قۆناغی نوێ نوسینەوەی مێژووی ئازادییە

10
0
هاوبەشی :

Screenshot

 

قۆناغی نوێ
نوسینەوەی مێژووی ئازادییە

ئەمڕۆ لە مێژووی کوردا واتای گرنگی ھەیە. ھەڵبەت ڕۆژە واتادارەکان زۆرن، بەڵام تایبەتمەندی ئەم ڕۆژە پڕ واتاترین ڕۆژەکانە. لە مێژووی ھەر نەتەوەیەکدا کەمن ئەو ڕۆژانەی کە وەرچەرخانی مەزن دروست دەکەن. بۆ گەلی کورد پێش ٤٦ ساڵ لەمەو پێش ئەو ڕۆژە بوو، کە وەرچەرخانی مەزن تێیدا ڕووییدا. ئەویش دروستکردن و ڕاگەیاندنی پارتی کرێکارانی کوردستان بوو. کەواتە پارتی کرێکارانی کوردستان چییە و چیی کردووە؟ مێژوو شاھیدی ئەو ڕۆڵ و وەرچەرخانەیە کە پەکەکە کردوویەتی! پەکەکە بە پرسیارێک و وەڵامێک دەستی پێکرد، (کوردستان داگیرکراوێکی نێودەوڵەتییە) ئەوە ئەو کارە بوو کە پەکەکە کردی و ھەموو ڕۆژێک وەڵامی دەداتەوە و بە کردار ئەو داگیرکارییە ھەڵدەوەشێنێتەوە و تێکدەشکێنێت. تێکشکان بەچیی؟ بەخوێن، بە قوربانی، بە گیانفیدایی و خۆبەخشی. تێکشکان بە تێکشکانی زھنیەتی داگیرکاری و تەسلیمییەت و مردن. مردن بۆ گەلی کورد زۆر ئاسان بوو. بەڵام پەکەکە ئەو گەلەی لە مردن ڕزگار کرد و ھێنایەوە گۆڕەپانی ژیانێکی ئازاد و بە واتا. پەکەکە واتای بە ژیانی ئازاد بەخشییەوە. بێھیوایی شکان و گەلی کردە خاوەنی ھیوا بە ژیانێکی ئازاد، نەک ھیوا بەڵکو کردیە عاشقێکی سەرھەڵگرتوو بۆ ژیانێکی بە واتا.
لەو سەردەمەدا ژیان بۆ کورد تەنیا بەسەر زیندوو بوون بوو، ئەویش نەک لە ژێر ناوی کوردبووندا، بەڵکو وەک مرۆڤی کێوی و کلک لێ ڕوواو. بەڵام ئەم پەکەکەیە کوردی لەو گرێ دەروونییە مردووییە ڕزگار کرد و لە گۆڕە کۆنکرێت کراوەکە ھێنایە دەرەوە و بە ماچی ژیانەوە، نووزەی تێکردەوە و ھەڵیساندەوە. ئەو مرۆڤەی کە پێی شەرم بوو بڵێ من کوردم، ئێستە لە ناو ھاوکێشە و ھاوسەنگییەکانی ناوخۆ و ناوچە و جیھاندا خاوەن ڕۆڵە.
زۆرێک ھەن دەڵێن پەکەکە چیی کردووە؟ ئەگەر کردنی ئەوەی پەکەکە کردوویەتی بژمێرین زۆڕە. بەڵام بە چەند دانەی باسەکەمان دەست پێ دەکەین.
