دەوڵەت، دەوڵەت باخچەلی و پرسی کورد لە پەڕلەمانی تورکیا

5
0
هاوبەشی :

 

Screenshot

ئەم ڕۆژانە لە تورکیادا تاک لایەنە پرسی ئاشتی و چارەسەری کيشەی کورد دێتە سەر زمان. بەڵام ئایا باسێکی لەو شێوەیە چارەسەر لەگەڵ خۆی دێنێت؟ کێن ئەوانەی باسی چارەسەری کێشەی کورد دەکەن؟ هەروەها شێوازەکەیان چییە و ئایا کورد کێشەیە، یان ئەوانەی کە کوردییان کردووە بە کێشە؟ لە تێڕوانینی جیاوازەوە تێڕوانین بۆ دۆزەکە هەیە. بە کێشە بینینی کورد خزمەت بە پرسی چارەسەری ناکات. بەڵکو ناسینی ڕاستی کێشەکە چارەسەری پێشدەخات. ئەگەر کورد بە کێشە نیشانبدرێت (وەک سەرانی دەوڵەت کورد بە کێشە دەزانن) واتە ڕەوایەتی لای ئەوانە و ئەوە ئەوانن مافدارن. ئەگەر وەک دۆزێکی ڕەواش لێی نزیک دەبنەوە و وەک ماف دەیناسن و بۆ چارەسەری کوردیش تێکەڵی هاوکێشەی چارەسەری دەکەن، ئەوا نیەتی چارەسەری پێشدەکەوێت.

