پەدەکە لەکاتی هەڵاتنیانیشیدا ئێزدیەکانی کوشت’خەڵکی زۆراڤا دەچنە بازگەی شەقامی زۆراڤا، لەوێ دەبینن پێشمەرگەی پەدەکە خۆیان بۆ هەڵاتن ئامادە دەکەن. خەڵک دەپرسن چی دەکەن، بۆکوێ دەچەن؟ پێشمەرگەکان لە وڵامدا دەڵێن بە شێوازی بارزانی دەتانپارێزین.

55
0
هاوبەشی :

 

ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤کۆمەڵگای ئێزدی لەلایەن چەتە دڕندەکانی داعشەوە کۆمەڵکوژ کران. کاتێک چەتەکان ڕوویان لە شەنگال کرد، پێشمەرگەکانی پەدەکە بەبێ ئاوڕدانەوە، شەنگالیان چۆڵ کرد و هەڵهاتن.

ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤کۆمەڵگەی ئێزدی لەلایەن چەتەکانی داعشەوە کۆمەڵکوژییەکی گەورەیان بەسەردا هات. وەک دەزانرێت کۆمەڵگای ئێزیدی لە مێژوودا تووشی چەندین جار جینۆساید و فەرمانی دەوڵەتانی دەسەڵاتدار و ڕەگەزپەرست بوونەتەوە. لەو فەرمانەی کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ بەسەر کۆمەڵگەی ئێزدیدا هێنرا، ئەو هێزانەی کە ئەو کاتە ئەرکی پاراستنی شەنگالیان بەدەستەوە بوو، شەنگالیان بەجێهێشت و پێش هەڵهاتنیان چەکی خەڵکی مەدەنی ئێزدییان کۆکردەوە و کۆمەڵگەی ئێزدییان بەبێ چەک و بەرگریی لە چنگی جینۆسایددا بەجێهێشت و هەڵهاتن. هەرچەندە ئەم هێرشە دڕندانەیە لە پێش چاوی هەموو جیهاندا ڕوویدا، بەڵام ئەرکی مرۆڤایەتیان بە جێ نەهێنا و بێدەنگ بوون.

بە هۆی ئەم فەرمانەوە هەزاران کەس کوژران و لەلایەن داعشەوە ڕفێنران، بە زیندووی سووتێنران و بەساڵاچوان کوژران و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا شاردرانەوە. منداڵەکانیان ڕفاندوو و لە ژێر ڕکێفی خۆیاندا پەرەوەردەیان کرد و لە تەمەنێکی بچووکدا هاوسەرگیریان لەگەڵدا کرد و بەهەزاران ژن لە بازاڕەکاندا فرۆشران. بەڵام خراپتر لە هەمووی ئەوەی زۆرترین ئازاری بە گەلی ئێزدی گەیاند، هەڵوێستی خیانەتەکارانەی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بوو. پەدەکە نەیهێشت گەل خۆیان بپارێزن و بەرەنگاری ببنەوە و خۆیان لە مردن ڕزگار بکەن. چونکە پێش ئەوەی داعش هێرش بکات، ئەو چەکانەی لە دەستی خەڵکی ئیزدیی دا بوون، لەلایەن پەدەکەوە کۆکرابوونەوە. خیانەتەکانی پەدەکە برینی قووڵی لە دڵی گەلی ئێزدیدا دروست کرد و ئەمەش بووە هۆی کوشتن و کۆمەڵکوژی، دزی، دەستدرێژی و ڕفاندنی ژن و کچانی ئێزیدیی.

بەرخۆدانی گەلی زۆراڤا لە بەرامبەر پێشمەرگەکانی پەدەکە

ڕۆژی ٣ی ئاب کاتێک چەتەکانی داعش دەستیان بەسەر کۆمەڵگاکانی گرەزەرک و سیبا شێخ خدردا گرت، شەڕێکی زۆر توند و نائاسایی ڕوویدا. پێشمەرگەکانی پەدەکە لە ناوەندی شەنگال بەبێ پاراستنی گەلی ئێزدییان ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژیی کردەوە و هەڵاتن. خەڵکی زۆراڤا دەچنە بازگەی شەقامی زۆراڤا، لەوێ دەبینن پێشمەرگەی پەدەکە خۆیان بۆ هەڵاتن ئامادە دەکەن. خەڵک دەپرسن چی دەکەن، بۆکوێ دەچەن؟ پێشمەرگەکان لە وڵامدا دەڵێن بە شێوازی بارزانی دەتانپارێزین.

