ژنانی زیندانی ئەوین لە تاران داوایان کرد کە ڕژێمی ئێران مەکینەی مەرگ ڕابگرێت.
نزیکەی ٦٠ ژنی دەستبەسەرکراوی سیاسیی لە بەشی ژنانی زیندانی ئەوین لە تاران شەوی ڕابردوو شەممە ٢٧ تەموز ٢٠٢٤ دژی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر ڕۆژنامەنووس پەخشان عەزیزیدا ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوایان کرد کە ڕژێمی ئێران مەکینەی مەرگ ڕابگرێت.
بە دروشمی “نا بۆ لەسێدارەدان” و “ئازادیی بۆ زیندانیانی سیاسیی” بانگەوازییان لە خەڵکی ئێران کرد بچنە پاڵیان و پشتیوانییان لێ بکەن.
نێرگس محەمەدی، کەلرۆخ ئیرایی و ناهید تەقوا، سێ ژنە زیندانی سیاسی دەستبەسەری زیندانی ئەوین، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند: “ئەمڕۆ ٢٧ـی تەمموز، لە کاتژمێر حەوتی ئێوارەوە تا ڕۆژی دواتر ماندەگرین و ڕۆژی ئەکشەممەش وەک ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزیدا لە گۆڕەپانی زیندانەکە دەمێنینەوە و ناچینەوە خانەکانمان لە ناوەوەی بەندیخانەکە.
لە بەیاننامەکەیاندا ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەوان وەک سێ ژنە سیاسیی دەستبەسەرکراو لە گرتووخانەی ئەوین تا کۆتایی دژایەتی ئەو بڕیارە دەکەن و داوایان لە گشت هاوڵاتیانی ئێران کرد پشتیوانیان بکەن.