کەجەدەکە-ئە: قەدەغەکردنی پەکەکە ئاستەنگییە بۆ چارەسەری، دەبێت لاببرێتل

11
0
هاوبەشی :

کەجەدەکە-ئە ناڕەزایەتی لە بەرانبەر بڕیاری قەدەغەکردنی پەکەکە دەربڕی و بانگەوازی لە گەل کرد بە ڕوحی سەفەربەرییەوە تێبکۆشن.

کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردستانیان لە ئەوروپا (کەجەدەکە-ئە) ڕاگەیاندراوێکی بڵاکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد: “لابردنی بڕیاری قەدەغەکردنی سەر پەکەکە ڕێگە لەبەردەم چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد و دیموکراتیکبوون لە تورکیادا دەکاتەوە.”

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە کراوە بە بڕیاری قەدەغەکردنی پەکەکە لە ساڵی ١٩٩٣دا لە لایەن ئەڵمانیاوە دراوە و لەو بارەوە راگەیەندراوە: ” قەدەغەکردنی پەکەکە ئاستەنگی چارەسەرییە و ڕێگە لەبەردەم کۆمەڵکوژی کوژی کوردان دەکاتەوە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە.” ئاماژەش بەوەدەکات گەر بە شێوازەکانی پێشترەوە لە پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ئێستا بڕاونرێت ئەوا هێندەی دیکە پرسەکان قوڵتردەبێتەوە.

‘گەلی کورد خاوەنداری پەکەکەیە’

لە بەردەوامیدا سەرنج خراوەتەسەر تێکۆشانی ٤٧ ساڵەی پەکەکە کە چۆن بووەتە تەڤگەرێک ڕێگەی لەبەردەم ئازادی گەلان کردووەتەوە و لەو پێناوەشدا قوربانی گەورەی داوە و هاتووە: “دیوانی دادگای ئەوروپا لە لۆکسمبۆرگ ساڵی ٢٠١٨ و دادگای باڵای بەلجیکا لە ساڵی ٢٠٢٠ بڕیارییاندا نابێت پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی دابنرێت.”

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەختکراوەتەوە لەوەی پێویستە بە تەواوەتی ئەم بڕیارە لاببرێت، چونکە بەردەوامی بڕیارەکە بە مانای بەردەوامیدانی قڕکارییە لەسەر گەلی کورد و هاتووە: “گەلی کورد خاوەنداری لە تێکۆشانی پەکەکە دەکات و لەم پێناوەشدا بە هەزاران شەهید دراوە. گەلی کورد لە ئەوروپا سەنگەرێکی گرنگی ئەم تێکۆشانەیە، لەگەڵ ٣١ ساڵ قەدەغەکردنی پەکەکەدا بەردەوام بووە لە ڕێپێوانی خاوەنداریکردن لە ئیرادەی گەل.”

لە دژی قەدەغەکردن بانگەوازی بۆ سەفەربەری

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا بانگەوازی بۆ تێکۆشان لە دژی قەدەغەکردنی سەر پەکەکە کراوە و ئاماژە بەوە کراوە پەکەکە بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ بووە بە موڵکی هەموو مرۆڤایەتی و دەڵێت: “ئەم ڕێپێوانە بە شکۆییەی تێکۆشانی ئازادی کوردستان بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ ژیانمان ڕوناک دەکاتەوە. لە چوارچێوەی هەڵمەتی ئازادییدا بانگەوازی سەفەربەری دەکەین بۆ تێکۆشان لە دژی قەدەغەکردنی سەر پەکەکە.”

هاوبەشی :