ژن كۆڵەكەی ژیانە

508
0
هاوبەشی :

نوسینی:- جوان سنە

 

کاتێ باسی پاراستن دەکەین، دەبینین کە لە هەموو جۆرە زیندەوەرێک دا هەستی خۆپاراستن هەیە. دەتوانین بڵێین لە ناخ دایە و وەکوو میکانیزمێکی گەردوونیە و لە هەر کاتێک کە ئەو زیندەوەرە هەست بە مەترسی بکات، بە شیوازێک خۆی دەپارێزێ و کەس بۆی نیە کە ئەم ماڤە گەردوونیەی لێ وەربگرێت. لە بەر ئەوەی کە ماڤی خۆپاراستن بەشێک لە هەبوونه. کاتێ چاو لە کۆمەڵگەی یەکەمی مرۆڤ یانی کۆمەڵگەی سروشتی دەکەین. ئەوە دەبینین کە هەبوونی مرۆڤ لە ناخی سروشت دایە و مرۆڤ بەشێک لە سروشتە و جیاوازی نیە. بە تایبەت بوونی ژن لە کۆمەڵگەی سروشتی خاوەن پێگەی هەبوونە. لە بەر ئەوەی کە هەبوون و پێش کەوتنی کۆمەڵگە لە دەوری ژن خڕ دەبێتەوە. کۆمەڵگەی ژن – دایک دروست دەبێ کە هەموو بەرهەمەکانی ئەو کۆمەڵگە بە بیرۆکەی ژن کۆ دەبێتەوە. بەڵام بە پێش کەوتنی کلتوری نێچیروانی لە لایەنی پیاو و پێش کەوتنی فریو و درۆ لەو کلتورە، هەستی حەسوودیش پێش دەکەوێ و پیاوی شامان بە دوای ئەوە دەگەڕیت کە ژن لەو ستاتۆیە دەربخات. بۆیە ئەو هەستەی کە سەرەتا لە واتەیەکی راست دا بە کاری دەهێنا، بە لارێیدا دەبات و چەواشەکاری یەکەم لەوێ دەست پێ دەکات. تەوازونی نێوان فیکری هەستیاری و فیکری  بیرکاری  بە لاڕێدا دەڕوات. ئەو هەستە سروشتیە کە بۆ خۆپاراستن بوو ئەم جارە بۆ هێرش بردن، شەڕکردن، تاڵان کردن، بەرهەمی زۆر کۆ کردن، چەکی قورستر بە کار هێنان و مرۆڤی زۆرتر لە ناو بردن بە کار دێت . تا ئەو ئاستەی کە مرۆڤ دەبیتە گورگی مرۆڤ و لە هەمان کاتیش مرۆڤ دەبیتە گورگی سروشت. لێرە ئیدی زیهنییەتی پیاوسالار بە دروست کردنی دەوڵەت، باژاربوون و تەبەقە لە گەڵ بە دەست هێنانی بەرهەمەکانی ژن، کۆمەڵگایشی خستە ژێر رکێفی خۆی. بۆیە میژوویەک ٥٠٠٠ ساڵه لە دەستکەوتەکانی فیکرێکی بەلاڕێدا براو دەبینین.  داگیرکاری و فەتحی ئیمپراتۆرەکان ، شەڕی دەوڵەتەکان ، هەزاران بەردە کە بە زیندوویی نراونەتە ژێر خاک بۆ ئەوەی لەو دونیاش دا خزمەتی ئەربابەکانیان بکەن. هەروەها لە لووتکەی کارنامەی دەوڵەتەکان دا  هێرۆشیما، ناگازاکی، هەڵەبجە، عەفرین و سەرێکانی دەبینین. ئەمانە هەموو بەرهەمەمی فەشێل هێنانی خوداکانی سەر زەوین.

