راگەیاندراوی تەڤگەری ئازادیی بەبۆنەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای کەرکوک

38
0
هاوبەشی :

راگەیەندراوی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، بە بۆنەی پێکھێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک، لە لایەن “لیستی کەرکوک هێز و ئێرادەمانە”.

دوای ھەشت مانگ لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پارێزگای کەرکوک، دواجار ئیرادەی کەرکوکییەکان سەرکەوت و خەونی پیلانگێڕان و ھاوکارەکانیان پوچەڵکرایەوە.

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، وەک پشتیوانێکی ھاوپەیمانیی لیستی کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە، وێڕای پیرۆزبایی لە تەواوی پێکھاتەکانی کەرکوک. پێمانوایە سەركەوتنی حكومەتی خۆجێیی كەركوك، لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی، پاراستنی ئاشتیی و تەبایی و پێکەوەژیانی پێكهاتەكانی كەرکوک دا جێبەجێدەبێت.

كەركوك شارێكی فرە پێكهاتە، ستراتیژیی گرنگە، لە عێراق و ھەرێمی کوردستان. بەردەوام داگیرکەران، ھێزە شۆڤێنییستەکان چاویان لەسەری بووە و ھەوڵی تێکدان و ئاژاوەگێڕییان داوە، لەرابرد دوودا بە عەقڵییەتی تاکڕەویی و خۆسەپێنی ھەندێ لایەنی جێبەجێکاری داگیرکەران، کەرکوک و کەرکوکییەکان لە دۆخێکی سیاسیی نا ئارام و ھەژاریی نەدارییدا ژیاون. سەرەڕایی ئەوەی ئەم شارە خاكەكەی دەوڵەمەندە بە نەوت و كانزا، بەڵام ئەو سامانە گشتییە نەخراوەتە خزمەت ژیان و پێشکەوتنی کەرکوکییەکان. هەروەها پیلانگێڕییەکانی سەر کولتوور و ڕەسەنایەتیی ئەمشارە دێرینە، فرەڕەنگە، بەتایبەت لە لایەن دەوڵەتی تورک و عەرەبی شۆڤێنیی و داگیرکەرانی کوردستانەوە، وایان کردوە کە هەمیشە ئاڵۆزیی و قەیران لەدوای قەیران، بۆ خەڵکی ئەم شارە کوردستانییە دروستبکەن، دەوڵەتی توركیا سەد ساڵە خەون بە داگیركردنیەوە دەبینێت، چەندیین هەوڵی نا یاسایی و ناڕەوای داوە، بەناوی پاراستنی ناسنامەی توركمانەكان، دەستێوەردانی كردوە و دووبەرەكیی خستووەتە نێوان نەتەوەكانەوە.

لە دوای پڕۆسەی ئازادییش، خەڵكی شارەكە ببوونە قوربانیی ناكۆكیی و ململانێی پارتە دەسەڵاتدارەکان، بەھۆی دەسەڵاتداریی و بەرژەوەندییخوازیی و نەبوونی سیستمێکی دیموکراتیی، بۆ بەڕێوەبردن، كاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر پێكهاتەكان و خزمەتگوزاریی شارەکە هەبوو.

دوای پرۆسەی گوماناویی ریفراندۆمە کەی پارتی-بارزانیی، جارێكی تر شاری كەركوك بوویەوە بە قوربانیی ناکۆکییەکان، لاواز بوونی پێگەی نەتەوەیی كورد، دەرئەنجامی ئەو سیاسەتە تاکڕەوییە بوو کە زیاتر دەستێوەردانی دەرەكیی واڵاکرد، بەتایبەتیی دەوڵەتی توركیا قەیرانەکانی قوڵتر کردوەتەوە.

هەرچۆنێك بێت، هەڵبژاردن و رێكخستنی ئەنجومەنی شاری کەرکوک بەگشتی، دامەزراندنی حكومەتی خۆجێی دوای ئەوماوە درێژە، بەھۆی کۆسپەکانی لایەنە شکستخواردوەکانی وەک پارتی و بەرەی تورکمانیی، شۆڤینستەکانی وەک راکان جبوریی، كارێكی باشەو جێگەی دەست خۆشییە. ئێمەش وەكو تەڤگەری ئازادیی كە پشتیوانیی لیستی(كەركوك هێز و ئیرادەمانە) بووین، بە ھەموو توانامانەوە ھاوکار و پشتیوان دەبین، لە دەربازکردنی کەرکوک لە دۆخی قەیران و بێخزمەتگوزاریی بەرەو بەڕێوەبردنێکی ھاوسەنگ و دیموکراتییانە، بەرەو ژیانێکی واتادار و پێکەوەژیانی کولتووریی و دیموکراتیی کە شایستەی تەواوی پێکھاتەکانی شاری کەرکوک بێت.

بەو بۆنەیەوە. پیرۆزبایی لە پێکھێنانی ئیدارەی نوێی کەرکوک دەکەین، بەهیواین بە خزمەتگوزاریی باش و گێڕانەوەی ئاشتیی و تەبایی، ڕێگرییکردن لەپیلانگێڕیی و دەستوەردانی دەرکیی و ڕێگەنەدان بە گەندەڵیی ببێتە نموونەیەکی نوێ، بۆ تەواوی کەرکوکییەکان.

دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان

٢٠٢٤/٨/١١

هاوبەشی :