جەمیل بایک: دەبێت هەڵمەتی ئازادی بگەیەنینە سەرکەوتن

35
0
هاوبەشی :

Screenshot

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە جەمیل بایک باسی لەوەکرد، کە هەڵەمەتی ئازادی رێبەر ئاپۆ لە ساڵی ٢٠٢٤دا ئەنجامی گرنگی لێکەوتووەتەوە و وتی، هەڵمەتەکە لە ساڵی ٢٠٢٥ دا دەگاتە ئەنجام.

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە جەمیل بایک، سەبارەت بە رووداوەکانی ساڵی ٢٠٢٤ و ئامانج و چاوەڕوانییەکان لە ساڵی ٢٠٢٥ بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دووا و لەبارەی هەڵمەتی ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ، چالاکییەکان لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا و ئاستی هەڵمەتەکە بۆ ساڵی ٢٠٢٥ لێدوانی گرنگیدا.

بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنەکە لەگەڵ هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە جەمیل بایک بەم جۆرەیە:

هەڵمەتی ئازادی بۆ رێبەر ئاپۆ لە ساڵی ٢٠٢٤دا ئاستێکی گرنگی بەدەستهێنا. لەناو ساڵەکەدا لە کۆڵن گردبوونەوەیەکی مێژوویی سازکرا. لە هەموو کیشوەرەکانەوە ملیۆن کەس لە چالاکییەکاندا کۆبوونەوە. نوسەرانی براوەی خەڵاتی بۆبڵ لێدوانیاندا. ئەو ئاستەی هەڵمەتەکە پێی گەیشت چییە، هەڵمەتەکە چ شتێکی گەیاندە ئەنجام و دەبێت لە ساڵی نوێدا لە چوارچێوە هەڵمەتەکەدا چی بکرێت؟

هەڵمەتی جیهانیی ئازادی بە ئامانجی ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کورد دەستیپێکردووە و ئێستاش لەو چوارچێوەدا بەردەوامە. ئەو هەڵمەتە لەلایەن هێزە چەپ، سۆسیالیست، دیموکراتیک و ئازادیخوازەکانەوە پلانی بۆدانرا و دەستیپێکرا کە ئێمە وەک دۆستانی کورد ناودێریان دەکەین و ئەوان پەرۆشن بۆ پرسی کورد و هاوپشت و پاڵپشتی گەلی کوردن. هەروەها گەنجان و بزوتنەوەکانی گەنجایش بە شێوەیەکی بەهێز بەشدارییان لە هەڵمەتەکەدا کرد. ئەگەر ناوەکانیان بژمێرین، سەندیکای کرێکاران، سەرۆک شارەوانییەکان، ئیکۆلۆژیستەکان، رۆشنبیران، نوسەران، ئەکادیمیستەکان، هونەرمەندان، فەیلەسوفەکان، یاساناسەکان، لایەنە باوەڕییەکان و چەندین لایەن کە ئێمە دەتوانین زیاتر ئاماژەیان پێنبدەین، بەشدارییان لە هەڵمەتەکەدا کرد. بزوتنەوەکەمان ئەو هەڵمەتەی دەستیپێکراوە زۆر بە واتاداری بینیوە و رایگەیاندووە بە هەموو هێزی خۆیەوە بەشداری هەڵمەتەکە دەبێت. گەلەکەشمان بەو جۆرە نزیک بووەتەوە و لە هەر شوێنێک کە تیایدا دەژی بە شێوەیەکی بەهێز بەشداری لە هەڵمەتەکەدا کردووە. خۆی لە خۆیدا ئێمە وەک بزوتنەوە و گەل لە سەرەتای پیلانگێڕیی نێونەتەوەییەوە تائێستا بۆ تێکشکاندنی پیلانگێڕی، کۆتاییهێنان بە سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجە لە ئیمراڵی و دەستەبەرکردنی ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ لە ناو تێکۆشانی بێ پسانەوەدابوون. بزوتنەوەکەمان لەو چوارچێوەدا بە ناوی جیاجیاوە چەند هەڵمەتێکی دەستپێکردووە. چالاکییەکانی “ئێوە ناتوانن رۆژی ئێمە تاریک بکەن” یەکەم کاردانەوە و توندترین کاردانەوە لە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی بوو. ئەو چالاکییە بە تەواوەتی لە ئەنجامی هەستیاری و پەرۆشی بەرز و دڵسۆزی جەنگاوەرانی ئازادی و بە دەستپێشخەری ئەوانەوە دەستیپێکرد. سەرهەڵدان و هاتنەپێشەوەیەکی زۆر دژوار و مێژوویی بوو کە مەترسیەکەی بینی و پێشبینی کرد کە چارەسەری بە تێکشکاندن و نەهێشتنی مەترسی دەستەبەر دەبێت. ئەو وەستانەوە مێژووییە هەم هەژانێکی گەورەی ئافراند و هەمیش هێڵی تێکۆشانی دیاریکرد. ئەو تێکۆشانەی دوای ئەوە پێشکەوت، هەمووکات لەسەر ئەو هێڵەبوو. ئێستا ئەو تێکۆشانە وەک هەڵمەتی جیهانی ئازادی بەردەوامە. وەک دەزانرێت، تێکۆشانێکی بێ پسانەوە لە ئارادایە. بێگومان هەڵمەتی جیهانیی ئازادی لوتکەیەکە. دەتوانم بڵێم کە تێکۆشان لە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە رێگەی هەڵمەتی جیهانی ئازادییەوە گەیشتووەتە لوتکە و زۆر لە ئەنجامەکانی نزیک بووەتەوە.

