قەرەیلان: ڕێگە بە تاکتیکی شەڕی تایبەت نادەین

7
0
هاوبەشی :

Screenshot

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل موراد قەرەیلان ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک بە پشتگیری هەرێمی و نێونەتەوەیی، بە هەموو پێکهاتەکانی خۆیەوە، ٩ ساڵە دژی کورد درێژە بە شەڕ دەدات، گوتی، نەیتوانی لەم شەڕەدا ئەنجامی دڵخوازی خۆی بەدەست بهێنێت.

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل موراد قەرەیلان ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک بۆ ئەم هاوینە دەیگوت “ئەم هاوینە بازنەکە تەواو دەکەین”، تیشکی خستەسەر کۆتایی مانگی تشرینی یەکەم و گوتی: “لە نزیکترین کاتدا ئێمە قوفڵەکە دادەخەین” و دەستنیشانی کرد کە دەوڵەتی تورک ناتوانێت لەمەدا سەربکەوێت. قەرەیلان جەختی کردەوە، شەڕ بەردەوامە، نە گەمارۆیەک ڕوویداوە، نە قوفڵ داخراوە.

قەرەیلان دەربارەی گفتوگۆکانی ئەنقەرە گوتی: “وەک تەڤگەر ئێمە دژی پرۆسەی چارەسەری دیموکراتیک نین. بەڵام ڕێگە نادەین بە سیاسەتی فریودان کە بە تاکتیکی شەڕی تایبەت بەڕێوەدەبرێت. بێگومان هەلومەرجەکان گۆڕاون و ڕابردوو دووبارە نابێتەوە.

بێگومان ئەگەر ڕەوشێکی باش بێتەکایەوە کە بەرژەوەندی تورکیا لەبەرچاو بگرێت، وڵاتپارێزی ڕاستەقینە بگرێتەخۆ و لەسەر ئەم بناغەیە هەندێک هەنگاوی نوێ بگیرێتەبەر، لایەنی کوردیش ناڵێت نەخێر بۆ ئەمە، بەڵام دووبارە هەنگاو نانێت بۆ سەر مێزێکی شل. ئەگەر هەوڵەکان لە چوارچێوەی ئازادی ڕێبەر ئاپۆدا نەبن، هیچ کاریگەرییەکیان نابێت.

بێگومان وەک ڕێبەر ئاپۆش دەستنیشانی کرد، پەکەکە و سیاسەتی یاسایی_دیموکراتیکی کورد خاوەنی ڕۆڵی گرنگن لە چارەسەردا. ئەوەی ڕژێم دەیکات تاکتیکی سوکە، تاوەکو لایەنێک دژی ئەویتر بدات بە شەڕدا. پێویستە ئەمە نەکەن. ڕۆڵی هەر پێکهاتەیەکی کورد لەبەرچاو بگیرێت.

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) موراد قەرەیلان قۆناغ بە قۆناغ باسی کرد، لایەنی تورک کە دەیگوت لە تشرینی دووەمدا “قوفڵەکە دادەخەین” و ئێستە چۆن لەنێو تەڵەیەکدا گیری خواردووە، چۆن دەستی کردووە بە هەوڵدان بۆ ڕزگاربوون لەم تەڵەیە، ئەوەی بیرهێنایەوە ڕژێمی شەڕی تورک پلانی دانابوو لە ساڵی ٢٠٢١ هەموو بنکەکان، لە گارەوە تا قەندیل و هەموو جێگەیەک لە ڕێگەی تەکنیکەوە لەماوەی مانگێکدا لەناوببات. قەرەیلان دووپاتی کردەوە، بەرخۆدانی کورد بەردەوامە، گوتی: “لە باکوور نەیتوانی کۆتایی بە پەکەکە بهێنێت یان پەرشوبڵاوی بکات، نەیتوانی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لەناوببات، نەیتوانی هەرێمەکانی وەک شەنگال و کەمپی مەخمور چۆڵ بکات، نەیتوانی شۆڕشی ڕۆژئاوا و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بە تەواوەتی تەسفیە بکات و درێژە بە داگیرکاری بدات.

