ھەڵبژاردن، گۆڕینی ھاوسەنگی ھێز

22
0
هاوبەشی :

Screenshot

ھەڵبژاردن، گۆڕینی ھاوسەنگی ھێز

نوسینی: عادل عوسمان

شەڕی ئیسرائیل ـ عەرەب پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە. خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە بە دڵی جیهان دەناسرێت سەرچاوەی دەوڵەمەندی و قازانجێکی گەورەی سیستەم و دەوڵەتە زلهێزەکانە. چاوتێبڕینەکانیان گەیشتووەتە ئەوەی کە داگیرکاریەکانیان بە دواقۆناغی سەرکەوتن بگەیەنن. نەخشەی دابەشکردنی دووای یەکەمین جەنگی جیهانی لەگەڵ پێویستی هێزە نوێیە جیهانیەکانی ئەمڕۆدا نایەتەوە. ئەوروپای کۆن کە خاوەنی زۆرترین بردنی قازانجی ناوچەکە و یەکەمین هێزی دەستبەسەردا گرتن بوو، پاشەکشەی پێکراوە و لە سەردەمی داڕزیندایە. دەوڵەتەکانی خۆرئاوایی و ئەمریکا ڕێکخراوێکی سەربازی دەستێوەردەرییان هەبوو بە ناوی ناتۆوە. ناتۆ هێزی دەستێوەردەر و پارێزگاری دەسکەوتەکانیان بوو. بەڵام هێزی باڵای ئەم سەردەمەی ناتۆ ئەمریکا بوو. ناتۆ لە ڕێگەی چەند دەوڵەتێکی ناوچەیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە کار و پڕۆژەکانی بەڕێوەدەبرد. دەوڵەت نەتەوەکان ناوکی بەڕێوەبردنی ئەم سیستەمە بوون. کە ئیسرائیل، تورکیا و ئێرانیش لە دەرەوەی ناتۆ ڕۆڵیان دەبینی.
ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو باڵادەستی ئەو سیستەمەدا لە سەر دوو ئاستی کێشەی ئیسرائیل ـ عەرەب و کێشەی کورد ـ تورک، فارس، عەرەب بەڕێوەدەچوو. ئەو دوو کێشەیە تەوەری بوون و دەستتێوەردان و هاوسەنگی و هاوپەیەمانیەکانی بە دەوردا دروست دەکرا. لە دوای ڕووخانی بلۆکی سوسیالیستی بنیاتنراوی سۆڤیەتاتەوە، قەیرانەکانی سەرمایەداری خۆرئاواییش دەستی پێکرد. سەرمایەداری خۆرئاوایی کە ڕۆڵی یەکەمی هەبوو لە نەخشەڕێژ کردنی جیهاندا. خۆی گەیاندبووە ئاستی دەوڵەت و سیستەمی ناوەندی. ئەو هێزی زلهێز و هەژموونگەرای جیهانبوو. دەوڵەت نەتەوە کۆڵۆنیالیەکانیش بەکرێگیراوان و دروستکراوانی دەستی ئەو ناوەندگەراییە خۆرئاواییە بوون. هەربۆیە تێچووی پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان کەمبوو، قازانجی دەسکەوتەکانیان زۆر بوو. گەلانی ناوچەکە لە ڕێگەی دوو جۆر شێوازی دەسکەوتەوە بێکاریگەر کرابوون. بەشی زۆری گەلانی ناوچە، لە ڕێگەی دروستکردنی دەوڵەتەوە لەسەر ناوی نەتەوەکانیان لە خشتەبرابوون و کەوتبوونە خزمەتی ناوەندانی زلهێزەوە.
