كەنەكە: پێویستە ڕۆشنبیران و سیاسیی و کوردستانیان لە دژی ئەو شەپۆلە نوێیەی فاشیزمی تورکیا بووەستنەوە

30
0
هاوبەشی :

کەنەکە ڕایگەیاند، دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕێ لە شایی و هەڵپەرێکی گەنجانی کورد دەگرن، بۆیە پێویستە ڕۆشنبیران و سیاسیی و کوردستانیان لە دژی ئەو شەپۆلە نوێیەی فاشیزمی تورکیا بووەستنەوە و هەڵوێستی نەتەوەیی خۆیان نیشانبدەن.

کۆمسیۆنی زمان، کەلتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، لە بارەی هەوڵە قڕکەرییە کەلتوویی و هونەرییەکان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە، کە ماوەیەکە دەستی پێکردووە، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی کەنەکەدا هاتووە، هێرشە ڕەگەزپەرستییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر بەها، نرخ و پیرۆزیەکانی نەتەوەی کورد ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرفراوانتر دەبن، کوشتن و کۆمەڵکوژیی و تاڵانکردنی خاک لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا، کە بەسەر گەلەکەمان ئەنجامیان داوە بەس نەبوو! ئێستا ڕێ لە شایی و هەڵپەرکێ و نمایشە فۆلکلۆرییەکانی گەنجان و گەنجانى کورد دەگرن و دەیانخەنە زیندانەوە.

ئاماژەیان بەوەشداوە، ئەو نووسین و هێما و تابلۆی سەر شەقامەکان لادەبەن کە لەلایەن شارەوانییەکانی باکووری کوردستانەوە بە زمانی کوردی نوسراون، وەک چۆن پێشتریش ئەو نوسراوە کوردییانەیان لەسەر کێلی مردوو و شەهیدەکان نوسرابوون لایانبردن و پۆستەرەکەی “ئەحمەدی خانی”ـیان تێکشکاند و چەندین تاوانی دیکەی لەم جۆرەیان بەرامبەر بە گەلەکەمان ئەنجامداوە

جەختیشیان کردووەتەوە، ئەمە سەرەتای شەپۆلێکی نوێی فاشیزم و ڕەگەزپەرستییە و دەوڵەتى تورک دەیەوێت دەستکەوتی خەبات و تێکۆشانی ١٠٠ ساڵەی نەتەوەکەمان لەناو ببات، دەوڵەت ئەوە باش دەزانێت کە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەتەوەیەکی ڕەسەنە و هەمیشە لەسەر خاکی خۆی ژیاوە و مێژوویەکی هەزاران ساڵی هەیە، بۆیە دەیەوێت ئێستای نەتەوەی کورد، کەلتوور، هونەر، وێژە و فۆلکلۆرەکەی لە ڕێگای کردە ڕەگەزپەرستییەکانیانەوە لەناو ببات.

هاوبەشی :