پەکەکە، کوردی لە نەبوونەوە گەیاندە بوون، ئەوە گەورەترین دەسکەوتە. کورد نەک نەمابوو، ئەو پەلوپۆیەشی مابووی بەدەست ھێڵی خیانەت و بنەماڵە خائینەکانەوە خەریک بوو زیندە بەچاڵ دەکرا. بەڵام پەکەکە لەو خیانەتکار و بنەماڵانە ڕزگاری کرد. سیاسەت ئەگەر بەبەری پاڵەوانە ساختەکانی ھۆز، عەشیرەت و بنامەڵەدا کرابوو. پەکەکە گێڕایەوە بۆ دەستی چینی ھەژاران و قوربانییان. ئیتر چینی ھەژار قوربانی کەڵەکەی بەرژەوەندی ئاغا و دەرەبەگ و شێخ و میر نەبوو. ئیتر ھەژاران پارێزگاری بەردەرگای ئاغایان و دەوڵەمەندان و خۆفرۆشان نەبوو. ئیتر ھەژاران تێگەییبوون، کە پارێزگاری مشتێک خۆفرۆش و کۆیلە بۆ ھەژاران ھیچی لێ سەوز نابێت! بۆیە خێڵی خۆفرۆشیش بەوە گەیشتن کە ئیتر ھەژارانی کورد ئەوەی دوێنێ نین. ھەربۆیە لەبری خۆفرۆشتن، کەوتنە نیشتیمان فرۆشتن، کەوتنە خۆپاراستن بە تەلەفون! نەک مرۆڤی کورد! چونکە ئیتر مرۆڤی کورد لەوە تێگەیشتبوو کە دوژمن لە ناو خۆدایە، کرمی دار لێرەیە! دەبێت لە ڕیشە دەربھێنرێت!
یەکێکی تر، ڕزگار کردنی ھەژاران بوو لە قوربانی بوون بۆ پاراستن و بەرژەوەندی ئاغا، شێخ و بنەماڵە دەستڕۆیشتووەکان. لێسەندنەوەی سەرکردایەتی بزوتنەوە بەرەنگارییەکان بوو، لە دەستی باڵادەستتان. ئەگەر دوژمن دڵخۆش بوو بە لە ناوبردنی ٢٩ بزوتنەوەی کوردی، ھۆکارەکەی قوربانی ھەژاران و خۆ مەڵاسدانی سەرکردە خێڵەکییەکانی بوو. بەڵام پەکەکە ھەژارانی لە قوربانی بوون دەرھێنا و سەرکردایەتیشی لە ئاغا و بنەماڵەگەری ڕزگار کرد. ئەوەی بووە سەرکردە، ڕێبەر و پێشەنگ ھەر ئەوەش سیاسەتی دەکرد، بەڕێوەدەبرد و دەبووە قوربانی و گیانبازی دەکرد. ئیتر سەرکردە! لە شوێنێک نەبوو قوربانیش بۆ ناو گۆڕ. کاتێکیش فشار ھەبوو تەسلیمیەت بە بەری کۆمەڵگەدا بکرێت وەک چۆن وترا (کاری ما، تمام شد).
پەکەکە مێژووی گۆڕی، مێژووی حەقیقەتی نووسیەوە و کۆتایی بە مێژووی ساختە و درۆ ھێنا. لە مێژووی کورددا کەم نین ئەو سەرکردە و ڕێبەرانەی بە نرخی گیانی خۆیان بزوتنەوەیان ئەگەر نەپارستبێت، بەڵام تەسلیم بە داگیرکەرییان نەکردووە. شێخ سەعیدی پیران، احسان نوری پاشا، شێخ ڕەزا، قازی محەمەد، شەهاب، ئارام و فوئاد. کاتێک مێژوو دەنوسرێتەوە ڕۆڵی ئەوانە و ھەزارانی تری وەک ئەو سەرکردانە دیار و بەرچاوون، کە ھەموویان نەک پەشیمان نەبوون لەوەی کە کردییان، بەڵکو خەرمانێک لە ئەزموونی تێکۆشان و بەرخۆدانیان فێری کورد کرد. کاتێک شێخ سەعید دەڵێت “نیشتیمانپەروەری شەرەفە، شەرەفیش بە بەری زۆرکەسدا ناکرێت” واتای نیشاندانی تەسلیم نەبوونی بە گوێی کورددا دا کە ئەگەر تۆش “لەبیرت بچێت کە کوردی، ئەوا دوژمن لە بیری ناچێت کە تۆ کوردیت” ھەربۆیە دوژمن لە ترسی خۆی ھەموو سات و ڕۆژێک خۆت وەک کورد بە خۆت دەناسێنێتەوە! کەواتە کوردبە و تەسلیمییەت قبوڵ مەکە و بۆ تێکۆشانی گەلەکەت گیانبازبە، چونکە ڕۆڵەکانی دوای ئێمە بۆ ئازادی تێدەکۆشنەوە. ھەربۆیە پەکەکە ئەو مێژووە حەقیقیەی بە گەلەکەی ناساندەوە، کە لەژێر تۆز و باوی ڕۆژگاردا شاردرابوەوە و مێژوویەکی ساختەی بەش و پارچە و دەڤەرێک و بنەماڵەیەک دەرخواردی ھۆشی گشتی دەدرا. کە ئەویش، جگە لەمەرگ، تەسلیمییەت و خۆ بچوک بینین زیاتر نەبوو. مێژووی پاڵەوانێکی ساختەی دۆنکیشۆتی دروستکراوی بوکەڵەیی بوو. کە بۆ دوژمن سەری لەڕێ و بۆ گەل پاڵەوانی چل مێشەکە بوو.