بۆیە لێرە پرسیارمان ئەوەیە بۆ کاتێ مژار دەبێتە مرۆڤ، هەموو مافە گەردوونیەکان ون دەبن؟ بۆ بە لاڕێدا دەچن؟ ئەم هەستە ئەگەر لە زیهنییەتی پیاوسالاری دا بە لاڕێدا چوو و خۆی وەکوو دەوڵەت بە فۆرم گەیاند و وەکوو پەنجەشێرێک هەموو کۆمەڵگەی جیهانیی داگرت، ئەی لە کەسایەتی ژن دا چیی لێهات؟ لە کوێ مایەوە؟  یان لە ناو کام لە دیوارە تاریکەکانی مێژوودا حەشاردراوە و ون کراوە؟  راستە…کاتێ بابەت دەبێتە بابەتی ژن، بە زەحمەت دەتوانین شوێن پەنجە و درەوشانەوەی ئەو هەستە بدۆزینەوە. لە بەر ئەوەی ژن بۆ خۆی، خۆی ون کردووە و لە خۆی دەگەڕێت. لە بەر ئەوەی کە لە لاپەڕەکانی میتۆلۆژی، لاشی پارچە کراوی تیامات دەخوێنینەوە و دەزانین کە ژن بۆ جاری یەکەم روومەتی شکا. لە ئیلاهە بوون هەنگاوی بەرەو موسەقەتین هەڵگرت و کرا بە فاحیشە. کاتێ دینی تەک خودایی دەست پێ دەکات لە روومەتی مەریەم و عایشە دا شکاندنی دوویەم دەبینین. لە بەر ئەوەی کە، پێی دەڵێن تۆ ژنی و بە دەستی هەویراویەوە جێگات لە سیاسەت دا نیە. لێرە ئیدی پیاو دەکەن بە کوڕی خودا و ژنیش لە پەراسووی پیاو دروست کراوە، ژن وەکوو زەویی پیاوە کە چۆنی  پێ خۆش بێ  دەتوانێ جووتی بکات. لێرە ژن بە تەواوەتی لە ناو لاپەڕەکانی قورئان و تەورات دا ون دەبێت، و بە زیندوویی لە ژێر خاک دەنرێت. ئیدی وای لێ دێت کە بۆ خۆی قەبووڵووتی بکەن ژن وەکوو زەوینی ئیوەیی دەکات کە ئەوە منم، ئەوە چارەنووسی منە . لە دونیای سەرمایەداریش دا کاتێ لە ژن دەگەڕێین، لە پشت ویترینەکان دا ئەیدۆزینەوە. لێرەش دەبینین کە کراوە بە ئۆبژەیەکی جیهانی کە هەر سات لە بازاڕەکان دا دەفرۆشرێت. بۆ هەر بەشێک لە لاشی نرخێک دانراوە، بەڵام ئەگەر پرسیار بکەین کە رۆحی ژنتان بە چ قیمەتێک فرۆشتووە؟  وەڵامێک  نابیسین!

لێرە دەبینین کە کۆیلایەتی ژن بناخەی هەموو جۆرە کۆیلایەتیەکە. لە  گەڵ ژن، کۆمەڵگەش کۆیلە کراوە. رێبەر ئاپۆ دەڵێت: “تا کۆیلایەتی ژن تەحلیل نەکرێت، ناتوانین هیچ جۆرە تەحلیلێک لە سەر دەستێوەردانی کۆمەڵگایش بکەین” ئەوە راستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە سەرەڕای ئەم هەموو دەستێوەردانەی کە لە سەر رۆح و ئیرادە و جەستەی ژن کراوە. بەڵام هەر لە میژوو تا ئەمڕو، شوێن پەنجەی خۆڕاگری هەزارن ژن دەبینین کە خۆیان پاراست و لە گەڵ ئەو زیهنییەتە یەکیان نەگرت. ئەوە زیندوو بوونی میکانیزمی خۆپاراستن نیشان دەدات. لە مێژووی هەموو شۆڕشەکانی دونیادا ( فەرانسە ، روسیە ، چین و…) هەبوونی ژن و لێگەڕینیان بۆ ماڤە رەواکانیان دیارە. بەڵام ئەوەی کە لازمە بزانین ئەوەیە کە ئەگەر ژنێک نەتوانێ لە بواری فیکریەوە خۆی بپارێزیت زۆر زەحمەتە کە بتوانێ لە بواری جەستەییەوە خۆی بپارێزێت. لە بەر ئەوەی کە هەر وەک لە ژوور باسم کرد بناخەی کۆیلایەتی ژن راستەوخۆ بە دانانی بناخەی دوڵەتەوە گرێدراوە. بۆ ئەوەی کە ژن بتوانێ لە واتایەکی راست دا خۆی بپارێزیت رێبەر ئاپۆ باسی تیۆری گوڵ دەکات کە گوڵ بە هەموو جوانیەکەیەوە کەس ناتوانێ دەستی لێ بدات، لە بەر ئەوەی کە دڕکی هەیە. بۆ ئێمەی ژن ئەوەی پێویستە ئەوەیە کە خۆمان  بە زانا بوون، ئاگاهی، هۆشیاری، ئیرادە و فیکری ئازاد، رێکخستن بکەین و تێکۆشان بڕازێنینەوە، هەر ژنێک کە بتوانێ خۆی بە رێکخستن بکات بێگومان دەتوانێ کۆمەڵگەیش رێکخستن بکات و ئەمەش خۆی بە واتای ئازادیە. لە بابەتی خۆ رێکخستن کردن ئەوەی کە زۆر گرینگە ناسینە. بۆ ژنێک، خۆ ناسین. لێگەڕین سەبارەت بە پێناسە کردنی خۆ و گەڕانەوە بۆ راستەقینەکان واتای ژیانە. لە بەر ئەوەی لە گەڵ ناسین دا هەبوونیش واتای خۆی دەبینێت. هەبوونی ژن لە کۆمەڵگایەک ئەخلاقی و پۆلەتیک دا واتا دەگرێت لە بەر ئەوەی کە ژن بۆ خۆی کۆڵەکەی ژیانە و تا ژن ئازاد نەبێ کۆمەڵگایش ئازاد نابێ.

هاوبەشی :