بەسێ هۆزات: گەریلا داگیرکەری لە ریشەوە دەردەهێنێت، دەوڵەتی تورک راستیەکان دەشارێتەوە

78
0
هاوبەشی :

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەسێ هۆزات سەرنجی راکێشا بۆ سەر هێرشە داگیرکەرییەکان و وتی، “گەریلا دووەم سوپای گەورەی ناتۆ لە ریشەوە هەڵدەکەنێت، دەوڵەتی تورک راستیەکان دەشارێتەوە. ناڕەزایەتی لە باشور کەمە، دەبێت قیامەت هەڵسێنن”

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە بەسێ هۆزات بەشداری لە بەرنامەیەکی تایبەتی کەناڵی مەدیا خەبەردا کرد و لەسەر پرسەکانی وەک گۆشەگیری لە ئیمراڵی و داگیرکەری قسەی کرد.

چاوپێکەوتنەکەی بەسێ هۆزات بەم جۆرەیە:

با لە پرسی گۆشەگیری چڕ لە سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەستپێبکەین. هەروەها هەڵمەتێک لەپێناو ئازادی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ئارادایە. پێشتر بە بەرفراوانی هەڵسەنگاندن بۆ ئەو هەڵمەتە کرابوو. بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا بۆ دواوە دەبێت مامەڵەکەی بە چ شێوەیەک بێت؟

هیچ هەواڵێک لە رێبەر ئاپۆوە وەرنەگیراوە. سیستمێکی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی سیستماتیک هەیە. لەو ساڵانەی دیدار لەگەڵ پارێزەران ئەنجامدرا. لە ساڵی ٢٠١٣ تا ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ شاندی هەدەپە هەندێک دیداری ئەنجامدا. بەم جۆرە ماوە ماوە هەندێک دیدار ئەنجامدرا، سەبارەت بە دۆخی رێبەرایەتی و سیاسەتەکان سەر ئیمراڵی رای گشتی، گەلەکەمان و ئێمە هەندێک زانیاریمان وەرگرت، ئێمە چاودێری و بەدواداچوونمان دەکرد. بەڵام ئەوەش بە واتای ئەوە نەبوو کە گۆشەگیری هەڵگیراوە، لەئارادا نەماوە و هەلومەرجی تەندروستی، ئاسایش و ئازادی رێبەر ئاپۆ مسۆگەر بووە. لەراستیدا سیستمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری ٢٦ ساڵە بەردەوامە. دەبێت بەم جۆرە پێناسە بکرێت. ئێستا باسی ٤١ مانگ دەکرێت کە بە هیچ جۆرێک زانیاری لە بارەی رێبەر ئاپۆوە بەردەست نییە. دۆخێکی بەو جۆرەیە کە بەتەواوەتی پەیوەندی پچڕاوە. لەراستیدا ئەوە ٤١ مانگ نییە. ئەو پرۆسەیە بە گوێرەی گفتوگۆیەکی کورتی تەلەفونی لەگەڵ محەمەد ئۆجالان و عومەر ئۆجالان کە لە ئاداری ٢٠٢١ لەگەڵ رێبەر ئاپۆ ئەنجام دراوە، دەگێڕدرێتەوە، بەڵام ئەوەش دیدار نەبوو. لەو گفتوگۆیەدا هەلومەرجی رێبەر ئاپۆ، ئیمراڵی، دۆخی ئەو، تەندروستی و سەلامەتی ئەو بە باشی نازانراوە. لەو پەیوەندیە تەلەفونیەدا لەسەر هیچ شتێک قسە نەکرا. گفتوگۆیەکی یەک دوو خولەکی بوو. خۆی لە خۆیدا رێبەرایەتی رەخنەی لە شێوازی گفتوگۆی بەو جۆرە گرتبوو. وتی، ئێوە دەکەونە داوەوە. وتی ‘دەبێت پارێزەرەکانم لەگەڵمدا کۆببنەوە، مافی ئەوەم هەیە چاوم بە پارێزەرانم بکەوێت. مافی یاسایی و دەستوریم هەیە. ئەگەر دیدارێک بێت دەبێت لەگەڵ پارێزەرەکانمدا بێت’. لەو چوارچێوەدا گفتوگۆیەک یەک بۆ دوو خولەکی کراوە.

لەو گفتوگۆیەوە لە زۆر شت تێنەگەیشتین، خۆی لە خۆیدا کاتێک رێبەرایەتی بەم جۆرە قسەی کرد و هەڵوێستی نیشاندا، دەوڵەت دەستوەردانی کرد و کۆتایی بە پەیوەندییە تەلەفونیەکە هێنا. هەربۆیە زۆر زیاتر لە ٤١ مانگە، واتە لە راستیدا لە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠١٩ەوە بەتەواوەتی پەیوەندییەکە پچڕاوە.

هیچ هەواڵێک لە رێبەر ئاپۆوە نازانرێت. ئەگەر لە بیرتان مابێت، لە ٢ی ئایاری ٢٠١٩ەوە تا ١٢ی حوزەیران ٣ دیدار لەگەڵ پارێزەران ئەنجام درا. دیدار لەگەڵ بنەماڵەش ئەنجامدرا، پارێزەرانیش سێ جار دیداریان کرد. لەو دیدارانەدا لەسەر دۆخی رێبەر ئاپۆ، هەلومەرجی ئیمراڵی، سەلامەتی و دۆخی تەندروستی ئەو، ئێمە، گەلەکەمان، رای گشتی هەندێک زانیاریمان وەرگرت. بەڵام دواتر پەیوەندی بە تەواوەتی پچڕا، دۆخێکی گۆشەگیری چڕ سەپێندرا و بەردەوام بوو. هەربۆیەوە دەبێت لەو کاتەوە هەژمار بکرێت. واتە لە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠١٩ وەوە هیچ هەواڵێکی رێبەر ئاپۆ نازانرێت. بەراستیش دۆخی ئیمراڵی چییە، دۆخی تەندروستی ئەو هەڤاڵانەی لەگەڵ رێبەر ئاپۆ زیندانین چییە، هیچ هەواڵێک لەبەردەستدا نییە. لە وەها دۆخێدا هەندێک کاربەدەستی ئاکەپە دەڵێن کەی ئۆجالان بیەوێت دەتوانێت چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت. هەندێک لایەنیش پەیدادەبن و دەڵێن ئۆجالان دەتوانێت بنەماڵەکەی ببینێت، بەڵام رێکخراو رێگە نادات. پڕۆپاگەندەی بەو جۆرە دەکەن. لەناو گەلدا ئەو پرۆپاگەندەیە بڵاودەکەنەوە لەناو کورداندا بڵاوی دەکەنەوە. هەندێک لایەن کە دیداریان لەگەڵ ئەنجام دەدەن بەم جۆرە قسەیان لەگەڵ دەکەن ‘ئۆجالان خوازیاری چارەسەریە، بەڵام بزوتنەوەکە چارەسەری ناوێت’. پرۆپاگەندەی بەو جۆرە دەکەن، قسەی بەم جۆرە دەکەن. روونە کە شەڕێکی گەورەی تایبەت لەئارادایە. هەر کە بەم جۆرە تەنگەتاو دەبێت و ناتوانێت باس لەم گۆشەگیرییە هەنوکەییە بکات، ناڕەزایەتی کۆمەڵاتی، ناڕەزایەتی رای گشتی، هەڵوێستی زۆر لایەن لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی، دیموکراتیک، چەپ، سۆسیالیست، ئازادیپارێز و دیموکراتیک، ناڕەزایەتییەکان دەبێتە مایەی زیاتر تەنگەتاوبوونیان. ناتوانن پاساو بۆ ئەو تاوانە بهێننەوە. لەبەر ئەوەی دەوڵەتی تورک لەئێستادا تاوان لە دژی مرۆڤایەتی دەکات، تاوان لە دژی یاسا دەکات. واتە هەم یاسای خۆی و هەمیش یاسای نێونەتەوەیی بە تەواوەتی هەڵگرتووە و کاری پێناکات و پێشێلی کردووە. هەربۆیە هیج پاساوێک هەڵناگرێت. ئێستا ئەو دۆخەی کە لە ئیمراڵی روودەدات لە هەموو روویەکەوە تاوانە لە دژی مرۆڤایەتی. کۆمەڵکوژی یاسایە، کۆمەڵکوژی مرۆڤایەتیە. دۆخێکی بەو جۆرە لە ئارادایە. بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو تاوانە هەوڵ دەدات تێگەیشتنی جیاواز ساز بکات، کاتێک ناتوانێت پاساوی بۆ بهێنتەوە دەست بە درۆکردن دەکات. هەوڵ دەدات دەوروبەر بخەڵەتێنێت، بێگومان ئەوەش دۆخی مەترسیداری دەوڵەتی تورک دەخاتەڕوو.

بەر لە ماوەیەک کۆبوونەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان هەبوو. لەو کۆبوونەوەشدا دۆخی گۆشەگیری، پچڕاندنی تەواوەتی پەیوەندی کەوتبووە بەرباس. زۆر پرسیار بەرەوڕووی شاندی تورکیا کرابوونەوە. نەیانتوانیبوو پاساو بۆ دۆخەکە بهێننەوە، نەیانتوانی بڵێن گۆشەگیری وتیان قەدەغە. ئێستا ئێمە باشتر تێدەگەین، واتە بۆچی سزای دیسپلین دەسەپێندرێن و جێبەجێ دەکرێن؟ ئەو مرۆڤانەی کە هەواڵیان نازانرێت و لە گۆشەگیرییەکی رەهادان، ئایا دەتوانن چ تاوانێکی دیسپلین ئەنجام بدەن؟ ئەمە سیاسەتێکە. ئێستا ناتوانن پاساو بۆ ئەوەش بهێننەوە. ناوەیان ناوە قەدەغە. دەڵێ من سزای دیسپلین جێبەجێ دەکەم، قەدەغەیە، لەبەر ئەوە پارێزەران ناتوانن دیدار ئەنجام بدەن، لەبەر قەدەغە ناتوانێت دیدار ئەنجام بدات. ناتوانێت بڵێت گۆشەگیری، لە بەر ئەوەی تاوان ئەنجام دەدات. دۆخێکی تاوان لە ئارادایە. ئەوەی بە قەدەغە ناوی دەبەن خۆی لە خۆیدا گۆشەگیریە. لەبەر ئەوەی ناتوانێت بە ئاشکرا بیڵێت، بەو جۆرە گوزارشتی لێدەکات.

هەربۆیە ئەوەمان بینی. هەڵمەتی ئازادی رێبەر ئاپۆ ئاستێکی زۆر گرنگی ئافراند. دەوڵەتی تورک ئێستا کەوتووەتە دۆخێکی بەو جۆرە دژوار، بەو جۆرە تەنگەتاو بووە، کە نازانێت تاوانەکەی، تاوان لە دژی مرۆڤایەتی، تاوان لە دژی یاسا پاساوی بۆ بهێنێتەوە. هەوڵ دەدات پەردەپۆشی بکات. درۆ دەکات، هەوڵ دەدات هەموان بخەڵەتێنێت. بێگومان کەسی پێناخەڵەتێندرێت.

