کورد لە نێوان سێ جەنگی جیهانییدا ١٩١٤-٢٠٢٧”

30
0
هاوبەشی :

لە ڕۆژ نیوز وەرگیراوە

نوسینی: كاروان. سەلمان

خۆزگە گەلی کورد تایبەت هاوپەیمانەکانی تورکیا و ئەردۆگان دەیانزانی ئەم بارودۆخە چەند هەستیار و چارەنوسسازە!!!! هیچ نەبێت بگەڕێنەوە بۆ مێژوویەکی نزیک (١٩١٨) دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، کاتێک هێزە نێودەوڵەتییەکان میراتی خەلافەتی عوسمانیی و سەفەویی دابەش دەکرد بەسەر چەند دەوڵەتێکی قەومی ناسیۆنالیزمی، بارودۆخی ناوخۆی کوردستان زۆر ئاڵۆز بوو، هەرچەندە پڕۆژەکەی مارک سایک و جۆرج بیکۆ بەناوی (سایکس بیکۆ) دابەشکردنی میراتی خەلافەتی عوسمانی بوو بۆ چەند دەوڵەتێکی قەومی و ناسیۆنالیزمی، بەڵام لە سیڤەردا جێگەی کوردی تێدا کرایەوە لەو ماوەیەدا کوردەکان خێڵگەرایی و پەرتەوازە و مەزهەبگەرا و گرووپ گرووپی چەکداری خائینی دژ بە یەک بوون.

بۆیە نەبوون بە جێگای سەرنجی فەڕەنسا و هێزە نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش وایکرد هەلومەرجی جیهان و ناوخۆی کوردستان لەبار نەبێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ کوردەکان، تایبەت کاراکتەری حسن خەیری و دیاب ئاغا دەرفەتێکی گونجاوی لە بەردەم مستەفا کەمال ئاتاتورک ئاوەڵا کرد، زۆر ئاسان توانی شەریف پاشا لە چالاکیی بخات، مادەکانی سیڤەر هەڵبوەشێنێتەوە و لە پەیمانی نوێی لۆزاندا کۆمارێکی سەربەخۆی مۆدێرنە بۆ تورکەکان دابمەزرێنێت، ویلایەتی مووسڵ کە بەشێکی دەوڵەتە کوردییەکە بوو لکێنرا بەو دەوڵەتەوە کەناونرا عێراق،

عێراق لە ٦/١/١٩٢١ دامەزرا لە ١٩٢٥ ویلایەتی مووسڵ خرایەسەرحەسەکە و قامیشلۆ بەشێکی ئەو ویلایەته بوون خرانەسەر دەوڵەتێک بەناوی سووریاوە، ئێران لە ١٩١٢ دانی پێدانرابوو لەلایەن ئەمریکاوە نەتوانرا دەستکاری بکرێت، بەڵام سووریا و عێراق دەستکاری کران لبنان و کوێت بوون بە دوو دەوڵەت، بەندەری ئەسکەندەروونە و هاتایی ١٩٧٩ درایە تورکیا ناوی گۆڕا بۆ هەتایی.

ئێستا بەهۆی پێگە جیوستراتیژی ڕۆژئاوا و دیسیپلینی هێزەکانی یەپەگە و دامەزراوەکانی یاسادانانی نوێی گەلان لەو پارچەیەی کوردستان دا، هەلومەرجی دەوڵەتێکی دیموکراتی گەورە بۆ کورد هێناوەتە بەرباس دەبێت بزانین هەموو شتێکت لەسەر توانای کورد وەستاوە، لە سەدەی ڕابردوودا لە ڕێککەوتننامەی سایکس بیکۆدا بەرژەوەندی ھاوبەش دەوڵەتە هەرێمایەتییەکانی دامەزراند، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەقی بازاڕێکە، خوڵقاندنی بەرژەوەندی ھاوبەش بوونی قەوارەیەک دەسەلمێنێت.

دیقەت بدەن پەلەکردنی تورکیا لە پڕۆسەی ئاشتیی و لە هێرش کردنەسەر کۆبانێ و ناردنی ئەنەکەسە و چوونی هاکان فیدان و ئیبراهیم کاڵن بۆ شام، زۆر ڕوون و ئاشکرایە تورکەکان هەستیان بە پڕۆژە و پیلانی ئەمریکا کردووە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ کوردەکان بۆیە دەیانەوێت ببنە جێگرەوەی کورد بۆ بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لۆبی تورکەکان هەمان لۆبی تێکدانی سیڤەرە، هەرچەندە سەرکردایەتی ڕۆژئاوا زۆر ورد دراسەی ڕووداوەکانی سووریا و جیهان دەکەن، بەڵام لە ساڵی ڕابردوودا ڕۆژئاوای کوردستان ویستی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ئەنجام بدات و ببێتە خاوەن پەرلەمان و وەزارەت، ئەمریکا ڕێگری لێ کرد و دوای خست، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کورد هێشتا لە قوڵایی ستراتیژی ئەمریکا و گۆڕانکارییەکان تێنەگەیشتووە، پێویسته سەرکردایەتی کورد لە ئایدۆلۆژیای حزبی دوورکەوێتەوە، لەناوەوەی جیوستراتیژی کوردستان بەدوای قوڵایی ستراتیژی کوردا بگەڕێن، هەنگاوێکی هەڵە کۆتایی بە ئیدارەی ڕۆژئاوا و باشووری کوردستانیش دەهێنێت، هەنگاوێکی دروست ڕۆژئاوای کوردستان تاوەکو بەندەری ئەسکەندەروونە و هاتایی دەبات و داپێدانانی ستاتۆی ڕۆژئاوا دەکاتە ئەمری واقع.

تێبینی، شایەنی باسە شەریف پاشا مادەکانی ٦٢ و ٦٣ و ٦٤ چەسپاند لە سیڤەردا و فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ مستەفا کەمال ئاتاتورک دەرکرد.

هاوبەشی :