جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە بەرنامەیەکی تایبەتدا کە لە کەناڵی ستێرک تیڤی بڵاو کرایەوە، سەبارەت بە ڕۆژەڤی ناوچەکە و کوردستان هەڵسەنگاندنی گرنگی پێشکەش

بایک بە ئاماژەدان بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕایگەیاند،گۆشەگیری گەیشتووەتە ئاستی ئەشکەنجەدان و وتی: ” کاردانەوەی ٦٩ خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ و پاسکاڵ ساڤۆڵدێلی سیناتۆری فەرەنسا بەرامبەر بەم گۆشەگیرییە زۆر گرنگە.” بایک بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە دوڵەتی تورک بەردەوامە لە سیاسەتە قڕکارییەکانی بۆ ڕێگریی کردن لە چارەسەری کێشەی کورد، ئاماژەی بەوەدا کە پرسی کورد بەمسۆگەر کردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەری کورد عەبدوڵا ئۆجالان چارەسەر دەکرێت.

بایک جەختی لەوەش کردەوە کە نابێت حکومەتی عێراق ببێتە ئامرازێک لە جێبەجێ کردنی پلانەکانی دەوڵەتی تورکدا بۆ هێرشکردنە سەر باشووری کوردستان و رایگەیاند: ” لەم دەرفەتە کەڵک وەردەگرم و حکومەتی عێراق ئاگادار دەکەمەوە، خزمەت کردن بە سیاسەتی کۆمەڵکوژی دەوڵەتی تورک کارێکی هەڵەیە لێ بەدوور بن. چوونکە زیانێکی زۆر بە عێراق دەگەیەنێت. هەروەها ئەوانەی دژایەتی هاوپەیمانی تورکیا و عێراق و باشوورن، پێویستە کاردانەوەکانیان تەنها بە لێدوانێک سنووردار نەمێنێ. ئەگەر پێتان وایە ئەم هاوپەیمانییە زیانێکی گەورە بە هەموو لایەک دەگەیەنێت، پێویستە لەدژی ڕاپەڕن و داگیرکەران لە وڵاتەکەتان بکەنە دەرەوە.”

دەقی چاوپێکەوتنەکەی جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوبەری کەجەکە لەگەڵ کەناڵی ستێرک تیڤی بەمشێوەیەی خوارەوەیە :

گۆشەگیری و ئەشکەنجەدان لە دژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەبێ ئەمان بەردەوامە. بێگومان تێکۆشانی گەلی کورد و دۆستانیان بەردەوامە. ماوەیەک پێش ئێستا ٦٩ خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و داوای ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان-یان کرد. هەروەها پاسکاڵ ساڤۆڵدێلی سیناتۆری فەرەنسا داوای لە وەزارەتی دادی تورکیە کرد لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد کۆببێتەوە. لەسەر ئەم بابەتانە قسەی ئێوە چییە؟

پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە ئاماژە بەم خاڵە دەکەم. لە مانگی تەمموزدا لە زۆر شوێن کۆمەڵکوژییەکی بەرفراوانیان لە دژی گەلەکەمان ئەنجامدرا. بەم بۆنەیەوە ئەوانەی هۆکاری ئەم کۆمەڵکوژییە بوون شەرمەزار دەکەم. ئەم کۆمەڵکوژییانە ئاسایی نین. بۆ نموونە پەیمانی لۆزان کە لە ٢٤ی تەمووزدا واژۆ کرا، هاوپەیمانییەک بوو لە دژی کورد. لەم مانگەدا دەوڵەتی داگیرکەر و قڕکەری تورک هێرشێکی بەرفراوانی دژ بە بزووتنەوە و گەلەکەمان دەستپێکرد. ئەم کۆمەڵکوژییانە لە دوای پەیمانی لۆزانەوە تا ئەمڕۆ بەردەوامن. گەلی کورد ئەمڕۆ دژی ئەم هاوپەیمانییە تێکۆشانی خۆی بەرزکردووتەوە. گەلەکەمان بە تێکۆشانی خۆی هەنگاوی زۆری ناوە. بەڵام ئەم هاوپەیمانێتییه دژ به گەلی کورد هێشتا درێژەی هەیە. لە ڕاستیدا دوژمنانی گەلی کورد خوازیاری دوبارەبوونەوەی هاوپەیمانی دژی گەلەکەمانن. لەوباوەڕەدام گەلی کورد ئەم هاوپەیمانییە بەتەواوی لەناو دەبات. چونکە لەم هاوپەیمانیەدا دیسان کورد ئینکار دەکرێت و پارچە پارچە دەکرێت. کورد ناتوانێت بەم هاوپەیمانیەوە درێژە بە ژیانی بدات. گەلی کورد لە ڕاستیدا ئاگاداری ئەم پلانانەیە.

لە ٢٧ی تەمموز لە ڕۆژئاوا، حەڵەب، قامیشلۆ کۆمەڵکوژییەکی بەرفراوان لە دژی گەلەکەمان ئەنجامدرا. تەنها لە قامیشلۆ ٦٢ کەس لە گەلەکەمانیان کوشت و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون. بکەرانی ئەو کۆمەڵکوژییە شەرمەزار دەکەم. پێویستە ئەم کۆمەڵکوژییە ببێتە هۆی ئەوەی گەلەکەمان تێکۆشانی خۆی بۆ ئازادی زیاتر پەرە پێ بدات. دیسان لە مانگی تەمموزی ساڵی ١٩٣٠ لە قلقلی کۆمەڵکوژییەکی گەورە لە دژی گەلەکەمان ئەنجامدرا. گەلەکەمان هەمیشە ئەو شەهیدانە لە بیر ناکات و پێویستە خاوەنداریان لێبکات. لە ٣ی تەمموز ١٠ گەریلا بە چەکی کیمیایی کۆمەڵکوژ کران. لە کەسایەتی ئەواندا بە ڕێزدارییەوە هەموو شەهیدانی گەلەکەمان بەبیر دێنمەوە.

بە ٣ی تەباخ نزیک دەبێتەوە. لە ٣ی تەباخی ٢٠١٤ کۆمەڵکوژییەک گەورە لە دژی گەلی ئێزدیمان ڕوویدا. ئێستاش هەڕەشەی ئەو فەرمانە لە دژی گەلی ئێزدیمان بەردەوامە. لەم ڕووەوە نابێ گەلی ئێزدیمان ئەو فەرمانانەی بەسەریان هاتووە و مەترسییەکانی لەبیر بکەن. بۆ ئەمەش پێویستە ئاگاداری خۆیان بن و چارەنووسی خۆیان بە هیچ کەس نەسپێرن. جگە لەخۆیان هیچ کەسێک گەلی ئێزدی ناپارێزێت. لەم دواییەدا هەمووان بینیمان؛ ئەوانەی دەیانگوت لە شەنگال هێزمان هەیە و هیچ مەترسیەک ڕوونادات، گەلی ئێزدیمان-یان ڕادەستی داعش کرد. تا ئێستاش چارەنووسی هەزاران ژن و منداڵی ئێزدی نادیارە. بۆ ئەوەی گەلی ئێزدیمان ئەو جۆرە فەرمانانە بەسەریاندا نەیەت، پێویستە خۆیان بەڕێکخستن بکەن، بەهێز بن، یەکبگرن بە ڕۆحی یەکێتیەوە، دامەزراوەکانیان و خۆپارستنی خۆیان بەهێز بکەن. تەنیا بەم شێوەیە دەتوانن خۆیان لە فەرمانەکان بپارێزن و درێژە بە ژیانیان بدەن. بەم بۆنەوە سڵاو و ڕێزی خۆم ئاراستەی گەلی ئێزدیمان دەکەم.

ڕووناکیران، نووسەران، زانایان خاوەنداری لە پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن

شتێک هەیە بەناوی ڕاستی ڕێبەر ئاپۆ. ڕێبەر ئاپۆ گرنگییەکی زۆر بە فەلسەفە و زانست دەدات. بەها مرۆییەکان دەپارێزێت. هەموو ئەو شتانە دەپارێزێت کە لە مێژوودا خزمەتیان بە مرۆڤایەتی کردووە. بەم پێیە پارادایمێکی دروست کردووە. ئەوانەی ئەم پارادایمە دەخوێننەوە، ڕێبەر ئاپۆ و پارادایمەکەی لە باوەش دەگرن. بەپلەی یەکەم ڕووناکبیران، نووسەران، هونەرمەندان، سیاسەتمەداران و زانایان خاوەنداری لەم پارادایمە دەکەن. هەڵمەتێکی نێونەتەوەییمان بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ دەستپێکرد. ئەم هەڵمەتە لە ڕاستیدا لەلایەن دۆستانی گەلی کوردەوە پەرەی پێدراوە و ئێمەش بەشداریمان لە هەڵمەتەکەدا کرد. ئەم هەڵمەتە ئەنجامی زۆر گرنگی بەدوای خۆیدا هێنا. لەسەر ئەم بنەمایە ڕۆژەڤێک دروست بوو. دوای ئەوە ویستمان هەڵمەتی دووەم پەرە پێبدەین. دۆستانی گەلەکەمان، بزووتنەوەکەمان، پارتیمان، پارێزەرانی ئازادی و دیموکراسی کە هەڵمەتی یەکەمیان ئەنجامدا، پێویستە پەرە بە هەڵمەتی دووەمیش بدەن. ئێمەش بە هەموو هێزمانەوە بەشداری ئەم هەڵمەتە دەبین.

