“هەرکات لە باشور یان ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشبینی گۆڕانکاری بکرێت، هەندێ پڕوپاگەندە بە زاری سۆرانی سەبارەت بە پەیوەندی نهێنی و دانوسان و نزیکبوونەوەی پارتی کرێکاران و دەولەتی تورک بڵاودەبێتەوە! “

190
0
هاوبەشی :

تێبینی: نوسەری ئەم بابەتە بیروڕای خۆیەتی و ناوی خۆشی نەناردوە لەگەڵ بابەتەكە

“هەرکات لە باشور یان ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشبینی گۆڕانکاری بکرێت، هەندێ پڕوپاگەندە بە زاری سۆرانی سەبارەت بە پەیوەندی نهێنی و دانوسان و نزیکبوونەوەی پارتی کرێکاران و دەولەتی تورک بڵاودەبێتەوە! ”

مەبەست لە نوسینی ئەم بابەتە ڕەخنەکردن یان ئەرێکردنی بیروباوەڕی هیچ کەس و لایەنێک نیە، بێگومان ڕۆژنامەنوسان مافی خۆیانە کە هەواڵ و بیروڕای خۆیان بڵاو بکەنەوە و هیچ ئاماژەیەکیش بە سەرچاوەکانیان نەدەن. بۆیە ئەوە واتای ئەوە نیە کە ئەو کەسانە خوانەخواستە ناپاکن یان پڕوپاگەندە بۆ دوژمن دەکەن! بەڵکو ئەوان سەرچاوەی خۆیان هەیە و پەیامەکان بەو ڕەنگە دەگوازنەوە کە بەدەستیان دەگات .. لەوەش گرنگتر بەو ڕەنگە شرۆڤەی بۆ دەکەن کە خۆیان دەخوازن! سەرباری هەرتێبینیەک پێویستە ڕێز لە ئازادی ئەوان و هەرکەسی تر بە هەر بیروباوەڕێک بگیرێت. وەلێ ئەوەش مانای ئەوە نیە کە تێڕوانی ئەوان حەقیقەتە و بەدەرە لە کەموکوڕی و زانیاری فلتەرکراو. بۆیە هەندێ خاڵ لێرەدا دەخەینە ڕوو؛

یەکەم: جێی تێڕامانە کە هەرکات لە باشور یان ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش پێشبینی گۆڕانکاری سیاسی لەئارادابێت، هەر زوو چەندین هەواڵی پڕوپاگەندە-ئاساش بە زاری سۆرانی سەبارەت بە پەیوەندی نهێنی و دانوسان و نزیکبوونەوەی پارتی کرێکاران و دەوڵەتی تورک بڵاودەبێتەوە، کە بەهەمان ڕەنگی ئەوەی لە تورکیا و باکوری کوردستانیش گەلی کورد ڕاهاتوون بە بیستنی دەیان پڕوپاگەندەی سەیروسەمەرە ، کە زۆربەی جار لەکاتی هەڵبژاردن یاخود ڕەوشی ڕاگوزەردا بڵاودەبنەوە. بۆنمونە؛ لەسەروبەندی دواهەمین هەڵبژاردنەکانی ناوخۆی تورکیا ، کە هاوکات بوو بە گەڕی دانوسانەکانی هەم هەولێر-بەغداد لەلایەک و لەلاکەی تر دانوسان لەسەر چارەنوسی پارێزگاری کەرکوک، لە هەندێ کەناڵی زاری سۆرانی هەندێ هەواڵ بڵاوکردەوە کە گوایە دانوسانی نهێنی ئاشتی لە تورکیا هەیە و پەکەکە چەک دادەنێن وڕێبەر ئۆجالان پەیوەندی لەگەڵ هەڤاڵەکانی خۆی گرتووە و هتد.. لەگەڵ ئەوەی ئاکەپە بەڕاستی پێویستی بەو پڕوپاگەندەیە هەبوو بۆ بەدەستخستنی دەنگی بەشێک لە کوردی باکور، بەتایبەتی ئەوانەی توندتر بیروباوەڕی ئایینی پەیڕەودەکەن، هەندێ لایەنی باشوری کوردستانیش ویستیان هەتا تەنورەکە گەرمە، ئەوانیش کولێرەی خۆیان پێوەبدەن و لە کەناڵی جیاوازەوە هەندێ زانیاری ناڕاستیان بڵاو کردەوە، کە گوایە دانوسان و وەستانی شەڕی دەوڵەتی تورک و گەریلا لە ئارەدایە، دیارە ئەوەش بۆ ڕازیکردنی دەوڵەتی تورک لەسەر ویستە سیاسیە هەرێمیەکانی خۆیان. دواجار بینیمان کە شەڕ سەختتر بوو، دەوڵەتی تورک سوپای زیاتری ڕەوانەکرد و تەنانەت هەوڵی دامەزراندنی قەیومیشیدا کە زۆری نەمابوو ڕاپەڕینی جەماوەری لە باکوری کوردستان بخوڵقێنێت و بە پەلەپروسکێ پەشێمان بوونەوە.