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) موراد قەرەیلان ئاماژەی بەوە کرد، دەوڵەتی تورک ئیتر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی وەک موخاتەب قبووڵ کردووە؛ هەروەها ڕۆڵی داوە بە سیاسەتی دیموکراتیک و یاسایی، گوتی، ناتوانرێت پاشەکشە لەمە بکرێت و ناکرێت ببێتە بابەتی گفتوگۆ. قەرەیلان ڕایگەیاند بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی هەرچەند بەگوێرەی زیهنیەتی خۆی خاوەنی ناوەڕۆکێکی ناعەقڵانییە و لای گەلی کورد هەرگیز قبووڵ ناکرێت، بەڵام بانگەوازێکە تێیدا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی وەک موخاتەب قبووڵ کردووە و لێدوانەکەش بەو هۆیەوە دراوە. قەرەیلان گوتی: “ڕاستییەکە ئەمەیە، ئەگەر نزیکایەتییەکە بەگوێرەی ئەم ڕاستییە بێت، وەڵامی خۆی لای کورد دەبینێتەوە”.

هێرشەکانی سوپای تورک دژی کورد بە ڕاگەیاندنی سەرلەنوێی شەڕ لە ٢٥ ی تەمموزی ٢٠١٥ دەستی پێ کرد، لە ١٤ ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ بە هێرشی داگیرکاری بۆ سەر برادۆست و خواکورک گەیشتە قۆناغی دەسپێک. لە ١١ ی ئاداری ٢٠١٨ ناوی “پێداگری” لێ نرا. پەنچە ١ و ٢ و ٣ کە ٢٧ ی ئایاری ٢٠١٩ دەستی پێ کرد و پاش شکستی لە گارە، دوای “پەنچە کاپلان”، “شیمشەک” و “یەڵدرم” لە ١٦ی حوزەیران، لە ١٧ی نیسانی ٢٠٢٢ بەدواوە لەژێر ناوی “پەنجە-قوفڵ” بەردەوامە. ئەوەندەی لە دەرەوە دەبینرێت، لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ەوە سوپای تورک بەگوێرەی کۆنسێپتی داگیر بکە، نیشتەجێ بە و گۆڕەپانی داگیرکردن فراوان بکە، دەجووڵێتەوە. هێزی سەربازی، ئامێری شەڕ، لۆجیستی، نزیکبوونەوە لە شوێنەکانی نیشتەجێبوون، پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ هێزە هەرێمییەکان بەپێی ئەم کۆنسێپتە ئەنجام دەدرێت. بە دڵنیاییەوە لەم پڕۆسەیەدا چەکی ئاسایی لە هەندێک شاری باکور بەکارهێنرا و سێ هەرێمی گرنگی ڕۆژئاوا داگیرکران. ئێمە باسی شەڕێکی سەراپاگیر دەکەین کە ٩ ساڵە بەردەوامە. ئەم بەرخۆدانەی کورد وایکرد لایەنی تورک بڵێت با ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە پەرلەمان قسە بکات. ئێمە لەسەر ئەم بابەتانە لەگەڵ فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) موراد قەرەیلان قسەمان کرد. بەگوێرەی ئەو گفتوگۆیانەی لە ئەنقەرە لەلایەن دەوڵەت باخچەلییەوە دەستیان پێ کرد، بە بەشی کۆتایی چاوپێکەوتنەکە لەگەڵ قەرەیلان دەست بە بڵاوکردنەوەی بەشی سەرەتا دەکەین.

پێش ئەوەی داواتان لێ بکەین هەڵسەنگاندن بۆ قۆناغە گرنگەکانی ٩ ساڵی دوایی بکەن، سەرەتا با بپرسین، چ حکومەتێک لەبەرامبەر ئێوەدایە و دەیەوێت چ بکات؟

گرنگە سەرەتا بە کورتی هەڵسەنگاندن بۆ ئاست و ئامانجی حوکمڕانی لەناو سیستەمی دەوڵەتی تورکیادا بکەین. ئەو دەسەڵاتەی کە لە دوای سیناریۆی کودەتای کۆنترۆڵکراو لە ١٥ی تەمموزی ٢٠١٦ پێکهێنرا، کە بۆ جێبەجێکردنی ‘پلانی ڕووخاندن’ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ دانرا، بەڵام لە بنەڕەتدا بناغەکەی لە ساڵی ٢٠١٥ دانرا، دەسەڵاتێکی ئاسایی نییە. لەم دەسەڵاتەدا باڵی ڕاست و چەپ لە ناو دەوڵەتدا بە ڕۆحی نەتەوەپەرستی_نەژادپەرستی کۆبوونەوە و ڕێککەوتن، بەم شێوەیە ئەم دەسەڵاتە دامەزرا. بە هەماهەنگی ئەردۆگان، ئاکەپە و مەهەپە و ئەرگەنەکۆن و لایەنگرانی کزل ئەلما کۆبوونەوە و بە پشتگیری ئەم هێزانە حکومەت دامەزرا، ئەم شێوە حکومەت و دەسەڵاتداریی و حکومەتی شەڕە کە لە ساڵانی ١٩٤٠ ـەوە هەیە و لە هیچ حکومەتێک ناچێت، هەموو ڕێبازێکی شەڕی تایبەت بەکاردەهێنێت.