مانگی ئەیلول کۆبوونەوەی کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا هەیە. مافی هیوا دەخەنە ڕۆژەڤی خۆیانەوە. نوسینگەی یاسایی سەدە داواکاری زۆر گرنگی دەبێت. پارێزەران لە نوسینەگەی یاسای سەدە قسەکەن و هەڵسەنگاندن دەکەن، لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ دەکەن. دیارە نوسینگەی یاسایی سەدە بە ئامادەکارییەکەی زۆر جدییەوە خۆی بۆ کۆبوونەوەکە ئامادە دەکات. ڕەوشەکە بە شێوەیەکی جدی دەخاتە ڕۆژەڤی خۆیەوە و داخوازی گرنگ دەخەنەڕوو. ئەم داواکاریانە زۆر گرنگە. ئەنجومەنی ئەوروپا هاوبەشی ئەم تاوانەیە. کۆمیتەی وەزیرانی ئەوروپایش هاوبەشی ئەم تاوانەیە. سی پی تی، دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا و دەوڵەتی تورکیش هاوبەشی ئەم تاوانەیە. ئەم سیستەمە، سیستەمی ئیمراڵی، سیستەمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەیە، سیستەمی قڕکاری دروست دەکات. ساڵانێکە لەم شتە دەڕوانن. لە بەرامبەر ئەم سیستەمی ئەشکەنجەیە کە دەوڵەتی تورک بەڕێوەی دەبات لە بێدەنگیدان، دەبنە هاوکاری سیستەمەکە. لە ئاستی ئێستادا ئیدی پێویستە ئەم هێزە هەڵوێستێکی جدی پیشان بدەن. پێویستە چیدی ئەم هێزە نەبێتە هاوبەشی تاوانی قڕکردن، تاوان لە دژی مرۆڤایەتی، تاوانی یاسایی، کۆمەڵکوژی یاسایی. ئەو یاسایی کە خۆیان دایانهێناوە لەناوی دەبەن. پەیمان و یاسا نێونەتەوەییەکان لە لایەن تورکیاوە پێشێل دەکرێت. ئەم تاوانە دەکات؛ بۆیە ئەوانیش خۆی لە خۆیدا بەرپرسیارن. لەسەرووی هەموویەوە ئەنجومەنی ئەورپا، سی پی تی، کۆمیتەی وەزیرانی ئەوروپا، دامەزراوەکانی سەر بە ئەنجومەنی ئەوروپاش بەرپرسیارن. هاوبەشی سەرەکی لەم دۆخەدا ئەنجومەنی ئەوروپایە. پێویستە ئیدی ئەنجومەنی ئەوروپا کۆتایی بەم تاوانەی بهێنێت. نەبێتە هاوبەشی ئەم تاوانە. بەرامبەر بە بابەتەکە هەڵوێستی یاسای، دادپەروەرانە، ئەخلاقی و ویژدانی پیشان بدات. پێویستە هەڵوێست بەرامبەر دەوڵەتی تورک پیشان بدات. ئەمە زۆر گرنگە و دەبێت کۆتایی بەم سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیرییە بهێنرێت. لەم دۆخەی ئێستادا ئیدی پێویستە ئەمە بەکۆتابێت.

لە ڕووی یاسایشەوە بەڕاستی تێکۆشانێکی گرنگ بەڕێوەبرا. گەر دەتوانین گفتوگۆی ئەم بابەتە بکەین بەڕاستی لە سایەی ئەم تێکۆشانەوەیە. بە هەڵمەتی ئازادی نێونەتەوەیی ئەم ئەنجامە بەدەست هاتووە. ئەمە ئەنجامێکی گرنگ و سەنگینە. لەم کۆتاییانەدا ٦٩ کەسی هەڵگری خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئازادی ڕێبەرایەتی، لەبەرامبەر سیستەمی گۆشەگیری و ئەشکەنجی ئیمراڵیدا هەڵوێستیان پیشاندا. بۆ چەندین شوێن، چەندین میکانیزمی بڕیاردان نامەیان نوسی. نامەیان بۆ کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا نوسی. نامەیان بۆ ئەردۆغانیش نارد. بۆ ئەنجومەنی ئەوروپا، بۆ چەندین دامەزراوە، بۆ دامەزراوەی نێونەتەوەیی نامەیان نارد. ئەمە ڕێبازێکی زۆر گرنگە. پێویستە درێژە بە کاری لەم شێوەیە بدەن. ڕێبەر ئاپۆ بەناوی بەها مرۆڤایەتییەکانەوە لەو جێگەیە لە بەرخۆداندایە. لە ئیمراڵی بەرخۆدان دەکات. ماوەی ٢٦ ساڵە لە بەرخۆداندایە. بۆ ئازادی و یەکسانی گەلان بەرخۆدان دەکات. بۆ دیموکراسی بەرخۆدان دەکات. بۆ ئازادی ژن بەرخۆدان دەکات. بۆ ئازادی ناسنامەی هەموو ژێردەستەکان بەرخۆدان دەکات. بۆیە نوێنەرایەتی ویژدانی مرۆڤایەتی دەکات. نوێنەرایەتی بەهاکانی مرۆڤایەتی دەکات. بۆیە لەمڕۆدا هەموو ئەوانەی لە جیهاندا بەدوای ئازادی، یەکسانی، دادپەروەری و حەقیقەتدا دەگەرێن، لە هەموو جێگەیەک گروپ و کۆبوونەوەی کۆمەڵایەتی بەم ئامانجەوە دەجوڵێنەوە و داوای ئازادی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن. بۆیە بەڕاستی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ ئازادی هەموویانە. ئازادی هەموو گەلانە. نەک بە تەنها ئازادی کوردانە، ئازادی مرۆڤایەتییە. پێکهێنانی بەهاکان لە فۆرمێکی ئازاددا، هەبوون و سەنگی بەهاکانە. بۆیە پێویستە ئەم خەباتە بەشێوەیەکی زۆر بەهێزتر بەڕێوەببرێت. یانی دەبێت پارادایمەکانی ڕێبەر ئاپۆ بڵاوبکرێنەوە. ئەمە کارێکی گرنگە. پێویستە ئێمە ئەم کارە بە بەهێزییەوە بەڕێوەبەرین.

بۆ نمونە کۆڵەکە و بناغەی ئەو کارە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەمە، لە ئەوروپا و لە ئاسیا و لەسەراسەری جیهان کەموکوڕی هەیە. بەڵام بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرنگی ئەم کارە لە ئێستادا زۆر زیاتر تەماشا دەکرێت. کۆمەڵگە، گەل، ڕۆشنبیر، هونەرمەند، دیموکراتیک خوازان، تەڤگەرەکانی ژن و گەنجان، دیموکراتیک خوازان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە فکر و تێزەکانی ڕێبەر ئاپۆ بەشێوەی بەهێزتر بخەنە بەرباس. پێویستە فکری ڕێبەر ئاپۆ بگەیەنین بە هەموو کەسێک. پێویستییەکی گەورەمان بەمە هەیە. لەبەرئەوەی ناوەندی شەڕی سێهەمی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بەڕاستی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئازاردایە. یانی لە هەموو جێگەیەک توندوتیژی، شەڕ، کۆمەڵکوژی و قڕکردن هەیە. لە ئێستادا کوردستان بووە بە ناوەندی قڕکردن. دەوڵەتی تورک سیاسەتێکی قڕکردنی مەترسیدار بەڕێوەدەبات. بە دەیان هەزار فەلەستینی لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژراون. قڕکردن دەسەپێنرێت و ئەم شەڕی سێهەمی جیهانییە لە کوردستان، فەلەستین و تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاو دەبێتەوە. دەوڵەتی تورکیش بۆ بڵاوکردنەوە و تەشەنەکردنی ئەم شەڕە ئەوەی لەدەستی بێت دەیکات.

بە هەمان شێوە ئیسرائیل بە سیاسەتە قڕکارییەکانی ئێستای ئەم شەڕە قووڵتر دەکاتەوە. بۆیە پڕۆژەکانی ڕێبەر ئاپۆ، پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک، پڕۆژەی سیستەمی کۆنفیدراڵی دیموکراتیکی، بەڕاستی سەرەتاییترین پڕۆژەی چارەسەری هەموو ئەم کێشانەن کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەزموون کراون. لەگەڵ ئاشنابوونی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەو بیرۆکانە، لەگەڵ ئاشنابوونی ڕۆشنبیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەندین بازنە، چەندین توێژ، چەندین تاک و بزووتنەوەی ناوچەکە بە دوای ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری و دیموکراسیدا دەگەڕێن بەو بیرۆکانە ئاشنا دەبن، پێموایە بزووتنەوەی دیموکراسی زۆر بەهێز و دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرهەڵدەدات خەباتەکە گەشە دەکات.

کورد نزیکەی٥٠ ساڵە پێشەنگایەتی ئەم کارە دەکات. تەڤگەری ئازادی کوردستان پێشەنگایەی ئەمە دەکات. لەم بابەتەدا تێگەشتنێکی جدی، ڕۆشنگەری و گۆڕانکارییەکی یەکلایکەرەوە هەیە.

گەر ئێمە ئەمە بەشێوەیەکی بەهێز بکەین و پارادایمەکانی رێبەرایەتی لە هەرێمەکە بڵاوببێتەوە، ئەوکاتە شۆڕشی دیموکراتیکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نزیکتر دەبێتەوە و کۆتایی بەم شەڕە دێت. بەم هۆکارە پێویستە کۆڵەکە و بناغەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەڵمەتەکە بەهێزبکەین. هەروەها تەڤگەری ژن، پێویستە بە ڕۆڵێکی زۆر بەهێز هەستێت. بێگومان تاوەکو ئێستا ژنان لە ئاستێکی گرنگدا پێشەنگایەتیان لە هەڵمەتەکە کردووە، گەنجانیش پێشەنگایەتییان کردووە. بە تایبەتی لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕا. لە ناساندن و ڕاگەیاندی پارادایمی ڕێبەر ئاپۆدا بە تایبەت لە ڕێگەی ژنۆلۆژییەوە تەڤگەری ژن لەم بابەتەدا ڕەنجی دا، هەوڵی دا، تێکۆشا. دەبینین ئەو بیرۆکانەی کە ڕێبەر ئاپۆ سەبارەت بە ژن، کێشەی ژنان، کێشە و داواکاری ئازادیی ژنان پەرەی پێداوە، گەورەترین کاریگەری لەسەر جیهانی ئەمڕۆ دروست کردووە. تێکۆشانی لەم بابەتەدایە.