دووەم؛ ئەو هەواڵانە هەمیشە بە ڕێوڕێبازی جۆراوجۆر بڵاودەکرێنەوە و دەدرێنە هەندێ سەرچاوەی فەرمی یان نافەرمی و ڕۆژنامەنوسان، ڕۆژنامەنوسیش هەمیشە هەوڵ بۆ بەدەستخستنی ئەو زانیاریانە دەدات و وەک ئەوەی هەنگوینیان لەدارا دۆزیبێتەوە دەیکەن بە بابەتی شرۆڤە و پێشبینی. ئەوەش هەمیشە لە هەموو جێیەکی جیهان دووبارە دەبێتەوە ، بەتایبەتی لە ڕەوشی ڕاگوزەر و نائارامیدا ئەو ڕێبازە دەتوانێت ڕێبازێکی زۆر ژیرانەی دەوڵەتی بێت و هەموو زانیاریەکی تاکتیکی و ناڕاست و تەنانەت پڕوپاگەندەی شەڕی تایبەتی دەوڵەتی خۆی بۆ ئاڕاستەکردنی شەقام ، بە ناڕاستەوخۆ و لەلایەن چالاکوانان و نوسەر و ڕۆژنامەنوسانی ناوخۆی شەقام خۆی بڵاو بکاتەوە و ئەو ڕۆژنامەوانانە ئیتر دەبن بە دەسکەلا و هەندێ جار ڕەنگە خودی خۆشیان تا ساڵانێک هەستیشی پێ نەکەن. . بۆیە مرۆڤ بەوپەڕی ئینسافەوە دەبێت گوێداری هەموو هەواڵەکان بکات و هەڵیانسەنگێنێت.

بەم دواییەش دیسانەوە لە سەروبەندی شپرزەبوونی دەوڵەتی تورک و بەدیاریکراوی حکومەتی ئاکەپە و مەهەپە ، کە لە نزیکەی هەموو قەیرانەکاندا گەیشتوون بە بنبەست و و لێواری داڕمان، دیسانەوە دەنگۆیەکی تاڕادەیەک کۆمێدی بڵاوبۆتەوە ، کە گوایە بەڕێز ئۆجالان لەگەڵ هەڤاڵەکانیدا گفتوگۆی تەلەفونی ئەنجام داوە و لەوەدا دەگاتە لێواری کۆمێدیا، کە دەوترێت گوایە؛ ” بەڕێز ئۆجالان لە تەلەفونەکەدا توڕەبووە و تەلەفونەکەی بەسەر هەڤاڵەکانیدا داخستووە! چونکە بەقسەی ناکەن و چەک دانانێن .. و کۆتری ئاشتی هەڵنافڕێنن و هتد. وەک ئەوەی گەل و هەوادارانی پارتی کرێکاران لە سۆسیال میدیا وێنەکانی بەڕیز ئۆجالان لەگەڵ کۆتری ئاشتیدا دادەنێن ، یان تەواو وەک چیرۆکی خەیاڵی زنجیرەیەکی تەلەفزیۆنی کە چۆن لەسەر مێزی تاوڵە و دۆمینە لە چاخانەیەک ، جارێ هاوڕێیەک توڕە دەبێت و چاخانەکە بەجێدەهیڵێت، چونکە هاوڕێکانی بێگوێیی دەکەن.

دیارە دەوڵەتی تورک لە ئێستادا زۆر پێویستی بە هەست وسۆزی کوردی باکور هەیە ، بۆئەوەی فشار لە ڕۆلەکانیان بکەن کە لە چیاکان بڕۆنە خوار و چەکەکانیان دابنێن، چونکە لە هیچ کام لە ئامانجە سەربازیەکانیدا سەرکەوتوو نەبووە و بەپێچەوانەوە، شکستەکانی ئەم دواییەی چیاکانی بادینان دواهەمین پایەکانی حکومەتەکەی ئاکەپە و مەهەپەیان لەرزاندووە کە پایەی سەربازی دەوڵەتیە.

پێویست بە تێڕامانی زۆر ناکات لەسەر نادروستی ئەو هەواڵە، کاتێک دەوڵەتی تورک تاهەنوکە تەنانەت زیندانیەکی سیاسی بەناوی (هەڤاڵ وەیسی) ئازاد ناکات، کە ساڵانێکە لە ئیمراڵیدا لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان زیندانیە و زیاتر لەساڵێکە حوکمەکەی تەواو بووە و مافی ئازادبوونی هەیە! نەوەک ڕاسپاردەکانی بەڕێز ئۆجالانی لەلای خۆی تۆرمارکردبێت و بیگەیەنێتە هەڤاڵەکانی .. جا ئیدی چۆن ئاوا بە ئاسانی ڕێگە دەدات کە بەڕێز ئۆجالان لەگەڵ هەڤاڵەکانی بکەوێتە گفتوگۆ! کامانە لە هەڤاڵانیش!؟ ئەوانەی وا پێکەوە پارتی کرێکارانیان بەر لە ٤٦ ساڵ دامەزراندووە. بەڵام ئەوەی زیاتر دەبێت بە جێی تێڕامان، ئاخۆ کامانەن ئەو لایەنانەی باشوری کوردستان کە لەم کاتەدا و لەسەروبەندی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان سود لەو پڕوپاگەندەیە دەبینن و کێن ئەوانەی کە پێویستیان بە لێژبوونی جێ و ڕێی سەربازی گەریلاکانە؟

هاوبەشی :