هەندێ نەتەوەی تریش، لە ڕێگەی قڕکردن و کۆمەڵکوژییەوە پاکتاو دەکران. ئەرمەنەکان، چەرکەس، بێزەنتی و یۆنانەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئاشور و کلدان، ئەمازیغی و کوردان بۆ پڕۆژەی تەسفییە و قڕکردن دانران. لە ناو گەلانی قڕکراودا، نەخشەکانی خۆرئاواییەکان بە ئاستێکی زۆر بەدیهاتن و زۆربەی ئەو گەلانە ئەگەر تەواویش نەکرابێتن بەڵام گەیەنراونەتە لێواری مەرگ و بێڕۆڵ کراون. لە ناو ئەم گەلانەدا کورد و عەرەبی فەلەستنی بەرخۆدان و تێکۆشانیان هەتا ئێستاش بەردەوامە. کێشەی فەلەستین بۆ کۆنترۆڵ کردنی دەوڵەتە عەرەبییەکان گرنگی خۆی هەیە و هێڵی بەستنەوەی عەرەبەکانە بە سیستەمەکەیانەوە. بەڵام دۆخی کوردان جیاوازە، ئەگەر عەرەبی فەلەستینی کۆمەڵێک دەوڵەتی عەرەبی بۆ دروستکرا و وەک پشتیوانی کێشەکەیان نیشاندران. ئەوا کوردان لە ناسنامە و خاکیش داماڵران. هەر بۆیە سیستەمی کۆن لە سەر ناوەندگەرایی ناوچەیی دوو دەوڵەتی بۆ هەردوو کێشەی کورد و فەلەستین ئەرکدار کرد کە ئروانیش ئیسرائیل و تورکیا بوون. بۆ کێشەی کوردیش تورکیا ئێران ئەرکدار کرا. چونکە باری کوردان قورستر بوو نە بەتەنیا بە تورکیا هەڵدەگیرا، نە بێ ئەقڵی و خۆبەزلزانی تورکان دەیتوانی جێگەی ببێتەوە، بۆیە بۆ کۆنترۆڵ کردنی تورکانیش ئێرانییان دانابوو. هەم سێ دەوڵەتە سێ دەوڵەتی زلهێزی ناوچەیی بوون کە نەخشەکانی خۆرئاواییەکانیان جێبەجێدەکرد.
پاراستنی ئەم سیستەمە پێویستی بە هێز و تێچوو هەبوو. ئەوروپییەکان کە زۆرترین خێر و بێری ئەم ناوچەیەیان دەبرد، لە ڕێگەی ناتۆوە ئەم پاراستنەیان دەکرا. زۆربەی ئەرکی پاراستن و تێچووش ئەمریکیەکان دەیانکرد. بۆیە سیستەم کەوتە ناو گێژاو و تەنگاوییەوە. ئەمریکیەکان بە هۆی دەستێوەردانەکانیان و فراوانخوازییان لە ئەوروپا و جیهاندا گەیشتبوونە ئاستی ئەو هێزەی کە ئەوروپا و دنیاش بە هۆی توانا ئابووری و سەربازی و مەعنەوییەکەیەوە بپارێزن. بۆیە لایەنی مەعنەوی ئەمریکا کە خاوەنی هۆش و زانستە بەرەو خۆشەویستی و جێگرتنی دەبرد. نەخشەی ئەمریکاش لە دووەمین جەنگی جیهانییەوە بە بەشداری لە شەڕ و دوای ئەوە بە ئاوەدانی پرۆسەی مارشاڵ کەوتە ناو ئەوروپاوە. ئەوە بووە هۆکار کە سەرمایەی ئەمریکی پشکی خۆی بەدەست بێنێت و ببێتە یەکێک لە کۆڵەکە گرنگەکانی پاراستنی سیستەمی جیهانی. لە هەموو بوارەکانی ئابووری، سەربازی، زانستی و داراییدا. بەوە ئەمریکیەکان بوونە هێزی جیهانی و لە سەردەمێکی دێرینەوە بە دوای ڕۆڵی پاڵەوانی گۆڕەپاندا دەگەڕان. لە دوای ڕووخانی بلۆکی سوسیالیستی بنیاتنراو دەرفەتی بەدەستهێنانی ئەو ڕۆڵەیان دەسکەوت بەڵام لە ناو گێژاو و قەیراندا. گێژاوەکەش پێوانەکانی سیستەمی کۆن بوو، کە سیستەمی دەوڵەت نەتەوەی هەژمونگەرای ئینگلیز ـ فەرەنسی بوو. ئەوروپیەکان لەلایەن خۆیانەوە بە دروستکردنی یەکیەتی ئەوروپا و کاریگەرییەکانی شۆڕشی قوتابیانی فەرەنسی ئاڵوگۆڕییان لە ستراکتۆری حکومەت و دەوڵەتەکانیاندا کرد و لای خۆیان دەوڵەت نەتەوە بەرتەسکەکانیان گۆڕی و کردییانە دەوڵەتی فرەیی و بۆ ئاستی ئەوروپاش گەیشتنە دروستکردنی یەکیەتی ئەوروپا. کە وڵاتە ئەوروپییە هەژارەکانیش بەشێکبوون لەو یەکیەتیە. بەڵام ئەو هەژاری و دەوڵەمەندییەی ناو یەکیەتییەکە کێشەی بۆ دروست دەکردن. قەیرانی هەژاری یۆنان لە بەرامبەر چاوچنۆکی دەوڵەمەندی ئەڵمانەکاندا نیشانەکەی بوو.
