لە نێوان گورگە بۆرەکان و ئیسرائیلدا، کورد بەرەو کوێ

36
0
هاوبەشی :

لە نێوان گورگە بۆرەکان و
ئیسرائیلدا، کورد بەرەو کوێ

نوسینی: عادل عوسمان

ئیسرائیل و تورکیا دوو دەوڵەتی ھەژموونیکی ناوچەیین و لە شەڕێکی بێ ئاماندان. مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری کە ھەژموونیەکی جیھانیی ھەیە، لە ناوچە جوگرافییە ستراتیژییەکانیشدا، دەوڵەتە ھەژموونیکە ناوچەییەکانی خۆی پیشدەخات، بۆ نوێنەرایەتی سیاسەت و بەڕێوەبردنی سیاسەتەکانی. لە سەردەمی سەدساڵەی مێژووی ڕابردوودا کە ئەوروپای ھەژمۆنیک دنیای بەڕێوەدەبرد، لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا سێکوچکەیەکی دروست کردبوو کە ئێران، تورکیا، ئیسرائیل نوێنەرایەتی ھەژمونیکی ناوچەییان دەکرد. ئەم دۆخە لە دوای شەڕی کەنداوی یەکەمەوە ئاڵوگۆڕی بەسەردا ھاتوو پرسی ھەژمۆنیکیش ھەمدیسان گۆڕانکاری بەسەردا ھات.
مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری بە ھۆی قەیرانەکانی ناوخۆیەوە کەوتبووە کێشە و دەبوایەت خۆی نوێ بکردایەتەوە. ڕووخانی بلۆکی سۆسیالیزمی بناتنراو و داگیرکردنی کوێت لە لایەن عیراقی سەردەمی بەعسەوە. قەیرانەکانی قوڵکردەوە و پێویستی بە دەستێوەردان بوو. بۆشایی بلۆکی سوسیالیزمی بنیاتنراو پێویستی بە پڕکردنەوەبوو. دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست سەرەڕای قەیرانی سەرمایەداری ھەژمۆنیک، پێویستیەکی خۆ نوێ کردنەوەی سیستەمی سەرمایەبوو. ھەربۆیە لە ناو قەیرانی خۆ نوێکردنەوەدا، کێشەی پارێزگاری لە پێگە و قەوارەی کۆنیش کارێک بوو. ھەربۆیە ئەمریکیەکان بۆ تێپەڕاندن و جێگرتنەوەی ئەو بۆشاییە تووشی ئاستەنگی بووەوە و بە قۆناغێکی سەختی ناکۆکییەکاندا گوزەرا.
ئەوروپییەکان، کە خاوەنی داڕشتنی نەخشەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بوون لەسەر لم و خوێنی گەلانی ناوچەکە. نەیاندەویست ھەژمونییەتی خۆیان لەدەست بدەن. پڕۆژەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستی نوێی ئەمریکا لە لایەن ھاھپەیمانە قەوارە پارێزەکانییەوە کەوتە بەر نەفڕەت و لێدان و ھەڵوەشانەوە. ئەوروپییە خۆرئاواییەکان، کە لە بەرھەمی دەوڵەمەندی دەوڵەت نەتەوەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست داھات و قازانجێکی زۆرییان دەست دەکەوت، ئامادە نەبوون، ئەو دەسکەوت و قازانجە بدەنە دەست ھێزێکی نوێی ھاوپەیمانی دێرینەیان کە ئەمریکایە. ئەمریکاش، بە درێژایی مێژوویەکی درێژی کێشەکانی سیستەمی ھەژموونیەتی ئەوروپییەکان ھاوکار و پشت و پەنایان بووە و لە جەنگی دووەمی جیھانیەوە ڕۆڵی گەورەی لە سەرخستنی ئینگلیز – فەرەنسیەکاندا ھەبووە و بۆ ئەوروپاش لە ڕێگەی پڕۆژەی مارشاڵەوە جێ پێکانی خۆی جێگیر دەکرد و کردووە و وەک ھێزێکی گەورەی بە ئامانج لە جیھاندا پێگەی خۆی قایم دەکرد.
