لە پەڕاوێزی پەیامەکەی بارزانی بۆ جۆلانی “پیاوەکە نایەوێت گەورە بێت، ئەو جۆرج واشنتۆن نیە”
سەرکەوت شەمسەدین
زۆر جار دەرفەت مرۆڤی مەزن دروست ئەکات، زۆر جاریش مرۆڤی مەزن مێژوو دروست ئەکات.
لە ناو کورد دا (لە رۆژهەڵاتەوە هەتا بۆ رۆژاڤا و باشور بۆ باکور) هیچ سیاسییەک و سەرکردەیەک هێندەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشوی هەرێم و سەرۆکی ئێستای پارتی، دەرفەتی مێژووی و بێ وێنەی بۆ دروست نەبووە کە مەزنانە رەفتار بکات، بەڵام بە ئینسافەوە بڵێم ئەو هەموو کات پێوتوین ئەو نایەوێت مەزن بێت، ئەو هەر دەیەیەوێت ئەوە بێت کە هەیە؛ سەرۆک هۆزێک کە سیاسەت و حقدی شەخسی لێکجیاناکاتەوە، ئەو لە باشترین حاڵی دا نایەوێت لە ریشسپی و دەمراستی هۆزەکەی خۆی زیاتر بێت، ئەوە خەلک و ئەوانی ترە بەزۆر دەیانەوێت ئەو لەوە گەورەتر ببینن کە هەیە.
ئەگینا لە ئێستادا لە غیابی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا و ئۆجەلان، ( ئۆجەلان زۆری نەماوە گۆشەگیری سەری کۆتایی بێت) ە، لە غیابی قاسملۆ و شەرەفکەندی، بارزانی رێگایەکی چۆڵ و کراوەی لە بەردەمدایە لە قاڵبی هۆز و حزب بێتە دەرەوە، بەڵام وەک هاورێیەکی دبلۆماتکاری ئەمریکی جارێک پێیوتم “پیاوەکە نایەوێت گەورەبێت، ئەو جۆرج واشنتۆن نیە، ئێوەش وەک خۆی سەیری بکەن.”
ئەوە کاتێک قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم هەبوو، لەگەڵ هاورێیەکی دبلۆماتکاری ئەمریکی لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم گفتوگۆیەکی قوڵمان کرد.
لە گەرمەی گفتوگۆ دا بوو، من حەماسم بەرزببویەوە و دەموت “با بارزانی واز لەو پۆستە بهێنێت و کلتورێکی دیمکوراسی دروستبکات لە دوای خۆی و مێژوو وەک پیاوێکی مەزن سەیری بکات، وەک جۆرج واشنتۆن.”
ئەو تورە بوو، وتی “ئەرێ تۆ بۆ تێناگەیت؟ پیاوەکە نایەوێت گەورەبێت، ئەو جۆرج واشنتۆن نیە، ئێوەش وەک خۆی سەیری بکەن؛ سەرۆکی هۆزەکەی خۆی، سەرۆک هۆزیش بە هەڵبژاردن لاناچێت، بە سوڵح لا ئەچێت.”
دیوەخانی بارزانی شوێنی تاوتوێکردنی پرسەگرنگەکان نیە، ئەوێ جێگای تەشریفاتی و میوانخوانی یە.
چەند هاورێیەک بەیاننامەکەی بارزانیان ناردبوو کە بۆ جۆلانی ناردووە، وە گلەیی ئەوەهەیە کە بۆ وەڵامی جۆلانی دەداتەوە، بەڵام وەڵامی مەزڵوم ناداتەوە.
منیش قسەی ئەو هاورێ ئەمریکییەم بە بیرهاتەوە، ئیتر بەسە و داوا لە بارزانی مەکەن “گەورە بیربکاتەوە” چونکە ئەو هەر بچوک بیرئەکاتەوە، ئەو نابێتە ئەو پیاوە مەزنەی ئێوە خەونی پێوە ئەبینن.
