کەجەکە: دەبێت بەوپەڕی هێزەوە گەلەکەمان لە کوردستان و ئەوروپا بەشداربن لە قۆناغی نوێی چالاکییەکاندا

26
0
هاوبەشی :

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لە بانگەوازێکدا داوای کرد گەل لە کوردستان و ئەوروپا بەشێوەی جەماوەری و بەوپەڕی هێزەوە بەشداری لەو قۆناغەدا بکەن کە لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمەوە دەستپێدەکات.

کەجەکە رایگەیاند، هەڵمەتی ئازادیی کە لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی بەڕێوەدەچێت، بووەتە مایەی ئەوەی دیدار لەگەڵ رێبەر ئاپۆ ئەنجام بدرێت و ئەوەشی خستەڕوو، “لە ئەنجامی تێکۆشانی یەک ساڵەدا کە لە ژێر ناونیشانی هەڵمەتی نێونەتەوەیی ئازادیدا بەڕێوەچوو، ئەوە سەلمێندرا کە دەتوانرێت گۆشەگیری لە ئیمراڵی بە تەواوەتی تێکبشکێندرێت، بە دەستەبەرکردنی ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ دەتوانرێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد هەنگاو بنرێت”.

کەجەکە جەختی کردووەتەوە کە لەپێناو ئەوەی لە دووەم ساڵی هەڵمەتی نێونەتەوەییدا ئازادی رێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکرێت، دەبێت تێکۆشان بەگوڕتر بکرێت و راشیگەیاندووە، “لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە بە شێوەیەکی بەهێزتر بەشداری دەکەین لە قۆناغی نوێی چالاکییەکاندا، کە لە رۆژانی سەرەتای مانگی تشرینی دووەم دەستپێدەکەن. داوا لە گەلەکەمان و دۆستانمان لە ئەوروپا و کوردستان دەکەین کە بەو پەڕی هێز و بە شێوەی جەماوەری بەشداری لەم قۆناغەدا بکەن، کە لە ١ و ٢ ت تشرینی دووەم دەستپێدەکات”.

راگەیەندراوەکەی کەجەکە بەم جۆرەیە:

“لە سەردەمێکداین کە پێشهاتی گرنگ لەئارادان. وەک دەزانرێت، دوای پێنج ساڵ دیدارێک لەگەڵ رێبەر ئاپۆ ئەنجامدرا. بە پەیامێکی کورت، بۆ رای گشتیی بڵاوکرایەوە، رێبەر ئاپۆ ئەم قۆناغەی پێناسەکرد کە ئێمەی تێداین و هەڵوێستی بۆ چارەسەری خستەڕوو. گۆشەگیری هەتا ئێستا هەڵنەگیراوە، بەڵام ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ رێبەر ئاپۆ دەریخست کە تێکۆشانمان ئەنجامی لێدەکەوێتەوە. بێگومان لە گەیشتن بەم ئەنجامە، رۆڵی هەڵمەتی نێونەتەوەیی ئازادی یەکلاکەرەویە. لە ئەنجامی تێکۆشانی یەک ساڵەدا کە لە ژێر ناونیشانی هەڵمەتی نێونەتەوەیی ئازادیدا بەڕێوەچوو، ئەوە خرایەڕوو کە دەکرێت بە تەواوەتی گۆشەگیری لە ئیمراڵی هەڵبگیرێت و تێکبشکێندرێت، بە دەستەبەرکردنی ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆش دەتوانرێت بە ئاراستەی چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد هەنگاو بنرێت. بەو ورە و مۆڕاڵەوەو هەروەها بەو بەرپرسیارێتیەی کە ئەمە دەیخاتە سەرشانمان؛ لەپێناو ئەوەی هەڵمەتی ئازادیی نێونەتەوەیی لە دووەم ساڵیدا بگەیەندرێتە سەرکەوتن، دەبێت ئێمە بەوپەڕی هێزەوە تێبکۆشین. لەسەر ئەو بنەمایە بەشێوەیەکی بەهێزتر بەشداری لە قۆناغی نوێی چالاکییەکاندا دەکەین کە لە رۆژانی سەرەتای تشرینی دووەم دەستپێدەکەن. داوا لە گەلەکەمان و دۆستانمان لە ئەوروپا و کوردستان دەکەین، کە بەشێوەی بەهێز و جەماوەری بەشداربن لەو قۆناغەی کە ١ و ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ دەستپێدەکات.

گرنگیی خاوەنداری لە شۆڕشی رۆژئاوا لە هەموو کات زیاتر بووە

زۆر گرنگە لەم کاتەدا پشتیوانی لە گەلانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بکرێت و خاوەنداری لە شۆڕشی رۆژئاوا بکرێت. لە رۆژانی ١ و ٢ی تشرینی دووەمدا کە وەک رۆژی جیهانیی کۆبانێ و رۆژی جیهانیی رۆژئاوا ناودێرکراون، ئەو هەڵوێستەی خاوەنداری دەبێت بە بەهێزترین شێوەی نیشان بدرێت. لەو رۆژە واتادارانەدا یەکجار گرنگە کە گەلی کورد، گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، ژنان، دۆستان، هێزە سۆسیالیست، دیموکراتیک و ئازادیخوازەکان، گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و گەنجانی دیموکراتیکی ئینترناسیۆناڵیستی جیهان بەوپەڕی هێزەوە خاوەنداری لە شۆڕشی رۆژئاوا بکەن. گرنگیی خاوەنداری لە شۆڕشی رۆژئاوا لە هەموو کات زیاتر بووە. هێرشەکانی ئەم دواییە کە دەوڵەتی تورکی کۆلۆنیالیستی قڕکەر ئەنجامی دەدات، جارێکی دیکە سەلماندی کە رۆژئاوا رووبەڕووی چ جۆرە مەترسییەکە. هێرشە قڕکارییەکانی دەوڵەتی تورک، تاوانن لە دژی مرۆڤایەتی. بە روونی دەرکەوت کە دەوڵەتی تورک لە رێگەی ئەو هێرشانەوە دەیەوێت شۆڕشی رۆژئاوا لەناوببات و قڕیبکات. هەربۆیە دەبێت لە ئاستێکی بەرزتر لەوەی جاران دەبێت خاوەنداری لە شۆڕشی رۆژئاوا بکرێت. شۆڕشی رۆژئاوا شۆڕشی هاوبەشی گەلانە. بە بۆنەی ئەم رۆژانەوە جارێکی دیکە شۆڕشی مێژوویی هاوبەشی گەلان لە سەرجەم گەلان پیرۆز دەکەین. بەرپرسیارێتی مێژوویی و سەرەکی گەلانە کە ئەم بەها هاوبەشەیان بپارێزن. دەبێت ئەم بەرپرسیارێتییە بە ئەنجام بگەیەنن، لە دژی هێرشەکان بە شێویەکی بەهێز خاوەنداری لە شۆڕشی رۆژئاوا بکەن”.

هاوبەشی :