بەر لەوەی باس لەوەبکرێت کە لە قۆناغی ئەم ساڵەدا چی کراوە، ئاستەکە چییە دەبێت باسی ئەوەبکرێت کە لە ئێستا بەدواوە چی بکرێت، دەبێت لەسەر واتا و چۆنیەتی هەڵمەتی جیهانی ئازادیی راوەستە بکرێت. بەڵێ، هەڵمەتی جیهانیی ئازادی گوزارشت لە لوتکەیەک دەکات. تێکۆشان لە سەر بنەمای رێبەر ئاپۆ گەیشتووەتە ئاستی گەردونی. لەو واتایەدا ئاستی تێکۆشانی ٢٥ ساڵە دەردەبڕێت. بەوەشەوە لە بنەڕەتیدا هەڵمەتی جیهانیی ئازادی لە ئەنجامی کاریگەرییەکانی ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆ لە جیهان پێشخرا. هەمووان ئەوانەی بەشدارییان لە هەڵمەتەکەدا کردووە بە راشکاوی ئەو راستییەیان باس کردووە. رێبەر ئاپۆ پاڕادایمی کۆنی خستەبەر لێپرسینەوەیەکی زانستی. لایەنە کەموکورت و هەڵەکانی دەستنیشان کرد. بە پێشخستنی پاڕادایمێکی نوێ ئەوانەی تێپەڕاند. رێبەر ئاپۆ وەک زۆر کەس نەک هەر رەخنەی لەوانەی پێش خۆی گرت، بەڵکوو لە هەمان کاتدا شتی نوێشی پێشخست. بەم جۆرە لە دژی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری مۆدێرنیتەی جێگرەوەی پێشخست. رێبەر ئاپۆ ئەوەی وەک مۆدێرنیتەی دیموکراتیک ناوبرد و مۆدێلی هزری و رێکخستنی ئەوەی پەرەپێدا. ئێمە ئێستا باشتر دەبینین کە تیۆری مۆدێرنیتەی دیموکراتیک وەک مۆدێلی چارەسەریی پڕ خواست و پێداگری هاتووەتە سەر شانۆ و ستێجی مێژوو، کە چارەسەری کێشەکانی سەردەمەکەمان دەکات و کۆتایی بە قەیران و تەنگەژەکانی دەرەنجامی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەهێنێت.

