سۆزدار ئاڤێستا: هێرشی سەر شەنگال ئەنجامی رێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەمە

432
0
هاوبەشی :

سۆزدار ئاڤێستا ئەندامی دەستەى گشتیی سەرۆکایەتیی کەجەکە رایگەیاند، دەوڵەتی تورک بە رێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم هێرش دەکاتە سەر شەنگال، کە پەدەکەشی لە ناودایە. دەیانەوێت بەو رێککەوتنە ئیرادە و ورەی گەلی ئێزدی بشکێنن.

سۆزدار ئاڤێستا ئەندامی دەستەى گشتیی سەرۆکایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەبارەی هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر شەنگال رایگەیاند، سەعید حەسەن فەرماندەی یەبەشە بە ئەنقەست کراوەتە ئامانج و راشیگەیاند، حکومەتی باشوور و عێراق بەرامبەر ئەو هێرشە بێدەنگن و هاوکار و یارمەتیدەری ئەو کۆمەڵکوژییەن.

ئاڤێستا سەرنجی خستەسەر هێرشە پاکتاوکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەنگال لە رۆژانی ١٦ و ١٧ی ئابی ٢٠٢١دا و وتی، “ئەو هێرشە کۆمەڵکوژییانە بۆ سەر گەلی ئێزدیمان لە ساڵیادی شەهیدبوونی پێشەنگی گەلی ئێزدی مام زەکی شەنگالی ئەنجامدرا. ئەو ھێرشانە بۆ ئەوە ئەنجام دەدەن تاوەکو شەنگالییەکان لە شەنگال بکەنە دەرەوە و رێگا نەدەن شەنگالییەکان بگەڕێنەوە بۆ شەنگال. هێرشەکانی سەر شەنگال نوێ نین، بەڵکو لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا ٧٣هەمین فەرمانیان ئەنجامدا و فەرمانەکانیش لەو کاتەوە دەستیان پێنەکردووە، بەڵکو زۆر لە مێژە فەرمان لە دژی ئێزدییەکان ئەنجام دەدەن. پێش ئەوە فەرمانی ١٥ی ئابی ٢٠٠٧یان ئەنجامدا. ئەوە نزیکەى ١٥ ساڵە ئەو فەرمانانە بەردەوامییان هەیە. هەڤاڵ سەعید حەسەن لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا یەک رۆژیش هەنگاوی بۆ دواوە نەنا و شەو و رۆژ لەگەڵ گەل کاری دەکرد و تێدەکۆشا. لەبەر ئەوە بوو کرایە ئامانجی ئەو هێرشە. هەڤاڵ سەعید ساڵی ٢٠١٤ و کاتێک هێرشکرایە سەر گەلی ئێزدی، لەگەڵ ١٢ گەریلای هەپەگە، کە چووبوونە چیای شەنگال شانبەشانی ئەوان تێکۆشانی کرد.

تاوەکو ئەو رۆژەى شەهیدیش بوو هەموو ئەو ئەرکانەى لەسەر شانی بوون بە شێوەیەکی شایستە و لێهاتوانە ئەنجامیدان. لەگەڵ چەتەکانی داعش شەڕی کرد، بووە بەڕێوەبەر، گەلی پەروەردە کرد، یادەوەریی بۆ دروستکردن و ساڵی ٢٠١٥ ئەنجوومەنی دیموکراتیکی شەنگالی دامەزراند. هەندێکجار دەبووە زمانحاڵی گەلەکەى، بووە پارێزەری گەلەکەی، سیاسەتمەدار و دیپلۆمەتکار و تاوەکو ئەو رۆژی شەهید بوو ئەو خەباتانەى کرد.

ئەگەر ئەمڕۆ ئێزدییەکان لە شەنگال دەتوانن تێکۆشانی دیموکراسی، ئازادی و ژیانی هاوبەش بەڕێوەببەن و ئەوە بە هەڤاڵ سەعید و شەهیدەکانمان بەدیهاتووە. ئێمەی گەلی ئێزدی قەرزداری ئەو قارەمانانەین. هەڤاڵ سەعید، کە رێگریی لە فەرمانەکان دەکرد مۆری خۆی لە مێژوو دا. ئەگەر هەڤاڵ سەعید لەگەڵ عەشیرەتی شکۆمەندی حەبابییە و لەگەڵ میللەتەکەى خۆیدا بە رۆحی خۆ تەیارکردنی هەمە لایەنە تێنەکۆشانایە، گەلی ئێزدی بەهۆی فەرمانەکانەوە بێچارە دەبوون و ناچاردەبوون شوێن و واری خۆی بە تەواوەتی چۆڵ بکەن. لەبەر ئەوە هەڤاڵ سەعید حەسەن لە شەنگال خاوەنی مانایەکی مێژوویی گەورەیە. لەبەر ئەوەیە هێرش بۆ سەر هەڤاڵ سەعید هێرشێکی بەرنامە بۆ دانراو بووە. ئەو رۆژەشی کە هێرشەکەى تیادا ئەنجامدراوە بە پلان دیاریکراوە و هەڵبژێردراوە. کاتێک سەرۆک وەزیری عێراق دەڕۆیشت بۆ شەنگال ئەو هێرشەیان ئەنجامدا. دەوڵەتی تورکی فاشیست ئەو ھێرشەى ئەنجامدا، بەڵام هێزە خائینەکانیش لەو هێرشەدا رۆڵی گەورەیان هەبووە”.