لە مێژووی مرۆڤایەتیدا زۆر لە بزووتنەوە وپێشەنگەکانی ژنان سەریان هەڵدا و بیرۆکە و تیۆرییان خوڵقاند و بۆ ئازادیی ژن تێکۆشانیان کرد. رێبەرە جیاوازەکانی سۆسیالیست بابەتی زۆر گرنگیان چەسپاند، هەڵسەنگاندنیان بۆ کرد و بیرۆکەیان لەسەر پرسی ژن خوڵقاند. بەڵام هیچیان هێندەی ڕێبەر ئاپۆ بە قووڵی سەرنجیان لەسەر ئازادیی ژن دانەناوە و نەچوونەتە قوڵایی، بیر، تیۆری و ئایدۆلۆژییەوە و فەلسەفەی نەخوڵقاند و هێزی بۆ جێبەجێ کردنی دانەمەرزاند. ئەمە ڕاستییەکە. بۆیە ئەگەر بتوانین ئەو بیر و کار و هەوڵ و تێکۆشانەی ڕێبەرایەتی کە بۆ ئازادیی ژن بەرهەمی هێناوە هێندەی تر بگەیەنینە ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، من پێم وایە دە هێندەی زیاتر ژنان خاوەنداری لە ئازادی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن.

هێزێکی بەتواناتری ژنان بەشداری ئەم تێکۆشانە دەکەن. ئازادی کورد لەگەڵ بزووتنەوەی ژنان پێشەنگایەتی ئەم تێکۆشانە دەکات. بۆیە لەم ئاستەدا پێویستە درێژە بە تێکۆشانێکی بەهێزتر بدەین.

ئەگەر بەم شێوەیە بتوانین تێکۆشانێکی فرەلایەنە ئەنجام بدەین، ئەگەر بتوانین پارادایم، تێکۆشانی کۆمەڵایەتی، بە تایبەت لەگەڵ تێکۆشانی بزووتنەوەی ژنان و تێکۆشانی یاسایی بڵاو بکەینەوە، ئەوا دەتوانین مەرجی تەندروستی و سەلامەتی ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ لە ماوەیەکی کورتدا بە هەڵمەتی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بخوڵقێنین. ئاستی ئێستای هەڵمەتەکە وا دەکات ئەم ئەنجامانە ببێتە هەواڵێکی دڵخۆشکەر بۆ ئێمە هەموومان. لە هەموو ڕوویکەوە سەرکەوتن ئەنجامێکی گرنگ بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

‘گەریلا دووەم و گەورەترین سوپای ناتۆ لە ڕەگ و ڕیشەی خۆی هەڵدەکەنێت’

ئێمە لە ٤٠ـەمین ساڵەی هەڵمەتی ١٥ی ئابداین. جێگای ئەم هەڵمەتە مێژووییە لە تێکۆشاندا دیارە. لەسەر ئەم هەڵمەتە مێژووییە دەتوانن چی بڵێن؟

بە بۆنەی هەڵمەتی ١٥ی ئابەوە پیرۆزبایی لە گەلەکەمان دەکەم. هەڤاڵ عەگید، مەعسوم کۆرکماز فەرماندەی ئەفسانەیی گەلەکەمان بە ڕێز و خۆشەویستی و پێزانینەوە بەبیر دێنمەوە.

لە ١٥ی ئابەوە تا ئێستا زیاتر لە ٥٠ هەزار شەهیدمان لەم تێکۆشانەدا بەخشیوە. هەموو شەهیدانی ئازادی و شۆڕش بە ڕێز و عەشق و پێزانینەوە بەبیر دێنمەوە. ئەو بەڵێنەی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی شەهیدان داومانە دووبارەی دەکەمەوە.

لە مانگی ئابدا زۆر شەهیدی هێژامان داوە. ئاتاکان ماهیر، زەکی شەنگالی، ئەنگین سینجەر، ئەرداڵ، ساری ئیبراهیم، ​​عەزیمە. هەوەها زۆر هەڤاڵی هێژای دیکەمان شەهید بوون. هەڤاڵان هەرەکۆڵ ئەکین لە باکووری کوردستان، هەروەها بەشێکی زۆر لە هەڤاڵانمان لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا شەهید بوون وەک فرات، باهۆز، سەما، ڕۆناهی، دڵگەش، هەروەها لەم ماوەیەی دواییدا، هەم لە باکوور و هەم لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا، بە تایبەت لە زاپ و مەتینا، زۆر شەهیدی دیکەمان داوە.

بەڕاستی هەڵمەتی ١٥ی ئاب بۆ گەلی کورد، بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ ژنان مانایەکی زۆر گرنگی هەیە.

هەڵمەتی ١٥ی ئاب نابێ تەنیا وەک تێکۆشانێکی گەریلایی، چالاکییەکی چەکداری گەلێک، شەڕی بەرگری گەلی کورد سەیر بکرێت، یان وەک چالاکییەکی سەربازی نابێ سەیر بکرێت. بۆ ئێمە هەنگاوی ١٥ی ئاب لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاوێکی ڕۆشنگەرنەیە. بە هەڵمەتی ١٥ی ئاب شۆڕشێکی گەورەی بیرکردنەوە و ڕامان لە کوردستان دەستی پێکرد، شۆڕشێکی گەورەی گەل بوو، هاوکات شۆڕشی گەورەی ژنان بوو.

لە ڕاستیدا ئەو بێ متمانەیی، بێباکی، ڕەشبینی و بێ ئومێدییەی کە دوژمن لە کۆمەڵگای کوردستاندا دروستی کردبوو، لەناوچوو. کۆمەڵگای کوردی دیسان بۆ بەدەست هێنانی ئازادی بەرخۆدانی کرد، بەئاگا هاتەوە، هۆشیار بوویەوە، جەوهەر و حەقیقەتی خۆی دیسان دۆزییەوە، ورەی پەیدا کرد، ئیرادەی بەدەست هێنا و خۆی بەڕێکخستن کرد. کە خۆی بەڕێکخستن کرد، تێکۆشانی دەست پێکرد، کە تێکۆشانی کرد بوێرتر بووەو، هیوا و بڕوای بە ئازادی زیاتر گەشەی کرد.

ئەمەش بە دڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش هەبوو. ئەوەها دەیبینین ئەمڕۆ پێشەنگایەتی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشەنگایەتی شۆڕشی دیموکراتیک دەکات. ئەمەش واتە شۆڕش لەناو شۆڕشدا.

لە ڕاستیدا هەنگاوی ١٥ی ئاب لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زەمینەیەکی بەهێزی لە هەموو لایەکەوە لە ڕووی چاکسازی و ڕێنێسانس و رۆشنگەرییەی خوڵقاند. ئەو زەمینەی دروست کرد و واقیعێکی زۆر بەهێزی بۆ ئەوە خوڵقاند. واقیعی کۆمەڵگا و واقیعی ڕووناکبیرانی خوڵقاند. هەروەها ڕاستی شۆڕشگێڕیی و جەنگاوەری خوڵقاند.

هەڵمەتی ١٥ی ئاب واتا و قووڵی خۆی هەیە. سوپای ژنان، بە دڵنیاییەوە لە ناو سوپای ئەم گەلەدا پەرەی سەند. هەڤاڵ بێریتان بوو بە ناسنامە و کەسایەتی سوپای ژنان.

هەروەک چۆن هەڤاڵ عەگید بوو بە ناسنامە و شوناسی سوپای گەل، هەڤاڵان گوڵناز کاراتاش، بێریتان، زیلانیش هێڵی بەرخۆدان و کەسایەتی و شوناسی سوپای ژنانن، ئەوان گەریلای ژنیان خوڵقاند. بۆیە سوپایەکی کلاسیک نییە. سوپای گەریلا لە کوردستان بە ژن و پیاو و سوپای گەل و سوپای ژنان، ڕێکخستنێکی ئایدیۆلۆژی، فەلسەفی، بەڕێکخستنی، بە ئیرادە و زانا و خاوەن کەسایەتییەکی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕە.

ئەم تێکۆشانە گۆڕا بۆ تێکۆشانی پێشەنگایەتی گەل. لەم تێکۆشانەدا سیاسەتی دێموکراتیک بەرهەم هات. لە ناو ئەو تێکۆشانەدا، تێکۆشانی دیموکراتیک و زۆر لایەنی ئایدیۆلۆژی دامەزران و بە ناوی گەلەکەمانەوە بوو بە پاڵپشت.

باسی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوا دەکرێن. باس لە دەستکەوتە بەنرخەکانی باکوور دەکرێت. هەروەها باسی زانا بوون و ڕاستی گەڵێکی بەڕێکخستن کراو لە باشوور و ڕۆژهەڵات دەکرێت.

هەموو ئەم دەستکەوتانە لە سایەی ئەم تێکۆشانەوە بەدەست هاتووە. کۆمەڵگایەکی تێگەیشتوو، بە ئیرادە، بەڕێکخستنی، میراتێکی زۆر بەهێزی ئازادی بەرهەم هێناوە و بە دڵنیاییەوە بەهایەکی زۆری خوڵقاندووە.

بێگومان لە لایەنی سەربازی و بارودۆخی خۆپارێزییەوە زۆر گرنگە. لەسەرووی ئەوەشەوە پێشکەوتن لە دایک بوو. ئێستاش گەلەکەمان و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتی پێویستیان بەم تێکۆشانە مەزنەیە.

واتە لە شوێنێکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە جەنگی جیهانی سێیەم لە ئارادایە، خوێنی مرۆڤەکان دەڕژێت، مرۆڤەکان ئازار دەچێژن، کۆمەڵگا پێویستی بە پاراستن و هێزی بەڕێکخستنیە، لە سەردەمێکی وەهادا تێکۆشانی گەریلا، پاراستنی ڕەوا، خۆپاراستن زۆر گرنگە، ئێستا دۆخێکی بەم شێوە هەیە. بە تایبەت لە جوگرافیایەکدا کە تورکیا هێرشی جینۆسایدی بەربڵاو ئەنجام دەدات، پاراستنی ڕەوا و بەرگری نەبێت نابێت.

ئەمە پێویستییەکە. بۆیە لەسەر هێڵی مەعسوم کۆرکماز و بێریتان، هەڤاڵانی ژن و پیاو، سوپای گەلەکەمان، سوپای ژنانمان خۆیان نوێ کردووەتەوە. بەپێی خواستی ئەم سەردەمە، بەپێی ڕاستیەکان، بەپێی چەمکی شارستانیەتی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، خۆیان سەر لەنوێ بنیات ناوە و ئاستێکی گرنگی تێکۆشان و پاراستنی ڕەوایان خوڵقاندووە.

چ لە ڕووی تاکتیک و هەم لە ڕووی تەکنەلۆژیاوە، سوپای تورکیا دووەم ‌هێزی سوپای ناتۆیە. سوپای گەریلا، سوپای گەل، سوپای ژنان ئەمڕۆ ڕەگ و ڕیشەی ئەم دووەم و گەورەترین سوپایەی ناتۆیە هەڵدەکەنێنن. پارچە بوونی تێکەوتووە، زیانێکی زۆری پێگەیشتووە. لە ڕاستیدا ٤ ساڵە لە ٢٠١٩ وە ٤-٥ ساڵە بە هەموو جۆرە تەکنیکێک هێرش دەکاتە سەرمان. دەسەڵاتی خۆی بە هەموو شێوە و ڕێبازێک بەکاردەهێنێت، هەموو شێوازێکی دڕندانە دەگرێتەبەر. لە چەکی کیمیاییەوە تا هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراو، بەڵام ناتوانێت ئەنجام وەربگرێت. ئێستا گەریلا بە پێی راستی ئەم سەردەمە خۆیان مۆدێرن و پێشخستووە، بە چەمکی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک خۆیان بەرێکخستن کردووە، تاکتیک، چەمک و میتۆدی نوێیان خوڵقاندووە، لە ڕوانگەی تەکنۆلۆژییەوە خۆیان بەهێز کردووە و بەرەو پێشەوە دەچێت. لە ساڵی داهاتوودا تەنانەت لە باکوری کوردستانیش کاریگەری ئەم پێشکەوتنانە بە جددیی هەست پێدەکرێت.

