دژی شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان، لە شاری سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدرا

32
0
هاوبەشی :

لە سەکۆی ئازادی، لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی، دژی بۆردوومانەکەی ناوچەی سەیدسادق لەلایەن دەوڵەتی تورک و شەهیدکردنی دوو ژنی ڕۆژنامەنووس، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەڕێوەچوو.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە سەکۆی ئازادی پارکی ئازادی، لە شاری سلێمانی، لە دژی بۆردوومانەکەی قەزای سەیدسادق و بەئامانجگرتنی دوو ئۆتۆمبیلی ڕۆژنامەوانان و بۆردوومانکردنیان لە ٢٣ ی ئابی ٢٠٢٤، کە بووە هۆی شەهیدبوونی هەردوو ژنە ڕۆژنامەوان (گوڵستان تارا) و (هێرۆ ئیبراهیم)، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆژنامەنووسانی ئازاد و کەسانی ئازادیخواز کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەڕێوچوو.

سەرەتای کۆنگرەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.

لە دوای ئەوە، ڕۆژنامەنوس سنور ڕەحمان لەسەر ناوی ژنانی ڕۆژنامەنووسی باشووری کوردستان بەیاننامەیەکی نوسراوی خوێندەوە.

دەقی بەیاننامەکە بەم جۆرەیە: ” ٢٣ ی ئەم مانگە، دەوڵەتى داگیرکەرى تورک لە نزیک گوندی تەپە ڕەش لە سنوورى سەیدسادق سەر بە پارێزگای سلێمانی لە ڕێگەی فرۆکەی بێ فرۆکەوانەوە ئۆتۆمبێلێکى ڕۆژنامەنووسانی بۆردوومان کرد، کە لە ئەرکی میدیایی خۆیاندا بوون و بە هۆیەوە گوڵستان تارا، خەڵکی باکووری کوردستان، کە لە ساڵی ٢٠٠٠ وە کاری ڕۆژنامەوانی دەکات و ماوەی ٣ ساڵە وەک ڕاوێژکاری سیاسیی لە کۆمپانیای چەترە و هێرۆ بەهادین خەڵکى شارەدێى سەنگاو، کە کارى مۆنتێرى دەکرد لە کۆمپانیاى چەتر گیانیان بەختکرد و هەروەها ڕۆژنامەنووسێکیش بەناوى ڕێبین بەکر، کە تەمەنى ٣٠ ساڵە و خەڵکى سلێمانییە و سەرپەرشتیارى دیجیتاڵ میدیاى کۆمپانیاى چەترە، بریندار بوو.

ئەم هێرشەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ڕۆژنامەنووسانی ئازاد، بە تەواوی شکست و بێدەسەڵاتی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عێراق دەردەخات بەرامبەر بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، کە دەروازەی خاکەکەیان واڵاکردووە بە ئاسانی داگیرکاری خاک، سووتاندنی ڕەز و باخ و دارستانەکان، چۆڵکردنی گوندەکان، فشار و هەڕەشەکردن لە گوندنشینان و بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان ئەنجام بدات و هیچ لایەنێکی فەرمیش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەنگی لێوە نایەت.

لە ڕاستیدا ئەم هێرشانە لە ئەنجامی ڕێککەوتنی نێوان داگیرکەرانی خاکی کوردستانە، بە تایبەت ڕێککەوتنی نێوان دەوڵەتی عێراق و تورکیا، بە چاوساغی پەدەکە، کە هەر ڕۆژەو پیلانێک دژی گەلی کورد بەڕێوە دەبەن، هەر لە شەنگال تا حەمرین سیاسەتی جۆراوجۆری تاڵانکاری، لەناوبردن، داگیرکاری و دەستبەسەرداگرتن بەڕێوەدەبەن و هەر کەسێکیش دەنگی لێوەبێت بە سیخوڕ و هاوکاری دوژمن بە ناوی دەکەن و دەیکەنە کونجی زیندانەوە.

ئەمڕۆ کە زوڵم و فاشیزمییەت و داگیرکاری دەوڵەتی تورک بە ڕێنوێنی خۆفرۆشان و سیخوڕانی ناوخۆیی گەشتووەتە لوتکە، کوردی ئازاد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و جیهان و لە چیا سەرکەشەکانی کوردستانەوە لە بەرخۆدانی دژواردایە، ئەرکی هەرە سەرەکیش کەوتووەتە سەر ڕۆژنامەنووسان کە حەقیقەتی داگیرکارییەکان و پیلانە گڵاوەکانیان بخەنەڕوو، لە چەشنی تێکۆشانی ڤیان جاف، نوژیان ئارهان، دەنیز فورات و پەخشان عەزیزی و ناگیهان ئاکارسەلدا، ڕێبازی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بگرنە بەر و تا کۆتایی ڕێبواری ڕێگای ئازادی و حەقیقەت و سەربەخۆیی بن.

شەهیدکردنی هاوڕێمان گوڵستان و هێرۆ کاریگەری ڕۆڵی ڕۆژنامەوانیی ژن دەستنیشان دەکات، بە تایبەت لە باشووری کوردستان کە هەموو چەشنەکانی توندوتیژی، دەستدرێژی و هەراسانکردن، بە کاڵاکردنی ژن و داگیرکاری خاک و کولتوور و زمان ڕووبەڕووی ژنان و بە تایبەت ژنانی ڕۆژنامەنووس دەبێتەوە، ئەم بە ئامانجگرتنە دەریدەخات ژنانی ڕۆژنامەنووس بە قەڵەم و کامێراکانیان ڕووی ڕاستی داگیرکاری و کۆیلەکردنی کۆمەڵگە لە کەسایەتی ژندا هەڵدەماڵن و پیلانەکانی سیستمی سەرمایەداری و بەرژەوەندخوازی و پیاوی سەردەست دەخەنەڕوو و ڕێبازی تێکۆشانی ژنان لە پێناو ئازادی و حەقیقەتدا دادەڕێژن.

