۆسەر یەکێتی هەڵنەسەنگێنرێت، ئەوا غەفڵەت لە کارەکەدا هەیە و دەکەوینە داوی گەمە نەخوازراوەکان و ئەجندا دەرەکییەکان. دەستخۆشی و لایەنگری لە دەستپێشخەریەکەی نەوەی نوێ کەوتنە داوی گەمەی تورکیایە. ئەوە لە کاتێکدا سەرۆکی نەوەی نوێ بەتازەکی لەلایەن کارمەندێکی وەزارەتی دەرەوی تورکیا دیداری کردبوو. مەسروریش لە هەمان کاتتدا لە تورکیابوو. هەربۆیە دۆسیەی کورد ئێستە لەدەستی وەزارەتی دەرەوەدایە. هەربۆیە قسەکانی سەرۆکی نەوەی نوێ گوماناوی و جێبەجێکەری نەخشەی تورکیایە لە دروستکردنی حکومەتی هەرێم و فشار دروستکردنە لەسەر یەکێتی بۆ تەسلیم بوون بە ئەجندای تورکیاو کەوتنە خزمەتی شەڕی داگیرکاری دەوڵەتی تورک لە دژی پەکەکە و تەسلیمکردنی سەرچاوەی ووزە و غازی ژێر دەسەڵاتی یەکیەتی بە پارتی و تورکیا.
هەربۆیە کێشەی دروست نەبوونی حکومەتی هەرێم پەیوەستی چەند ڕەهەندێکە:
یەکیان جیاوازییەکانی ئەجندای ئێران – تورکیا، لایەکی تر گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سوریا و بچوککردنەوەی ڕۆڵی تورکیا. هاتنە پێشەوەی ئیسرائیل لە سیستەمی هەژموونی ناوچەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆڵی تێکۆشانی ئازادی کورد لە گۆڕانکاری هاوسەنگی هێز و تێکچوونی سیستەمی داگیرکاری لەسەر کوردستان. تورکیا ناتوانێت گەمەکەی لە ڕێگەی نەوەی نوێوە بەسەرکەوتن بگەیەنێت. لەبەرئەوەی هێز کاریگەری لەسەر ئاڵوگۆڕەکان هەیە و نەوەی نوێش خاوەنی نەهێزی سەربازی، نە ڕێکخراویی و نە دەنگدەرە! بەڵکو هێزێکی دروستکراوی هەڵتۆقیو و پێبەخشراوە. تەنیا دەتوانێت وەک هێزی فشاری دەروونی و هاوکاری شەڕی تایبەت بۆ ئۆپۆزیسیۆنی ساختە ڕۆڵ ببینێت و ببێتە هۆکاری شکاندنی ئیرادەی خەڵکی باشور و فوو تێکردنی خۆ بەڵاڕێدابردنی سەرنج و دروستکردنی فشار. بۆیە قسەکانی نەوەی نوێ جگە لە هاوکاری سەرخستنی ئەجندای تورکیا و فشار لەسەر یەکیەتی و تێکدانی ئاشتەوایی نێوان یەکیەتی و پارتی و دروستکردنی هەلومەرجی دەستێوەردانی تورکیا بۆ داگیرکاری هەرێمی کوردستان و تەسلیم کردنی یەکێتی و لەوێشەوە ڕێکخستنی هاوپەیمانییەک بۆ شەڕ و هێرش لەسەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا و قەندیلە.
بەڵام ئایا ئەوانە سەردەچن و گەلی ئێمە ئەوانە نازانێ!