ئەم هەڵمەتە لە ڕاستیدا دەستی پێکردووە و ڕۆژ بە ڕۆژ لەپەرە سەندندایە. ئەوانەی لایەنگری مرۆڤایەتی، دیموکراسی و ئازادین لەم هەڵمەتەدا جێگە دەگرن و لێدوان دەدەن. دەڵێن سەرۆک ئاپۆ نوێنەرایەتی بەها مرۆییەکان دەکات و پێویستە لە زیندان ئازاد بکرێت. دەڵێن: ناتوانن کەسێکی وا لە زیندان ڕابگرن. ئەوان ڕۆژ بەڕۆژ خاوەنداری لە سەرۆک ئاپۆ دەکەن. لەم دواییەدا ٦٩ براوەی خەڵاتی نۆبڵ بەیاننامەیەکیان پێشکەش کرد و نامەیان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان نووسی. لە نامەکانیاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان لەسەر چۆنیەتی پشتیوانیکردن لە سەرۆک ئاپۆ و چۆنیەتی پشتیوانیکردن لە تێکۆشانی گەلی کورد لە پێناو ئازادی و دیموکراسیدا بڵاو کردەوە. هەر لەو چوارچێوەدا نامەیان بۆ سی پی تی، پارلمانی ئەوروپا و زۆرێک لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان نارد. هەروەها لە چاپەمەنی و ڕاگەیاندنەکاندا بڵاوکرایەوە. بانگەوازییەکی زۆر بەهێزیان کرد. وەک ئاماژەتان پێدا سیناتۆری فەرەنسا نامەیەکی بۆ وەزارەتی دادی تورکیا نارد و داوایکرد لەگەڵ سەرۆک ئاپۆ دیدار ئەنجام بدات.

ئەرجان کەنار کە هاوکات یەکێک لە یەکەمین پارێزەرانی سەرۆک ئاپۆ بوو، وتی: “ئەو یاسایانەی لەدژی سەرۆک ئاپۆ داڕێژراون، ئیتر هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نییە. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا پێویستە سەرۆک ئاپۆ بە شێوەیەکی جەستەیی ئازاد بکرێت. بەم بۆنەیەوە سڵاو و ڕێزی خۆم ئاراستەی ئەو کەسانە دەکەم کە پێشتر لەو بارەیەوە لێدوانیان داوە، بەتایبەت بۆ ٦٩ براوەی خەڵاتی نۆبڵ و سیناتۆری فەرەنسا و ئارجان کەنار. ئەوان نوێنەرایەتی ویژدانی مرۆڤایەتی و بەها مرۆییەکان دەکەن. هەر بۆیە ئەوەی ئەوان دەیکەن کارێکی زۆر پیرۆزە. شتێکە خزمەت بە مرۆڤایەتی دەکات. لە ڕاستیدا هەموویان بۆ مرۆڤایەتی کاریان کردووە، بۆیە خەڵاتی نۆبڵ شایانی ئەوان بووە. زۆربەیان دەڵێن کە ڕێبەر ئاپۆ بە پارادایمەکەی چارەسەرێکی بەهێزی خوڵقاندووە لە زۆر ڕووەوە لە ڕێنماییەکان ئەوان بەهێزترە. هۆکاری ئەوەی کە ئەوان زۆرتر پشتگیری لە سەرۆک ئاپۆ، تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی دەکەن، لەبەر ئەوەیە کە ڕاستییەکان لە پارادایمی سەرۆک ئاپۆدا دەبینن. چونکە وەک دەزانین سەرۆک ئاپۆ فەیلەسوفە. ئەو سەرنجی لەسەر کێشەکانی مرۆڤایەتی و سروشتە و دەیەوێت ئەو کێشانە بەشێوەیەکەی دروست چارەسەر بکات.

ئارمانج ئازادی جەستەیی سەرۆک ئاپۆیە

ئەو گۆشەگیرییەی بەسەر ڕێبەر ئاپۆدا سەپێنراوە، گۆشەگیرییەکی ئاسایی نییە و گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر قورس. دەوڵەتی تورک هەموو ماف و یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئەخلاق، مرۆڤایەتی و ویژدانی پێشێل کردووە. ئەم سیاسەتە کە لە دژی ڕێبەر ئاپۆ بەرێوەدەچێت، لە دژی هیچ سیاسەتمەدارێکی دیکەی جیهان نەکراوە. تۆڵە لە سەرۆک ئاپۆ دەکەنەوە. دەڵێن بۆچی گەلی کوردت بەئاگا هێنایەوە، ئاستی هۆشیاریت بەرزکردەوە، بەڕێکخستنت کرد و ڕێگای سەرهەڵدانت بۆ ڕوون کردەوە. دەڵێن بۆچی کورد شەڕی ژیانی خۆی دەکات، بڕیار بوو کورد لەناوببەین. بۆیە سەرۆک ئاپۆ تاوانبار دەکەن و دەیانەوێت تۆڵەی لێبکەنەوە. ئەو سیاسەتەی کە لە دژی ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوە دەچێت، هەمان سیاسەتە کە دژی گەلی کورد بەڕێوە دەچێت. خاوەنداری کردن لە ڕێبەر ئاپۆ، داوای ئازادیی جەستەیی بەڕێزیان و تێکۆشان لەو پێناوەدا بە مانای داوای چارەسەری پرسی کوردە.

دەوڵەتی تورک سیاسەتێکی لەو شێوەیە لە دژی ڕێبەر ئاپۆ پەیڕەو دەکات، چونکە دەیەوێت کورد لەناوببات. ڕێبە ئاپۆ و حەقیقەتی گەلی کورد بەیەکەوە گرێدراون. ناتوانیت ئەمانە بە جیا چارەسەر بکەیت. ئەوانەی بەرگری لە ئازادی جەستەیی سەرۆک ئاپۆ دەکەن، پێویستە پرسی کوردیش بخەنە ڕۆژەڤی خۆیانەوە. ئەمە کارێکی دروستە. چونکە بەو بۆنەوەیە سەرۆک ئاپۆ لە تابوتی ئیمرالیدا ڕادەگرن و سیاسەتێکی دڕندانە لە دژی پەیڕەو دەکەن. تا پرسی کورد چارەسەر نەکرێت ئەوان ئەم سیاسەتانەیان بەردەوامی پێدەدەن. بۆیە ​​دەبێ لە پێناو ئازادی جەستەیی سەرۆک ئاپۆدا تێبکۆشین. چونکە دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەی کورد. پێویستە بەو پێیە کار بکرێت.

وەک ئاگادارن سی پی تی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فوراتدا ئەنجامدا. بابەتێکی سەرنجڕاکێش هاتە پێشەوە. بۆ نموونە سی پی تی لە بەرامبەر هەمان کردەکانی ئازەربایجان هەڵوێست وەردەگرێت، بەڵام بەرامبەر بە دۆخی سەرۆک ئاپۆ هەڵوێستی هاوشوە نیشان نادات. ئایا ئەوە بەمانای ئەوە نییە کە ڕێگە بۆ ئەشکەنجەدانەکان دەکاتەوە؟ ئەم دۆخە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

دەوڵەتی تورک یەکێکە لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ. هەروەها پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی لەلایەن ناتۆوە ڕوویدا. هەندێک وڵات بەناوی ناتۆ پێشەنگ بوون تێدا. هەروەها سی پی تی یەکێکە لە دامەزراوەکانی پارلمانی ئەوروپایە و ئەوروپا ئەندامی ناتۆیە. هەمووان نزیکبوونەوەی ئەوروپاییەکان لە کاتی ئەنجامدانی پیلانگێڕی نێودەوڵەتیدا دەزانن. ڕەنگە ماسیمۆ دالما، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیتاڵیا هەڵوێستێکی دیکەی بوو، بەڵام ئەوروپا بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی پیلانەکە هەوڵی زۆریدا. سی پی تی لە ژێر چاودێری پارلمانی ئەوروپا کاردەکات. لەسەر بنەمای بڕیارەکانی کۆمیسیۆنی ئەوروپایە. وەک بەرپرس لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە بەرامبەر هەندێک حکومەت پێناسە دەکرێت، بەڵام کاتێک سەیری سی پی تی دەکەین، بە تەواوی پشتیوانی حکومەتی تورکیا دەکات. بەرگری لە مافی مرۆڤ و مافەکانی گەلان ناکات. ئەمەش لەسەر بنەمای سیاسەتی حکومەتی تورکیا لەدژی ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کوردە. ئەمە مانای چیە؟

دەوڵەتی تورک لە دژی گەلی کورد و ڕێبەر ئاپۆ سیاسەتی قڕکردن بەڕێوەدەبات. دەبیت سی پی تی مافەکانی  ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد بپارێزێ، بەڵام لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا دەجوڵێتەوە. یانی دەبێتە ئامرازی سیاسەتی قڕکردن. لەبەر ئەم هۆکارە سی پی تی هاوکار و هاندەری ئەم سیاسەتەیە. کەسانێک کە نوێنەرایەتی ویژدانی مرۆڤایەتی دەکەن، خزمەتی مرۆڤایەتی دەکەن و بۆ ئەوەش خەڵات وەردەگرن، بانگەوازی لە هەموو کەسێک دەکەن، نامە دەنێرن بەڵام سی پی تی هیچ هەڵوێستێک نیشان نادات. لەبەرئەوەیە سی پی تی خزمەتی دەوڵەتان دەکات. گەلەکەمانیش ئەمە دەبینێت. بۆیە پێویستە گەلەکەمان تێکۆشانی خۆی زۆر بەهێزتر بکات. هەرچەندە بتوانێت لەگەڵ دۆستەکانیدا تێکۆشانی بەهێزتربەڕێوە ببات، ئەوکات ئەنجام بەدەست دەهێنێت. ئەو تێکۆشانەی کە بەڕێوەدەبرێت، ڕاستی یاسایی ئەنجومەنی ئەوروپا و سی پی تی ئاشکراکرد و ڕاستی دەوڵەتی تورکی نیشاندا. ئەمەش دەستکەوتێکی مەزنە بۆ مرۆڤایەتی.