سەرچاوە ئایدۆلۆژییەکەی، ئیتیحاد تەرەقییە

ئامانجە سەرەکییەکەی ئەوەیە لە دیزاینکردنەوەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناویندا ڕێگە نەدات کورد ببێتە خاوەن جێگەیەک، نەبێتە خاوەن ستاتۆیەک و بە داگیرکردنی سنوورەکانی میساقی میللی تورکیا بکاتە هێزێکی هەرێمی. دەسەڵاتداریی شەڕ کە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت دەبەستێت بە قڕکردنی گەلی کورد، خاوەنی ستراتیژێکی شاراوەیە کە دەیەوێت تورکیا فراوان بکات. ڕژێمێکی فاشیستی قڕکەرە کە لە ڕێکخستنی هەڵگری ئەم ئامانجە پێکدێت. چوارچێوە ئایدۆلۆژییەکەی کەمالیزم نییە، بەڵکو هێڵی ئیتیحاد تەرەقییە. ئەو حکومەتەی پشت بەم زیهنیەتە دەبەستێت، دەیەوێت سیستەمێکی سەربازیی و پۆلیسی فاشیست_نەژادپەرست بهێڵێتەوە. حکومەتێکە کە لایەنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەروەردە و ئابووری و دیپلۆماسی و هتد، بەگوێرەی شەڕ ڕێکدەخات.

ئەوەی ٩ ساڵە دەیەوێت بیکات

بۆیە ئەو شەڕەی ئەمە ٩ ساڵە لە کوردستان دەیکات، لە شەڕەکانی ساڵانی پێشوو ناچێت، شەڕێکی فراوانتر و سەرتاسەرییە و هەموو هێزی دەوڵەت بەکارهاتووە. دەسەڵاتی تورک بە خستنەڕووی ڕەوشی جیۆپۆلەتیکی و جیۆستراتیژی تورکیاشەوە، هەموو شتێک دەخاتە پێش، لەنێوان هێزە نێونەتەوەییەکاندا یاری دەکات و هەوڵدەدات پشتیوانیان لێ وەربگرێت، بەمەش هەوڵدەدات لەم شەڕەدا سەربکەوێت. ئامانجی کۆنکرێتی ئەو پێکدێت لە تەواوکردن و لەناوبردنی پەکەکە لە باکوور؛ لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ناوەندەکانی فەرماندەیی پەکەکە پەرشوبڵاو بکات، هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا لەناوببات، شوێنەکانی وەک شەنگال و کەمپی مەخمور تەسفیە بکات، شۆڕشی ڕۆژئاوا و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە تەواوەتی تەسفیە بکات و ئەوێ داگیر بکات. لەسەر ئەم بناغەیە دەوڵەتی تورک لە هەموو لایەکەوە خۆی ئامادەکرد، لەسەر بناغەی تەسفیەکردنی تەڤگەری ئاپۆیی لە هەر چوار پارچە، ئامانجی ئەوە بوو هەموو دەسکەوتەکانی کورد لەناوببات. لەم پێناوەدا، ٩ ساڵە هەموو هێزی خۆی بەکاردەهێنێت و شەڕێکی سەرتاسەری بەڕێوەدەبات.