ئەو سیستەمە کە لە ناو گێژاودا تێدەپەڕی پێویستی بە خۆنوێ کردنەوە و هاتنە پێشەوەی هێزی گەورەی تر هەبوو. لە ئابووری سەرمایەدارییدا، پارە پێوانەی هێزە لە پاڵ هێزی سەربازی و تەکنەلۆجی. ئەوروپییەکان کە لە ژێر پاراستنی ئەمریکیدا وەک تەڕڕاح پاڵییان لێدابوەوە و خێر و بێری ناوچەکەیان دەچنییەوە. قبوڵکراو نەبوو. هەربۆیە ئەمریکیەکان ووتیان کێ پارە دەدات ئەوە پارێزراوە. لەو ڕۆژەوە، لە ساڵەکانی ٢٠٠٠ قەیرانەکان قوڵبوونەوە و بۆ گۆڕانکاری کراوەبوون. پەرەسەندنی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد و ڕۆڵی نەرێنی تورکەکان و ئێرانیەکانیش جارێکی تر ئەمریکیەکانی بە خۆدا هێنایەوە. بەهۆی لەدەستدانی پێگەی مەعنەوی و هێزی ئەوروپیەکانەوە یەکیەتی ئەوروپاکەشیان کەوتە بەر پاشەکشە و هەڵوەشان، هاتنەدەرەوەی ئینگلیز لە ناو یەکیەتیەکەدا، واتا و نیشانەی ئەو گۆڕانکاریە بوو. هەربۆیە قەیرانەکانی ووڵاتانی هەژمونی ئەوروپی ڕەنگدانەوەی لەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەبوو هەیە. ئەم ناوچەیەشی تووشی گێژاوو قەیرانێک کرد، کە دەوڵەت نەتەوەکانی ناوچەکە بۆ پاراستنی قەوارەی خۆیان کەوتنە ناو توندووتیژیەکی کوشندە و فاشستانە. گەورەترین زەرەرمەندی ئەم گێژاو و فاشیزمە کورد و عەرەبی فەلەستینی بوو. بەڵام کار بەوەندەشەوە نەوەستا. ئەمجارە هەژموونیەتی ئەمریکی لە ڕێگەی بەکارهێنانی تورک و ئێرانییەکانەوە ڕێڕەوی دەستێوەردان و بەجێبوونی خۆی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و قەفقاسیا و ئەفریکا کردەوە. چوونی تورکەکان بۆ ئەفریکا، ووڵاتانی عەرەبی و قەفقاسیا و هەروەها ئێرانیش بەهانەی ئەو دەستێوەردانە بوو ڕێگەی لە سەر ئەمریکا کردەوە.
دەوڵەت نەتەوەکانی ناوچە لە جیاتی ئەوەی ڕۆڵەکەیان لە ناو قەیرانی ئاڵوگۆڕەکاندا لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکیەکاندا ڕێکبخەنەوە، کەوتنە بەرامبەر ئەمریکا و بونە هێزی پاراستنی ئیمپریالیزمی فەرەنسی و ئەڵمانیای تازە دەرکەوتووی بەسەرچوو!
بێگومان کۆتایی هاتنی ڕۆڵی دەوڵەت نەتەوە لە ئەورپا و خۆرئاوادا، گێژاوی بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دروستکرد. کە دەوڵەت نەتەوەکانی ناوچە بە بیرکردنەوەی فاشستانەی یەک نەتەوەی گۆشکراوی سەرەتای سەدەی بیست، پێیان نایە ناو گێژاو و ئاڵوگۆڕەکانی سەدەی بیست و یەکەوە. ئەمە توندوتیژیەکی فاشستانەی قڕکەری لەگەڵ خۆی هێنا. کە پەرەی بە هێز و هێڵە ڕادیکاڵ و توندئاژۆکاندا. ئەم هێزانە ئەوەندەی تر قەیرانەکانیان قوڵترکردەوە کە چەندین تسوونامی لەگەڵ خۆی هێنا. درووستبوونی حەماس، حیزب و اللە، قاعیدە و لە کۆتاییشدا داعش بەرهەمی ئەو کۆمەڵکوژی هێزە فاشیزمە بوو کە مانەوەی خۆی لە توندووتیژیدا دەبینیەوە.