لەگەڵ گەریلادا تێکۆشان بەڕێوەببرێت

لە ئێستادا لە دژی داگیرکاری شەڕێکی مەترسیدار و سەخت کە  ناوەندەکەی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیایە بەڕیوەدەچێت. دەوڵەتی تورک ئەو کردەوانەی لە جزیرە، شڕناخ و شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان ئەنجامیدا، لە ئیستاشدا لە باشووری کوردستان ئەنجامی دەدات، هەڵدەکوتێتە سەر ماڵان، ئەو کەسانەی لەدژی دەوەستنەوە دەستگیرییان دەکات. ئامانجی بنەڕەتی ئەم هێرشانە چیە؟

لە دواین پرۆسەدا هەندێک هەڤاڵ لە گۆرەپانی زاپ شەهید بوون. نەواڵ، ژیان، دژوار لە کەسێتی ئەو هەڤاڵانەدا سڵاو لەو کەسانە دەکەم کە لەدژی داگیرکاری و قڕکردن شەڕدەکەن، لە گەلی کورد سڵاودەکەم و حورمەتی خۆمیان پێشکەش دەکەم. تەڤگەری ئازادیی، گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی ڕەنجی ئەوان لە بیرناکات. لەبەرئەوەی لە بارودۆخی زۆر زەحمەتدا، لە ژێر کاریگەری چەکی قەدەغەکرا و کیمیاویدا قارەمانانە تێدەکۆشن. هیچ شتێکییان ناوێت. لە ژێر بارودۆخی زۆر زەحمەتدا ئەم شەڕە دەکەن و یەکجاریش ناڵێن ئەم بارودۆخە زۆر سەختە. هەموو کەسێک دیمەنەکانیان دەبینێت. بۆ گەل و کوردستان بە جۆشەوە ئەرکی خۆیان بەجێ دەگەیەنن. بۆ پاراستنی بەهای مرۆڤایەتی تێکۆشان و گیانی خۆیان دەبەخشن. ئەمە حەقیقەتی ئەوانە. بۆیە گەلەکەمان و مرۆڤایەتی هەرگیز لە بیرییان ناکات.

لە ئێستادا دەوڵەتی تورک باشوور داگیردەکات. ئایە کێ ئەم دەرفەتەی پێداون؟ بێگومان بنەماڵەی بارزانییە. بە پشتیوانی بنەماڵەی بارزانییەوە دەوڵەتی تورک هاتە ناو باشووری کوردستان. ڕۆژ بەڕۆژ لە باشووردا بەهێزتردەبێت. لە ئێستادا لە بافوتاوە بیگرن تا دەگاتە شیلادزێ ڕێگای قیر دروستەکەن. لە وێ لە هەموو شارەکاندا جێگیربوون. بە پشتگیری بنەماڵەی بارزانی لە چیاکاندا جێگیردەبن. دەسەڵاتداری بنەماڵەی بارزانی لە هەرێمەکەدا نەماوە. بە بەردەوامی باسی ستاتۆی کوردی دەکەن، بەڵام ستاتۆیەکییان نەهێشتەوە. بنەماڵەی بارزانی ئەم ستاتۆیەیی لەنابرد. هەموو شتێکییان خستە خزمەتی دەوڵەتی تورکەوە. بۆیە دەوڵەتی تورک بە ئاسودەی دەجوڵێتەوە. هۆکاری ئەوەی لەدژی گەریلان هەر ئەمەیە. چونکە گەریلا لە دژی داگیرکاری و قڕکردن دەوستێتەوە. پارێزگاری لەگەلی باشوور دەکات، بگرە عێراقیش دەپارێزێت. گەریلا لە دژی داگیرکاری و قڕکردن دەوستێتەوە. پارێزگاری لەگەلی باشوور دەکات، بگرە عێراقیش دەپارێزت، بەهاکانی مرۆڤایەتی دەپارێزێت. دەوڵەتی تورکی فاشیست دژی بەهاکانی مرۆڤایەتییە، لە دژی کورد و کوردستانە. بۆیە دەیەوێت بەتەواوەتی کوردستان بەدەست بهێنێت. یانی ئەوانەی بۆ ئەمە دەبنە ئاستەنگ کێن؟ ڕێبەر ئاپۆ، پەکەکە و گەریلایە. هۆکاری ئەوەی ئاوا بە درندایەتی هێرش دەکەنە سەر ڕێبەر ئاپۆ، پەکەکە و گەریلا هەر ئەمەیە. نایانەوێت هیچ کەسێک لە بەرامبەرییاندا بوەستێتەوە. ئەوەی لە دژییان بوەستێتەوە وەک دوژمن دەیبینن و دەیانەوێت لەناوی بەرن.

بەو بۆنەیەوە بانگەواز لە هەموو گەلی کورد، گەلی دیموکراتیک، سۆسیالیست، وڵاتپاریز، کەسانی خاوەن شەرەف، کەسانی دیموکراتیخواز و مرۆڤی دڵسۆزی بەنرخی گەلی کورد دەکەم؛ دەبێت ئەم ڕاستیانە ببینن، دەبێت خاوەنداری لە گەریلا و تێکۆشانی گەریلا بکەن.  نەک هەر بە تەنیا پشتگیری گەریلا بکەن بەڵکو دەبێت شان بە شانی گەریلاش تێکۆشان بکەن. ئەو شتەی کە لەگەلەمان و مرۆڤایەتی داوای دەکات ئەوەیە، کە خاوەنداری لە نرخی تێکۆشانی خۆیان بکەن، لەبەر ئەوەی جەنگاوەرانی ئازادی لە هەلومەرجێکی زۆر قورسدا تێکۆشانێکی بێ هاوتا بەرێوەدەبن. جەنگاوەرانمان تەنها ئیرادەیان بە دەستەوەیە. بەبرسی و تینو بێ ئاو و نان ڕۆژانە تێکۆشان و  فیداکارییەکی گەوەرە دەکەن. لەبەر ئەوە دەبێت هەمو کەس ڕاستیەکان ببینێت و خاونداریان لێبکات. دەبێت هەموو جۆرە دەرفەتێکی خۆمان بەکاربێنن بۆ ئەوە لەگەڵ گەریلادا تێکۆشان بەرێوەببەین، ئەگەر پشتگیری گەریلا فراونتر بێت ئەوە تێکۆشانی گەریلایش بەرامبەر داگیرکەران فراوانتردەبێت. داواکاریم لە گەنجانی کورد ئەوەیە؛ دەبێت بەشداری گەریلا ببن، هاوکات لە تێکۆشان دژی داگیرکاری دەبێت پێشنگایەتی کۆمەڵگا بکەن بۆ تێکۆشان لە دژی داگیرکاری. گەل لە بەرامبەر داگیرکاری نیگەرانە بەڵام کێشەی پێشنگایەتی هەیە، بۆیە دەبێت گەنجان پێشنگایەتی کۆمەڵگا بگرنە دەست. دەبێت بەو شێوازە گەلی کورد سەرهەڵدان دەست پێبکات، گەل و گەریلا پێکەوە لە دژی داگیرکاری بوەستنەوە، ئەوەی لەگەنجان چاوەروان دەکرێت ئەمەیە.