لەو کاتەدا خەڵکی زۆراڤا زانیارییان پێ دەگات کە پێشمەرگەی پەدەکە لە ناوەندی شەنگالەوە بە ٣ ئاراستە هەڵهاتوون. خەڵکی زۆراڤا دەچنە پێش پێشمەرگەکان و دەڵێن ‘ئێوە کە خیانەتتان لە ڕێبازی بارزانی کرد و گەلتان نەپاراست، لانیکەم چەکی خۆتانمان پێ بدەن و ئێمە بەرگری لە خاکەکەمان دەکەین. لەبەر ئەوەی چەکدارانی بارزانی نایانەوێ چەک بە خەڵکەکە بدەن، گەنجان و گەورە پیاوانی زۆراڤا هەوڵدەدەن بە زۆر چەک لە پێشمەرگەکان وەربگرن، لە ئەنجامدا ٣ گەنجی کۆمەڵگەی زۆراڤا بە ناوەکانی عەلی ئەلیاس، یوسف خەلەف کوڕەزای عەلی و گەنجێک بە ناوی ئەیاد نایف بەدەستی چەکدارانی پەدەکە دەکوژرێن و چەندین کەس لە دەوروبەردا بە سەختی بریندار دەبن. من بۆخۆم یەکێک بووم لە شایەتحاڵانی ئەو ڕووداوە. پێشمەرگە نەک خەڵکی نەپاراست و هەڵهاتن بەڵکوو کەسیان کوشت و ١٠کەسیان بریندار کرد.

داعش چاوەڕێێ هەڵهاتنی پێشمەرگەیان کرد دواتر هێرشیان دەست پێکرد!

کاتێک تەرمی ئەو سێ گەنجە لە زەوی هەڵگیرانەوە و دەبرانەوە بۆ ماڵەکانیان، چەتەکانی داعش چوونە ناو کۆمەڵگەی زۆراڤا، لەژێر ترس و خۆفێکی زۆردا، تەرمی ئەو سێ گەنجە دەبرێنە گۆڕستانی پیرێ ئەورا، لەوێ بەخاکیان دەسپێرن. هەروەها بریندارەکان بەهۆی برینەکانیانەوە دەیانناڵاند. چونکە گەل بەهۆی هاتنی داعشەوە پەنایان بردە شوێنە ئارامەکان و لەوێ پزیشک نەبوو. بۆ ئەوەی خوێنی برینەکانیان بوەستێت خاک بەسەر برینەکاندا دەکرا.

پەدەکە هەموو شتێکی کرد بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بشاردرێتەوە

ئەو بنەماڵانەی کە منداڵەکانیان لە لایەن پەدەکەوە کوژران، وەک هەموو کەس، ناچار بوون ڕوو لە شوێنەکانی باشووری کوردستان بکەن و لە کەمپەکاندا نیشتەجێ بوون. پەدەکە کە بیستبووی ئەو بنەماڵانە لەناویاندا لە کەمپەکەدان، یەکسەر خۆیان پێ دەگەیەنن و بە پارەدان و هاوکاری ماڵی هەوڵی شاردنەوەی ئەو ڕاستیەیاندا و یەکێک لە بنەماڵەی شەهیدەکان لەگەڵ منداڵەکانی لە کەمپەکە دەردێنن و هاوکارییان دەکرێت تاکوو بەرەو ئەوروپا بچن و ئێستا لە فەرەنسا نیشتەجێن، زانراوە بنەماڵەی شەهیدەکان بە هۆی پێدانی پارە بەڵێنیان داوە کە قەد باسی ئەو ڕووداوە نەکەن.

زۆر هەوڵمان دا پەیوەندی بە کەسوکاری ئەو کەسانە بکەین، بەڵام ئەو بنەماڵانە ڕەتیانکردەوە هەرجۆرە زانیاریەک بدەن.

هاوبەشی :