🌹❤️‍🔥👍🙏✌️
ئەم دۆخەی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستانیش بەشێک بوو لەم گێژاوەی دەوڵەت نەتەوە و سیستەمە هەژموونیە ئەوروپیەکەی. دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان لە ڕێگەی هێزە پرۆکسیە گرێدراوەکانیانەوە، ویستیان تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد پاکتاو بکەن و قڕکردنی کوردان کۆتایی پێبێنن. هەربۆیە هەتا ئێستاش ئەوروپیەکان مۆڵەتی کۆمەڵکوژی کوردان بە دەوڵەتی تورکیا دەدەن. مۆڵەتی یەکساڵ مانەوەی ئۆجەلان لە گۆشەگیری توند و دژواردا لە لایەن کۆنسەی بەڕێوەبەری یەکیەتی ئەوروپاوە، ئەوە نیشانەی ڕەووشی فاشیزمی لە سەرپێ مانەوەی هەژموونیەتی ئەوروپای خۆرئاواییە. بەڵام ئەم سیستەمەش لە ناوخۆیدا لە ناکۆکی و گێژاوی گەورەی ناوەندگەرایی هەژموونییەتدایە. هەر بۆیە کێشە ناوخۆییەکانیان لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر نابێت و بەرەو پێکدادان و فاشیزم لەم ناوچەیەدا دەچێت. ئەم شەڕ و فاشیزمە بەربەرییەی شارستانییەت بەرهەمی ئەو گێژاوەی جێگۆڕکێی هەژموونیەت و ناوەندگەراییە. گۆڕانکارییەکانی هاوسەنگی هێز بە پارسەنگەکان دەکرێت. ئیراق و کوردستانیش بە دوور نیە لەم گۆڕانکارییانە. ئەم گۆڕانکارییانە شەڕی پڕۆژەکانی ووزە و بازرگانی و قازانجی زۆرترە.
٥٠ ساڵە ئەم ناوچەیە لە ناو شەڕێکی کوشندە و بێئاماندایە. گەلانی ناوچەکە هوشیار و زیندووبوونەتەوە. گەلی کورد بوونەتە خاوەن چەند قەوارەیەک، هێڵ و هێزی پاراستنی هەیە و نیشتیمانەکەشی پڕ لە دەوڵەمەندییە. بۆیە بوون و پێگەکەی لە گۆڕانکارییەکاندا گەورە و گرانە. ئەو بەرخۆدانە ٢٧ ساڵیەی ئیمراڵی و تێکۆشانی پاراستنی ڕەوای گەلی کورد و بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشانی گەل واتای بە هێزی کوردی داوە کە قورسایی هەبێت. باشوری کوردستانیش لە ژێر کاریگەری ئەم دەسکەوت و قورساییەدایە و هەروەها بۆ خۆشی قەوارەیەکی یاسایی دەستوری فەرمی دانپێدانراوە. ئەم قەوارەیە دەستی بەسەرداگیراوە و بۆ بەرژەوەندی فاشیزمی تورک بەکاردێت. فاشیزمی تورکیش بۆخۆی لە ناو گێژاوی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەدا کەوتوەتە بەر نەفرەتی تیاچوون. یان دەبێت خۆی دیموکراتیزە بکات، یان دەبێت بڕوات.
شەڕی غەززە پەردەی لە سەر ڕووی فاشیزمی تورک و پان ئیسلامیزمی ئێرانی هەڵماڵی. دەوڵەتی تورک کە خاوەنی هیچ پێگەیەکی ئابووری ووزە نیە و هێزی خۆی لە سیستەمی کۆن وەردەگرت و مشەخۆرێکی خراپی ڕەتاندنەوەی ئابووری ناوچەکەیە، پێویستیەکەی لە دەستداوە. شەڕی ئەمڕۆ شەڕی پڕۆژەکانی ئینگلیز، ئەمریکا و ئیسرائیلە. لە پاڵ ئەوەشدا شەڕی ئازادی گەلی کورد و گەلان هەیە. پڕۆژەی ئیبراهیمی پڕۆژەیەکە لە ئەنجامی سی بۆ چل ساڵی شەڕەکانی ناوچەکە و ناکۆکیە ناوخۆییە هەژموونیەکانی سیستەمە ناوەندییەکانەوە دروستبووە. بۆیە ئەو پڕۆژەیە ڕۆڵی ئێران و تورکیا و ئەوروپای سەردەمی سەدەی بیستی یان تێدانیە، یان کەمە. شەڕی غەززە لە ساڵی ڕابردوودا بە دەستێوەردانی تورکیا بۆ پاراستن یان جێکردنەوەی خۆی و نەکردنە دەرەوەیەتی.