من لەو باوەڕەدام کە گەریلا بە تێگەیشتن و میتۆدی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک خۆی سەر لەنوێ بنیات ناوەتەوە، ئەم تێکۆشانە، تێکۆشانێکی ڕەوایە و بەهێزەوە بەردەوام دەبێت.

هێرشە داگیرکەرییەکان: پەدەکە باشور دەفرۆشێت

لە باشوری کوردستان بە بەشداربوونی عێراق، شەر گواسترایەوە بۆ قۆناغێکی نوێ. لەسەر ئاستی ئەم شەڕە و دۆخی دوایی لە بەرەی گەریلا ئێوە چی دەڵێن؟

من ئەو هاوڕێیانەمان بە رێز، خۆشەویستی و پێزانینەوە یاددەکەمەوە کە لەماوەی رابردوودا لە زاپ و مەتینا شەهیدبوون. هەروەها سڵاو و خۆشەویستی خۆم ئاراستەی هەموو هاوڕێیانی خۆڕاگر، هێزەکانی یەژاستار و هەپەگە دەکەم. بە راستیش بە بۆنەی ١٥ی ئابەوە لەم ماوەیەی دواییدا شەپۆلێکی چالاکی زۆر بەهێز هاتنە ئاراوە. هەر بەو بۆنەوە پیرۆزبایی لە شەڕڤانان و فەرماندەکانی یەژاستار و هەپەگە دەکەم.

بەڕاستیش بەرخودانی بێوچان هەیە. هاوڕێیانی فیداییمان خۆڕاگری دەکەن، تێدەکۆشن. چالاکی بەهێز ئەنجام دەدەن و بەو جۆرە دەکەن کە ئەو شوێنەی سوپای تورک، سوپای داگیرکەر دەچێتە ئەو شوێنە، هەر لەو شوێنە دەچەقێت و دەگاتە بنبەست.

لە دۆخێکی شڵەژانی دەرونیدا دەژی. لە دۆخی هەنوکەییدا پەدەکەی خستەژێر رکێفەوە. هەروەها لە عێراقیش پشتیوانی وەرگرت. لە رێگەی ئەوەوە هەوڵیدا گەریلا پاکتاو بکات و باشوری کوردستان بە تەواوەتی داگیر بکات و بیلکێنێت بەخۆیەوە. دەوڵەتی تورک لەو پێناوەدا هەموو هێزی خۆی خستووەتەگەڕ. بەڵام ئەنجام بەدەستناهێنێت. لە هەموو شوێنێک گورزی گەورەی بەردەکەوێت. ئەو گورزانەشی بەری دەکەوێت لە کۆمەڵگە دەشارێتەوە. ئەوە بە شێوەی جیاجیا دەبینرێت. ئەوەش لە رای گشتیدا دەبینرێت. بەڵام بە وریاییەوە هەوڵ دەدات زیانە گیانیەکانی و ئەو گورزانە بشارێتەوە. ئێستا دەوڵەتی تورک سیاسەتی قڕکردن پەیڕەو دەکات. بەشێکی لەو سیاسەتەی قڕکردنیش لە باشوری کوردستانە. ئێستا لە باشوری کوردستان سیاسەتی قڕکردنی کوردان بەڕێوەدەبات. سیاسەتی داگیرکەری و لکاندنە. بەڕێوەبەری باشوریش خۆی لە خۆیدا لەناو خیانەتدایە، بەتایبەتیش پەدەکە. لەم کۆنسێپتەدا بەشێوەی هاوکاری بەشدارە و جێبەجێی دەکات. بەڵام هەندێک لایەن هەنرچەندە لەو پرسەشدا نەبن، وەک پێویست لەو راستیە تێناگەن. ئەو راستیە نابینین. دەبێت گەلەکەمان، رێکخراوەکانی دیکە لە باشور، یەنەکە، گۆران، رێکخراوە ئیسلامیەکان، زۆر لایەنی دیکە، کۆمەڵگە و عەشیرەتەکان جگە لە پەدەکە، ئەو راستیە ببینن؛ دەوڵەتی تورک ئێستا لە باشوریش سیاسەتی قڕکردن بەڕێوەدەبات. لە باشور سیاسەتی داگیرکەری و لکاندن بەڕێوەدەچێت. سیاسەتی میسقی میللی جێبەجێ دەکرێت. لەسەر عێراق سیاسەتی هەژمونگەرایی، ئیمپریاڵیستی بەرێوەدەبرێت. واتە ئەو راستیە پێویستە لەلایەن گەلی باشوری کوردستان، لەلایەن گەلەکەمانەوە، لەلایەن کۆمەڵگەی عێراقەوە، لەلایەن رۆشنبیرانەوە بە باشی بزانرێت و درکی پێبکرێت.

ئێستا دەبینن لە باشوری کوردستان، بەردەوام جوگرافیای بەهدینان دەسوتێنن. هەموو شوێنێک لەلایەن سوپای تورکەوە دەسوتێندرێت. ئاگری لە هەموو دارستانەکان بەردا، رەز، دێبەر و کێڵگەی گەل سوتێندرا. کوردستان بێ پسانەوە دەسوتێندرێت. هەموو گوندەکانیان بۆردومان کرد. واتە بە سەدان گوند جۆڵکران. باسی ٦٠٠-٧٠٠ گوند دەکرێت. واتە ئامانج لە باشوری کوردستان چۆڵکردنی ٦٠٠-٧٠٠ گوندە. واتە هەوڵ دەدات گوندەکان بە تەواوەتی بسوتێنێت. لە ساڵانی ٩٣-٩٤دا لە باکوری کوردستان زیاتر لە ٤ هەزار گوند سوتێندران و وێرانکران. ئێستاش هەمان شت لە باشوری کوردستان دەکەن. گوندەکان بۆردومان دەکرێن. گوندەکان بە فرۆکەی شەڕ بۆردموان دەکرێن. رەز و باخی گەل دەسوتێندرێن و بۆردومان دەکرێن. مەگەر لەوێ گەریلای لێیە؟ خۆی لە خۆیدا گەل دەڵێن، ماڵەکانمان، گوندەکانمان، رەزەکانمان، باخچەکانمان دەسوتێندرێن. لەوێ پەکەکە و گەریلای لێنییە. ئەم دەوڵەتە دوژمنی کوردانە. ئەم دەوڵەتە دوژمنایەتی لەگەڵ جوگرافیای کورداندا دەکات. دوژمنایەتی دار، ئاژەڵ و مێرووەکانی کوردستاندا دەکات. دوژمنی گۆڕی کوردەکانیشە. لەسەر گۆڕستانەکانیش قەرەقۆڵ و بنکەی سەربازی دروست دەکات. بە وتەیەکی دیکە مێژوو لەناودەبرێت. جوگرافیا لەناودەبرێت. یادگەی گەل، یادەوەری ئەوان لەناودەبرێت. ئەوە کۆمەڵکوژییە. ئەوەی ئیسرائیل دەیکات ئەویش دەیکات. سەد ساڵە لەوە خراپتر دەکات. ماوەی دە ساڵە ئاکەپە-مەهەپە، ئەرگەنەکۆن و رژێمی فاشیست ژەوە خراپتر دەکەن. ئێستا لەباشوری کوردستانیش ئەوە دەکات و پەدەکەش لەوەدا رۆڵ دەگێڕێت. بۆ نمونە لە راگەیاندنەکانی پەدەکە بڕوانن. کوردستان دەسوتێندرێت و وێران دەکرێت. بەڵام راگەیاندنەکانی پەدەکە خولەکێکیش هەواڵ لەسەر ئەوە ساز ناکەن. ئەوە بەلای ئەوانەوە بەهای هەواڵیشی نییە. کوردستان داگیردەکرێت، دەلکێندرێت، دەسوتێندرێت و وێران دەکرێت. یەک خولەک هەواڵی لەسەر دروست نەکرا. قسەکانی ئەردۆغان لە راگەیاندنی پەدەکەدا یەکەم هەواڵە. قسەکانی وەزیرەکانی ئەردۆغان وەک یەکەم هەواڵ دادەنرێن. لێدوانەکانی ئاکەپە-مەهەپە و دەوڵەت باخچەلی کە تینون بە خوێنی کورد، لە میدیای پەدەکەدا یەکەم هەواڵن. کوردستان وێران دەکرێت و دەسوتێندرێت. بەسیستماتیک جینۆساید ئەنجام دەدرێت. تاکە یەک هەواڵیش نییە، هەواڵێکی لەو جۆرە بەهای نییە و کاتێک خەڵک قسە دەکەن دەنگی گەل دەبرن. چاوی بەسەردا دەنوقێنن. بۆ نمونە بەورادەیە سووک بوون و بەو رادەیە بێشکۆبوون دەبێت؟ خیانەتیس تائاستێکە، خیانەتێک لەو ئاستەدا نەبینراوە. بەراستیش مرۆڤ نازانێت چۆن لەوە تێبگات.