پەکەکە مێژووی خیانەت و بەرخۆدانی لێک جیاکردەوە. ئیتر مێژوو دەسکردی سەرکردە بنەماڵەییە ھەڵاتووەکان نەبوو. مێژووی کچ و کوڕانی تێکۆشەر لە خۆبردوو خەباتکاربوو. مێژووی ئەو کرێکار و پاڵەیەبوو کە بۆ خۆری ئازادی نەک ھیوابوون، بەڵکو شانیان لە شانی خۆری ئاسمان بۆ ئازادی ھەڵدەسوو. مێژووی ئەو کرێکار و جوتیارانەبوو کە لە کوێرە گوندەکانەوە ھێنرابوونە ئۆردوگا و مەترۆپۆڵەکان و وەک زەھر لە ناو خیانەتدا دەتوێنرانەوە و بەرگی تەسلیمیەت و مەرگ دەکرا بە بەریاندا. ئەو مێژووە ئیتر ھی سەرکردەی خۆپارێز، هەڵهاتوو و تەسلیمبوو نەبوو. ھێ ڕێبەر و پێشەنگانێک بوو کە خۆراکی بیرکردنەوە، بەردەوامی تێکۆشانێکی نوێیان دەرخواردی زھنی کۆمەڵگە دەدا. مێژووی ئەو سەرکردانە و ڕێبەرانە بوو کە بە گیانی خۆیان پرشنگی شۆڕشیان ڕۆشن دەکردەوە. ئیتر سەرکردە، پێشەنگ و ڕێبەر خۆپارێز نەبوون، بە گیانی خۆیان شۆڕشییان تێر خۆراک دەکرد و مێژوویی نوێیان دەنوسییەوە. پەکەکە ئەو مێژووەی نوسیەوە کە بەرھەمی ڕەنج، تێکۆشان و خوێنی گەلە.