لێدان لە حەماس و حیزب واللە و هەڕەشە لە ئیراق و تورکیا و ئێران لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییانەن کە ئەمریکا بە بڕیارە لە ناوچەکەدا شێوەی پێبدات. شێوەگرتنی ناوچە بە قەوارە کۆنەکان و بیرکردنەوەی سەدەی ڕابردوو نابێت. هەربۆیە ئەمریکیەکان بۆ باڵادەستی ناوچە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لەگەڵ ئیسرائیلدا هاوئامانج بوون و تورکیا و ئێرانی کۆن کۆتاییان هاتووە. هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانیش، لە ژێرکاریگەری ئەو گۆڕانکاری و هاوسەنگییانەدا بەڕێوەدەچێت.
هاتنە ناوەوەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان و تەسلیم کردنی لە لایەن حکومەتی هەرێمی دەستبەسەرداگیراو لە لایەن پەدەکەوە، مەترسیە بۆسەر پڕۆژەی ئاڵوگۆڕەکانی ئەمریکی لە ناوچەکەدا. هەربۆیە کوردان پێویستە خوێندنەوەی جددی بۆ ئاڵوگۆڕەکان بکەن و لە هاوسەنگی ناوچەدا خاوەن ڕۆڵ بن. ئەمریکا قەوارەی هەرێمی کوردستانی بۆ دەستێوەردان لە ناوچەکەدا درووستکردووە. بەڵام پەدەکە کردویەتیە قەڵای لە دژ وەستانەوەی پڕۆژەی ئەمریکیەکان و تەسلیم کردنی سەرچاوەکانی ووزە و خاکی هەرێمی کوردستان بە دەوڵەتی تورک و فاشیزمی ئەکەپە ـ مەهەپەوە و لە ڕێگەی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە فەرمییەت بە داگیرکاری و تەسلیمیەتی خاکی کوردستان دەدات. ئەم ڕەفتارە نەرێنی و قبوڵکراو نیە، هەڵبژاردنی ئەمجارە خاڵ دانانە لەسەر ئەو نەفرەتە. هەربۆیە خەڵک پێویستە هوشیار بێت و گوێی خۆی نەداتە ڕاگەیاندنی چەواشە و ببێتە هێزی ئاڵوگۆڕی هاوسەنگیەکان بە قازانجی لێدان لە داگیرکاری تورکیا و ئەو فاشیزمە کۆنەپەرستەی پەدەکە. کە هاووڵاتی وڵاتەکە ئەگەر پەدەکە نەبێت! دەکاتە دەرەوە. ئەو بیرکردنەوە هەمان بیرکردنەوەی فاشیزمی ئەکەپە ـ ئەردۆغانە کە دەیووت: “ئەگەر کوردستانت دەوێت، بچۆ ئەو دیو سنوور، لای ئێمە کوردستان نییە” ئەم فاشیزمە یەکڕەنگە کۆتایی هاتووە و دەبێت کۆتایی پێبێت.
بێگومان هوشیاری خەڵک و بەربژێرەکان و ئاگادارییان لە دۆخی سیاسی ناوچەکە و سیاسەتی ناوچەکە و جیهان گرنگە. سیاسەتی کوردی پێویستە لە تێکشکاندی هێڵی خیانەت و بەکرێگیراوی بە بەرنامە و پڕۆژە بێت و بۆ تێکۆشانی ئازادی و نەتەوەیی کوردان لە گۆڕەپاندا بێت. ئەو تێکۆشانەی گەلی کورد لە ڕابردوودا کردوویەتی گەیشتووەتە ئاستی قەوارەیەکی فەرمی دانپێدانراوی جیهانی و ئێراقی، (لە پاڵ ئەویشدا کۆمەڵێک دەسکەوت و قەوارەی تری کوردی هەن) هەر بۆیە پاراستن و هێنانە دەرەوەی لە ژێردەستی هێڵی خیانەت و دژە نەتەوەیی ئەرکی هەر تێکۆشەر و وڵاتپارێزێکە. هەڵسەنگاندنی دۆخی هەڵبژاردن، ئەگەر بە قوڵایی ئەو ئاڵوگۆڕانە و شەڕە داگیرکاری و باڵادەستی خیانەت تێنەگەین، ناتوانین ئەرکی وڵاتپارێزی و نیشتیمانپەروەری بە جێبێنین.