بۆ وێنە، زۆر لایەنیش قسەیان لەسەر کرد… چۆن دەکرێت لە باشوری کوردستان تا کۆتایی بەم جۆرە بسوتێندرێت و وێران بکرێت، کەس ناتوانێت واتایەک بۆ ئەوە بدۆزێتەوە، بەڵام ئەوەی دەمەوێت بیڵێم، کاتێک بکەوێت بە تەواوەتی دەکەوێت. واتە کاتێک بوویتە خائین، تەواو دەبێت. مەگەر خیانەت سنوری هەیە؟ خیانەت هیج سنوورێکی نییە. ئەو قڕکردنەی کە ئێستا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە باشوری کوردستان دەکرێت، لە سیاسەتی داگیرکەری و لکاندندا دەبینرێت. رێککەوتنەکانیش بەو جۆرەن. باشوری کوردستان پێشکەش بە دەوڵەتی تورک کراوە واتە فرۆشراوە. کاربەدەستانی دەوڵەتی تورک، کاربەدەستانی رژێمی ئاکەپە-مەهەپە بەردەوام باس لە ٤٠-٤٥ کیلۆمەتر دەکەن. دەڵێن ٤٠-٤٥ کیلۆمەتر، دەڵێن پەدەکە و عێراق فرۆشتوویانە بە ئێمە. ئەوە بۆ ئێمەیە. دەڵێن ئێمە لەوێ هەرێمی دابڕاو ساز دەکەین. ئێمە لەوێ جێگیر دەبین، دەیلکێنین. هەموو رۆژێک لە تەلەفزیۆندا بە روونی دەیڵێن. بەڵام لە کردەوە مەیدانییەکان، ئاستی هێرشەکان و رووداوەکانەوە درکی پێدەکرێت کە ئەوە ٤٠-٤٥ کیلۆمەتر نییە. بۆ نمونە هەندێک زانیاریمان پێگەیشتبوو. کردەوەکان و رەوتی پێشهاتەکان ئەو زانیاریانە پشتڕاست دەکاتەوە. لە راستیدا هەرێمێکی زیاتر لە موسڵیان بە دەوڵەتی تورک فرۆشتووە. هەندێک لایەن ئەو راستیە دەڵێن. هەندێک زانیاریش لەبارەی ئەو بابەتەوە بەردەستن. بەڵام کردەوەکانی ئێستا ئەو زانیاریانە پشتڕاست دەکەنەوە. واتە لە موسڵ زیاتر بە دەوڵەتی تورک پێشکەشکراوە و فرۆشراوە. هەڵبەتە چەندە لە موسڵ زیاتر ئەوە بابەتێکی دیکەیە. دوای ئەوەی ئەو ناوچانە داگیردەکات، خۆی لە خۆیدا موسڵ و کەرکوک دەگرێت. لەبەر ئەوەی ستراتیژەکە ئەمەیە، ستراتیژیەکە بە دڵنیاییەوە میساق-میللییە. ئامانجەکە داگیرکردن و لکاندنی تەواوی باشوری کوردستانە بە موسڵ و کەرکوکیشەوە. ئەمەش بۆ سەپاندنی هەژموونییەتی بەسەر عێراقەوە. بۆ سەپاندنی هەژموونی سیاسی، ئابوری و سەربازییە. بە دەربڕینێکی دیکە، ئامانج ئەوەیە کە تەواوی عێراق بخاتە لەپی دەستیەوە. بۆ نمونە ئێمە لەبارەی ئەو ‘رێگەی گەشەپێدان’ەوە وتمان، ئەوە پرۆژەی رێگەی داگیرکەرییە. ئێستا ئەو قسانەمان پشتڕاست دەبنەوە. بە پاساوی ئەو رێگەیە، لە هەموو شوێنێک هێزی سەربازی رێکدەخات. هێز رەوانەی هەموو شوێنێک دەکات. لە هەموو شوێنێک هەواڵگری رێکدەخات. هەموو شوێنێک داگیردەکات. داگیرکەری لە هەموو شوێنێک بڵاودەکاتەوە و رەوایەتی پێدەدات. کەس دەنگی لێوەنایات. ئێستا پلانی ١٥ی ئابیان داناوە یاخود بە ئەگەرێکی گەورە پلانی دوای ئەوەیان داناوە. شاندێک لە عێراقەوە دەچێتە تورکیا. دیدار ئەنجام دەدەن. لەئێستاوە دیارە سات و سەودای نوێ دەکەن، لەماوەیەکی نزیکدا ئەوە هەڵدەسەنگێنین. عێراق بڕیاریدا بە داخستنی سێ پارتی سیاسی. ئێستاش لە هەموو شوێنێک هێزەکانی پاسەوانی سنوری خستووەتە ئامادەباشییەوە. لەناو جموجۆڵی زۆر ئاژاوەگێریدا دەجوڵێنەوە. هێرشەکانیان زیاد کردووە، دوای هەموو ئەوانە شاندەکە دەچنە تورکیا. ئەوان لە تورکیا سات و سەودای نوێ دەکەن. دەڵێت من ئەوەم کردووە و داوای شتێک لە تورکیا دەکات. شتی دیکە دەکات. بە شێوەیەکی کراوە ئەوە دەبینرێت، شتی لەو جۆرە چەپەڵ، زۆر قێزەون دەکرێت و سات و سەودا لەسەر بەهاکانی کوردان دەکرێت، لەسەر خوێن و ژیانی کوردان دەکرێت. کوردەکان لەپێناو بەرژەوەندی سیاسی و ئابوریی چەپەڵ قوربانی دەکرێن. دەیانەوێت ئایندەی گەلی کورد تاریک بکەن. دەیانەوێت بەهای گەلی کورد کە لە ئەنجامی تێکۆشانی ٥٠ ساڵەدا بەدەستهێنراوە، لەناو ببەن و دەیانەوێت سیاسەتی قڕکردن، لکاندن و داگیرکەری بگەیەننە ئەنجام. پلانێکی چەپەڵی بەو جۆرە بەڕێوەدەبەن. هەربۆیە روونە کە عێراق لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی چەپەڵی سیاسی و ئابوری لەو چەشنە لەگەڵ تورکیا لەناو سات و سەودای قێزەوندایە. راستیەکی بەو جۆرە دەبینرێت، حکومەتی ئێستای عێراق بەو جۆرە دەڕوانێت. دەبێت ئێستا بەراستی کۆمەڵگای کورد لەسەر ئەو بابەتە وشیاربێت.

ناڕەزایەتیەکان لاوازن، دەبێت قیامەت هەڵسێندرێت

بۆ نمونە لە باشوور ناڕەزایەتی لاوازن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە سەر باشور سیاسەتی قڕکردن، داگیرکەر و لکاندن جێبەجێ دەکرێت. پێویستە گەلەکەمان قیامەت هەڵسێنێت. ئەوەی ئێستا دەکرێت ئەنفالە. واتە ئەو هێرشانەی دەکرێن درێژکراوەیە کۆمەڵکوژی هەڵەبجەیە. ئەوەی سەدام لە باشور کردوویەتی ئێستا ئەردۆغان-باخچەلی دەیکەن. وەک چۆن گەلەکەمان لە دژی هەڵەبجە و ئەنفال هەڵوێستی نیشاندا، دەبێت لە دژی هەڵەبجە و ئەنفال کە ئەردۆغان و باخچەلی ئەنجامی دەدەن، هەمان هەڵوێستیان هەبێت. هەمان شتە، درێژکراوەی ئەوەیە. لەو رووەوە رێکخراوە سیاسیەکان، گوشار لە گەل دەکەن، پەدەکە بە تایبەتی گوشار دەکات، ئەوانەی خۆڕاگری دەکەن و ناڕەزایەتی دەردەبڕن لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەکوژرێن، یاخود خۆیان دەیکوژن. بەو رێگە و رێبازانە شەڕی تایبەت بەرێوەدەبەن. پرسی ئایندە، هەبوون و ئازادی گەلەکەمان لەئارادایە.

دەبێت گەلەکەمان سەر بۆ گوشاری لەو چەشنە نەوی نەکات. کەسانی زانا، دنیادیدەن، دەخوێننەوە، درک بە سیاسەتی هەنوکەیی دەکەن، ئاست، ناوەرۆک و چوارچێوەکە درک پێدەکەن، دەبێت بە شێویەەکی بەهێز ناڕەزایەتی دەرببڕن. دەبێت هەڵوێستیان هەبێت.

لەم واتایەدا بە راستیش سیاسەتێکی مەترسیدار لەسەر باسور پەیڕەو دەکرێت. واتە بابەتەکە پەکەکە یاخود شتێکی دیکە نییە. بابەتەکە ئەوەیە کە قەوارەی باشور بە تەواوەتی لەناوببرێت. لەباشور قڕکردن ئەنجامدراوە. لە باشور داگیرکردن و لکاندن هەیە. تواندنەوەی کولتوری هەیە. واتە تەنیا لە رێگەی بەکارهێنانی زمانی کوردییەوە ناتوانن بەر بە تواندنەوەی کولتوری بگرن. بەراستیش ئێستا کولتوری کورد و بەهاکانی لەناودەبرێن. بێهەڵوێستییەکی بەو جۆرە، بێدەنگیەکی بەو جۆرە و بێهەستیەکی بەو جۆرە چۆن دەکرێت شرۆڤە بکرێت! ئایا ئەو هەڵوێستە، هەڵوێستی کۆمەڵگەی خاوەن هەست و کاردانەوەی وڵاتپارێزییە؟ بەو جۆرە نابێت. ئایا دەبێت هەڵوێستی رووناکبیران لە باشور ئەوە بێت؟ بەدڵنیاییەوە بەجۆرە نابێت. ئایا دەبێت هەڵوێستی پارتە سیاسیەکان کە خۆیان بە وڵاتپارێز دادەنێن بەم جۆرەبێت؟ نابێت. بێدەنگی بە واتای هاوکاریکردنی ئەم سیاسەتەی قڕکردن، داگیرکەری و لکاندنە. ئەوە مایەی قەبوڵکردن نییە و نابێت قەبوڵ بکرێت. لەسەر ئەو بنەمایە دەبێت گەلەکەمان مامەڵەیەکی زۆر بەهێز نیشان بدات.

دەبێت رۆشنبیران لە کوردستان، باشوری کوردستان و عێراق و ناڕەزایەتییەکانیان بە شێوەی بەهێز نیشان بدەن. لەو بابەتەدا دەبێت گەلەکەشمان خاوەنداری لەوە بکەن. دەبێت بەهاکانیان، هەبوون و ئازادییان بپارێزن. پێویستە لە بەرامبەر ئەوەدا هەڵوێستێکی بەهیز نیشان بدەن.

هەڵوێستی عێراق : ئایا هیچ کەسایەتی وهەڵوێستێکی نییە؟

به م دواییانه عێراق سێ لایەنی سیاسی داخست یەکێک لەو پارتانە پارتی ئێزدییەکانی شەنگال بوو. ئەو کارە هاوکات بوو لەگەڵ دەیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی شەنگال له مەودوا هەڵوێست و ڕوانگەی عێراق روون دەبێتەوە ئەم کێشانە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ئێمه به توندی و به تووڕەییەوە ئەم هەڵوێستەی عێراق شەرمەزار دەکەین. ئێستا پارتی ئازادی و دێموکراتیکی ئێزیدییەکان چ زیانێکی بە عێراق گەیاندووە با عێراق ڕوونی بکاتەوە با ئەمە بۆ ئێزدییەکان ڕوون ببێتەوە. عێراق ئەم پارتە چۆن دادەخات ئەم پارتە حزبێکە بۆ داکۆکیکردن لە بوون و ئازادی ئێزدییەکان لەدوای حەفتا و چوارەمین فەرمان، خەریکی سیاسەت و کاری دیپلۆماسی بووە و دەنگی ئێزدییەکان بە جیهان دەگەیەنێت داکۆکی لە ماف و ئازادییەکانی ئێزدییەکان دەکات. ئەو لەسەر ٧٤ەمین فەرمان کە بە سەریاندا هێنراوە ڕاستیەکان بۆ جیهان دەگوازێتەوە، ئەو کۆمەڵکوژییەی کە داعش بەسەریاندا هێنای دەگەیەنێتە گوێی جیهان و بۆ ئازادی و مافەکانی ئێزیدییەکان تێکۆشان دەکات و داوای پشتیوانی لە هەمووان دەکات.