ئاڤاێستا لە بەردەوامیی وتەکانیدا وتی، “ئەو هێرشە بە تایبەتی پەیامێکە بۆ عێراق و سەروەری عێراق. یەکەمجار بوو، کە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەیخواست سەردانی شەنگال بکات. هەڤاڵ سەعید حەسەن-یش بۆ ئەو سەردانە بانگهێشت کرابوو. لەبارەی ئەو هێرشەوە تەنها لە رۆژی یەکەمدا ئاسایشی عێراق راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە، بەڵام جگە لەوە نە سەرۆک کۆماری عێراق و نە بەرپرسانی تر راگەیاندراو و لێدوانیان نەدا. گەلی ئێزدی هەڵبەت ئەوە قبوڵ ناکات”.

ئاڤێستا وتیشی، “دەبێت ئەو بەرپرسە عێراقیانە، کە لەو کۆمەڵکوژییەدا بەشداربوون ئاشکرا بکرێن، ئەو هێرشەى دەوڵەتی تورک هێرشێکە بۆ سەر سەروەریی عێراق، دەبێت حکومەتی عێراق ئەوە ببینێت و نەبێتە هاوکاری کۆمەڵکوژیی سەر گەلی ئێزدی. بێدەنگییان دەیانکاتە هاوبەش و هاوکاری کۆمەڵکوژییەکە”.

ئاڤێستا سەرنجی خستەسەر بێدەنگیی حکومەتی باشوور، حیزبە مەدەنییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و هێزە دیموکراتیکەکان و وتی، “ئەمریکا و وڵاتانی تری نێونەتەوەیی لەو کۆمەڵکوژییەدا بەشدارن. ئەو هێرشە لە ئەنجامی رێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم لەسەر شەنگال، ئەنجامدراوە. رێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم رێککەوتنە بۆ ئەنجامدانی فەرمانی ٧٤هەمین. لەبەر ئەوەى ئەو ئیرادە و ورەیە، کە ماوەى ١٥ ساڵە ناتوانن تێکیبشکێنن، دەوڵەتی تورک، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و هێزە نێونەتەوەییەکان دەیانەوێت بەو رێککەوتنە بیشکێنن. هێرشەکانی ١٦ و ١٧ی ئاب ئەو پەیامە دەدات و دەڵێت، یان ئەوەتا ئێوە ئەو رێککەوتنە قبوڵ دەکەن، یان ئەوەتا ئێمە ئێوە کۆمەڵکوژ دەکەین. بەو شێوەیە دەیانەوێت رێککەوتننامەکەیان جێبەجێ بکەن. ئەو رێککەوتننامەیە چییە؟ رێککەوتننامەى تەواو چۆڵکردنی شەنگالە، بۆ شکاندنی ئیرادە و ورەی گەلی شەنگالە، دەیانەوێت بەوە شەنگالییەکان لە شەنگال دەربکەن. لەبەر ئەوەش گەلی ئێزدی هەرگیز ئەو رێککەوتنە قبوڵ ناکەن و وەک ئەوانیش وتیان، تاوەکو دوا هەناسە بەرەنگاری و بەرخودان دەکەن”.

ئاڤێستا هەروەها وتی، “دیکتاتۆریی فاشیستی ئەردۆغان بۆ هێنانەدیی خەونی عوسمانی خۆی رێخستووە. ئامانجی ئەوەیە شەنگال چۆڵ بکات، تەلەعەفەر و موسڵ و کەرکوک داگیر بکات. ساڵەهای ساڵە رێکخستن بۆ ئەوە دروست دەکات. ١٥ی ئاب دوای راگەیاندراوەکەى پەدەکە لەسەر شەنگال و رۆژی دوای ئەوە دەوڵەتی تورک هەڕەشەى کرد و وتی، ‘ئەگەر عێراق نەڕوات بۆ شەنگال ئێمە بۆی دەڕۆین’. پەدەکە دەبێت دەست لەو سیاسەتە خائینانەیە بەرامبەر بە شەنگال هەڵگرێت. دەبێت گەلی ئێزدی نەکاتە ئامانج.

لە دۆخێکی وەهادا، کە هێشتا خوێنی گەلی شەنگال لەسەر زەوییە، هێشتا فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک بەسەر شەنگالەوەن، ئەو راگەیاندنانەى، کە لەلایەن دەزگای سیخوڕیی تورک (میت) و هەندێک هێزی باشوورەوە بەڕێوەدەبرێن، ئەو شوێنە، کە نەخۆشخانەى تیادا بوو و بۆردومانکرا، بە بارەگای پەکەکە ناویان هێنا، ئەوە بێ ئەخەلاقی و بێ شەرەفییەکی گەورەیە”.

ئاڤێستا لە کۆتایی وتەکانیدا رایگەیاند، “ئێمە تۆڵەی شەهیدەکانمان دەکەینەوە، تێکۆشانێک، کە بەڕێوەیان بردووە سەریدەخەین و بە ئەنجامی دەگەیەنین. من جارێکیتر یادی هەڤاڵ سەعید حەسەن و شەهیدەکان سکێن بەرز رادەگرم و یادیان دەکەوە. سەرەخۆشی لەگەلەکەمان دەکەم و سەری گەلەکەمان و سەری رێبەر ئاپۆ ساخ بێت، ئێمە لەسەر رێگاکەى ئەوان دەڕۆین و بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین”.

 

هاوبەشی :