لە لایەک هێزێک هەیە کە مردنی پلەدارێکی ڕادەگەیەنێت کە ٢٠ ساڵە کار دەکات، لە لایەکی تریش هێزێک هەیە کە خۆنەویستانە بە سەرچاوە سنووردارەکانیەوە تێکۆشان دەکات. فڕۆکە بێفڕۆکەوانە زۆر متمانەپێکراوەکانی دوژمن ڕۆژانە بە شێوەیەکی ڕۆتینی لەلایەن گەریلاکانەوە دەخرێنە خوارەوە. ئایا کێشەیەک هەیە لە باش تێگەیشتنی ئەم شەڕە؟

ئێستا جەنگی جیهانی سێیەم لەئارادایە. پیلانێکی نێودەوڵەتی دژی بزووتنەوەکەمان بەڕێوەدەچێت. دەوڵەتی تورک دەیەوێت بیانخاتە خزمەتی خۆیەوە. بەم شێوەیە دەیەوێت بگاتە ئامانجەکەی. مەبەستی چییە؟ بۆ نەهێشتنی پەکەکە و تەواوکردنی کۆمەڵکوژی کورد ئەو کارە دەکات. چونکە تەواو کردنی کۆمەڵکوژی کورد کارێکی ئاسان نییە، مەگەر ئەوەی پەکەکە لەناوبەرن. هەر لەبەر ئەمەیە دەوڵەتی تورک جەنگی جیهانی سێیەم وەک دەرفەتێک دەبینێت. بۆ ئەمە زۆر کاری کردووە. بەڵام بینی کە ئەمە بەس نییە، بۆیە ویستی چەمکێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەرەپێبدات. هەوڵ دەدات بە بەکارهێنانی ئەم دوو چەمکە بگاتە ئامانجەکەی. وەک دەزانرێت هەندێک دامودەزگا دژی گەلی کورد دروست کراون. بەڵام لەگەڵ ڕوودانی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران و ڕووخانی شا، دامودەزگا پێشکەوتووەکانی دژ بە کوردیش شکستیان هێنا. کورد سودی لەم دۆخە وەرگرت. دەوڵەتی تورک جارێکی دیکە دەیەوێت ئەو جۆرە دامەزراوانە لە پاڵ وڵاتانی داگیرکەر بەکار بێنێتەوە. دەیەوێت لە جەنگی جیهانی سێیەمدا بە هەردوو چەمکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەمکی نێودەوڵەتی بە هاوکاری خائینانی هەرێمی ئامانجەکانی بەدی بهێنێ. هەر بۆیە پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریا و عێراق و زۆرێک لە زلهێزەکانی تر دەدات.

لە سەرەتای دامەزراندنی بزووتنەوەکەمانەوە، دەوڵەتی تورک لەسەر ئامانجەکانی خۆی بەردەوام بووە. مەبەست چی بوو؟ شکستهێنان لە دروستکردنی بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازانە بەناوی کوردستانەوە. پێشتر زۆر هەنگاویان ناوە بۆ کۆمەڵکوژی گەلی کورد و ئێستا دەیانەوێت ئەو پیلانە بەئەنجام بگەیەنن. هیچ گۆڕانکارییەک لە ئامانجەکانیاندا نەکراوە. تەنها یەک یاسایان هەیە. هەرچی دژی کورد بکەیت ڕەوایە. لە ئێستادا هەموو سەرچاوەکانیان لە ناوخۆ و دەرەوە بۆ ئەو مەبەستە بەکاردەهێنن. بنەماڵەی بارزانی بە هەموو مانایەک خزمەتی پیلانەکانیان دەکەن. هەمووان ئەمە دەبینن. هەرچەندە خزمەتیان دەکەن، بەڵام گریلا تا دەتوانێت گورزیان لێدەدات. دەوڵەتی تورک هەموو ئەو لێدانانە ڕاناگەیەنێت. فۆرمێکیان واژۆ کرد بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ ئەو بنەماڵانەکەن کە، هاوسەر یان کەسوکاریان لە شەڕەکاندا کوژراون یان لێدوان بۆ ڕۆژنامەنووسان بدەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە زۆر کەس کە لە شەڕەکەدا کوژراون دەیشارنەوە. تەنانەت زانیاری جیاواز دەدەن بۆ ئەوەی بنەماڵەکانیان لەو بارەیەوە هیچ نەزانن. دەڵێن بە هۆی ڕووداوەو بووە یان خۆی کوشتووە. بۆ نموونە پلەدارێک کوژرا، دەبوو لێدوانێکیان بدایە ناچار بوون. بەردەوام ڕایدەگەیەنن کە گەریلا شەهید بوون و ژمارەیەکی زۆر بەرز رادەگەیەنن. بۆ نموونە کاتێک یەکێک لە هەڤاڵانمان شەهید دەبێت دەڵێن “٢٠گەریلامان کوشت”. شەڕی دەروونی و تایبەت ئەنجام دەدەن. ئەوان شارەزان لەم بابەتەدا بەڵام ڕاستیەکان ڕوونن.

ئێستا ئەوان شەڕێک لەدژی پەکەکە دەکەن، کە ساڵانێکە دژی پەکەکە و گەلی کورد بەڕێوەی دەبەن. بارزانیەکان لەسەر هەمان مەبەست ڕاهێنان پێ کراوە. هەم بنەماڵەی بارزانی و هەم چاپەمەنیەکانی بەتەواوی لاسایی تورکیە دەکەنەوە. وەک چۆن پێشتر دەوڵەتی تورک هەواڵی ناڕاستی بڵاو دەکردەوە، ئێستاش هەمان شت دەکەن. ئێستا دەوڵەتی تورک شەڕی دەروونی و تایبەتی لە باشور دەست پێکردووە. دوایین شت کە گوتیان ئەوە بوو کە”پەکەکە بازاڕەکانی کەرکوک و هەولێری سووتاندووە”. درۆیەکی وا گەورەیان کرد.

ئەوان تەنها درۆ ناکەن. تەنانەت هەندێکیان بە بڕە پارەیەکی زۆر دەکڕن. سەبارەت بەم بابەتە زانیارییمان هەیە. بۆ نموونە؛ زانیاری لە موسڵ و کەرکوک و شەنگال بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی زانیاری میت-پارەستن دایە. هەرچییەک بڵێن، پاراستن-میت هەمان ڕاپۆرت بڵاو دەکەنەوە. لە هەموو ڕاپۆرتەکاندا هاتووە: چۆن بتوانین پەکەکە وەک هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر عێراق نیشان بدەین؟ چونکە دەوڵەتی تورکیا و بارزانی دەیانەوێت عێراق هاوشێوەی خۆیان لە دژی پەکەکە یەکبخەن. لە ڕاستیدا درۆ، گوشار و دابەشکردنی پارە بۆ ڕاکێشانی یەکێتی بەکار دێنن. شەڕی دەروونی و تایبەت لە باشور بەردەوامە. کاتێک سەیری ڕۆژنامەوانی تورکیا و چاپەمەنی بارزانی دەکەین، شەڕێکی تەواو دەروونی و تایبەتیان دەستپێکردووە. سەر لە مرۆڤەکان دەشێوێنن. بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت بزانێت چی ڕاستە و چی هەڵەیە. بەو پێیە شەڕەکە بەڕێوەدەچێت.

بەبێ پشتیوانی بنەماڵەی بارزانی، دەوڵەتی تورک نەیدەتوانی بچێتە ناو باشور

پێویستە گەلەکەمان، ڕووناکبیران، نووسەران، هونەرمەند، سیاسەتمەدار، ژنان، بەساڵاچووان، گەنجان و هەموو کۆمەڵگای کوردستان لە ڕاستی بنەماڵەی بارزانی تێبگەن. ئەگەر ئەم حەقیقەتە بە باشی تێنەگەن، گەلی کورد زیانێکی زۆری بەردەکەوێت. هەندێ کەس پێیان وایە بنەماڵەی بارزانی خزمەتی کورد دەکەن، بۆیە هیچ ناڵێن. ڕەنگە هەندێکیان بە هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی تورکی ببینن، بەڵام هەڵوێستی جددییان نییە. هۆکارەکەی چییە، ئێمە بە تەواوی نازانین. ڕەنگە بارزانییەکان پارەیان پێیان داون بۆ ئەوەی بێدەنگ بن و هەندێکی تریش هەمان هێڵ پەیڕەو دەکەن. ئەگەر دژایەتی ئەم خیانەت و هاوکارییە نەکەن، ئەگەر ئەرکی مێژوویی خۆیان بەرامبەر بە وڵات و گەلەکەیان جێبەجێ نەکەن، ئەگەر دژی سەرهەڵدان نەکەن، گوناهێکی گەورەیان کردووە. نابێ بە ئاسایی لە پاڵ ئەم خیانەتکارییەوە تێپەڕین. گەلی کورد، مێژوو شەرمەزاریان دەکات. ئەوانە مایەی شەرمەزاری گەلی کوردن.

سەیری باکور بکەن، چی بە کورد دەکەن. لە ئاگری و مێرسین بەشێک لە گەنجان بە تۆمەتی گۆرانی کوردی و نمایشکردنی هەڵپەڕکێ و سەماکردن دەستگیرکران. دیارە ئەوانەی هاوکاری ئەم حکومەتە دەکەن خزمەتی کورد ناکەن. تا ئێستا کەس نەیبیستووە بنەماڵەی بارزانی دژی دەوڵەتی تورکن. بەڵام سەرسەختانە دژی پەکەکەن. چۆن دەتوانن بێ ڕێزی و دژایەتی لە گەڵ پەکەکە بکەن و لەناوی ببەن؟ بە واتایەکی تر بنەماڵەی بارزانی و دەوڵەتی تورک بڕیارێکی هاوبەشیان داوە بۆ لەناوبردنی پەکەکە. هەموو شتێک لە پێناو بنەماڵەکەیان دەکەن نەک بۆ گەلی کورد. ئەگەر بیانویستایە شتێک بۆ گەلی کورد بکەن، هاوکاری دەوڵەتی تورکیان نەدەکرد، بەڵکو دژایەتیان دەکرد. ئایا دەوڵەتی تورک ئەگەر هاوکارییەکانی پەدەکە نەبووایە دەیتوانێ بێتە ناو باشور و داگیرکاریی ئەنجام بدات؟ بە هیچ شێوەیەک. ئایا دەتوانن بە تانک و تۆپ و هەلیکۆپتەرەکانیانەوە وەها بە ئاسانی لە ناو باشور بسوڕێنەوە؟ دەوڵەتی تورک هەموو ئەو کارانە بە پاڵپشتی بارزانییەکان ئەنجام دەدات. بە پشتیوانی ئەوان گەنجانی کورد کۆمەڵکوژ دەکات و سروشتی کوردستان تاڵان دەکات. ئەوان لەگەڵ دەوڵەتی تورک شەریکن.