بەر لە رێبەر ئاپۆ جێگرەوەیەکی بەو جۆرە بوونی نەبوو. رەخنەگرتن لە بابەتە کۆنەکان هەبوو، بەڵام مۆدێلێکی گشتی و یەکانگیر و چارەسەریەک پێشنەدەخرا. رێبەر ئاپۆ ئەمەی بە ئەنجام گەیاند. جیاوازی رێبەر ئاپۆ بە تەواوەتی لەمەدایە. بەوەش رێبەر ئاپۆ نیشانیدا کە ئەو گەیشتووەتە راستیەکی جیهانی و گەردونی. ئێستا جیهان بە ناوی هەڵمەتی جیهانیی ئازادییەوە وەڵامی رێبەر ئاپۆ دەداتەوە. دەریدەخەن کە ئەندێشەکانی ئەو قەبوڵ دەکەن و خاوەنداری لێدەکەن. ئەگەر رێبەر ئاپۆ خۆی بە راستیەکی گەردوونی نەگەیاندایە، خاوەندارییەکی لەم ئاستە نەدەهاتە پێشەوە. لەبەر ئەوە دەرکەوتنی ئاستێکی لەم جۆرە دەرەنجامی کاریگەری هزری رێبەر ئاپۆیە. تەنیا هەر کاردانەوەیەک لە دژی گۆشەگیری رەها نییە. بێگومان گۆشەگیری رەها لە دژی رێبەر ئاپۆ ویژدانی مرۆڤایەتی بە قووڵی ئازار دەدات. ئەوە رێگە بۆ ئەوە دەکاتەوە کە هەموو کەسێکی خاوەن ویژدان کاردانەوە نیشان بدەن و بکەونە جموجۆڵەوە. خۆی لە خۆیدا گەلەکەمان بەهۆی دڵسۆزی قووڵەوە بۆ رێبەر ئاپۆ هەموو کات لەسەر پێ وەستاوە. بەڵام ئەو ئاستەی لە هەڵمەتی جیهانی ئازادیدا هاتەکایەوە لەوە زیاترە. وێڕای هەستی ویژدانی و دادپەروەری بەشداربوونێکی ئایدۆلۆژیک پێویستە باسی لێوەبکرێت. دەبینین کە ئەو بەشداربوونە ئایدۆلۆژییە بە خێرایی بڵاودەبێتەوە و گەورە دەبێت. هەموو ئەوانەی رێبەر ئاپۆ دەناسن و پارێزنامەکانی دەخوێننەوە کاریگەرییان لەسەر دروست دەبێت. دەکەونە ناو لێپرسینەوەیەک و دەبینن کە وەڵامی گەڕان و پەیجوورییەکانیان لێرەدایە. ئەوە لەناو ژنان و گەنجاندا زیاتر و لەپێشترە. ئەو مامەڵە و نزیکایەتیەی ژنان و گەنجان زۆر گرنگە. لەبەر ئەوەی ژنانو و گەنجان دوو بەشی کۆمەڵگەن کە زیاتر لە هەمووان لە کێشەی ئازادییان هەیە و گەڕانیان بە دوای ئازادیدا قووڵترە.

پێویستە لە بارەی گۆشەگیری رەهاشەوە باس لە چەند خاڵێکی گرنگ بکرێت. رێبەر ئاپۆ لە دیدارەکەی ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ دا باسی لەوەکرد کە گۆشەگیری رەها بەردەوامە. ئەمە ئاشکرایە کە بەهۆی ترسیان لە ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆ، گۆشەگیری رەها جێبەجێ دەکەن. ئەوەی لە بنەڕەتدا و لەوێ گۆشەگیر دەکرێت ئێمەین. ئەوانەی گۆشەگیری رەها پێش دەخەن ئامانجیان ئەوە نییە کە رێبەر ئاپۆ لە ئێمە بێ بەش بکەن، بەڵکوو ئامانجیانە ئێمە لە رێبەر ئاپۆ بێبەش بکەن. ئێمە زۆر باش دەزانین کە وشیاری ئازادیی لە رێبەر ئاپۆدا زۆر قووڵە. نە زیندان و نە شتێکی دیکە ناتوانێت رێبەر ئاپۆ لە ژیانی ئازادی بێبەش بکات. سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیمرالی کە دەکەوێتە ساڵی ٢٧ەمینەوە سەلمێنەری ئەوەیە. لەبەر ئەوە کاتێک رێبەر ئاپۆ گۆشەگیر دەکرێت ئەوەی گۆشەگیر کراوە، دەبێتە ئێمە. دەبێت بە دڵنیاییەوە بەم جۆرە تێبگەین. دووەم، ئەگەر ئێستا لە جیهان خاوەنداری لە رێبەر ئاپۆ دەکات و فکر و پارادایمی رێبەر ئاپۆ پەسەند دەکرێت، ئەو کاتە تەواوی جیهان گۆشەگیر دەکرێت. پێویستە هەڵمەتی جیهانی ئازادیی لەو رووەوە هەڵبسەنگێندرێت و درکی پێبکرێت. واتە لە هەموو شوێنێکی جیهان پێویستی بە خاوەنداری بەهێز لە رێبەر ئاپۆ، لە نزیکەوە و بە شێوەی توندوتۆڵ پەیوەندی بەوەوە هەیە.