هەر بۆیە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە پێویستی بە هەڵوێستی کوردان و یەکگرتوییان هەیە. زۆرێک هەن دەڵێن؛ کوردان ناکۆک و نایەکگرتوون، خۆیشیان لە سەرەوەی بڕیاری سیاسی و حیزبیدان. باشە ئەگەر دەزانیت کوردان ناکۆک و نا یەکگرتوون ئەی ئیش و کاری سیاسی تۆ چییە؟ بۆچی لە خۆتدا ئەو یەکگرتوویی و تەباییە دروست ناکەیت و نابیتە ڕەخنەگری ئەو دۆخە خراپە یان ئەوە بەهانەیە و خۆت ئەو هێز و کەسایەتیەی کە نان لەو ناکۆکی و دووبەرەکییە دەخۆیت. بۆیە هوشیاری گەل، یەکیەتی سیاسی پارتەکان و پێکەوەیی کۆمەڵایەتی، دەبێتە هێزی نەتەوەیی بۆچارەسەری پرسەکەی و ڕۆڵی دەبێت لە گۆڕانکاری هاوسەنگی هێزدا. هاوسەنگی هێزەکانیش بەو یەکیەتیە نەتەوەیی، وڵاتپارێزی و دیموکراتیکە بەدەست دێت و کۆتایی بە دۆخی کۆمەڵکوژی و فاشیزمی داگیرکەر و کۆنەپەرستی و بەکرێگیراوی دێنێت.
هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئەمڕۆ بە سیاسەتی ڕەش و سپی ناکرێت، دوێنێ ئەم و ئەو چیکرد و ئەمڕۆ دەبێت چی بکات! ئەوە پێویستە هەڵسەنگاندنی بۆ بکەیت هەلومەرج و بارودۆخ بە گوێرەی گۆڕانکارییەکان و پارسەنگی هێز شیبکرێتەوە و ڕۆڵ دەستنیشان بکرێت. هاوسەنگی جیهانی لە بەرژەوەندی هێزە داگیرکەر و بەکرێگیراوەکاندا نییە. ڕۆڵی پارتە سیاسیە نیشتیمانیەکان دەبێت وڵاتپارێزی بێت. بۆ ئەوەش بەربژێرەکان ئەرکیان دەکەوێتە سەرشان لە چوارچێوەی کەسێتی سیاسی وڵاتپارێز و دژی داگیرکاریدا. پێویستە بەربژێر وەک ڕابردوو بەکارهێنراو و کۆیلە نەبێت و لە حیزب و پەڕلەماندا خاوەنی دەستپێشخەری وەستانەوە و ڕەخنەگری بێت. دەبێت کۆتایی بە دەورانی کۆیلەیی و بەرژەوەندی تایبەت بێنێت و پەڕلەمان بکاتە سەکۆی پێشکەش کردنی پڕۆژەی سیاسی، خزمەتگوزاری و دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە. بە تایبەت بەربژێرە ژنەکان خاوەنی ڕۆڵی کاریگەربن لە ئاڵوگۆڕی هاوسەنگی نێوان هێڵی خیانەت و هێڵی وڵاتپارێزی و نیشتیمانپەروەریدا. هەربۆیە پێویستە “تۆڕی هاوکار، خیانەتکار و سیخوڕ لە هەڵبژاردن و پەڕلەماندا تێکبشکێنن، پێویستە گەلی باشور بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەرامبەر هێڵی بەکرێگیراو و خائین هەڵوێستی بەهێز و کاریگەر نیشانبدەن و بەربژێرە وڵاتپارێزەکان بنێرنە پەڕلەمان، کە لە سەر کێشەکانی داگیرکاری، خیانەت و خزمەتگوزاری خاوەنی کردار بن.
چارەسەری پرسەکانی کورد پەیوەست و ڕۆحی چارەسەری کێشەکانی گەلان و پێکەوەژیانە. هەتا کێشەی کورد ـ فەلەستین لە چوارچێوەی کۆمەڵگە و سیاسەتی دیموکراتیکدا چارەسەر نەکرێت، نە ئاشتی کۆمەڵایەتی نە پێکەوەژیان مەیسەر دەبێت. هەربۆیە پەڕلەمانی ئەمجار پێویستە بکرێتە سەکۆی چارەسەری کێشەکانی کورد و گەلانی ناوچە و ڕێگری لە فاشیزم، کۆنەپەرستی و نۆکەری.

هاوبەشی :