با سەیرێکی مێژووی ئەوان بکەین. هەمیشە لەگەڵ وڵاتانی داگیرکەر هاوپەیمان بوون و هێرشیان کردووەتە سەر کورد. لە ڕۆژئاو و باشور کاری وادەکەن. ڕووناکبیران، هونەرمەندان و سیاسەتمەدارانی کورد دەبێ ئەم خیانەتە بۆ گەلەکەیان ڕوون بکەنەوە. لە ئێستادا لە کوردستان دوو هێڵ هەیە. هێڵی خیانەت و هێلێ وڵاتپارێزی. ئەرکی هەموو وڵاتپارێزێکە لە دژی خیانەت پشتیوانی لە هێڵی وڵاتپارێزی بکات. ناکرێت وەها ئاسایی بەپاڵیدا تێپەڕن، ناتوانن بڵێن شەڕ لە نێوان هێزە کوردییەکان هەیە یان شەڕی نێوان پارتی و پەکەکەیە. شەڕ لە نێوان پەکەکە و پەدەکەدا نییە، بەڵکوو شەڕ لە نێوان پەکەکە و داگیرکەران و خائیناندایە. ڕاستیەکە ئەمەیە. ئەوەی لە وڵاتپارێزان داوا دەکرێت، ئەنجامدانی ئەرکی وڵاتپارێزییە و ئاشکرا کردنی هێڵی خیانەتە.

کەسانێک هەن ئەم دۆخە دەبینن. نزیکەی ١٠٠هۆزی عێراقی و عەرەب هەڵوێستیان لەدژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک نیشاندا و لێدوانیان دا. هەروەها له باشور و باکور هۆزی کوردی زۆرن. چ پەیامێکتان هەیە بۆیان؟

هەندێک لێدوان دژی داگیرکەرانی تورک دەدرێت. ئەوەی دەیکەن گرنگە بەڵام بە شێوەیەکی لاواز و بێ ڕێکخستنی کراوە. کارێکی هەمیشەیی نییە. هەندێک کەس قسەدەکەن و پێیان وایە کاریکی تەواویان کردووە. بەڵام نابێت تەنها بە لێدوان نزیکی ڕەوشەکە ببنەوە، بەڵکو پێویستە دامەزراوە لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک دروست بکەن. داگیرکاری دەوڵەتی تورک نەک تەنها بۆ عێراق بەڵکو بۆ باشور مەترسیەکی گەورە دروست دەکات. پێویستە تێکۆشانێکی ڕێکخراوەیی لە دژی ئەم داگیرکارییە دەست پێ بکرێت. مەترسی گەورە لەبەردەم عێراق و باشوردایە. دەبینیت لە کەرکوک هەڵبژاردن کرا، دەبوو پارێزگارێکی کورد هەڵبژێردرێت. بەڵام دیار نییە کێ دەبێتە پارێزگار بۆ چەند مانگێکە دواخراوە. کێ ڕێگری لەم کارە دەکات؟ بنەماڵەی بارزانییەکان، لەگەڵ تورکمان و عەرەبەکان کە لەخزمەتی دەوڵەتی تورکدان ڕێگریی دەکەن، هەوڵدەدەن پێش لە هەڵبژاردنی پارێزگاری کورد بگرن.

باشە لە کەرکوک گەریلا هەیە؟

هەمووان دەزانن لەوێ گەریلا نییە. مەسەلەکە ئەوە نییە. ئەوانەی کەمێک بیر دەکەنەوە و عەقڵیان بە کار دەهێنن، تێدەگەن بۆ چی دەوڵەتی تورک باسی وا دەکات. عێراق و تورکیا یەکیان گرتووە. بەم هاوپەیمانییە عێراق خزمەتێکی زۆری بە دەوڵەتی تورک و بارزانییەکان کرد. چونکە شەرعیەتیان بە داگیرکاریی دەوڵەتی تورک دا. هەروەها له ئەنجامدا خیانەتی بارزانییەکان بەگەلی کورد و عێراقییەکان، ڕەوایەتی پێدرا. دەڵێن ئێمە حکومەتین، بەڵام حکومەتێکی وا ناتوانێت نوێنەرایەتی گەلی عێراق بکات. دەوڵەتێکی بێگانە دێت، خاکەکەیان داگیر دەکات و ئەوانیش قبوڵی دەکەن. هەروەها بنەماڵەی بارزانیش دەڵێن “ئێمە حکومەتین، هەڵوێستی سیاسی دەپارێزین”، بەڵام دەوڵەتی تورکیایان هێنایە ناو باشور و زۆرێک لە شارەکانی باشوریان ڕادەستی کردووە. ئەمە چ حکومەتێکە؟ ئیتر حکومەت و پێگە نەماوە. پەدەکە بە هێنانی دەوڵەتی تورک ئەم وڵاتەی وێران کرد. عێراقیش دەنگی نەکرد و ئەمەی قبوڵ کرد. هیچ شتێک لەوە ڕوونتر نییە کاتێک داعش مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر عێراق و باشور دروستکرد، پەکەکە ڕووبەڕووی بووەوە. لەو کاتەدا دەوڵەتی تورک هاوکاری داعشی دەکرد.

سەرۆکوەزیرانی پێشوی عێراق وتی؛ ‘پەکەکە تەڤگەرێکی مرۆڤانەیە، خاک و گەلەکەمانی پاراست، ئێمەیش بۆ ئەوە سوپاسی پەکەکە دەکەین.’ لە ئێستادا لە حکومەتەوە هاتووەتە دەرەوە و دەڵێت پەکەکە لە عێراقدا قەدەغەکراوە. چونکە ئەمە خواستی دەوڵەتی تورک و عێراقە. ئێمەیش لەمە تێدەگەین کە؛ عێراق بۆچی  بڕیاردارییەکی لەم شێوەیەی وەرگرتووە و کێ ئەم بریارەی پەسەندکردووە. من ناڵێم دەوڵەتی عێراق بەڵام حکومەتی عێراق خزمەتی دەوڵەتی تورک دەکات. داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و خیانەتی بارزانییەکان بە یاسایی دەکات. پێویستە گەلی عێراق و باشووری کوردستان ئەمە ببینن و خاوەنداری لە وڵات و داهاتووی خۆیان بکەن. دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی ئاشکرا خواستێتی عوسمانی نوێ دامەزرێنێت. نزیکترین ئامانجیشی لە عێراق و سوریادا ئەمەیە. لەم چوارچێوەیەدا داگیرکاری پێشخستووە. ڕوونیشە کە کێ لە عێراق و باشووردا دووژمنایەتی دەکات و کێیش دۆستایەتی دەکات. دەوڵەتی تورک بە هاوکاری بارزانییەکاندا عێراق پارچە پارچە دەکات و لەدژی ئەمەشدا گەریلا پارێزگاری لە باشوور و عێراق دەکات. لە دۆخێکی لەم شێویەدا حکومەتی عێراق چۆن پەکەکە قەدەغەدەکات؟ ئەمە خزمەتکردنی دەوڵەتی تورکە.

بەم بۆنەیەوە دەمەوێت حکومەتی عێراقی هۆشیار بکەمەوە؛ نەبنە یاری دەستی دەوڵەتی تورک. خزمەت بە سیاسەتی قڕکردن مەکەن. ئەمە زیانێکی زۆرییان پێدەگەیەنێت. ڕەنگە لە ئێستادا دەوڵەتی تورک بەوان بڵێت نەوتی ئێوە لە ڕێگەی تورکیاوە بە جیهاندا بڵاودەکەمەوە، ڕێگای بارزگانیتان بۆ دەکەمەو و دەوڵەمەنتان دەکەم. بەم شێوەیە سیاسەتی خۆی بەسەر حکومەتی عێراقدا دەسەپێنێت. ئەمە فرت و فێڵی دەوڵەتی تورکە. پێویستە حکومەتی عێراق ئاگاداری ئەمە بێت. بەم بۆنەیەوە بانگەوازی لەو هەموو ئەو کەسانەدەکەم کە لە دژی ئەم هاوپەیمانێتی و ڕێکەوتنانەن، کە هەڵوێستەکانیان تەنها لە ڕاگەیاندراودا سنوردارنەکەن. ئەگەر بە بڕوای ئێوە ئەم هاوپەیمانییە زیانێکی گەورەی لێدەکەوێتەوە، ئەوا دەبێت دژایەتی بکەن. دەبێت داگیرکەران لە وڵاتەکەت دەربکەیت. پاشان دەڵێین بەڵێ قسەکان ڕاستن. ئەگەر وا نەبێت هەڵوێستەکەان تەنها لە قسەدا دەمێننەوە و هیچ بەهایەکیان نابێت.

