دادگای هەولێر سزای ساڵێک و شەش مانگ زیندانی بەسەر مامۆستا “لوقمان نەجم” سەپاند بە تۆمەتی بردنی سێ کارتۆن پسکیت بۆ گەریلاکانى پەکەکە

31
0
هاوبەشی :

وەک هەموو جارەکان بە سیناریۆیەکی داتاشراو، دادگای هەولێر سزای ساڵێک و شەش مانگ زیندانی بەسەر مامۆستایەکدا بە ناوی “لوقمان نەجم” سەپاند، لە کاتێکدا ئەو مامۆستایە لە ماوەکانی ڕابردوودا بۆ داواکردنی مافەکانی خۆی و پێدانی شایستە داراییەکانی بەشداریی چەند گردبوونەوەیەکی کردبوو.

ئەمڕۆ، لە دادگای هەولێر، بە تۆمەتێکی ناڕەوا و داتاشراودا سزای ساڵێک و شەش مانگ زیندانیی بەسەر مامۆستای ناڕازیی لوقمان نەجم سەپاند.

لوقمان نەجم، پیشەی مامۆستا بوو لە دواناوەندی سیدەکانی سنووری ئیدارەی سۆران لە پارێزگای هەولێر، ڕۆژی ٢٣ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، بە هۆی بەشدارییکردنی لە گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکان و داواکردنی شایستە داراییەکانی و ڕەخنەگرتنی لە دەسەڵاتی پەدەکە، لە لایەن چەکدارانی پەدەکەوە ڕفێندرا.

ئەمڕۆش، لە دادگایەکی شانۆ ئاسا و داتاشراودا، هاوشێوەی زیندانیانی دیکە بە تۆمەتی بردنی سێ کارتۆن پسکیت بۆ گەریلاکانى پەکەکە سزای ساڵێک و شەش مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

شایەنی باسە ئەمە جاری یەکەم نییە، دادگاکانی ژێر دەسەڵاتی پەدەکە ئازادییخوازان، مامۆستایان، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان بە تۆمەتی داتاشراو سزا بەسەریاندا دەسەپێنێت، بەڵکو هەرکەسێک ڕەخنە لە دەسەڵاتی پەدەکە بگرێت تۆمەتی ئەندام بوون لە پەکەکە و سیخوڕییبوونی بۆ دەوڵەتانی دیکە یاخود مەترسیی لەسەر دامودەزگاکانی حکومەتی دەداتە پاڵ و سزای قورسی بەسەردا دەسەپێنێت.

هاوبەشی :