پەکەکە لە ٤٦ ساڵی تەمەنیدا، چەمکی ئاسایی بوونەوەی تێکشکان، ھیچ شتێک ئاسایی نییە. بەڵکو بەرھەمی پێویستییەکە، جا ئەرێنی بێت یان نەرێنی. ھەربۆیە تێکۆشانێکی ھەستیاربوو. خاڵی لەسەر ھەر شتێک دادەنا. ھەرجوڵەیەکی خوێنراوە بوو. بە ئاسانی ھەر شتێکی پشت سەر نەدەنا. تەنانەت لێپرسینەوەی لەسەر بچوکترین جووڵە دەکرد. دۆخی تێکۆشانی گەلی کورد پێویستی بەو ھەستیارییە ھەبوو، ھەربۆیە گەیشتە ئاستی پێشکەش کردنی دنیابینی . ئەو دنیابینییە لێدانێکی کوشندە و دابڕانێکی بە واتابوو کە کوردی گەیاندە ئاستی پێشەنگی وەڵامدانەوەی قەیرانە گەورەکەی ژیان. کەواتە پەکەکە ئیتر، ڕێکخراو، پارتێکی سیاسی دەستەوتاقمێک نیین. بەڵکو پێشکەش کردنی شێوازێکی نوێی ژیانە، کە بناغەکەی بۆ گیانی ھەرەوەزی، پێکەوەیی و ھاوبەشی دامەزراوە. کە گەڕانەوەیە بۆ کۆمەڵگەی سروشتی و خۆژێن. پەکەکە هێزی ژیانێکی نوێیە کە لە چەمکی ژن ـ ژیانی ئازاددا خۆی گوزارشتکرد. سۆسیۆلۆژیای کۆمەڵگەی هەرەوەزییە، هێزی خۆبەخش و گیانفیداییە، لێبوردەیی و گیانی پێکەوەییە، ژینگەپارێز و ڕێکخەر و لێگرێدانی ژن ـ ژینگە و سروشتتە. لێدانە لە بەرژەوەندی تایبەت و خۆبەگەورە زانین، لێدانە لە قۆرخکاری و خۆ بەناوەندگرتن و ناوەندزانین. لێدانە لە چەمکە باڵادەستیەکان، لێدانە لە خۆ بە پاڵەوانگرتن و خۆسەپاندن. لێدانە لە کۆمەڵگەی چینایەتی، ڕەگەزی، پیاوسالاری و پیرسالاری، لێدانە لە بە کاڵابوونی ژن و هەموو شێوازەکانی ژنی دەستێوەردراو و بەکارهاتوو و کۆیلەکراو. ئەو ژنێتیەی کە دەیەها بەرگی ڕەنگاوڕەنگیان بۆ دوریوە و دەیناسێنن، لێدانە لە سیستەمی ڕەمەکە دەسکردەکان و بە سیکسیکردنی ژن، لێدانە لە هونەری بێ ناوەرۆکی ڕۆح مردوو. لێدانە لە بێ ئیرادەیی و نەکردن. نەکردن چەمکێکی مردووە، هەربۆیە ناکرێت، نابێت! ژیان بۆخۆی کردەی هێشتنەوەی یادگە، بەردەوامی و بنیاتنانی مێژووییە، ئەوەی لە دەرەوەی ئیرادەی مرۆڤ بێت تێنەگەیشتووییە. بەردەوامی ژیان پەرەدانە بە تێگەیشتن لە دەوروبەر و دیاریکردنی ڕۆڵی مرۆڤ بە شێوەی ئەرێنییانە لەو ژیانەدا. پەکەکە نوێبوونەوە و خۆ نوێکردنەوەیە. لێدانە لە بنەماکانی وەستان و چەقبەستوویی.
بۆ ئەوەش کەسێتی و بنیاتنانی کەسێتی بە گوێرەی ئامانجی مەزن، یەکێک لە بوارە هەرە پێویست و بە ڕەنجەکانی ئەم پارادیگمایە بوو. بۆیە مرۆڤسازی بە گوێرەی پارادایمی نوێ پێویستی بە ڕێبەری و دروستبوونی پێشەنگەکەی بوو. فەلسەفە تێری تێگەیشتن لە کەسێتی ڕێبەر ناکات و ڕێبەریش بەواتای دڵخواز و وەسف نییە. ڕێبەر و ڕێبەرێتی پێویستی وەڵامدانەوەی قۆناغە. کاتێک لە ناو قۆناغی گێژاو و قەیراندا بوویت و دەستنیشانی کێشەکان و چارەسەریت پێشکەش کرد. بۆخۆی دەبیتە ڕێبەرێتی پێویستی! هەربۆیە بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو چارەسەرییە، هەم هۆشمەندی پێویستە، هەم بەرجەستەبوونی کەسێتی، هەم بە سیستەم بوونی ئەو پارادایمە