لایەنی تورک دەڵێت لە سەرانسەر “سنووری باشوور” بە قووڵایی ٣٠_٤٠ کیلۆمەتر “ڕێڕەوی ئەمنی” دروست دەکات، وەزیری بەرگری تورک یەشار گولەر گوتی “ئەم هاوینە گەمارۆکە تەواو دەکەین”، سەرۆککۆماری تورک لە ١٣ ی تشرینی یەکەم گوتی “لە هەرێمی جووڵەی پەنچە لە باکووری عێراق، لە نزیکترین کاتدا قوفڵەکە دادەخەین”. ئایا مەبەستی ئەوان لەڕووی جوگرافی و شەڕەوە چییە؟ بەڕاستی لە ئاستێکی وەهادان؟

بەرپرسانی دەوڵەتی تورک هەرچەند باسی “ناوچەی ئارام” بە درێژایی ٣٠_٤٠ کیلۆمەتر بکەن، ئامانجی سەرەکییان ئەوەیە، سەرەتا قەندیل و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و هەموو هێزەکانمان لەناوببەن، ئەو دەڤەرانە داگیر بکات و پاشان سنوورەکانی میساقی میللی کۆنتڕۆڵ بکات و بیخاتە ژێر دەستی خۆیەوە. مەبەست لە ٤٠ کیلۆمەتر، گارەیە. شتێکی وەها بوونی نییە. لەم ڕەوشەدا، سوپای تورک لە حەفتانین ٨ کیلۆمەتر لە سنوورەکەوە هاتووەتە هەرێمەکە و داگیرکارییەکی وەهای کردووە. هەروەها لە مەتینا دەیەوێت گۆڕەپانێک بە نزیکەی ٢٠ کیلۆمەتر داگیربکات، بەڵام هێشتا شەڕ بەردەوامە و نەگەیشتووەتە ئامانجە داگیرکارییەکەی. لە ڕۆژئاوای زاپ شەڕ و بەرخۆدانێکی مەزن هەیە. لە ڕۆژهەڵاتی زاپ تا کورەژارۆ هێڵێکیان داگیر کردووە. دوورییەکەی لە سنوورەوە نزیکەی ٢٠ کیلۆمەترە. لە خواکورکیش گۆڕەپانەکانی داگیرکاری بەش بەشن. لەشێوەی قۆڵێکدا بەرەو ناوەوە پێشڕەوییان کردووە. تا گۆڕەپانی لیلکانێ داگیرکاری دەوڵەتی تورک هەیە، بەڵام لە هەمان گۆڕەپان گەریلاش هەیە. لەم شوێنە مەودای پێشڕەویی ٢٠ کیلۆمەترە. نەیانتوانیوە گۆڕەپانی خنێرێ داگیربکەن. ئەمساڵ تا گۆڕەپانێک پێشڕەوییان کردووە، بەڵام خنێرێ هێشتا لەژێر دەستی گەریلایە مەبەستی ئەوان لە داخستنی قوفڵ ئەگەر ئەم گۆڕەپانانەیە کە لە هەندێک شوێن ٨ کیلۆمەتر و لە هەندێک شوێن نزیکەی ٢٠ کیلۆمەتری داگیرکراوە، لەم گۆڕەپانانە لە سێ دەڤەر هێشتا شەڕ بەردەوامە. واتە لە مەتینا و ڕۆژئاوا زاپ و لە هێڵی خنێرێ_خواکورک گەریلا هەیە. شتێک لە شێوەی “تەواوکردنی گەمارۆ” و “داخستنی قوفڵ” هێشتا بەدی نەهاتووە. ئەردۆگان لە ١٣ ی تەمموز ئامانجێکی خستەپێشی خۆی، ڕەنگە پلانەکەی ئەوانیش بەم شێوەیە بووبێت، بەڵام سوپای تورک نەیتوانی بگاتە ئامانجەکەی، ڕاستییەکە بەم جۆرەیە.

ئەگەر مرۆڤ بڕوانێتە هێزی دوژمن و پشتگیرییەکان، هەروەها بڕوانێتە سەختی و زەحمەتییەکانی بەردەم گەریلا، چۆن دەتوانێت ئەم ڕەوشە پێناسە بکات؟ بۆ گەلی کوردستان، ب ئەو مرۆڤانەی باوەڕیان بە تێکۆشانی ئازادیی کوردستانە، دەتوانن چی بڵێن؟

ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین دەکوڵێت. جەنگی جیهانیی سێیەم لە هەرێمەکە دژواتر بووە و دژوارتریش دەبێت. هێزە هەژموونخوازە جیهانییەکان بەم شەڕە دەیانەوێت سەرلەنوێ هەرێمەکە دیزاین بکەنەوە. هێزە داگیرکەرەکان لە کوردستان، بەتایبەت ڕژێمی ئاکەپە_مەهەپە_ئەرگەنەکۆن هەوڵدەدەن لەم دیزاینە نوێیەی هەرێمەکەدا هیچ جێگەیەک بە کورد نەدرێت، کورد بێ ستاتۆ بهێڵنەوە، ئەمەش واتای قڕکردنە. هەموو هەوڵەکانی ئێستە لەم چوارچێوەیەدایە. ئەوەی لە ئێستەدا لە هەموو شت زیاتر پێویستمانە، کۆمەلگەیەکی ڕێکخراو و یەکێتییە. یەکێتی دیموکراتیکی نەتەوەیی لە کوردستان و یەکێتیی هێزە دیموکرات_چەپ_سۆسیالیستەکانی گەلانی هەرێمەکە، زۆر پێویستە. لەکاتێکی وەهادا شوێنگرتنی پەدەکە لەپاڵ ڕژێمی فاشیست_قڕکەر لە تورکیا جۆرێکە لە کەمئەندامی، تێکۆشان گەیشتووەتە ئاستێک، گەلەکەمان گەیشتووەتە ئاستێک لە هۆشیاری و ڕێکخستن. بۆیە هەلومەرجەکە لە هەموو کاتێک زیاتر لە ئێمە دەخوازێت هەموو ئاستەنگەکانی بەردەممان لاببەین و هێڵی تێکۆشانی شۆڕشگێڕی بنیات بنێین. ئەم شەڕە کە لە هەرێمەکەدا بە شێوەیەکی بێ بەزەییانە و بە کۆمەڵکوژیی بەڕێوەدەچێت، کۆمەڵێک گۆڕانی بنەڕەتیش بەدوای خۆیدا دەهێنێت. هاوکات لەگەڵ هەندێک لایەنی مەترسیداری ئەم پرۆسەیە، دەرفەت و سوودی زیاتریش دەبێت. پێویستە بەناوی گەلی هەرێمەکەوە دژی ئەو هێزانەی دەیانەوێت هەرێمەکە بخەنە ناو تاریکییەوە، ئێمە هێڵی بەرخۆدانی دیموکراتیکی شۆڕشگێڕیی بەهێز پێشبخەین.

پێویستە دەستی ڕێبەر ئاپۆ بەهێز بکەین

لەم ڕووەوە ئەو زەمینەی ڕووداوەکان تێیدا ڕوودەدەن و کاریگەری زیاتری لەسەرە، کوردستانە. لەم ڕەوشەدا پرسی هەرە جیددی ئەوەیە کە سیستەمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەدان لەسەر ڕێبەر ئاپۆ بەردەوامە. کەمپینەکان لە دژی ئەمە بەڕێوەچوو، ئەو تێکۆشانەی کە لەسەر ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی بە شێوازی جیاواز ئەنجامدرا جێگەی ڕێزن، بەڵام لە بەردەم تێکۆشانەی کە ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی بەهێزی دەکات، لاواز دەمێنێت. لەم بابەتەدا ناتوانین بڵێین بەرپرسیارێتی خۆمان لە ئاستێکی پێویستدا جێبەجێ دەکەین. هەڵوێستی ئێمە لەبەردەم ڕێبەرێتیدا هەڵوێستێکی جێگەی ڕەخنەیە. پێویستە بە پراکتیکی بەهێز لەسەر هێڵی ڕاست ڕەخنە لە خۆمان بگرین. چ وەک تەڤگەر و چ وەک گەل، دەبێ وەڵامێکی بەهێز بە ڕاستییەکانی ڕێبەر ئاپۆ بدەین، بارگرانییەکەی سووک بکەین و دەستی بەهێز بکەین. ئەمە ئەرکی سەرەکی ئێمەیە. تا زیاتر سەرنج بخەیەنە سەر ئەمە، زیاتر لەم ڕووەوە سەردەکەوین، ئەوکاتە دەتوانین وەڵامگۆ بین بۆ ڕووداو و پێشهاتەکانی وڵاتەکە و هەرێمەکە.