ئامانجی ئەردۆغان داگیرکردن و بەدەستخستنی سوریایە

لە نێوان تورکیا، سوریا و ڕووسیادا بەشێوەیەکی شاراوە چاوپێکەوتن ئەنجام دەدرێت. لەم چاوپێکەوتنانەدا ئاشکرابوو کە ئەردۆغان خواستێتی لەگەڵ ئەسەددا چاوپێکەوتن بکات. لەسەرەتادا دەیگوت؛ “ئەسەدی برام، دواتر ئەسەدەی بکوژ و لە ئیستاشادا دەتوانین لەگەڵ بەڕێز ئەسەددا دووبارە ببینەوە بە دۆست.” هۆکاری گۆڕینی سیاسەتەکانی ئەردۆغان چیە و لەبەرچی ئەوەندە زۆر دەیەوێت لەگەڵ ئەسەددا چاوپێکەوتن ئەنجام بدات؟

وەک ئاشکرایە ئەردۆغان دەیویست سوریا بگۆڕێت. بە واتایەکی تر ڕژێمی سوریا دەڕووخێت و حکومەتێکی نزیک لە تورکیا لەوێ هەڵدەبژێردرێت. بەم شێوەیە سوریایان دەخستە خزمەت تورکیا. ئەمەش بە ڕوونی دەربڕدرا. بۆ ئەمەش کاری زۆریانکرد. سوریان وێرانکرد، گەلەکەی کرایە پەنابەر، ملیۆنان هاوڵاتی خاکی خۆیان بەجێهێشت، ئابووری لە سوریا داڕما و خەڵک و کۆمەڵگا وێران بوو. تۆڵەیان لە سوریا کردەوە. زۆر گروپی چەتەیان پێکهێنا و ڕاهێنانیان پێکرد و ئێستا لە زۆر وڵاتدا بەکاریان دەهێنن. دیسان کۆمەڵکوژییەکی زۆریان ئەنجامدا چ لە سوریا و چ لە دەرەوەی سوریا. ملیۆنان کەسیان کردە پەنابەر و ئەوروپایان ترساند بەوەی دایاننرێن بۆ ئەوروپا. هەم لە ئەوروپا پارەیان وەرگرت و هەمیش بۆ ئەوەی ئەوروپا بێدەنگ بێت لەبەرامبەر سیاسەتەکانیان دەژ بەگەلی کورد، پەنەبەرانیان بەکار هێنا. وەک؛ یان ئێوە پشتیوانیم بکەن، چی بەسەر گەلی کورددا بهێنم ئێوە دەنگ مەکەن یان ئەوەی لەسوریاوە هاتووە ئەیانێرمە ئەوروپا’ هەڕەشەیان لە ئەوروپا کرد. هەر لەبەر ئەمەشە ئەوروپا بێدەنگە.

ئەو خەڵکانەی لەسوریاوە ڕۆشتن بۆ ئەوەی خزمەتی تورکیا بکەن، بەکارهێنران و بە هەرزانی کارییان پێکرا و سەرمایەیی تورکیا ئەم خەڵکانەی بەکارهێنا. وە چەندین کەسین کرد بە سیخوڕی خۆیان. یان بەشێوەیەکی ئاشکرا ملیۆنان سوری بەرەو تورکیا و لەم چوارچێوەیەدا بەکارهێنران. بەڵام لە ئێستادا ئەو سوریانەی لە تورکیادان بوون بە ئەرکێکی قورس بەسەریانەوە. دەیانەوێت خۆیان ڕزگاربکەن لەمە. وەک چۆن لە ڕووداوی ٧-٨ی تشرینی یەکەمەدا ڕۆمانیەکانیان کوشت، ماڵەکانیان تاڵانکرد، هەمان شت لە مانگەکانی ڕابردوودا بەسەر سورییەکاندا هات. خەڵکیان کوشت، ماڵ و دوکانەکانیان تاڵانکرد و دەستیان گرت بەسەر ماڵ و موڵکیاندا. بۆچی؟ چونکە بناغە بۆ گەراندنەوەیان دروستەکرێت. بۆئەوەی بیاننرێنەوە داگیرکاری نوێیان لە رۆژئاوا دەستپێکرد. دەیانەوێت هیچ کەسێک هەوڵوێست بەرامبەر ئەمە پیشان نەدات و بڵێن باش دەکەن با سورییەکان بگەڕێننەوە و لەم بارە ڕزگارمان بێت. بەم شێوەیە پەیامێکیش دەدەنە ئەوروپا. پەیامی؛ ‘ببینن دەمەوێت ئەم بارە لە ئێوە دورخەمەوە، دەمەوێت ئەوان بنێرمە ڕۆژئاوا، لەبەرئەمە پێویستە ڕۆژئاوا داگیربکەم و ئەمە قبوڵ بکەن’ دەدات.

بۆ گەلانی تورکیاش پەیامی؛ ‘دەمەوێت ئێوە لەم بارە ڕزگاربکەم، دەیاننێرمەوە بۆ سوریا، بۆ ئەمەش پێویستە لە ڕۆژئاوادا هەندێک دەڤەر بەدەسبهێنم و سورییەکان لەوێ جێگیربکەم، تەنها بەم شێوەیە ئێوە دەتوانن ڕزگارتان ببێت’ دەدات. خواستێتی بناغەی داگیرکاری بەم شێوەیە دامەزرێنێت. سیاسەتی ئەوان بەسەر سوریادا سەرنەکەوت و شکستی هێنا. بۆ ئەمەش نەک بە تەنها ئێمە، لە تورکیاشدا چەندین کەس دەڵێن. تەنانەت زۆرێک دژی ئەم سیاسەتەن و دەڵێن تورکیا هەنگاوی هەڵەی ناوە لە سوریا و وێرانکارییەکی گەورەی لە عەفرین و شوێنەکانی تردا هێنایە ئاراوە. بەڕوونی دەڵێن دیمۆگرافیا گۆڕاوە، جوگرافیا تێکچووە و ئەو دەرفەتانەی کە هەن تاڵان کراوە. ئەمانە ڕاستن. واتە سیاسەتەکەیان سەرکەوتوو نەبوو. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەردۆغان وازی لە سیاسەتەکەی هێناوە. گۆڕانکاری تاکتیکی لە سیاسەتی ئێستای خۆیدا دەکات. دەڵێت من دەمەوێت کێشەکانی سوریا چارەسەر بکەم، جاران کۆبوونەوەی خێزانیمان هەبوو و ئێستا دەتوانین کۆببینەوە. بەم شێوەیە دەیەوێت چەتەکانی لە سوریا دابنێت و سوریا بەدەستبخات. وە دەڵێت تاکە مەرجێکم هەیە ئەوەیە کە سوریا ستاتۆی کورد قبوڵ نەکات و لەناویان ببات.

بەڵام ئەوان لە گرێ سپیەوە هەتا عەفرین و سەریکانی و چەندین دەڤەرییان داگیرکردووە. سەرەتا دەبێت لەوی دەرچن.  ئەمە ڕاستیەکەیە. تورکیا لە دۆخێکی وادا نیە کە باس لە مەرجی خۆی بکات. پێویستە دەوڵەتی تورک لە خاکی سوریادا دەرچێت، گەر دەرنەچێت ئەوا چۆن چاوپێکەوتن ئەنجام دەدات؟ ئەو کاتە هیچ مانایەک بۆ سوریا نامێنێتەوە و سوریاش بوونی نابێت. ئەوەی ئەمەی بەسەر سوریادا هێنا و سوریای خستە ئەم دۆخەوە خودی ئەردۆغانە. وای دەبین کە سوریاش باش ئەمە دەزانێت. گوڕێنی سیاسەتە کۆنەکانی بەو مانایە نایەت کە ئەردۆغان دەستبەرداری سیاسەتەکانی خۆی بووبێت. لە تاکیتکەکانی خۆیاندا ئەنجامێکی بەدەست نەهێناوە و بە پیشخستنی تاکتیکی نوێ دەوێت خۆی بگەیەنیت بە ئامانجەکانی. ئامانجی ئەویش بەدەستخستنی سوریایە و خستنێتی بەژێر خزمەتکردنی تورکیاوە. ئەم سیاسەتە بەڕێوەدەبن.

شۆڕشی ڕۆژئاوا پێی نایە ساڵی ١٣ هەمینەوە. بەڵام لە ناوخۆ و دەرەوەش کێشە هەیە. ئیدارەی ڕۆژئاوا خۆیشی دوا، مەرجەکانی بۆ چارەسەری کێشەکان ڕاگەیاند. ئێوە پاشەڕۆژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و پاشەڕۆژی سوریا بەگشتی چۆن دەبینن؟ چۆن دەتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن؟

سەرەتا سڵاو و ڕێز دەنێرم بۆ گەلی ڕۆژئاوامان، بۆ گەلی عەرەب و ئەرمەنی و سوریانی و جەرکەس و تورکمان کە لەگەڵ گەلی کورد دەژین، واتە بۆ تەواوی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. سڵاو لە شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکەم. شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشێکی مەزنە. لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا کاریگەری مەزنی هەبوو، وە کاریگەریشی بەردەوام دەبێت. گۆڕانکاری زۆر کرا. بە تایبەتی ژنان پێشەنگایەتی شۆڕشەکەیان کرد، کە کاریگەری لەسەر هەموو جڤاکی ڕۆژهەڵاتی ناوین کرد و گۆڕانکاریی ئافراند. هەم لە زیهنیەت و هەم لە ژیاندا. گۆڕانکارییەکی دیموکراتیک ڕوویدا. ڕێبەر ئاپۆ هەوڵی زۆری داوە بۆ جێبەجێکردنی ئەم شۆڕشە. چونکە ساڵانێکی زۆر لە ڕۆژئاوا خەباتی کرد و شۆڕش لەسەر بناغەی ئەم خەباتە ڕوویدا. ئێستا لە ناوخۆ و دەرەوەش مەترسی لەسەر ئەم شۆڕشە هەیە. ناتوانین بڵێین ئێستا شۆڕش دەتوانێت بە تەواوی خۆی بپارێزێت. چونکە شۆڕش لە بواری سیاسیدا تەواو بووە، بەڵام هێشتا لە بواری چاندی تەواو نەبووە. ئەگەر شۆڕشێک لە کایەی چاندی و کۆمەڵایەتی تەواو نەبێت، ئەو شۆڕشە هەمیشە لە مەترسیدایە. لەم بوارەدا هەوڵ بۆ پاراستنی و بەردەوامبوونی شۆڕش دەدرێت.

