ناسینی دوژمن و خیانەت

43
0
هاوبەشی :

نوسینی: عادل عوسمان

لە تێکۆشانی هەر گەل، نەتەوە و ئاینێکی بن دەستدا، ناسینی دۆست و دوژمن و ئامانجی خۆ گرنگی بنچینەیی هەیە لە ئاراستەکردنی تێکۆشان و ڕۆڵ بینینی کەسێتی، دەزگا و ڕێکخراوەکاندا. ناسین و دیاریکردنی دوژمن پێویستی بە هەستیاری، زانایی، دانایی و خاوەن هزربوونە. نەناسینی دوژمن و تێنەگەیشتن لێی دەتخاتە ناو گێژاویی هەلومەرجێکەوە کە خۆیشت نەزانیت خەریکی چیت! بۆیە هەستیاری هەرەمەزن ناسینی دوژمن و ئەو بەرەنگاری، بەرخۆدان و وەستانەوەیە بەرامبەر بە دوژمنی بەرامبەرت. تێکۆشانی گەلی کورد خاوەنی تایبەتمەندێتی خۆیەتی و زۆر جیاوازە لە تێکۆشانی گەلانی بن دەستی جیهان. ئەویش بە دوو هۆکار:

یەکیان: گەلێکی خاوەن مێژوو کلتوری دێرینە و دەیانەوێت بیسڕنەوە و لە ناو پرۆسەی ژیانی کۆمەڵایەتی، سروشتی و گەردونیدا نەیهێڵن.
دووەم: لەڕێگەی هێڵی خیانەتی ناوخۆوە دەیانەوێت خاڵی یەکەم سەربخەن.
هەربۆیە کوردان بەدرێژایی مێژوو لە تێگەیشتن لە ڕۆڵی خۆیان لەناو ژیانی ئازاددا سروشتیانە ژیاون و تووشی غەفڵەت بوون. کێشەی هەرە گەورەی کورد، کە شیکردنەوە مێژووییەکانیش ئەرێیان کردووە. ئەو لایەنە سۆزداری و سروشتیەیە کە کوردانی تووشی لەدەستدانی ڕۆڵی مێژوویان کردوە. کوردان بەگوێرەی سروشتی جوگرافیا و مێژووەکەیان ژیاون، هەربۆیە هوشیاریەکەشیان هوشیاریەکی سروشتی و پاراستنی سروشتی بوونی خۆیانە و جوگرافیاکەشیان بۆ پاراستنی ئەو بونە هەم هاوکار بوە، هەم یارمەتی دەر. سەختی جوگرافیای کوردستان، بوونی خۆراکی سروشتی زۆر، سەرچاوەی ئاوی شیرین، بوونی کەشە سەخت و بەفراویەکان (کە زۆرجار وەرزە بەفراویەکان بە جنراڵ بەفر لە کۆنەستی کورداندا پێناسە کراوە. بەمانای ئەوەی بەئەندازەی جەنراڵێکی سەربازی لە نەخشەدانانی شەڕدا بۆ سەرکەوتن یان پاراستن هاوکار بووە.) هاوکاری گەورە و گرانی خۆپاراستنی سروشتیانەی کوردان بووە و لە هێرشی دوژمن پاراستوونی. هەربۆیە هوشیاری کوردان لەدەرەوەی دەرون بە ئاستی هوشیاری ئانالیتیک نەگەیشتوە. هەمیشە بە هەستەکانی و لایەنی دەرونی شەڕەکان یان دۆستایەتیەکانی بەڕێوەبردوە و لایەنی دەرونی دۆستایەتی زیاتر زاڵ و جوڵە پێکەری بوە. ئەویش شتێکی سەیر نیە. چونکە کوردان لە سروشت و ژینگەیەکدا ژیاون کە بەخشندەبووە و لەسەر بنچینەی تۆڵە ڕق و کین نەژیاوە. سروشت ئەگەر وەک خۆی هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەیت بەخراپ وەڵامت ناداتەوە. بۆیە کوردانیش لە ئەنجامی ئەو ژینگەیەوە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ دەوروبەر بەخشندەیی و پێشکەشکردنی ئەرێنیەکانی ژیان بووە. بەڵام هێزە خراپکار و داگیرکار و ئیمپریالیستیەکان هاتوون و سودیان لەو سۆزداریە سروشتی و بەخشندەییەی کوردان وەرگرتوە و دنەیان داون بۆ وەرگرتنی هوشیاریەک کە لەگەڵ هەست و سۆزە سروشتیەکەیاندا ناکۆک و ناتەبا بێت و لەو بوارەدا توانیویشیانە سوود ببینن. بۆیە گەشەی هزری ئەنالیتیک لە هێزە داگیرکەرەکاندا بە تەگبیرتر بە ڕێکخستن تر، بە تەکتیک تری کردوون و بەدەستهێنانی دەرون و سۆزی کوردانی بۆ ئاسان کردوون. هەربۆیە داگیرکارییان بۆ ئاسانتر بەڕێوەبراوە. گەشەی زهنیەتی ئانالیتیک لای کوردان وای لێکردوون بە ئاستی تێکۆشانێکی بەواتا بگەن کە بەرخۆدان بەرامبەر داگیرکاری بکەن و ببنە دوو هێزی ناوخۆیی کوردان کە یەکیان هێڵی خیانەت داگیرکاری و ئەویتریان هێڵی تێکۆشانی ئازادیە و دوژمن بۆ وەستانەوە لەدژی کوردان سوود لە هێڵی خیانەت و داگیرکاریەکەی لە ڕێگەی داگیرکاری بابەتیەوە وەردەگرێت.

هاوبەشی :