بەڵێ بۆ چارەسەری دیموکراتیک، نا بۆ تاکتیکی شەڕی تایبەت

دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە لەم دواییانەدا هەندێک بابەتیان تاوتوێ کرد. وەک ئەوەی پڕۆسەیەک هەبێت گفتوگۆ دەکەن، بەڵام هیچ نەگەیشتووەتە لای ئێمە، لای کورد. ئێمە وەک تەڤگەر دژی پرۆسەی چارەسەری دیموکراتیک نین. پاش ئەو هەموو ئەزموونەش، ڕێگە بە سیاسەتی فریودان نادەین کە لە چوارچێوەی تاکتیکی شەڕی تایبەتدا ئەنجام دەدرێن. بە دڵنیاییەوە هەلومەرجەکان گۆڕاون، ڕابردوو دووبارە نابێتەوە. ئەوە ڕاستە. پێشتر جیددییەت و پێداگری نەبوو. لە لایەک دەوڵەت تورک لەگەڵ ڕێبەرمان کۆدەبووەوە و دەیگوت “چارەسەرێک دەکەین”، لەلایەکی دیکەوە بڕیاری لەسەر ‘پلانی لەناوبردن” دەدا و خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەکرد. لە کۆتاییدا ئەو ڕێککەوتنە هاوبەشەی کە لە ئەنجامی گفتوگۆکاندا دروست بوو، ڕەتکرایەوە. پاش ئەوەی ڕێککەوتنەکە لە کۆشکی دۆڵمەباخچە خوێنرایەوە لە نیسان دەبوو ڕێبەر ئاپۆ بانگی کۆکردنەوەی کۆنگرەی پەکەکەی بکردایە و بانگی بەئەنجامگەیاندنی ئەم پرۆسەیەی بکردایە. کاتێک ئامادەکاری بۆ ئەمە دەکرا، تەیب ئەردۆگان ڕێککەوتنەکەی ڕەتکردەوە و نکۆڵی لێ کرد، گۆشەگیری و شەڕی سەپاند. ڕاستییەکە بەم جۆرەیە. ئێستە هەندێک دێن و وەها قسەدەکەن وەک ئەوەی شتێکی نوێ هەبێت. لەلایەکی ترەوە خۆی دەردەخات و هەڕەشە دەکات. ئێمە درێژە بە تێکۆشانی خۆمان دەدەین و پێویستمان بە کەس نییە.

پێویستە کەس حیساباتی هەڵە نەکات

هەروەها لە هەندێک گفتوگۆدا هەندێک کەس دێن و دەڵێن “ئێمە پەکەکەمان لەناو سنوورەکانمان لاوازکردووە و کۆتاییمان پێ هێناوە. تەنها لە عێراق و سوریا ماون”. ئەمە دوورە لە ڕاستییەوە و هەڵخەڵەتاندنە. ئێمە بە شێوەیەکی ستراتیژی بیرمان دەکردەوە و لە باکووری کوردستان بە ئەنقەست تا ڕادەیەکی دیاریکراو نەرمیمان پیشاندا. ئەوانەی ئەم نزیکایەتییەی ئێمە بە لاوازی دەبینن، سبەی دەبینن کە چەندێک خۆیان فریوداوە. بە گشتی هێزی ئێمە تەنانەت لە 10 ساڵ لەمەوبەر بەهێزترە. لە باکور ڕەنگە جووڵەی گەریلا کەمێک کەم بوبێتەوە، بەڵام نابێت کەس لەم بابەتەدا فریو بخوات. زەمینەمان بەهێزە، توانامان هەیە، سەنگەرمان هەیە. دەوڵەتی تورک ٤-٥ ساڵە دەڵێت لە باکوور تەواومان کردووە؛ ئەمە درۆیەکی گەورەیە. جگە لە ئیلایەتێک یان دوو ئیلایەتی ناسەرەکی، هێزەکانمان لە هەموو شوێنێک سەنگەرەکانیان دەپارێزن. کەواتە با کەس هەڵە حیساباتی هەڵە نەکات. ئەوانەی حیساباتی هەڵە دەکەن خۆیان زەرەر دەکەن.