لە سەردەمی نوێدا ئەمریکیەکان، سوودیان لەو ھاوکاری و پێگەیەیان وەرگرتوو بوونە ھێزی گەورەی جیھانی. لە ناو ئەو قەیرانانەدا بۆخۆ نوێکردنەوەی سیستەم ھاتە گۆڕەپان و ناکۆکییەکان تەقینەوە. کارکردن بۆ بەڕێوەبردنی ناکۆکیەکان پێویستی بەکات و سەبر ھەبوو. دەبواییەت بەجۆرێک بەڕێوەبچێت کە لە دەست دەرنەچێت. بوونی بزووتنەوەکانی گەلان و قەیرانی دەوڵەت نەتەوەی ھۆمۆژەن کێشەکانی قۆڵتر دەکردەوە. ئەوروپییە خۆرئاواییەکان بە ئاسانی لە ڕۆڵی خۆیان پاشەکشەیان نەدەکرد. ھەربۆیە لە ڕێگەی دەوڵەت نەتەوە قەوارەپارێزەکانەوە کەوتنە دژایەتی ھاتنە ناوەوەی ئەمریکا بۆ خۆرھەڵاتی ناوەڕاست. ھەردوو ھێز ھەم ھاوپەیمان بوون، ھەم ناکۆک. بۆ ھاوپەیمانی و ناکۆکیەکانیان سوودیان لە ناکۆکی دەوڵەت نەتەوەکانی ناوچە وەردەگرت.
پەرەدان بە ئیسلامی تووندڕەو بە ھەموو باڵ و جۆرەکانییاوە، پەرەدان بە ھەستی جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی وایکرد کە ناوچەکە لە خوێن ھەڵکێشرێت و کاولکارییەکی گەورە لەگەڵ خۆی بھێنێت. شەڕی بزوتنەوە ئازادیخوازەکانی ناوچەکەش بۆخۆی قەیرانێکی تری سیستەمی ھەژەمۆنیک بوو کە دەبوایەت لە قاڵب بدرێن. ھەربۆیە لە بزوتنەوەی فەلەستیندا حەماس و لە بزوتنەوەی کوردیشدا ھێڵی خیانەت پەرەی پێدرا. تا بتوانن بزوتنەوە ئازادیخوازانەکانی ناوچەکەی پێ لە قاڵب بدەن و گۆشەگیری بکەن و لە ناوی ببەن. پیلانگێڕی سەر ئۆجەلان لەو چوارچێوەیەدا بوو، کە پڕیشکی جەنگی سیھەمی جیھانی پێ لێدرا و لایەنەکانی ناو جەنگەکە پێکەوە و بە جیاش لە گۆڕەپانەکانی جەنگدا بە شوێن ئامانجەکانییانەوە بوون.
شەڕی ئیسرائیل بە ئاکام گەیاندنی تێگەیشتنێکە کە بە پرۆسەیەکی خویناوییدا گوزەراوە. لێدان لە حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان، شەڕێکە لە دژی ھەژموونیەتی ئەوروپای خۆرئاوا بە ڕێبەرێتی فەرەنسا و ئەڵمانیا، لە ھەمانکاتدا لێدانە لە پێگەی ئێران و ھیلالی شیعی و خەتی ئیخوانیزمی ئیسلامی سووننە. بۆیە شەڕەکان قورس و تێکەڵن. ئەگەر تا دوێنێ وا دیاربوو کە ھەموو ئەو ھێزانە پێکەوە لە دژی کۆنەپەرستی لە شەڕدان و دەیانەوێت “دیارییە بە نرخەکەیان کە دیموکراسییە” بۆ ناوچەکە بێنن. ئەوا ئەمڕۆ ئەو دەستەشییان دەرکەوتووە و کەوتونەتە بەرامبەر یەک و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بە دیزاینێکی ترەوە دادەڕێژنەوە.
لەم شەڕانەدا ئێران پەڕوباڵی کراوە، تورکیا لە ھاوکێشەی پارسەنگی ھێزدا خاوەن ئەو توانایەی پێشوو نییە. ئەوروپای فەرەنسی – ئەڵمانی ناتوانن لە بەرامبەر شەپۆلی بەھێزی ھەژموونییەتی ئەمریکدا بەرگری بکەن. شەڕەکانی دەوڵەت – نەتەوە قەوارەپارێژەکانیش، ئەنجامێکی وایان بەدەست ناھێناوە و ھەرچی دەچن تووشی بنبەست و لەبەریەک ھەڵوەشان دەبن. ھەربۆیە ئەمریکیەکان بۆ جیبەجێکردنی پڕۆژەکەیان بە بڕیارەوە دەیانەوێت ھەژموونیەتی خۆیان بسەپێنن و بپارێزن.
ناوچەکە، کە دەڵێن بەرەمو گۆڕانکاری دەڕوات ئەوەیە. بۆیە دڵی ئەم گۆڕانکارییانەش لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا، کوردستان و دەوڵەت نەتەوە دەگیرکەرەکانی سەر کوردستانە. کوردستان ھەم وەک نەتەوەی کورد کە خاوەن مێژوویەکی دێرینە و خاکەکەی کە خاوەنی دەوڵەمەندییەکی سروشتی و پێگەیەکی جێۆپۆلەتیکی گرنگە ڕۆڵی لە گۆڕانکارییەکاندا ھەیە. تێکۆشانی نەتەوەیی کوردیش، سەرەڕای ئەو ھەموو ھێرش و پیلانگێڕی و لە دژ وەستانەوەیەی خاوەنی ھێزی خۆیەتی و لە ناو گەمەکاندا یاریکەرێکی باش و سەربەخۆیە. وایکردووە کە ھێزە ھەژموونیەکانی چ ناوچەیی و چ جیھانی قورساییەکەی تێبگەن و بیانەوێت لە گەڵیدا سیاسەت بکەن.
