ساڵح موسلیم ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدە دەڵێت: هەبوون یان نەبوونی هێزەكانی (هەسەدە) پەیوەستە بە چارەسەرێكی سیاسی بۆ هەموو سوریا،

20
0
هاوبەشی :

ساڵح موسلیم ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پەیەدە دەڵێت: هەبوون یان نەبوونی هێزەكانی (هەسەدە) پەیوەستە بە چارەسەرێكی سیاسی بۆ هەموو سوریا، واتە (هەسەدە) بەیەك وشە دانەمەزراوە تا بەیەك وشەش بڕوات. هەسەدە ئەمڕۆ لەشكرێكە نەك گروپێك كە پێیان بڵێن بچنەوە ماڵەوە.

ئەم لێدوانە لەوەڵامی لێدوانی وەزیری دەرەوەی حكومەتی نوێ لە دیمەشقە کە چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ڕایگەیاند هەسەدە هەڵبوەشێتەوە و چیتر پێویست بە هەسەدە ناكات.

ساڵح موسلیم لەبارەی ئایندەی سووریا بۆ شارپرێس دەڵێت، لەگەڵ هاتنی تەحریری شام بۆ دەسەڵات و ڕۆیشتنی ڕژێمی سوریا و ئێران و ڕووسیا، دەرفەتی نوێ هاتۆتە ئاراوە. ئەوەی ڕوونە ئەوەیە كە تەحریری شام بە بیری خۆیەوە ناتوانێت سوریایەك بنیات بنێت كە لەگەڵ خواستی گەلی سوریادا بێت. بەڵام دەرفەت هەیە بۆ بنیاتنانی سوریای نوێ و گرنگە بۆ ئێمە وەك كورد.

موسلیم دەشڵێت، ئەمڕۆ ئێمە هێزێكین كە دەكرێت لە باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەرگری بكەین و خۆمان جێگیر بكەین، هێز هی ئێمەیە. پڕۆژەكەمان بۆ هەموو سوریاش كاریگەرە. بە بڕوای من سوریایەكی نوێ دروست دەكرێت، بەڵام چۆن دروست دەكرێت و تا چەند دەخایەنێت، پێویستی بە زۆر شتی هەیە. ئەمڕۆ داوامان لێدەكرێت پێشەنگایەتی بكەین لە ناساندنی سوریای نوێ و سوریای نوێ دەبێت چۆن بێت. ئێمە هیوامان بە سوریایەكی ئارام هەیە، بەڵام نازانم ئەم ئاشتییە لە ساڵێك یان دوو ساڵی تردا ڕوودەدات یان نا. بەڵام بیری تەحریر شام هی ئەوە نییە، دەبێت بگۆڕدرێن.

هاوبەشی :