لە دەیرەزۆر ٢٥ هێرشکەر کوژران

38
0
هاوبەشی :

مەجلیسی سەربازیی دەیرەزۆر ڕایگەیاند کۆمەڵکوژی سەر گەل بێ وەڵام نامێنێتەوە، جەختی کردەوە لە شەڕەکاندا ٢٥ چەکداری گرووپی دیفاع وەتەنی و گرووپەکانی تری سەر بە حکومەتی دیمەشق کوژراون.

هێرش لە دەیرەزۆر

مەجلیسی سەربازیی دەیرەزۆر پەیوەست بە هێرشی چەکدارانی گرووپی دیفاع وەتەنی و گرووپەکانی تری سەر بە حکومەتی دیمەشق لەسەر دەیرەزۆر و وەڵامی هێرشەکان ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا دەڵێت: ” رۆژی پێنجشەممە و لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیدا، چەکدارانی ڕژێمی سوریا و هێزەکانی بەناو دیفاع وەتەنی، هێرشێکی زەمینییان دەستپێکرد و هەوڵیاندا دزە بکەنە نێو هەرێمەکانی ڕۆژهەڵاتی دەیرەزۆر لەسەر ڕووباری فورات. هاوشانی ئەم هەوڵە بە تۆپ و هاوەن هێرشیان کرد.

بەهۆی هێرشە دڕندانەکانی هێزەکانی ڕژێم لە ناوچە مەدەنییەکان لە زیبان و گوندی لەتوا، ٢ مەدەنی شەهیدبوون و ٥ برینداربوون، هاوکات لە هێرشی سەر شحێل ژمارەیەک مەدەنی برینداربوون.

هێزەکانی مەجلیسی سەربازی دەیرەزۆر و مەجلیسی سەربزی هەجین وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە. زیاتر لە ٤٠٠ چەکدار بەشداری هێرشەکە بوون. لەدەوری گوندەکانی لەتوا و زیبان و دەرنەج و خەرانیج و تەیان شەڕێکی دژوار روویدا. هێزەکانمان زیانێکی مەزنیان بە دوژمن گەیاند. وەک ئاماری ڕۆژی یەکەمی کوشتنی چەکدارەکان، بێجگە لە بەرپرسەکان، ٢٥ چەکداری گرووپی دیفاع وەتەنی و گرووپەکانی تری سەر بە حکومەتی شام کوژران و ١٠ بریندار بوون. پاش شکستهێنان بە هێرشەکە، هێزەکانمان لە هەرێمەکە ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشکنینیان دەست پێ کرد.

لە ئۆپەراسیۆنی وەڵامدانەوەی هێرشەکاندا، ٢ شەڕڤانمان شەهیدبوون و ١٠ شەڕڤان بە سووکی برینداربوون”.

“دانیشتووانی هەرێمەکە بەشداری بەرخۆدان بوون”

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە دانیشتووان هاوکاری شەڕڤان بوون و بەشداربوون لە بەرخۆدان و وەڵامدانەوەی هێرشەکان، تەواوی عەشیرەت و هۆزەکان ئەم هەوڵە گێرەشێوێنەیان ڕەت کردەوە.

ئاماژە بەوە دەکات، چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی شام ڕاستەوخۆ ماڵی خەڵکی مەدەنیان کردووەتە ئامانج، دەڵێت: “ئەم گرووپانە لە بنکەکانی خۆیانەوە لە ڕۆژئاوای ڕووباری فورات هێرشیان کرد و لە گوندەکانی دەحلە و جدید بەگارا کۆمەڵکوژیان ئەنجامدا. بەهۆیەوە ١١ مەدەنی شەهیدبوون کە زۆربەیان ژن و مناڵ بوون، هەروەها ٥ مەدەنی بریندار بوون”.

“کۆمەڵکوژییەکە بێ وەڵام نامێنێتەوە”

لە ڕاگەیاندراوەکەدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان کراوە و دەڵێت: “بەڵێن دەدەین بە هەموو هێزێکەوە ئەرکی پاراستنی گەلەکەمان و هەرێمەکەمان لە هێرشەکان بەردەوام بکەین. کۆمەڵکوژییەکە بێ وەڵام نامێنێتەوە. مافی پاراستنی ڕەوای خۆمان بەکارد‌ێنین کە لە هەموو یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکان دەستنیشان کراوە. ئەم هێرشانە خزمەت بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دەکەن کە بەدوای دەرفەتێکەوەیە بۆ خۆ زیندووکردنەوە و بڵاوکردنەوەی تیرۆر لە هەرێمەکە”.

هاوبەشی :