و بە ڕێکخستنی بوونی. بە دوای ئەوەشدا پەروەردە بەگوێرەی پارادایم و ڕێبەری نوێ. هەربۆیە پەروەردە گۆڕەپانێکی گرنگ لە دروستکردنی کەسێتی بە گوێرەی پارادایمی نوێ دەگرێت. ڕۆڵی ڕێبەریش وەک کەسێتی بەرجەستەبوو گرنگە. ڕێبەر ئاپۆ بە بنیاتنانەکانی خۆی و قوڵبوونەوە لەو پارادایمە و تێگەیشتن لێی بووە هۆی پێشکەشکردنی هۆشمەندییەک کە چارەسەری دۆزی کوردی لە دەست هێزە پیلانگێر، بکوژ، داگیرکەر، هێڵ و بنەماڵەی خیانەت بێنێتە دەرەوە و بخاتە بەردەستی کۆمەڵگە و تاکیش بە گوێرەی ئەو تێکۆشانە ئاراستە و پەروەردە بکات. بۆیە ڕۆڵی ڕێبەری بە واتا و زۆر گرنگ و تەواوکەرە. لە کەسێتی ڕێبەرایەتی ئاپۆدا کەسێتیەکی نوێ بۆ کورد بنیاتنرا و بە ئاستی کوردی ئازاد گەیشت. کوردی ئازاد واتە تێکۆشەر بۆ گەل و وڵات. پەروەردەی کەسێتی واتە دروستکردنی مرۆڤ بە گوێرەی ژیانی ئازاد. واتە پەروەردەی کەسێتییەک بە گوێرەی بەرژەوەندی گشتی و هاوبەشی کردن، پێکەوەیی و هەرەوەزی و عاشقی ئازادی.
هەربۆیە بەڕێز ئۆجەلان کرایە ئامانجی پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی پارێزەرانی سیستەمی سەرمایەداری و هەژمونیەتە جیهانیەکەیان و نۆکەرانی ناوچەیی. لەبەر ئەوەی لە مرۆڤسازی ئازاددا خاوەن ڕۆڵ و دەستپێشخەری بوو. کەسێتییەکی بنیات دەنا کە بە خۆباوەڕ، خاوەن ئیرادە و پێکەوەیی بوو.
• هەروەها لە چوارچێوەی شەڕی تایبەتدا ناسینێکی پڕ بە هێزی لەسەر شەڕی تایبەت پێشخست. شەڕی تایبەت هێزی ئیرادە و وییست دەکاتە ئامانج و تێکیدەشکێنێت. پەکەکە ئەو شەڕەی ناسی و کوردی لەسەر هوشیارکردەوە و بێکاریگەری کرد.
• لایەکی تر نیشاندانی هێڵی خیانەت و بنەماڵە بەشدارەکانی ناو ئەو هێڵی خیانەتە بوو. بە جیاکردنەوەی پارادایگمای نەتەوەی دیموکرات، دابڕانی لە هێڵی خیانەت ڕاگەیاند و هێڵی خیانەتی بێکاریگەر کرد. لەو ڕۆژەوە کە پەکەکە دەستی بە تێکۆشان کردووە، هێڵی خیانەت لە ناوترسدا دەژی و لەدژی تێکۆشانی ئازادی هاوکاری هێڵی داگیرکەری دەکات. هەربۆیە هێڵی داگیرکاری و خیانەت دوو ڕووی کردەیەکن کە یەکتری دەپارێزن.
ئەو تێکۆشانە کۆتایی بە شەڕی ناوخۆی کورد هێنا و زەمینەکانی بەکارهێنانی خاڵە لاوازەکانی لە هێڵی خیانەت سەندەوە و تواناکانی لە هێرشکردن بە ناوی باڵادەستییەوە کلیل کرد. ئەوەی کە هێڵی خیانەت بە درێژایی باڵادەستی و یەکڕەنگی بیرکردنەوە و خۆسەپاندنەوە دەیتوانی شەڕ بە لایەنەکانی تر بفرۆشێت، کۆتایی پێهێنا و ئەو هێز و ووزەیەی لێسەندەوە. ئیتر هێڵی خیانەت بە ئارەزووەکانی پارتێکی سیاسی یان بنەماڵەیک جوڵە ناکات و ناتوانێت شەڕفرۆشی بەسەر پارتەکانی تردا بسەپێنێت و هەرشت بە گوێرەی ئەو نەخشە ڕێژ بکرێت. کۆتایی شەڕە ناوخۆییەکان هۆکاری بەرەوپێشچونی تەرزی وڵاتپارێزی، نیشتیمانپەروەری و هەستە نەتەوەییە دیموکراتیک و ئەخلاقیەکان بوو. کە پەکەکە نوێنەرایەتی ئەو هێڵە نەتەوەیی دیموکراتیک و ئەخلاقیە دەکات.