بەڵام ئەوەی دیارە، گەمەیەکی مەترسیدارە ( بەتایبەت دوای تەقینەوەکەی ئەنقەرە) چونکە نیەتەکان بۆ چارەسەری دوو لایەنە نییە. بەڵکو لایەک، کە دەوڵەتە، لە مەترسی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکەدا دەیەوێت گەمەیەکی مەترسیدار بکات. بە تایبەت کە وەرزی زستانیش نزیکە و لە شکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشوری کوردستان نەک ئەنجامی بەدەستنەخستووە، بەڵکو لە زۆنگاوی باشوردا چەقیوە. شێوازی دەربڕینی دەوڵەت باخچەلیش، کە یەکێکە لە ئەندازیارە هەرە مەترسیدارەکەی سیاسەتی نکوڵی و قڕکردنی کورد، گەمەیەکی شەڕی فاشیزمی دەوڵەتی شاراوەیە کە نوێنەرایەتی شەڕی تایبەت و ئاسمیلەکردنی کوردانە.
بەڕێز ئۆ🌹جەلان کە نوێنەرایەتی دۆزی کورد و ڕێبەرایەتی تێکۆشانە ئازادیەکەی دەکات، بۆ ٢٧ساڵ دەچێت دەستبەسەر و لە گۆشەگیری توونددایە. دەوڵەت باخچەلی گوایە بە دەستپێشخەریەکەی دەیەوێت تێکۆشانی پەنجاساڵەی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد و ٢٧ساڵەی بەرخۆدانی ئیمراڵی بە تیرۆر بناسێت و ئۆ🌹جەلان بێت و لە پەڕلەمانی تورکیادا بڵێت، تیرۆر تەواو بووە و ڕێکخستنی تیرۆریش هەڵوەشاوەتەوە. کورد دەڵێت: شەل نییە و پای شکاوە. ئەوەش بەو مانایە دێت، کە ئێستە کاتی تەسلیمبوونتە و وەرە و بە دەمی خۆت تەسلیمییەت قبوڵ بکە. هەر بۆیە ئەم دەربڕینە نییەتی چارەسەری پێنییە و تێدانییە. بەڵکو شەڕێکی تایبەتی لە پشتە کە دەوڵەتی قوڵ دەیەوێت ڕەوایەتی بە هێرش و کۆمەڵکوژی کوردان بدات.
لەم کاتانەدا، شەڕێکی فراوان خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە و نەخشەی ناوچەکە گۆڕانکاری بە خۆیەوە دەبینێت. تورکیاش مەترسی گۆڕانکاری ئەو هاوسەنگییانە دەخوێنێتەوە و دەزانێت. بۆیە دەیەوێت لە ڕێگەی بە کێشە نیشاندانی کوردەوە مەزڵومییەت بۆخۆی بەدەستبێنێت و هەوڵبدات پێگەی خۆی بپارێزێت. کە ئەوە نەک چارەسەری پرسی کورد ناکات، بەڵکو فریای دەوڵەتی تورک و دەوڵەت باخچەلیەکەی دەوڵەتی قوڵیش ناکەوێت. ئەوەی فریای تورکیا دەکەوێت پرسی چارەسەری دیموکراتیک و دادپەروەریانەی دۆزی کوردە، بە شێوەی خواستی دۆزێک کە کوردانیش ئەو لای مێزی گفتوگۆکە بن. هەروەها دۆزی کورد بە پارچەکردن و بێ ڕۆڵکردنی، قەندیل ـ ئیمراڵی و کوردانی ناوخۆی تورکیا ناکرێت. بۆ چارەسەریش پێویست دەکات مێزێکی گفتوگۆی سێ لایەنەی قەندیل ـ ئیمراڵی و دەم پارتی دروست بکرێت تا گفتوگۆی ئاستەکانی قەیران و کێشە و داخوازیەکان بکرێت و گفتوگۆی دوو لایەنەی کورد ـ دەوڵەتی تورک دەستپێبکات. گفتوگۆیەکی لەو شێوەیە واتای کردەیی و چارەسەری ڕاستەقینەی دۆزەکەیە و تورکیاش لە پارچەبوون و شکست ڕزگار دەکات و دەیکاتە هێزێکی دیموکراتیک و پێشەنگ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە دەرەوەی هەوڵ و تێکۆشانێکی سێ لایەنەی کورد ـ دەوڵەت و کۆمەڵگەی تورکی هیچ چارەسەر و شێوازێکی یەک لایەنە خزمەتی تورکیا و دەوڵەتە فاشستیەکەی ناکات.
کوردی ئێستە کوردی پێشوو نیە. خوێندنەوەی مێژووی کوردی ئازاد هەموو ئەو گەمە و لەیستۆکانەی هەڵوەشاندوەتەوە کە تورک و داگیرکەرانی کوردستان بەرامبەر بە کوردان بەکاریان هێناوە بۆ بێکاریگەر کردن و شکانی تێکۆشانی گەلی کورد. هەر بۆیە ئیتر مێزی گفتوگۆ شوێنی شکستی کوردان نییە، بەڵکو مێزی گفتوگۆ هێز لە بیرکردنەوە، هاوسەنگی هێز و خوێندنەوەی دروستی هاوسەنگی و کێشەکانەوە وەردەگرێت و کەمتر لە ناسنامەی نەتەوەیی دیموکراتیک و کۆمارێکی دیموکراتیک کە کوردان بە ناسنامە و نیشتیمان و زمان و کلتوری خۆیانەوە بگەن، لە دەستور و کۆمارێکی دیموکراتیک و کۆمەڵگەی خۆسەردا گوزارشت لە خۆیان بکەن و گەلانی تورکیاش لە پێکەوەژیانێکی دڵخوازانەدا پێکەوە بژین.
ئەوەی دەتوانێت چارەسەری دۆزەکە بکات، دیموکراتیزەکردنی تورکیا، دەوڵەت و سیاسەت و بیرکردنەوەیە. نە چەک دانان، نە تەسلیمبوون، ڕێگە چارەسەر نییە و گەمەیەکی سیاسەتی شۆڤێنیستی و فاشستانە و شەڕی تایبەت و بەردەوامی سیاسەتی نکوڵی شەڕە و خزمەتی دەوڵەتی تورک و تورکەکانیش ناکات. نەتەوەی دیموکرات چارەسەری هەرە گونجاو و بە دەرفەتی کێشەکانی تورکیایە. سیاسەتی شەڕی تایبەت و قڕکەری نکوڵیکەر کۆتایی هاتووە و سەردەمی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکەش تورکیا ڕادەماڵێت و لە دەرەوەی هاوکێشەکان دایدەنێت.
تێگەیشتن و دەستنیشانکردنی دوولایەنەی کێشەکە باشترین شێوازی چارەسەرییە و پێویستە کوردانیش وەربگیرێن و ئیمراڵیش ناوەندی ئەو چارەسەرییەیە و بەبێ ئیمراڵی و قەندیل و کورد هیچ چارەسەرێک نەک تەواو نییە، بەڵکو خزمەت بە سیاسەتی نکوڵی و قڕکردنی کوردان و گەلانی ناو تورکیا و پارچەکردنی تورکیا دەکات. چارەسەری دیموکراتیکانەی کورد وەک گەلێکی خاوەن ماف و کلتورێکی دێرنی ناوچەکە خزمەت بە مێژووی گەلانی دێرینی میزۆپۆتامیا ـ ئەنادۆڵ دەکات و تورکیاش لە مەترسییەکان دەپارێزێت.
بۆ ئەوەی پەڕلەمانی تورکیاش بە ڕۆڵی ئەرێنی خۆی هەستێت، پێویستە هەلومەرجە یاساییەکانی دەستگەیشتنی ئۆ🌹جەلان بە پەیوەندی بە دەرەوە ئامادەبکات و لە کێشەی زهنیەتی بە تیرۆر نیشاندانی کورد خۆی ڕزگار بکات. دۆزی کورد کێشەی تیرۆر نیە، بەڵکو دۆزی گەلێکی بێناسنامە هێڵراوەیە کە لە ڕێگەی ناسینی ناسنامەی ئازادییەوە چارەسەری دۆزەکەی دەکرێت و بەبێ کوردان و ڕێبەرییەکەی هیچ چارەسەرییەک پێش ناکەوێت.
بۆ باشووریەکان و ڕاگەیاندنی باشووریش پێویستە خۆیان لە زهنییەتی یەک لایەنەی فاشیزمی تورک ڕزگار بکەن و بە گوێرەی سیاسەتی دیموکراتیکی تێکۆشانی ئازادی هەڵسەنگاندنی دەسکەوت و بەرەو پێشچوونەکان بکەن و بتوانن وێنەیەکی حەقیقەتی تێکۆشانی گەلی کورد بکەن و بگەیەنن کە خزمەت بە دۆزی چارەسەری کوردی ئازاد بکات و بەشێک بن لە گفتوگۆی حەقیقەتی تێکۆشانی گەلی کورد.

هاوبەشی :