دەوڵەتی تورک کە دوژمنی کوردانە، دەیەوێت ئەم شۆڕشە لەناوببات. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دیسانەوە دەیەوێت سوود لە بارزانیەکان وەربگرێت. دەیەوێت بە هاوکاری بارزانیەکان گورز لە شۆڕش بدات. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هاکان فیدان لێدوانێکی دا، دەڵێت، “پەکەکە لە هەموو لایەکەوە عێراقی گەمارۆداوە، دەمانەوێت عێراق لەوە ڕزگار بکەین و کار بۆ ئەمە دەکەین”. هەروەها سەبارەت بە سوریا وتی، “ئەوانەی لە ڕۆژئاوا دەستیان بەسەر نەوتەکەدا گرتووە، ئەم نەوتەیان لێ وەردەگرین و دەیخەینە خزمەتی سوریاوە. پێداگرین لەسەر ئەمە” هەوڵ دەدەن نیشان بدەن کە بە تەواوی کار بۆ سوریا و عێراق دەکەن، هیچ بۆ تورکیا ناکەن. عاشقی گەلانی سوریا و عێراقن! هەموو سەرچاوە ماددی و مەعنەوییەکانی خۆیان پێشکەش کردووە بۆ خزمەتکردنی ئەم دوو گەلە، بۆخۆیان هیچیان ناوێت! بۆ ئەمە سەربازەکانیان بە کوشت دەدەن! یانی بەم شتە کێ دەخەڵەتێنن؟ ناتوانن کەس بخەڵەتێنن، ئامانجیان خەڵەتاندنی هەموو کەسێکە. دەیانەوێت عوسمانیزمی نوێ لە سوریا و عێراق بەدی بهێنن، بەمەش دەیانەوێت حوکمی ڕۆژهەڵاتی ناوین بکەن. بۆیە خۆیان وەک فریشتە نیشان دەدەن. ئەمە ڕاستی دەوڵەتی تورک پیشان دەدات، دەری دەخات لە شەڕی تایبەت و سایکۆلۆژیدا چەندە بەهێزن. دەریدەخات چەندێک درۆ دەکەن و چەندێک هەڕەشە دکەەن، چۆن خەڵک فریو دەدەن و چۆن دەیانەوێت بگەن بە ئامانجەکانیان. پێویستە هەم عێراق و هەم گەلی سوریا لەم ڕووەوە هۆشیار بن.

ئەوانەی شۆڕشی ڕۆژئاوایان بەدیهێنا، تامی ئازادیان کرد، بۆیە خاوەنداری لە خۆیان و شۆڕشەکەیان دەکەن. هەر دەبێت خاوەنداری لێ بکەن. نابێتە گوێ بدەنە دەوروبەر. پێویستە بەپێی دەرفەت و تێکۆشانی خۆیان، شۆڕش پێش بخەن. پێویستە بۆ چارەسەر کێشەکان، دیالۆگ لەگەڵ سوریا بکەن. ئەگەر ڕژێمی سوریا لە چارەسەر نزیک نەبێتەوە، پێویستە ڕێگەی جیاواز تاقی بکەنەوە. ڕێگا زۆرە. بە یەک ڕێگا مەحکوم نەکراون، مەحکومن بە ئازادی و دیموکراسی. ئەگەر زۆر بە باشی خۆیان ئامادە بکەن، ئەو پەیوەندیانەی لەگەڵ گەلان دایانمەزراندووە بەهێزتری بکەن، زۆر بە باشی خۆیان ڕێکبخەن، ئەوا دەتوانن ڕووبەڕووی هەر شتێک بوەستنەوە. خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی دەوڵەتی تورک سوودی بۆ سووریا نابێت. داخوازییەکانی دەوڵەتی تورک ئاشکران، ئەوەی تا ئێستا لە سووریا کردوویەتی، لەمەودواش هەر ئەوە دەکات. ئەمانە کۆتایی سوریای لێ دەکەوێتەوە. سوریا نابێت بە دڵی دەوڵەتی تورک بجووڵێتەوە، پێویستە بەدڵی گەلانی سوریا بکات. ئەگەر داخوازییەکانی دەوڵەتی تورک قبوڵ بکات، ئەگەر دوژمنایەتی کورد بکات، ئەوا خزمەت بە دەوڵەتی تورک دەکات. ئەردۆگان ساڵانێکە سوریا تاڵان دەکات و بە ئامانجەکانی نەگەیشتووە، بەم شێوەیە دەگاتە ئامانجەکانی.

پێویستە مرۆڤەکانمان بە چاندی خۆیان بژین

ئێوەش نموونەتان بەخشی، ئەو گەنجانەی کە هەڵپەڕکێ دەکەن یان گوێ لە گۆرانی کوردی دەگرن زۆرجار ڕووبەڕووی هێرشی سیستەماتیک دەبنەوە، بەم دواییەش هەر بەم بۆنەیەوە چەند کەسێک دەستبەسەرکران و خرانە زیندانەوە. ئاشکرایە سیاسەتی قڕکردن و ئاسیمیلاسۆن دژی کوردان بەردەوامە. بەڕای ئێوە، لەگەڵ سیاسەتەی داگیرکەران، خود-ئاسیمیلاسیۆنیش هەیە؟ چۆن ئەمە هەڵدەسەنگێنن؟

دەوڵەتی تورک بۆ لەناوبردنی گەلی کورد، هێرش دەکاتە سەر چاندی کورد. دەیەوێت هەر شتێک ناوی کوردبوونی پێوەبێت، بیسڕێتەوە. گەر بتەوێت گەلێک لەناوببەیت، دەبێت چاندەکەی لەناوببەیت. ئەوکات ئەو گەلە لەناودەچێت و ناتوانێت خاوەنداری لە خۆی بکات. ئەردۆگان چی دەگوت؟ دەیگوت “چەندین هەنگاومان هاویشت، بەڵام لە بواری چاندیەوە هێشتا هەنگاومان نەناوە، پێویستە ئەم هەنگاوەش بنێین بۆ هێشتنەوە دەسەڵاتەکەمان”.  مێژووی تورکیا دەگۆڕن و دەیانەوێت چاندەکەشی بگۆڕن. ئەوان دەیانەوێت بە هەموو مانایەک تورکیایەک بەدڵی دروست بکەن. بەڵام دەبێت ئەمە لە کوردستان پێش بخەن. هەر بۆیە لە کوردستان هەموو شتێکی پەیوەست بە چاندی کوردی قەدەغە دەکەن. هەوڵ دەدەن هەموو ئەو چالاکییانە قەدەغە بکەن کە بەناوی کوردەوە دەکرێت. بۆ نموونە لە قوتابخانەکان ئایپادیان دابەشکرد، بەمە هەوڵ دەدەن هەموو منداڵان لە چاندی کوردی دوور بخەنەوە. هەوڵ دەدەن دەوڵەتی تورک لای ئەو مناڵانە خۆشەویست بکەن. زۆرێک لە ئەپلیکەیشنەکانی پەیوەست بەم بابەتەوە لەو ئایپادانە دابەزێنراون و بەم شێوەیە هەوڵ دەدەن مناڵان تەنانەت لە قۆناغی سەرەتاییشدا لە کوردبوون دووربخەنەوە. بەم شێوەیە دەیانەوێت بە تەواوەتی جڤاکی کوردی بسڕنەوە.

ئەو کەسانە دەگرن کە هەڵپەڕکێ دەکەن، فێربوونی کوردی قەدەغە دەکەن، درووشـم و نووسینی کوردی قەدەغە دەکەن، واتە هێرشێکی مەزن دژی چاندی کوردی هەیە. فیستیڤاڵ ڕێک دەخەن و لەم ڕێگەیەوە دەیانەوێت ئاسیمیلاسیۆن پێش بخەن. بە گرتن و کوشتن دەیانەوێت جڤاک بترسێنن و کەس لە دژیان نەوەستێتەوە، بە ئاسانی کورد بکەن بە تورک و ئەوانەی دژی ئەمە دەوەستنەوە لەناویان ببەن. لەم چوارچێوەیەدا سیاسەت دەکەن. لێرەوە بانگەواز دەکەم، پێویستە کەس نەچێتە ئەم فیستیڤاڵانەی دەوڵەتی تورک کە لە کوردستان ئەنجامی دەدات و پێویستە ڕێگە لەم فیستیڤاڵانە بگیرێت. لەبری ئەم فیستیڤاڵانە دەبێت کوردان لە شارەکانی خۆیان فیستیڤاڵ ئەنجام بدەن. پێویستە لە هەموو گردبوونەوە و ڕێپێوان و خەباتێکدا بە زمانی کوردی بدوێن. نابێت بە تورکی بدوێن. هەڤاڵانی زیندان دەبێت ئەم بوارە پێش بخەن و ئەدەبیاتی کوردی بەرەوپێش ببەن. پێویستە شانۆ و ئەدەبیات و شیعر و ڕۆمان بە تەواوی بە زمانی کوردی بن. دەبێت لە دادگاکان بە زمانی کوردی ئیفادە بدەن. دەبێت هەموو مرۆڤەکانمان لە ماڵەکانیان بە چاندی خۆیان بژین و بە زمانی خۆیان بدوێن. دەبێت هەموو بنەماڵەکان ژیانێکی کوردی بژین. بەم جۆرە بەرامبەر ئاسیمیلاسیۆن بەرخۆدان بکەن.