ئەمە وەک سوکایەتی ناڵێم، لانیکەم رێزی تەمەنەکەی ئەگرم، بەڵام ئەو پیاوە نایەوێت لە سەرۆکی هۆزەکەی خۆی و حزبەکەی زیاتر بێت، ئەو تەحەمولی کۆمێنتێکی توندی فەیسبوک ناکات، ئەم نوسینەی من ببێنێت و بخوێنێتەوە ئەمرێت لە خەفەتا، ئەو جگەلەوەی کە سەربە قوتابخانەی مەلایی یە، کە باوەریان بە بیرکردنەوەی ئازاد و رەخنە و فرەیی سیاسی و فکری نیە، ئەگەر ئایەتی قورئانیش بێت بەدڵیان نەبێت رەتیدەکەنەوە، ئەو بۆخۆشی وەک کاراتەر لە ئاست کاری مەزندا نیە، ئیتر ئەو وایە.
راستیتان بوێت بارزانی دەرفەتی هەیە هەم کاری “گرنگ بکات” لەم دۆخەدا بۆ هاوکاری رۆژاڤا، وە لە توانایشیدا هەیە کاری زۆر خراپ بکات، من دڵنیام کاری مەزن ناکات، دڵنیاش نیم لە خراپە، چونکە ئەو ئێستا ١٠ هەزار چەکداری رۆژ ی لەبەردەست ە، کە تورکیا راهێنان و چەکی پێداون و بۆ شەری کورد و کورد، نەک بۆ دروستکردنی ئیدارەیەکی خۆسەری.
خودی عەبدولحەکیم بەشار کە ئێستا لەدیمەشق ە، خۆی گەیاندۆتە لای جۆلانی، نوێنەر و دەستەراستی خودی مەسعود بارزانی یە.
ئەگری زۆر هەیە و چاوەروان دەکرێت لە چەند هەفتەی داهاتوو ئیمرالی قسەی هەبێت، بەڵام هەتا ئەوکات هەناگاوی تر هەیە دەبێت بنرێت.
لە ئێستادا باشترە لەبری دۆزینەوەی “ریشسپی،” دەکرێت دیدارێکی باڵا لە ئاستی سەرکردەی باڵای حزب و کەسایەتیەکانی کورد (ئێران، عێراق، سوریا، تورکیا) و ئەو پێکهاتانەی لە رۆژڤا ئەژین رێک بخرێت و پێکەوە گفتوگۆی ئایندەی رۆژاڤا و ئیدارەی زاتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بکرێت، چونکە مۆدێلی رۆژاڤا و ئیدارە زاتیەکەی زۆر زۆر جیاوازترە لە هەرێمی کوردستان.
ئەزمونی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوان دەستنادات، ئەوان بەدەستگرتن بەهەرێم ە کوردیەکانەوە ناتوانن حوکمی ٤٠٪ بکەن، ناشتوانن دەستاین بە سەرچاوی سروشتی و ئاو و زەوی کشتوکاڵی زۆروزەوەندی سوریا بگات، ناشتوانن ئەو هەموو پشتیوانییە فراوانە نێودەوڵەتییە کۆبکەنەوە ئەگەر تەنیا هەرێمێکی کوردی دروستبکەن.
بۆیە چارەسەرەکە بۆ ئەوان دەبێت چارەسەری کوردی بەحت نەبێت، ئەبێ پێکهاتەکانی تریش بانگبکرێن و حیوارێکی بەردەوام هەبێت، بۆ تورک ئەتوانێت ببێتە دەمراستی عەرەب و ئێران دەمراستی عەلەویی و دروز، بۆ کورد نەتوانێت حیوارێک رێکبخات بە هاوبەشیی بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی ئیدارەی زاتی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا.
واتە لەبری سوڵح و دۆزینەوەی “ریشسپی،” هەتا هەموان یەک بخات، ئیتر دونیا دونیای دبلۆماسیی و شرۆڤەی زانستی یە، نەک دیوەخانەکەی بارزانی و دیژلەمەخواردن.