• بەشێکی تر لە تێکۆشانی هێڵی تێکۆشانی ئازادی کورد، لێدان بوو لەو پاڵەوان و قارەمان و سەرکردە ساختە و دروستکراوانەی کە هیچ نەبوون جگە لە بوکەڵەیەکی ناوبۆشی دروستکراوی شەڕی تایبەت و داگیرکاری. لە بری ئەوە جەنگاوەران و گیانبازانی حەقیقی پێشکەشی تێکۆشانی گەلی کورد کرد. کە لە هەناو و ئازارەکانی زوڵم و ستەمی گەلەوە هەڵقوڵابوون کە جگە لەسەرکەوتن هیچیتریان نەدەناسی.
• پەکەکە ژنی کردە هێزی ژیانەوە و مۆری سەدەی ژیانەوەی بەدەستی ژن لە سەدەی ٢١ دا. ژن ئەو هێزەی کە لە هەناوییدا کۆمەڵگەبوون، ژیانی پێکەوەیی و بەڕێوبردنی سروشتی بنیات نا و کردیە بناغەی بنیاتنانی جیهانبینیەکەی و بووە هێزی زیندوو کردنەوەی کلتوری ژن، ژیان، ئازادی و پیاوی کۆیلە و لە مرۆڤبوویشی خستە سەر ڕێی ڕەخنەکردنی خۆی و پاراستنی بەها کلتوری و مێژوویەکانی کۆمەڵگەیەکی هوشیار و دیموکراتیک. پاراستن ئیتر لە توندوتیژی جیاکرایەوە و بووە پاراستنی بەها ئەخلاقی و کلتوری و سیاسییەکانی کۆمەڵگە. بۆیە تاکیش لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا لە یەکینە خۆجێی و کۆمەڵایەتیەکاندا بە ڕێکخستن کراو دەکرێت.
• زۆرە تا لە سەری بنوسین، بۆیە بەوە کۆتایی پێدێنم، کە سیاسەتی لە سیاسەتوانانی ساختە و بوکەڵە سەندەوە. ئیتر سیاسەت بەرژەوەندی، پارە، خۆفرۆشی و سیخوڕی نییە. هێزی چەکدار و کۆمپانیای ژنکوشتن و دوژمن پاراستن نیە. ئیتر سیاسەت هی ئەوانە نەما کە خۆیان پێوەڕادەدا، گوایە لە پایتەختەکانی داگیرکەران پێشوازییان لێ دەکرێت. سیاسەت گەڕێنرایەوە سەر پێناسە ڕاستەقینەکەی خۆی. کە هونەری بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیەکی بە نامووس و ئازادە. وە ئەرکی تاک بە تاکی کۆمەڵگەیە لە بەڕێوەبردن، پاراستن و خاوەن دەرکەوتندا بەشداری بکات.
هەربۆیە پەکەکە واتە شێوازی ژیانی کۆمەڵگەی ئازاد و دیموکراتە، شێوازی شکاندنی چەقبەستوویی و لە خۆبایی بوونە. بنیاتنەری کۆنفیدراڵیزمی دیموکرات و خۆبەڕێوەبەرە، پەکەکە هێزی زهنی بەدەستهێنانی شارەوانیەکان، شەڕی گەریلای مۆدێرن و سەرکەوتنە. پەکەکەیی بوون بونە ڕێکخستن نیە، بەشداریی و هاوبەشییە لە پێکهێنانی ئەو شێوە ژیانەدا کە بە کۆمەڵگەی دیموکراتیک ناسراوە.

هاوبەشی :