نابێت لەپاڵ ئاسیمیلاسیۆنی دەوڵەت، خود-ئاسیمیلاسۆین پێش بخەن. ئەمە هەڵەیە. دەبێت لە دژی ئەمە شەڕێکی چاندی بکەین. گەلێک بەهای ئێمە هەن و دەبێت ئەم بەهایانە بخەینە خزمەتی مرۆڤایەتییەوە. ئەمەش لەڕێی زمانی کوردییەوە دێتەدی. گەر بە کوردی نەنووسی، ئەمە نابێت ئەدەبیاتی کوردی. دەچێتە خزمەتی ئاسیمیلاسیۆنەوە. دەبێت هەموو گۆرانییەکان بە کوردی بن. بۆ نموونە هەندێک هونەرمەندی ئێمە لەپێش گەلەکەمان گۆرانی تورکی دەڵێنەوە. دەبێت ئیتر بە کوردی بچنە بەردەم گەل. دەوڵەتی تورک دەیەوێت گەلی کورد بسڕێتەوە، دەبێت ئێوەش چاند و زمان و گەلی کورد بپارێزن. دەبێت بەرخۆدانێکی وەها هەبێت. بەم بۆنەیەوە، بانگەواز دەکەم، با هەموو کوردێک خاوەنداری لە خۆی بکات.

لە کوردستان بەردەوام قڕکردنی ئیکۆلۆژیک هەیە، لە باکوور تا باشوور، لە ڕۆژئاوا تا ڕۆژهەڵات دەوڵەتی تورک ڕۆژانە دار دەبڕێتەوە، دارستانەکان بۆردوومان دەکات و لەناویان دەبات، ئاووهەوای کوردستان پیس دەکات، هۆکاری ئەم قڕکردنە ئیکۆلۆژییە بەرامبەر سرووشتی کوردستان چییە؟

دەوڵەتی تورک دەیەوێت هەموو کوردستان بکاتە موڵکی خۆی. لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە ، کار بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی دەکات. لەم دواییانە بە تایبەتی سەرنجی لەسەر شەرناخ و جولەمێرگە. دەیەوێت لەو شوێنانە بنکەی سەربازی دابنێت و ئەو شوێنانە بکاتە ناوچەی وزە. بۆیە ئامانجی لەناوبردنی کوردە لەو شوێنانە. به م شێوەیە دەیەوێت پەیوەندی نێوان پارچەکانی کوردستان بپچڕێنێت و کوردبوون لەو ناوچانە تەسفیە بکات، تا بتوانێت ناوچەکانی دیکەش بە ئاسانی تەسفیە بکات.  ئێستاش دەیەوێت باشوور داگیر بکات و بۆ ئەمەش دەیەوێت شەرناخ و جولەمێرگ لەپشتە سەری خۆی دابنێت. لە پێناو لەناوبردنی جڤاکی کوردیدا، پەرە بە مادە هۆشبەرەکان و لەشفرۆشی و سیخووڕی دەدات و سروشت تاڵان دەکات و دار دەبڕێت و نەوت دەردەهێنێت و ئاو پیس دەکات و دەیەوێت ئەو شوێنانە لە خزمەتی خۆیدا بەکاربهێنێت، بەمەش دەیەوێت ئامانجەکانی پەیوەست بە باشووری بەدی بهێنێت و باکووریش بەدەست بهێنێت. بۆیە هەم لەنێو جڤاک و هەم دژی سرووشتیش وێرانکاری مەترسیدار ئەنجام دەدات.

بەم وێرانکارییانە لەسەر سرووشت و جڤاک کارەساتی مەزن دەئافرێنێت. هەندێک کەس لە چاپەمەنی تورک باس لەوە دەکەن کە گەنجان لە جولەمێرگ ڕۆژانە خۆیان دەکوژن و ڕێژەی خۆکوشتنی گەنجان زیادی کردووە. ئاستی خۆکوشتن نەک تەنها لە جولەمێرگ، بەڵکو لە زۆر شوێنی دیکەشدا زیادی کردووە. تەنانەت بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان گەیشتۆتە دەستی کەسانی ٥-٦ ساڵ. ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ جڤاک. بەم دواییانە لە چەولیگ کەسێک کە مادەی هۆشبەری بەکارهێنابوو، کەسانێکی زۆری کوشت و زۆر کەسیشی بریندار کرد. دەوڵەت خۆی ئەمە دەکات، ئەمە سیاسەتی دەوڵەتە. بۆ نەهێشتنی گەلی کورد پەنا بۆ هەموو ڕێبازە قێزەونەکان دەبات. دەرفەتی ژیانی کورد لەناو دەبرێت. بۆ نموونە لە هەرێمی شەرناخ ئاوی زۆر نییە بۆ خواردنەوە. خەڵک دەڵێن ئەو ئاوەی دەیبینین دەڵیی قەترانە و بە کەڵکی خواردنەوە نایەت. دارەکانیان نەهێشت و گوندەکانیان نەهێشت و ئیتر مرۆڤەکانیش ناتوانن بە ئاسوودەیی لە شارەکاندا بژین. کەش و هەوا وەک جاران نییە، وەرزەکان زۆر گۆڕاون، واتە ئێستا ژیانی مرۆڤ لە مەترسیدایە. بەم شێوەیە دەیانەوێت مرۆڤ ناچار بە کۆچ بکەن. بە تایبەتی شەرناخ و جولەمێرگ کراونەتە ئامانج. ئەو سیاسەتەی لەو ناوچانە بەڕێوەدەچن، لە سەرانسەری کوردستان بەڕێوەی دەبەن.

بزووتنەوەی ئیکۆلۆژی میزۆپۆتامیا بانگەوازی کرد، نەوەک تەنها لە کوردان، بەڵکو بانگەوازی لە تەواوی جڤاکی تورک بوو، دەیانەوێت وێرانکاری سەر سرووشت و جڤاک بوەستێنن. بەڵام ئەمە تەنها بە بانگەواز نابێت. لە چاپەمەنیدا سەبارەت بە دەرهێنانی نەوت و پیسکردنی ئاو و بڕینی دارەکان  بۆ ئەوەی گەریلاکان لەو شوێنانە نەژین، ڕاگەیاندراوی شەخسی و دامەزراوەیی دەدرێن. بەڵام بەم قسانە ناتوانرێت ڕێگری لەم کارە بکرێت. بەڵام ئەگەر تەماشای تورکیا بکەیت، لە زۆرێک لە گوندەکاندا خەڵک ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەرامبەر بەو وێرانکارییە ئیکۆلۆژییە، پێویستە لە کوردستانیش ناڕەزایەتی و تێکۆشان لە دژی ئەمە هەبێت. نابێت ڕێگە بدرێت جڤاک و سروشت تاڵان بکرێت. لەم دواییانەدا لە چاپەمەنیدا بینیم کە بزووتنەوەیەکی ئیکۆلۆژی لە ئامەد سەردانی ماڵەکان دەکات و دەرئەنجامەکانی ئەو وێرانکارییانە لە جڤاکدا ئاشکرا دەکات. هەوڵدەدەن مرۆڤەکان ئەنجامی ئەم وێرانکارییانە تێ بگەیەنن. ئەمە کارێکی گرنگە و پێویستە لە هەموو شوێنێک ئەنجام بدرێت. پێویستە لە شار و شارۆچکە و گوندەکان، هاوڵاتیانمان خاوەندارێتی لە خۆیان و ناسنامە و چاند و ڕەنج و بەها و ئیرادە و زمان و سرووشتی خۆیان بکەن. پێویستە یەک بە یەک بچنە لای خێزانەکان و ڕەوشەکە بۆ هاوڵاتیان ڕوون بکەنەوە. ئەمەیە کە پێویستە. ئەگەر لە شوێنێکیشدا وێرانکاری هەبێت، دەبێت لەوێ دەنگی خۆیان لە دژی ئەو وێرانکارییە بەرز بکەنەوە و دژایەتی بکەن. واتە نابێت بڵێن دەمانگرن و دەمانکوژن. ئاخر بەم شێوەیە هەموو جڤاک دەکوژن و هەموو سروشت تاڵان دەکەن و دەرفەتەکانی ژیان لەناو دەبەن. پێویستە هەمووان ئەمە ببینن و دژی بوەستن. پێویستە هەموو کەسێک پارێزگاری لە جڤاک و سرووشت و مرۆڤایەتی و بەهاکانی خۆی بکات. ئەوەی لە هەمووان دەخوازرێت ئەمەیە.