ئەم سیاسەت کردنە لەگەڵ کورداندا، بەرھەمی ڕەنج و تێکۆشانی گەلی کورد، تێکۆشانی ئازادی کورد و ڕێکخستنە جۆراوجۆرەکانی تەڤگەری ئازادی و ڕێبەر دەستبەسەرە گۆشەگیرکراوەکەی و گشتی گەلی کورد و ئازادیخوازانی جیھانییە. بە بێ ڕۆڵ کردنی ئێران و بچوککردنەوەی و ناکۆکی نێوان دوو ھێزی ھەژمونی ناوچەیی تورکیا – ئیسرائیل، ڕۆڵی کوردانیش کەوتووەتە ناو گەمەی گورگە بۆرەکان و ئیسرائیلیەکانەوە.
تورکیا بە درێژەدان بە سیاسەتی قڕکردن و دووبارەکردنەوەی سیاسەتی خەڵەتاندن، لە سەرناوی باخچەلی گوایە ” بانگەوازی لە بەڕێز ئۆجەلان کردووە بێت و لە پەڕلەمان بڵێت، تیرۆر تەواو بووە و ڕێکخستنی تیرۆریستیش ھەڵوەشاوەتەوە” ئەو بەیت و بالۆرەیەی کە بۆ ٢٧ ساڵ دەچێت بەڕێز ئۆجەلان دەستبەسەر و لە دۆخی گۆشەگیری دژواردا لە پێناویدا لە بەرخۆی دەدات و تێدەکۆشێت. ھەروەھا ئیسرائیلیەکان، لەسەر دەمی وەزیرە نوێیەکەی دەرەوەی پەیام بە کوردان دەدات کە پەیوەندی مێژوویی کورد جولەکە ھەبووە کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی ٦٠ و ٧٠ ی سەدەی ڕابردوو. بە بێ ئەوەی باسی ئەو کوردستانە بکات کە شوێنی پاراستنی جوولەکەکان بوو لە سەردەمی ڕەشەکوژی و کۆمەڵکوژیی کونیاندا کوردان وەک کۆمەڵگە بەڕێزەوە لەگەڵ جوولەکەکاندا ژیاون و ڕێزیان لێگیراوە!
بەھەرحاڵ، ئەوەی کە پێویستە کوردان بیناسن و تێی بگەن، ئەوەیە کە پێگەی کوردی ئازاد گرنگە و پێویستە ئەو پێگەیە بپارێزرێت و بە ھوشیارییەوە تێگەیشتن لەسەری دروست ببێت و کۆمەڵگە و ھێزە سیاسیەکانی بە دەوری ڕێبەری تێکۆشانی نەتەوەی دیموکرات و کۆمەڵگەکەیدا کۆببێتەوە و ببێتە ھۆکاری یەکیەتی نەتەوەیی و دروستبوونی ناوەندێکی ھوشیاری و سیاسی بۆ چارەسەری دۆزی نەتەوەیی کورد لەسەر بنەمای نەتەوەی دیموکرات و بە ستاتۆبوونی تێکۆشانی گەلی کورد. بۆ تورکەکان و ئیسرائیلیەکانیش گرنگە، بە شێوەی سیاسی و دیموکراتیک نزیکی چارەسەری کێشەکانیان لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و کوردستاندا ببنەوە. چونکە گەلی کورد ئەو گەلەی جاران نییە، بێ پارادایم، بێ ڕێبەری، بێ ھێزی پاراستنی جەوھەری، بێ سیاسەت و دبلۆماسی و بێ ھوشیاری بێت. لەسەر ھەر سیاسەتێک کە لەسەری بکرێت خاڵ دادەنێت و نابێت سیاسەتی لەسەر بکرێت، دەبێت سیاسەتی لەگەڵ بکرێت. دەبێت لەگەڵ و لە ڕوانگەی کوردانەوە بیر لە پرسی کورد و چارەسەری کێشەکان بکرێتەوە. سیاسەتی نکوڵی سەردەمی بەسەرچووە و پێداگری لەسەر ئەو سیاسەتە، خوێنڕێژی، توندووتیژی و شەڕ لەگەڵ خۆی دێنێت.
بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە کە بەڕێز ئۆجەلان پێشکەشی کردووە کە کێشەکان بە شێوەی “یاسایی، سیاسی و دیموکراتیک” چارەسەر دەبن و دەبێت مێزی گفتوگۆ ئەگەر ڕێکدەخرێت یەکێک لە قاچەکانی کوردی ئازاد بێت. ھەربۆیە شەڕی لایەنەکانی ھەژموونیەتی ناوچەیی ئەگەر لەسەر خوێن و خەڵەتاندنی کوردان بێت، ئەوا بێبنەما و ناسەرکەوتوو دەبێت.

هاوبەشی :