لە کاتێکی وەک ئیستادا کە هێرشە هەمەلایەنەکان چڕ بوونەوە ژنانی ڕۆژنامەنووسی ئازاد لە باشووری کوردستان و هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە دەنگ و قەڵەم و کامێراکانیان لە پێناو نیشتمان و خاکەکەیاندایە، لەبەردەم ئەو مەترسییەدان کە هاوشێوەی هاوڕێیانمان بکرێنە ئامانجی هێزە داگیرکارەکان بە تایبەت دەوڵەتی تورکیا، مێژووی ڕاگەیاندنی کوردیش خاوەنی نەریتێکی گەورەی بەرخۆدانە، ئێمەش وەک ژنانی ڕۆژنامەنووس درێژەپێدەرانی ئەم نەریتەین، چونکە مێژووی ڕاگەیاندنی ئازاد یەکسانە بە مێژووی بەرخۆدانی گەل و بە خوێنی هاوپیشە و هاوڕێ ڕۆژنامەنووسەکانمان کە درێژەیان بە نەریتی ڕۆژنامەوانی ئازاددا، تا ئەم ساتەش ئەم بەرخۆدانە بەردەوامی هەیە.

ئێمە وەک ژنانی ڕۆژنامەنووسی ئازاد لە باشووری کوردستان، ئەم هێرشە سەرکۆنە و ڕسوا دەکەین، نەفرەت لە بکەرانی دەکەین، کۆمەڵگەکەمان هۆشیار دەکەینەوە، کە ئەگەر مەرامەکانی تورکیا سەربگرێت، هیچ کەسێک لەم باشوورە بەوانەشی کە شەڕ لەسەر دەسەڵات دەکەن، پارێزراو نابن.

داوا لە سەندیکاکانی ڕۆژنامەنووسان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژنان، حزب و لایەنەکان و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەین، لە ئاست ئەم هێرشەدا بێدەنگ نەبن و دەنگی خۆیان بگەیەننە هەموو ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان و ببەنە ڕێگری لەبەردەم هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیادا، چونکە بێدەنگییان دەبێتە ڕووڕەشی مێژوویی، دەشمانەوێت بە گەلی خۆمان بڵێین: ئەم هێرشانە ناتوانن تەنیا یەک هەنگاو بەرەو دواوەمان ببەن، ئێمە دەبینە دەنگی ئەو ڕاستییەی کە ئەمڕۆ گەلەکەمان باوەڕی پێیەتی.

لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێین قەدەغەکردن و گوشار و تۆقاندن و تیرۆرکردن هەرگیز ڕۆژنامەنووسان لە ڕێگای ڕاستی دوورناخاتەوە، ژنی ڕێکخستوو لە ڕاگەیاندندا دەرخەری حەقیقەت و ئازادییە و پێکەوە کامێرا و قەڵەمەکەی گوڵستان و هێرۆ لە زەویدا بەجێ ناهێڵین و درێژە پێدەری ڕێبازەکەیان دەبین”.

لە دوای ئەوە دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: “چاوەڕێی ئامادەبوونی زیاتری ڕۆژنامەنووسانی ئازادمان دەکرد، لەبەر ئەوەی ئەمە دەکرێ بۆ هەموو دەزگایەکی میدیایی ئازاد ڕووبدات، ئەمڕۆ دوو ژنی کەناڵی ستێرک شەهید بوون، سبەی دەکرێ بۆ هەر یەکێکی ترمان ڕووبدات، بە توندی ئیدانەی ئەم جۆرە هێرش و پەلامارانە دەکەین بۆ سەر ڕۆژنامەنووسانی ئازاد و پێمان وایە ئەمە تاوانێکی گەورەیە دژ بە ڕۆژنامەوانان کە خەڵکی مەدەنین و کاریی یاسایی خۆیان دەکەن.”

لە پاش ئەوە سارا ڕەزا، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ژنانی تەڤگەری ئازادی کوردستان بەیاننامەیەکی خوێندەوە و وتی: “بەتوندی سەرکۆنە و ئیدانەی ئەم کارە تیرۆرستانەی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بۆ سەر ڕۆژنامەوانانی ئازاد دەکەین و سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدان دادەنەوێنین و ڕێ و ڕێبازی شەهیدەکانمان ون ناکەین، ئەم کردەوە تیرۆرستانەی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا هەموو سنورەکانی تێپەڕاندووە و بە چاوساغی ناوخۆ توانیوییەتی بەم شێوەیە هێرش بکاتە سەر میدیا ئازادەکانی ئێمە.”

لە پاش ئەمانە، هەریەک لە شەیما ڕەزا لە دەستەی ڕژاک و هاوکار عیززەدین لە فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ- ڕۆنووس، وتاریان خوێندەوە و دڵگرانی خۆیان بۆ ڕووداوەکە ڕاگەیاند و بۆردوومان و کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیان شەرمەزار کرد.

لە کۆتایی هەموو بەیاننامەکاندا دروشمەکانی “ژن، ژیان، ئازادی” و “شەهید نامرن” و ” نەفرەت لە داگیرکاری و هێڵی خیانەت” دەگوترانەوە

هاوبەشی :