حزبێکی وەها چ زیانێک به عێراق دەگەیەنێت بۆچی عێراق ئەم پارتە دادەخات؟ نوێنەرانی ئێزیدی و هاوسەرۆکانی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال لێکدانەوەیان بۆ دۆخەکە کرد. وتیان ئەمە درێژەپێدەری فەرمانەکەیە. گوتیان عێراق هاوکارە لەو بڕیارەدا. بە واتایەکی تر، ئەو لەگەڵ بەردەوامی ئەم بڕیارەدایە. ئەمە هەڵسەنگاندنێکی زۆر جددییە. بەڵام هاوکات ئاماژەی بە هەندێک ڕاستی کرد. بە واتایەکی تر داعش بە تەنیا هێرشی نەکردە سەر شەنگال. لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ داعش هێزێکی هاوپەیمانی ئاکەپە بوو. ئەردۆغان و ئاکەپە پشتیوانییەکی زۆریان لە داعش دەکرد. ئەم پشتگیرییە تا ئەمڕۆش بەردەوامە. لە ڕاستیدا، داعش بە هاندانی ئاکەپە و ئەردۆغان هێرشی کردە سەر شەنگال. بۆیە ئەردۆغانیش ڕۆڵی هەبووە لە کۆمەڵکوژییەکەی شەنگال ئەو تاوانبارە. ئێستاش لە ئەنجامی سەپاندن و گوشارەکانی تورکیا، ئەردۆغان و باخچەلی، ئاکەپە و ئەرگەنەکۆن و ڕژێمی فاشیست و سەپاندنی گوشارەکانی پەدەکە بڕیاری داخستنی ئەو پارتە دەدەن بێگومان هیچ ئێزیدییەک ناتوانێت ئەمە قبوڵ بکات. بۆ نموونە تەڤگەری ئازادی (تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان) بزووتنەوەیەکە بۆ دیموکراسی لە باشووری کوردستان و عێراق تێدەکۆشێت ئەو کاریگەری پارادایم و بیرۆکەی سەرۆک ئاپۆی وەرگرتووە و کردوویە بە بناغەی کارەکانی خۆی. هیچ پەیوەندییەکی ڕێکخستنی لەگەڵ تەڤگەرەکەماندا نییە. نە ئەو و نە بەرەی دیموکراتیک. ئەوان لەسەر بنەما فکریی و فەلسەفییەکانی ڕێبەر ئاپۆ دامەزراون و لە باشووری کوردستان و عێراقدا بۆ دیموکراتیک کردنی کۆمەڵگا تێدەکۆشن کار بۆ بەرەوپێشبردنی دیموکراسی دەکەن. چ زیانێکیان بە بەشور و عێراق گەیاندووە هەڵبەت ئێمە ساڵانێکی زۆرە کار و پلانەکانی تورکیا و پەدەکە دەناسین ئەوان گوشارێکی چڕ دەخەنە سەر عێراق بۆ داخستنی ئەو پارتانە. دواجار لە ٣ی تەمموز مەسعود بارزانی چوو بۆ بەغدا چاوی بە چەندین بەرپرس کەوت. له گەڵ چەندین ناوەندی حکومی و ناحکومی عێراق کۆبۆوه و دۆسیەی مەسعود بارزانی لە بنەڕەتدا داخستنی ئه و ڕێکخراوانە بوو. ئێمە زۆر باش دەزانین ئەوان چەندین ساڵە کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەن و هەوڵی بۆ دەدەن. پاش بڕیاری داخستنی ئەو پارتانە، هۆشیار زێباری و بە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕیی لەبەر ئەوەی لە کارەکەیان ئەنجامیان بەدەستهێنابوو، بەرپرسانی حکومەتی تورک هەمان هەستیان دەربڕیی. عێراق ئەم هەنگاوەی بۆ ڕازیکردنی حکومەتی تورک ئەنجامدا بەڵام بە ئەنجامدانی ئەم کارە کردەوەیەکی زۆر ناڕەوا و ىێشەرمانەی ئەنجامدا. بە واتایەکی تر لەوانەیە ئەرکیان بەسەردا سەپاندبێت، لەوانەیە داواکارییەکانی حکومەتی تورکیا جێبەجێ کرابێت. چونکە دەوڵەتی تورک شەڕی جینۆسایدی لە دژی کورد و ئێزیدییەکان دەست پێکردووە. شەڕی جینۆسایدی لە دژی گەل و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرپاکردووە. پەدەکە هاوبەش و بەشێکە لەو سیاسەتانەی دەوڵەتی تورک. ئەمە جێگەی بیرکردنەوەیە. بە واتایەکی تر حکومەتی تورکیا و ڕژێمی ئاکەپە و مەهەپە چی دەسەپێنێت هاوکات پەدەکە ئەو سیاسەتە دەسەپێنێت. کەواتە عێراق چۆن دەبێت ئەمە قبوڵ بکات؟ عێراق دەوڵەتە. ئایا ئەو دەوڵەتە ئیرادەی لەدەستداوە؟ ئایا ئەو حکوومەتە پێگە و کەسایەتیی نییە؟ ئایا هیچ بنەمایەکی هەیە؟ دیارە ئەم حکومەتە هیچ پێگە و کەسایەتییەکی نەماوە بە واتایەکی تر، ڕێگایەکی زۆر ئاسان و گڵاوی بۆ بەرژەوەندییەکانی گرتووتەبەر. ئێمه ئەم کردەوەیەی حکومەتی عێراق به ىێ ڕێزییەکی گەوره به مێژووی عێراق و گەل و کۆمەڵگای عێراق دەزانین، پێویستە لە دژی ئەمە کاردانەوەی ناوخۆیی ئەنجام بدرێت. ئێمە لەو باوەڕەداین کە تێکۆشانێکی بەهێز بەڕێوە دەچێت.

‘ئێزدییەکان لە مەترسییەکی گەورەدان!’

ئەم فەرمانە (جینۆساید) دژ بە ئێزدییەکان بەردەوامە. کەمپی ئێزیدییەکان لە باشوور لەلایەن بەشێک لە مامۆستایانی نوێژی هەینیەوە لە باشوور هەڕەشەیان لێکرا. هەڕەشەیەکی گەورە لە سەر کەمپەکانی ئێزدییەکان سەری هەڵداوە. تا ئەو جێگەی ئاگامان هەیە ئێزدییەکانی ناو کەمپەکان دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ شەنگال. گەیشتنە دەروازەی سێماڵکا و لەوێ کۆبوونەوە. هەندێکیان بە ڕێگای جیاوازدا خۆیان گەیاندووتەوە شەنگال هیچ کەسێک نایەوێت ئیتر لەو کەمپانەدا بژیت. ئەوان ئەمە وەک ڕاسپاردەیەک دەبینن. ترس لە فەرمانێکی تر لە دڵی هەموواندا پەیدا بووە. بەراستی ئێزیدییەکانی ناو کەمپەکان ترسێکی زۆریان لەسەرە. لە ئێستادا هەم پارتی و هەم ئاکەپە دەست لە نێو دەستی داعش شەڕی گەلان دەکەن. ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی داعش هێنراونەتە ناوچەی بادینان. هەروەها ژمارەکەیان زیاد دەکات چوونکو دەیانەوێت چەتەی زیاتر بهێنن. گوندەکان دەسوتێنن و وێرانی دەکەن. ئەوان دوژمنی سەرسەختی گەلی ئێزیدین. ئەم چەتانە لە باشوور بەڕێکخستن دەکرێن. بەواتایەکی تر لەعیراقدا ڕێکخراوی داعش کۆتایی نەهاتووە و داعش هێزی بەرچاوی خۆی هەیە لە عێراق و سوریا. لەبەر ئەوە، ئێزیدییەکان بە دڵنیاییەوە لە مەترسییەکی گەورەدان. بەدڵنیاییەوە نابێت یەک خولەکیش لەو کەمپانە بمێننەوە. ئەوە مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ژیانیان. لە ڕاستیدا، ئێزیدییەکان لەوانەیە ڕووبەڕووی فەرمانێکی گەورەتر ببنەوە وەک ٣ی ئاب. وەک چۆن پەدەکە ئێزیدییەکانی بەجێهێشت و هەڵهاتن و ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی داعش بوونەوە بە پشتیوانی دەوڵەتی تورک، هەر بەهەمان شێوە دەتوانێت هەمان کردەوە لەو کەمپانەدا بکات. کەواتە، لە ڕاستیدا، ژیان و چاوەڕوانی لەو کەمپانە مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئێزیدییەکان. پەدەکە ئەو کەمپانەی بە بارمتە گرتووە و سیاسەتی هەڕەشە لێکردن لەو کەمپانە پەیڕەو دەکات. هاوکات وەک کۆگای دەنگدان بەکاریان دەهێنێ لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا.

لەلایەکی ترەوە ناچاریان دەکات هەموو جۆرە کارێکی نەشیاو بکەن. هەوڵ دەدات خراپەکارییەکانی خۆی پاک بکاتەوە. لە لەشفرۆشییەوە تا ماددە هۆشبەرەکان، کاری زۆر قیزەون لەسەر ئێزیدییەکان دەکات لەو کەمپانەدا، بە مانای وشە فەرمانێکی تر بەسەر ئێزیدییەکاندا دەسەپێنێ. لە ڕاستیدا، ئەم فەرمانە لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە لەم کەمپانە بەردەوامە. کەواتە فەرمانێکی کەلتووری بەسەریاندا بەڕێوە دەبات. کۆمەڵکوژییەکی کەلتووری بەسەر کچان و ژنان و منداڵانی ئێزیدیدا بەڕێوە دەبات. ئێستا وای لێهاتووە کەس ناتوانیت لەوێ بمێنیتەوە حاڵەتێکی وەها ڕوویداوە. بۆیە بێگومان ئەم دۆخە واقیعی پەدەکە بۆ ئێزیدییەکان دەردەخات، وەک گوتم دەبێت بە توندی بەرەنگاری هەموو ئەو هێرشانە ببینەوە. ئێزیدییەکان چیتر ئێزیدییەکانی ڕابردوو نین. کۆمەڵگایەکی بەڕێکخستنیە. ئەوان ئێستا هێزی سیاسیی و کۆمەڵایەتییان هەیە. متمانە بەخۆبوونیان بەهێزترە و بەردەوامە.

هێرشی کۆمەڵکوژیی لە باکوور: گەل چۆکیان پێ دادەنێت!