بە چالاکی و بەرنامەیەک کە لە ساڵێکدا ئەنجامدرا، ئەنجامی گرنگ بە دەستهێنرا. هەڵمەتی ئازادیی گەردونی توانی گۆشەگیری رەها بکات رۆژەڤی رای گشتیی جیهان. ئەوە ئامانجێکی زۆر گرنگ بوو و دەستەبەر کرا. هەڵوێستێک کە ٦٩ رۆشنبیری براوەی خەڵاتی نۆبڵ گرتیانەبەر، نیشانیدا کە بۆ سازکردنی رای گشتی ئاستێکی گرنگە. دەبێت گرنگی بەوە بدەن. لە دژی رێبەر ئاپۆ پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ئەنجامدرا. ئامانجی ئەوەش بێکاریگەرکردنی رێبەر ئاپۆ بوو. لە رێگەی بێکاریگەرکردنی رێبەر ئاپۆوە ویستیان بزوتنەوە و تێکۆشانی ئێمە بێکاریگەر بکەن. سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیمراڵی بەو ئامانجەوە دامەزرا. واتە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی بە ئۆپراسیۆنێک کۆتایی نەهات. لە رێگەی سیستمی ئیمراڵییەوە درێژەی پێدرا. زۆر گرنگە لە دژی ئەو پرۆسەیەی کە لە سەر بنەمای بەرژەوەندی سیاسی نێونەتەوەیی و لەلایەن هێزە نێونەتەوەییەکانەوە پلانی بۆ دانرا و درێژەی پێدرا، لە سەرانسەری جیهان رای گشتیی ساز بکرێت و هەستیار و وشیاری بخوڵقێندرێت. بە دڵنیاییەوە دەبێت ئەوە وەک سەرکەوتنی گەورە ببینرێت. ئەو سەرکەوتنە سەرکەوتنێکە کە لە دژی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا بەدەستهێنراوە. ئەگەر سەرنج بدەن، دەوڵەتان بەتەواوەتی لەگەڵ یەکدان و چوونە پاڵ یەکەوە، هیچ پشتیوانییەکی ئەوان بوونی نییە، بە پێچەوانەوە لە ناو هەوڵێکی دژایەتیکردندان. لە بەرەوپێشچوونەکانی هەڵمەتی جیهانیی ئازادی نیگەرانن و هەوڵ دەدەن رێگریی لێبکەن، بەرتەسکی بکەنەوە و بێکاریگەری بکەن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە جیهاندا رای گشتی سازکرا. پێشتریش وتبوومان، ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ لە ئازادکردنی ماندێلا دژوارترە. ئەو خەباتەی کە لەپێناو ئازادی رێبەر ئاپۆدا دەکرێت، لە خەبات بۆ ئازادیی ماندێلا، زیاتر رووبەڕووی لەمپەر و بەربەست دەبێتەوە. لەبەر ئەوە ئازادیی رێبەر ئاپۆ پێویستی بە کار و خەباتی زیاترە. لەبەر ئەوە پێویستی بە تێکۆشانێکی بەهێزترە.

هەتا ئێستا لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئازادی جیهانیدا کاری گرنگ ئەنجام دراون. گەلێک چالاکیی و بەرنامە لە زۆر شوێن و ناوەندی جیهانەوە بەڕێوەچووە. بە جۆرێک هیچ وڵاتێک نەماوە کە چالاکیی و بەرنامەی تێدا ئەنجام نەدرابێت. گەل، ژنان، گەنجان، ڕۆشنبیران، کەسایەتی زانا، هێزە دیموکراتیک، لیبراڵ و کۆمەڵگاکان پێشەنگایەتی چالاکیی و بەرنامەکانیان کردووە. چالاکییە جەماوەرییەکانی وەکوو کۆڵن ئەنجامدرا. هەروەها لە کوردستان گەلەکەمان ڕاپەڕی و بە چالاکی جیاواز بەشداری هەڵمەتی ئازادی جیهانی بوو. تەنانەت لە باکووریش سەرەڕای هەموو ئاستەنگی و هێرشە فاشیستییەکان، گەلەکەمان بەشدارییەکی بەهێزی لە چالاکییەکانی وەک ڕێپێوانی ئازادیدا پێشخست. بەهەمان شێوە بەشدارییەکی گرنگی گەلەکەمان لە باشوور و ڕۆژهەڵاتیش بە شێوەی جیاوازهەبوو. هەروەها بەبۆنەی بە ساڵی نوێیەوە، جارێکی تر سپاسی خۆم پێشکەش بە دۆستان، ژنان، گەنجان، هێزە شۆڕشگێڕە دیموکراتیکەکان و گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەکەم. وێڕای پێشکەش کردنی سپاسی خۆم، حەز دەکەم ئەو ٦٩ڕۆشنبیر، هونەرمەند و زانایانەی کە خاوەن خەڵاتی نۆبڵن بە ڕێزدارییەوە بە بیر بێنمەوە. لە ماوەی ساڵێکدا هەڵمەتەکە قۆناغێکی گرنگی بڕی. بارودۆخی ڕێبەر ئاپۆ و گۆشەگیریی ڕەها لە ئیمرالی خرایە ڕۆژەڤی ڕای گشتی جیهانەوە. تێکۆشانی گەلی کورد زیاتر لە ئاستی جیهانیدا ناسرا و پشتیوانی بەدەست هێنا.