لایەنی کورد ناڵێت نا، بەڵام هەنگاونانێت بۆ سەر مێزێکی شل

بێگومان ئەگەر ڕەوشێکی وەها بێتەکایەوە کە بەرژەوەندی تورکیا لەبەرچاو بگرێت، وڵاتپارێزی ڕاستەقینە بگرێتەخۆ و لەسەر ئەم بناغەیە هەندێک هەنگاوی نوێ بگیرێتەبەر، لایەنی کوردیش ناڵێت نەخێر بۆ ئەمە، بەڵام دووبارە هەنگاو نانێت بۆ سەر مێزێکی شل. دەبێت هەمووان بزانن، ئەگەر هەوڵەکان لە چوارچێوەی ئازادی ڕێبەر ئاپۆدا نەبن، هیچ کاریگەرییەکیان نابێت. نەوەک هاوشێوەی ڕابردوو، ئەگەر بە ڕێبازێکی نوێ نزیکایەتیی بۆ پرۆسەکە هەبێت، پێویستە نزیکایەتییەکە لەم چوارچێوەیەدا بێت. پێویستە نزیکایەتی بەرامبەر ڕێبەر ئاپۆ لە چوارچێوەی یاسای ماندێلا بێت، دیالۆگ بکرێت، بەم شێوەیە چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ پرسەکە دەدۆزرێتەوە.

پێویستە پەنا بۆ تاکتیکی سوک و هەرزان نەبەن

بێگومان وەک ڕێبەر ئاپۆش دەستنیشانی کرد، پەکەکە و سیاسەتی یاسایی_دیموکراتیکی کورد خاوەنی ڕۆڵی گرنگن لە چارەسەردا. ئەوەی ڕژێم دەیکات تاکتیکی سوکە، تاوەکو لایەنێک دژی ئەویتر بدات بە شەڕدا. پێویستە ئەمە نەکەن. ئەگەر ڕۆڵی هەر پێکهاتەیەکی کورد لەبەرچاو بگیرێت، نزیکایەتییەکی وەها هەبێت، ئەوکات کێشە نابێت. دەوڵەتی تورکیا خۆی پێشتر ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکەی وەک موخاتەب لە چارەسەری پرسی کورد قبوڵ کردبوو. هەروەها ڕۆڵی دابوو بە سیاسەتی دیموکراتیک و یاسایی. ئێستا ناتوانێت پاشەکشە لەمە بکرێت و گفتوگۆ لەسەر ئەمە نیەتێکی باش نابێت. دەوڵەت بۆ ماوەی سێ ساڵ “کۆبوونەوەی ئۆسلۆ”ـی لەگەڵ کێ کرد؟ کۆبوونەوەکانی ئیمراڵی لەسەر چ بناغەیەک ئەنجامدا؟ دەوڵەت لەبەرئەوەی عەبدوڵا ئۆجالانی وەک موخاتەب قبووڵ کرد، ئەم کۆبوونەوانەی درێژە پێدا.

دەوڵەت باخچەلی وەک موخاتەب لێی دەڕوانێت

بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی هەرچەند بەگوێرەی زیهنیەتی خۆی خاوەنی ناوەڕۆکێکی ناعەقڵانییە و لای گەلی کورد هەرگیز قبووڵ ناکرێت، بەڵام بانگەوازێکە تێیدا ڕێبەر ئاپۆ وەک موخاتەب قبووڵ کردووە. ڕاستییەکە ئەمەیە، بەبێ دیتنی ئەم ڕاستییە، بە وەستان لەسەر ڤێرژنێکی جیاواز، چارەسەر نایەتەدی. ڕاستییەکە بەم جۆرەیە، ئەگەر نزیکایەتییەک بەگوێرەی ئەم ڕاستییە هەبێت، بێگومان لەلای کوردەوە وەڵام وەردەگرێت. ئەگەر وەها نەبێت و لە چوارچێوەی هەوڵێکدا بێت بۆ ڕزگاربوون لە تەنگاویی وەک نزیکایەتییەکی تاکتیکی، ئەوا هیچ ئەنجامێکی نابێت. بێگومان لایەنی کورد تێربووە لەم مانۆڕە تاکتیکییانە.

وەک ئەنجام دەمەوێت دووپاتی بکەمەوە، گەریلاکانی ئازادی کوردستان هەرگیز ڕێگە بە تاکتیکی شەڕی تایبەت نادەن. لەم سەردەمە مێژووییە گرنگەدا، لە هەر کاتێک زیاتر بە پێداگرییەوە ڕۆڵی خۆی لەسەر هێڵی ڕێبەر ئاپۆ دەگێڕێت و ئەرکی شایستەی خۆی جێبەجێ دەکات. بەو ئەزموونەی پشت دەبەستێت بە پێرفۆرمانسی ئایدۆلۆژی و سیاسی و سەربازی، بەرخۆدانێکی بەهێزتر دەکات و سەرکەوتن مسۆگەر دەکات.

هاوبەشی :