هێرشە کۆمەڵکوژییەکان لە باکووری کوردستان چرتر دەبنەوە. لە نووسینی کوردییەوە بگرە هەتا سەماکردن. کورد هەرچییەکی هەبێت، ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە بەرگەی ناگرێت و هێرش دەکاتە سەری. بەرامبەر بەم کۆمەڵکوژییە فیزیکی و کولتووری و ئیکۆلۆژییانە، دەبێ هەڵوێستی گەل چۆن بێت، چۆن تێکۆشان بکەن؟

کاتێک شەڕی جینۆسایدی هەمەلایەنە دەکرێت، بێگومان ئامانجی سەرەکی ئەم کارە جینۆسایدی کولتوورییە. سەد ساڵە جینۆسایدێکی کولتووری و سیستماتیکی بەسەر کورددا ئەنجام دەدرێت. گەیشتووەتە دۆخێک کە لە هەندێک لاوە بووەتە ئۆتۆ ئاسیمیلاسیۆن. واتە گەیشتووەتە حاڵەتێکی وەها کە خۆی، خۆی ئاسمیلە دەکات. لە ڕاستیدا ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە کۆمەڵکوژی کولتووری چەندە دڕندانە و بەرفراوان ئەنجام دەدرێت. بۆیە ٩-١٠ ساڵە بە تایبەتی سیاسەتی جینۆساید لە هەموو شوێنێک بەڕێوە دەچێت. هەوڵ دەدەن ئیرادەی کورد بشکێنن و وایان لێ بکەن تەسلیم بن. بەڵام لە قۆناغی ئێستادا، دوای ١٠ ساڵ، دەرکەوتووە کە هیچ ئەنجامێکیان لەم سیاسەتانەیان وەرنەگرتووە. لە ڕاستیدا ئەم سیاسەتە پووچەڵ کرایەوە. تەنانەت جینۆسایدی سیاسی ئەنجامدا، بەڵام دیسان ئەنجامەکەی هیچ بوو.

هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانمان بینی، هەڵبژاردنە گشتیەکانیشمان بینی. فێڵ و دەستبەسەرداگرتن کرا. واتە زۆر شوێنیان داگیر کرد. سەرەڕای ئەوەش کورد ئیرادەی خۆی نیشان دا. هیچ ئەنجامێکی بەدەست نەهێنا. لە زیندانەکاندا دڕندەیی دەکرێت. ئیمرالی وەک ناوەندێک بەکار دێنن. لە هەموو شوێنێک ئەشکەنجەی ترسناک ئەنجام دەدەن. کەسانی نەخۆش لە زیندانەکان دەمرن؛ دەکوژرێن، دەیانکوژێت. بەڵام هیچ ئەنجامێکی بەدەست نەهێناوە. بەرخۆدان لە زیندانەکاندا بەردەوامە. جینۆسایدی سیستماتیکی ترسناک بەسەر کۆمەڵگادا ئەنجام دەدرێت. هێرش دەکاتە سەر سەما و زمان و هەموو شتێکی گەلی کورد. ساڵانێکە ئەم کارە کۆمەڵکوژییانە دەکات، ئەم کارانە نوێ نیین. هێرش دەکاتە سەر گۆڕستانەکان، واتە ئێسکەکانی مردووەکان دەردێنێ و بێ ڕێزییان پێدەکات. واتە هیچ شتێک نەماوە نەکرێت. بەردەوام هەوڵی چەوساندنەوەی کورد دەدات دەیەوێت ئیرادەی بشکێنێت. بەڵام ئەم کردەوانە ئێتر بێ ئەنجامن. ئەم حکومەتە هەرچی بکات، ئیتر ناتوانێت ئیرادەی کورد بشکێنێت. ناتوانێت خواستی ئازادی کورد لەناو ببات. ئەم گەلە لە خەو هەستاوە. ئەم گەلە ئازادی دۆزیەوە و دەستی پێ گەیشتووە. ئەم گەلە خۆی بەڕێکخستن کردووە و ئێستا خاوەن ئیرادەی خۆیە. ئەم گەلە ٥٠ ساڵە تێدەکۆشێت. دەسەڵات سەماکردنی قەدەغە کرد. کێ گوێ لێدەگرێت؟

زمان قەدەغە دەکات، کێ گوێ دەگرێت؟ ئەم هێرشانە دەبێت ببێتە هۆی گەشەسەندن و پەرەسەندنی تێکۆشان لەو بوارەنەوە. هەست و ڕۆحی گەلەکەمان بەهێزە. واتە ئەگەر گوشارێکی زۆر لە شوێنێکدا هەبێت، کاردانەوەی بەرامبەری بەهێزەوە دەردەکەوێت. بەساڵانە کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات، وانییە؟ گەلی کورد بە بەرخۆدانی زیندانیانی ١٤ی تەمموز، ١٥ی تەباخ و تێکۆشانی ٤٠ ساڵەی، لە ئاستێکی بێهاوتادا گەشەی سەندووە. گەلەکەمان لە دژی هەر جۆرە ستەمێک، هەر جۆرە سیاسەتێکی ستەمکارانە، تێکۆشانێکی گەورەی ئەنجامداوە و بەرخۆدانی گەورەی نواندووە و دەستکەوتی گەورەی بەرهەم هێناوە.

‘پێویستە گەلەکەمان لە هەموو شوێنێک بە زمانی کوردی قسە بکات، هونەری کوردی پەرەی پێبدرێت’

ئیتر دۆسیەی ئازادی کورد تەنها بە دەوڵەتی تورکەوە چارەسەر نابێت، دۆزێک نییە کە سنووردار بکرێت. ئەم دۆزە ئێستا پرسێکی ناوخۆیی و نێونەتەوەییە. ئێستا، کورد بەڕاستی لە سیاسەتی جیهانیدا، لە هەلومەرجی جەنگی جیهانی سێیەمدا، لە هاوسەنگی سیاسی جیهاندا ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەبینێ، بەو شێوەیەیە. مەسەلەکە دژی هێرشکردنە سەر زمانی کوردییە، پێویستە گەلەکەمان لە هەموو شوێنێک بە زمانی کوردی قسە بکات. لە ماڵەوە بە کوردی قسە بکات، لە شەقامەکاندا بە کوردی قسە بکات، لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا بە کوردی قسە بکات. پێویستە بە کوردی بنووسن، پەرە بە ئەدەبیاتی کوردی بدەن. لەبواری کولتووری، فۆلکلۆر، هونەر، شانۆ، گۆرانی و هەموو بەشێکی تر بە شێوەیەکی زۆر بەهێزەوە پەرە بە زمان و ئەدەبیاتی کوردی بدرێت. پرسی سینەمای کوردیش بە هەمان شێوە دەبێت کاری لەسەر بکرێت، شانۆ و فۆلکلۆری کوردی بەشێوەیەکی کوالیتی بەرز دەبێت پەرەی پێبدرێت. بەرهەمە هونەری و کولتوورییەکان وەک ئەستێرە لە ئاسمانی کوردستان بدرەوشێنەوە. ئێستا لە زۆر شوێنی کوردستان لە دژی کولتوور فێستیڤاڵ بەڕێوەدەچن. بۆ ئاسمیلەکردنی کولتوورییە. دەبێت تێکۆشانێکی جددی لە دژی ئەمە ئەنجام بدرێت. کورد دەبێت ڕووبەڕووی ئەو فێستیڤاڵانە ببێتەوە. لەوێدا کولتوری کوردی بڵاوبکەنەوە. پێویستە پەرە بەکولتووری ڕەسەنی کوردی بدرێت و هەمووان هان بدات. سیاسەتێکی سیستماتیکی جینۆساید دژی سروشتی کوردستان بەڕێوەدەچێت. لە هەموو شوێنێک دارستانەکان دەسوتێنن. هیچ لوتکە و شاخێک نەماوە کە ڕووبەڕووی بۆردوومان نەکرابێت و هەڵنەدرابێتەوە بۆ کانەکان. وەک ئەوەی گەلی تێدا نەبێت. لە هەموو شوێنێک دەستیان بە تاڵانکردن کردووە سروشت لەناو دەچێت. تاڵانکردن و ڕانت لە تورکیا بەردەوامە. بەڵام لە کوردستان ئەمە وەک بەشێک و درێژەدان بە سیاسەتی جینۆساید بەڕێوە دەچێت. ئەوان دەیانەوێت کوردستانیان لە شوێنی نیشتەجێ بوونیان دەربەدەر بکەن. دەیانوێت ناوچەکە چۆڵ بکەن. وەک گەل دەڵێن دوژمنی ئاژەڵ و دار و ئاو و خاکە. دەبێت لە دژی ئەم وێرانکارییانە قیامەت هەستێت. سروشتیترین پرس پاراستنی ڕەوایە. واتە گەلەکەمان دەبێت لە هەموو شوێنێک دژی ئەم ئیکۆ جینۆسایدە، جینۆسایدی کولتوورییە تێکۆشانی بەرز بکاتەوە. ئایا دەکرێت کولتوورێکی بێ خاک و جوگرافیا هەبێت؟ نابێت. دەبێت قیامەت سەرهەڵبدات و ڕێگری لەو سیاسەتانە بگیردرێت. نموونەی ئێستا بە تایبەتی لە شڕناخ و جۆلەمێرگ بەڕێوە دەچیت. دەیانەوێت بیکەنە وێستگە و سەرچاوەیەکی وزە. بە واتایەکی تر گەلی ئێمەی شڕناخ و جۆلەمێرگ و بۆتان دەبێ لە دژی ئەم کاولکارییە قیامەت بەرپا بکەن! لە تەمەنی ٧ بۆ ٧٠ ساڵەوە، پێویستە لە هەموو شوێنێک دەست بە سەرهەڵدان بکرێت. ئێستا لە پاسور هەمان کار دەکرێت. بەرخۆدانێکی کۆمەڵایەتی بەڕێوە دەچێت. بەڵام ئەمە جێگەی ڕەزامەندی نییە. پرسێکی هاوشێوە لە دێرسیمیش هەیە. بۆیە دەبێت لەهەموو شوێنێ قیامەت سەرهەڵبدات.

سزای لە سێدارەدان لە ئێران

دەوڵەتی ئێران لەم ماوانەی کۆتاییدا سزای لەسێدارەدانی بەسەر چالاکوانی ژن پەخشان عەزیزی و شەریفە موحەمەدیدا بڕیەوە. جگە لەوەی سزای لە سێدارەدان دەدرێت، ئێران لە دەرەوەشدا لەژێر گەمارۆدایە. فشارە ناوخۆییەکانی ئێران پێویستە چۆن هەڵبسەنگێنرێت؟

سیاسەتی لەسێدارەدان لە سەردەمەکەماندا لە دوای گۆشەگیرییەوە کارێکی زۆر دڕندانەیە. ساڵانێکە ئێران ئەمە ئەنجام دەدات، لە یاساکانیاندا بوونی هەیە. لە ئێستاشدا ئەم سزایە بەسەر ڕۆژنامەوان و چالاکوانانی سیاسی کورددا سەپێنراوە. ئەم بڕیارە شەمەزار دەکەم و بە ناڕەوانی دەزانم. بەڕاستی ئەم سیاسەت و کارانە بۆ کۆمەڵگەی ئێران و دەوڵەتی ئێران هیچ سودێکی نیە. کۆمەڵگە هەڵدەوشێنێتەوە. بۆ نمونە هەندێک کەس ئەم دۆخە وەک شتێکی ئاسای دەبینین. لە ڕاستیدا لەوکاتەی ڕەوشێکی ئاوا ڕوودەدات، هەندێک لەوانە هەر تەماشا دەکەن. ئەمە سەپاندنێکی دڕندانەیە. پێویستە کۆتایی بەم کارانە بهێنرێت. کاری لەم جۆرە توڕەیی کۆمەڵگە بەرامبەر بە دەوڵەت زیاتر دەکات. ناڕەزایەتییەکان زیاتر دەکات. ئەمەمان لە سەرهەڵدانەکانی ‘ژن ژیان ئازادی’دا بینی. ناڕەزایەتییەکی گەورەی کۆمەڵایەتی هەیە، ژنان لە ئێران، کۆمەڵگەی ئێران، گەلانی ئێران ئازادیی و دیموکراسییان دەوێت، یەکسانیان دەوێت. دواکارییان ئەوەیە سزای لە سێدارەدان کۆتای پێبێت. خواستیانە یاساکان بگۆڕدرێن. لەم قۆناغەدا ئێران پێویستی بە گۆڕانکارییە. پێویستە دەوڵەت و ڕژێمی ئێران دیموکراتیک ببێت. پێویستە ئەم شێوە یاسایانە بگۆڕدرێن. لە ئێستادا هەڵبژاردن دروستبووە. بەربژێرەکان هەندێکیان لیبراڵە، ڕیفۆرمخوازەکانیش هەڵبژێردران.