بە بەشداریی هەڵمەتی ئازادیی جیهانی، هێزە دیموکراتیک و شۆڕشگێڕەکان دژی سیستەم لە دەوری یەک کۆبوونەوە. ڕووناکبیرانیش بەشدار بوون. دەتوانین بڵێین بۆ یەکەمجاردوای سی، چل ساڵ لەم چوارچێوەیەدا پشتیوانی دیموکراتیک بەدەستهات. ئەمەش وەک پێشکەوتنێکی زۆر گرنگ دەبینرێت. هەروەها پێشکەوتنێکی دیکەی گرنگ بڵاوکردنەوەی پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ بوو. واتا هەڵمەتی ئازادی جیهانی ڕێگەی هەموارکرد پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ بڵاوبکرێتەوە. ئەمەش ڕێک ئەو پێشکەوتنە بوو کە چاوەڕێ دەکرا. لە ئەنجامدا تیۆری مۆدێرنیتەی دیموکراتیک کە ڕێبەر ئاپۆ پێشکەشی کردووە، بوو بە بابەتی گفتوگۆ. لە هەمان کاتدا گرنگی بە خوێندنەوەی پارێزنامەکان درا بەناوی “خوێندنەوەی ئازاد”. ئەمەش کارێکی گرنگ بوو. پێم وایە پێویستە ئەم کارە بە شێوازێکی دەوڵەمەندتر بەردەوام بێت.

بێ گومان یەکێکە لەو گۆڕەپانانە کە هەڵمەتەکەی بەهێزتر کرد زیندان بوو. گۆڕەپانی زیندان هەمیشە لەسەر بنەمای دڵسۆزی بۆ ڕێبەرئاپۆ، تێکۆشانی بەڕێوە بردووە. هەڵوێست و بەرخۆدانی زیندانیانی سیاسی کاریگەری لەسەر گەلەکەمان هەیە و وایان لێدەکات هەست بە بەرپرسیاریتی بکەن. لەو پڕۆسەیەدا زیندانیانی سیاسی بە هێزی خۆیان و بە بەرخۆدانیان زۆرترین کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگا هەبوو و بە کردارەوە دەرکەوت. هەروەها گەریلاکانی ئازادیی کوردستان یەکێک لەو هێزانە بوون کە زۆرترهەڵمەتەکەیان بەرەوپێش برد. بزووتنەوەکەمان لە سەر بنەمای ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و ئازادی کوردستان تێکۆشانی خۆی پەرە پێدەدات.

ئەوەی پێویستە ئێستا و دواتر بکرێت، بەهێزکردنی هەڵمەتەکەیە و گەیشتن بە ئامانجی خۆیە. لە ساڵی یەکەمیدا بینرا کە پێشکەوتنی بەرچاو بەدی دێت و ئەنجامەکان بەدی دەهێنرێن. هەڵسەنگاندن و بڕیاردان لەسەر یاسای مافی هیوا لەلایەن کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا یەکێکە لەوانەیە. دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بەهەمان شێوە. هەموو ئەمانە دەرخەری ئەوەن کە هەڵمەتی ئازادی جیهانی بە ئامانجەکانیەوە بەرەو پێش دەچێت. پاشان ئەوەی پێویستە بکرێت ئەوەیە کە هەڵمەتەکە بگەیەنینە ئەنجامی خۆی، واتە ئەنجامی کۆتایی بە هەڵمەتەکەیە. بێگومان ئەمەش دەکرێت بە بەرفراوان کردنی ئاستی هەڵمەتەکە ئەنجام بدرێت. بۆیە پێویست بە چالاکی و بەرنامەی بەهێزتر و فراوانتر هەیە. لەو چوارچێوەیەدا گەلەکەمان و هەموو دۆستانیان پێویستە بەشدارییەکی زیاتر و بەهێزتر بە هەڵمەتەکە دەست پێبکەن. کادیرانی پەکەکە و کەجەکە، وڵاتپارێزان و لاینگرانمان پێویستە بە شێوەیەکی ڕێکخستنی تر وتێکۆبانی زیاتر بۆ بەدەستهێنانی دۆستانی زیاتر کار بکەین.

هاوبەشی :