ئەلێساندرۆ چیلۆ ڤیگنیا، سەرۆکی کۆمسیۆنی سیاسیی یەکێتی ئەورووپا: بیر لە دامەزراندنی هەرێمێک بۆ کوردان لە سووریا دەکەینەوە
سەرۆکی کۆمسیۆنی سیاسیی یەکێتی ئەورووپا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئیتاڵیا ڕایگەیاند، لە سووریای نوێدا بیر لە دامەزراندنی هەرێمێک بۆ کوردەکان دەکەینەوە، گەلی کوردی قارەمان دژی چەتەکانی داعش شەڕیان کرد و ئەمە لەبیر ناکەین.
ئەلێساندرۆ چیلۆ ڤیگنیا، سەرۆکی کۆمسیۆنی سیاسیی یەکێتی ئەورووپا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئیتاڵیا، لەبارەی ڕۆژئاوای کوردستان و تێکۆشانی کورد دژی چەتەکانی داعش و حکومەتی ڕاگوزەری سووریا بۆ میدیا ناوخۆییەکان دوا.
ئەلێساندرۆ چیلۆ ڤیگنیا ڕایگەیاندووە، ئێمە وەک پەرلەمانتار و دامەزراوەکانی ئیتاڵیا هیوادارین کە لە سووریاش وەک ئێستای عێراق، دەسەڵاتێکی بەهێزی کوردی هەرێمی کە خاوەن دەسەڵاتی یاسادانان و بەڕێوەبردنە، دابمەزرێت، بە تایبەت بیر لە دامەزراندنی هەرێمێک بۆ کوردەکان دەکەینەوە لەناو سنووری سووریای نوێدا.
ئاماژەی بەوەشداوە، هەم ئەوروپا و هەم ئەمریکا دەزانن کە گەلی کوردی قارەمان دژی چەتەکانی داعش شەڕی کرد، وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەمە لە بیر ناکەن.
لە بارەی حکومەتی ڕاگوزەری نوێی سووریاشەوە وتی: ئەو ئیدارەیەی کە ئێستا سووریا بەڕێوەدەبات بۆ ئیتاڵیا، ئەورووپا، ئەمریکا و جیهانی ڕۆژئاوا هێشتا ڕوون نییە، زۆر گرنگە سووریا بەرەو دەوڵەتێکی فیدڕاڵی بڕوات کە تێیدا ناوچە جیاوازەکان، گەل و کەلتوورە جیاوازەکان نوێنەرایەتی بکەن.
لە ڕۆژ نیوز وەرگیراوە