لە ناو ڕای گشتیدا، لە کۆمەڵگەی ئێران و هەتا لەناو کوردانیشدا نزیکایەتی و چاوەڕوانیەکی بەم شێوەیە گەشبینانە هاتووەتەئاراوە. دەتوانرێت هەندێک هەنگاو بنردرێت، پێویستە هەندێک پێشکەوتنی دیموکراتیک، ڕیفۆرمیست دروست ببن. دەورەبەرەکە بەم شێوەیە لە ناو چاوەڕونیدان. لە دەرەوەش چاوەڕوانییەکی لەم شێوەیە دروستبووە. پێویستە گۆڕانکارییەک دروست بێت، بەدواداچوون دەکرێت. هەڵبەتە یەکێک لەو شتە بنەڕەتییانەی کە پێویستە بگۆڕدرێن، لابردنی یاسای سزای لە سێدارەدانە. هەڵوێستی پەخشان عەزیزی زۆر بەنرخ و جێگەی رێزە. هەروەها هەڵوێستی شەریفە موحەمەدیش. وەریشە مورادیش لە دژی سزای لە سێدارەدان وەک هەڵوێستێک نەڕۆشتە دادگا. دادگای بایکۆت کرد، شەرمەزاریکرد. ئەمە هەڵوێستێکی زۆرگرنگە. بەڵام پێویستە لەم ڕووەوە ناڕەزایبوونی زیاتر هەبێت. پێویستە کۆمەڵگە خاوەندارییان بکات. پێویستە لە هەموو جێگەیەک بەرخۆدانێکی لەم شێوە بە‌‌ بەهێزییەوە پێشکەوێت. و هەڵبەت دەبێت ئێران کۆتایی بەم جۆرە کارانە بهێنێت. ئێران بە شێوازی دەسەڵاتداری گوشار و سیاسەتی گوشار ناتوانێت ئەنجام بەدەست بهێنێت. بەم شێوەیە ناڕازیبوونی کۆمەڵایەتی قوڵتر دەبێتەوە. پێویستە ئەم ڕژێمە خواستەکانی گەل، خواستەکانی ژنان، خواستەکانی ئازادی و دیموکراسی ببنێت. پێویستە بیانبینێت و بەوگوێرەیە بجوڵێتەوە. یان بە ڕاستی ڕووبەڕووی قۆناغێکی زۆر سەختتردەبێتەوە. هەموو پێشکەوتن و ڕەوتی ڕووداوەکان خۆیان پیشان دەدەن.

گرژیی ئێران-ئیسرائیل: تورکیا خوازیاری شەڕە

گرژیی و ناکۆکی ئێران-ئیسرائیل بەردەوامە، لە تاران سەرکردەی حەماس ئیسماعیل هەنیە کوژرا، هەروەها فەرماندەیەکی پلەبەرزی حزبوڵا کرایە ئامانج و بەمەش مەترسی شەڕ لە هەرێمەکە بوو بە ڕۆژەڤ. ئاخۆ ڕێی تێ دەچێت؟ بەتایبەت بۆچی تورکیا ئەوەندە خوازیاری شەڕە؟

بۆچی تورکیا ئەوەندە خوازیاری شەڕە… هۆکارەکەی ئاشکرایە. تورکیا سیاسەتی قڕکردن دژی کورد بەڕێوە دەبات. سیاسەتێکی هەژموونخوازانە لە ناوچەکەدا بەڕێوەدەبات. ستراتیژ و سیاسەتی نیوعوسمانی بەڕێوە دەبات و ئەم سیاسەتە ئێستا جێبەجێ دەکرێت. ئێستا شەڕەکە بگاتە ئاستێکی هەرێمی، شەڕەکە بچێتە دەرەوەی غەززە و ئیسرائیل، تەشەنە بکات بۆ لوبنان، لە لوبنانەوە بۆ سوریا، بگۆڕێت بۆ شەڕی ئیسرائیل – ئێران، بێگومان هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپە- ئەرگەنەکۆن-داعش ئەم ڕەوشە وەک ڕەوشێکی بەسوود و پڕ دەرفەت بۆ خۆی دەبینێت. تورکیا ئەمە دەکاتە بیانوو و لە هەر شوێنێک بیەوێت، بەبێ دانپێدانان بە سنوورەکان درێژە بە سیاسەتە نیوعوسمانییانەکان دەدات و تا ئەو جێگایەی بیەوێت، دەڕوات. بۆیە پڕ بەدڵ خوازیارن ئەم شەڕە تەشەنە بکات، بەتایبەت بگۆڕێت بۆ شەڕی نێوان ئیسرائیل-ئێران.

لەدوای کوشتنی هەنیەوە، میدیای دەسەڵات پرۆپاگەندەی هەڵگیرسانی شەڕ بڵاودەکاتەوە. بەتایبەت وەک هەوڵێک بۆ هاندانی ئێران و ئیسرائیل. خەریکە شەڕ ڕوودەدات، ئەوە ڕوویدا، ڕوو دەدات! ئەوەندە چاوەڕێی ئەم شەڕەن. ئەمە بە سوودی خۆی دەبینێت. چونکە ئەم ڕژێمە، ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە بە شەڕ دەژی، بە ئاژاوە دەژی، بە قڕکردنی گەلان دەژی. بەو شێوەیە دەمێنێتەوە. ئێستاش ڕووبەڕووی ڕووخان بووەتەوە و بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆی پێویستی بە شەڕێکی لەو شێوەیە هەیە. بۆ گەیشتن بە سیاسەتی قڕکردنی کورد و گەیشتن بە سنووری میساقی میللی، هەروەها بۆ بنیاتنانی هەژموونی بەسەر عێراق و سوریا دەچێتە هەندێک شوێنی وەک لیبیا، سیاسەتی هەژموونگەرایی سەراپاگیر بەسەر هەرێمەکە دەسەپێنێت. چونکە دەڵێت ئەگەر ئێران و ئیسرائیل شەڕ بکەن، ئێران لاواز دەبێت و ئیسرائیلیش لاواز دەبێت. بەمەش سیاسەتی قڕکردنی کورد ئەنجام دەدەم. دەبمە یەکەم هێزی بەهەژموونی هەرێمەکە. ئێستا حساب لەسەر ئەمە دەکات. بۆیە شەڕێکی گەرم دەکات. ئەم ڕەوشە چۆنە؟ ڕۆژی ڕابردووش هەڤاڵ عەباس لەبارەی کوشتنی هەنیە هەڵسەنگاندنی کرد. هەڤاڵ وتی، لەبەرئەوەی تورکیا زۆر خوازیاری ئەم شەڕەیە، بۆیە میت و تورکیا ڕۆڵیان هەیە لە کوشتنی هەنیە. بەڵێ تورکیا زۆر خوازیاری ئەو شەڕەیە. بەڕاستی ویستی کوشتنی هەنیە وەک ئامرازێک بەکاربهێنێت. زۆر بە جددی لەم ئاراستەیەدا کاری کردووە، تا ئێستاش کار دەکات. شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە بەرژەوەندی تورکیادایە. لەم ڕووەوە ڕاستە کە میت ڕۆڵی هەیە، بەڵام تەنها ڕۆڵی میت نییە. وەها لێکدانەوە بۆ ئەم هێرشە دەکرێت کە پلانێکی هاوبەشی مۆساد و سی ئای ئەی و میتە. ئەم سێ هێزە ڕۆڵیان لە کوشتنی هەنیە هەبوو. ئێمە دەزانین کە مۆساد لە ئێران بەهێزە، ڕێکخراوە. خەڵک و ئەندامانی پەیوەندیدار بە مۆسادەوە زۆرن. سی ئای ئەی بە هەمان شێوە. هەرگیز نابێت مرۆڤ بە کەم سەیری ئەمە بکەن هەروەها بەتایبەت لە ساڵانی دواییدا میت لە ئێران بەجدی خۆی ڕێکخستووە. دەوڵەتی تورک ئامادەکاری دەکات بۆ ئەگەری شەڕی ئێران و ئیسرائیل، هەروەها بۆ شەڕی ناوخۆیی لە ئێران. لە هەموو لایەکەوە چاوەڕێی ئەمە دەکات، ئەمەی دەوێت. بۆیە تێدەگەین کە ئەم سێ لایەنە ڕۆڵیان هەیە لەم هێرشانەی ڕێکخراوە هەواڵگرییەکان. ئیسرائیل لە ئێستاوە پەرە بەم شتە دەدات. لەم ڕەوشەدا ئێرانیش لەژێر فشاردایە. لە ناوخۆ ناڕەزایەتی جددی هەیە. توڕەیی جڤاکی و بەرخۆدان و داڕمانی ئابووری هەیە. بەڵام ئیسرائیل سود لە ڕەوشی لاوازی ئێران وەردەگرێت. ئەمە مایەی تێگەیشتنە. واتە مۆساد دەستی لەم کارە هەیە. ئەمریکا بە ئاشکرا پشتیوانی ئیسرائیلە، پشتگیری ئەم هێرشانەیە. لە زۆربەی هێرشەکاندا هاوکاری سی ئای ئەی و مۆساد هەیە. میت بەهەمان شێوە. ئێستە دەوڵەتی تورک پڕ بەدڵ خوازیاری شەڕی ئێران و ئیسرائیلە. تاوەکو ئێران لاوازتر و تەنگەتاوتر بکات، هەموو شتێک دەکات. واتە لە ئێران بەدەستی داعش تەقینەوەی ئەنجامدا. بۆیە ئێستە تورکیا بۆ تەشەنەکردنی شەڕ، لەپێناو گۆڕانی بۆ شەڕێکی هەرێمی هەموو شتێک دەکات. ئێستە بەهەرێمی‌بوونی شەڕەکە و تەشەنەکردنی، دەگۆڕێت بۆ شەڕی ئیسرائیل-ئێران، ئەمەش ماوەیەکی زۆرە لەلایەن لوبنانەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت… باس لەوە دەکرێت شەڕەکە دەگاتە لوبنانیش. بەڕاستی بڵاوبوونەوەی ئەم شەڕە بۆ جڤاکی ڕۆژهەڵاتی ناوین و گەلان ڕەوشێکی مەترسیدارە.

 

هاوبەشی :