سیناتۆری فەرەنسی: چاوەڕێی وڵامی تورکیاین بۆ ئەوەی سەردانی ئیمرالی بکەین، بۆچی دەترسین؟

41
0
هاوبەشی :

پاسکال ساڤۆڵدێلی سیناتۆری فەرەنسی کە داوای کردووە لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆببێتەوە، ڕووی کردە وەزارەتی دادی تورکیا و پرسیاری کرد “تورکیا بۆچی دەترسێت؟” و وتی: “دەبێت عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت.”

سیناتۆر پاسکاڵ، داوای دیداری لە گەڵ ڕێبەر ئۆجالان کردووە

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان زیاتر لە ٢٥ ساڵە لە زیندانی ئیمرالی لە ژێر گۆشەگیریدا ڕاگیراوە و ماوەی ٤٠ مانگە هیچ زانیارییەک لەسەر بەڕێزی نەدراوە. بەهۆی ئەو دۆخە ڕەهایە، رێگەنادرێت هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورددا بکرێت، مافی دیدار لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرانی ڕاگیراوە. دەوڵەتی تورک هەم یاسای ناوخۆیی خۆی و هەم ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی وەکوو پەیماننامەی ئەورووپا بۆ مافەکانی مرۆڤ و پەیماننامەی ڕێگری لە ئەشکەنجەی نەتەوە یەکگرتووەکان سی پی تی کە واژۆی کردووە، پێشێل دەکات. دەوڵەتی تورک بۆ شاردنەوەی کردەوە نایاسایییەکانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پشت بە سزای دیسپلین و قەدەغەکردنی پارێزەران دەبەستێت.

لە لایەکی دیکەوە کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر بەم نادادپەروەرییە لە چوارچێوەی هەڵمەتی “ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ کێشەی کورد” کە لە١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە سەرانسەری جیهاندا دەستیپێکرد، تادێت زیاتر و بەرفراوانتر دەبێت. گەلانی پێکهاتە جیاجیاکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو نادادپەروەرییەی لە ئیمرالی دەکرێت هیچ هاوشێوەیەکی لە جیهاندا نەبووە، هەروەها داوا دەکەن کۆتایی بە گۆشەگیریی ئیمرالی بهێنن و داوای ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد دەکەن. یەکێک لەو کەسانە، سیناتۆر پاسکاڵ ساڤۆڵدێلی، سیاسەتمەداری ناوداری فەرەنسایە.

سیناتۆر پاسکاڵ، لەم دواییانەدا داوای لە وەزارەتی دادی تورکیا کردووە، ڕێگەی پێ بدەن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان کۆببێتەوە. سیناتۆر پاسکال ساڤۆڵدێلی سەبارەت بە داواکارییەکەی لە وەزارەتی دادی تورکیا و گۆشەگیریی لە ئیمرالی وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسی هەواڵی فوراتی دایەوە.

“عەبدوڵا ئۆجالان زیندانیەکی ئاسایی نییە، نابێت لە زینداندا بێت”

ئێوە داواکاریتان پێشکەش بە وەزارەتی دادی تورکیا کرد بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆببنەوە. ئامانجی سەرەکیتان لەم دیدارەدا چی بوو؟

سەرەتا داواکاریی من بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان داواکارییەکی ئینسانییە. عەبدوڵا ئۆجالان ٢٥ ساڵە لە زینداندایە و زیاتر لە ٣ ساڵە هیچ زانیارییەکی لێ وەرنەگیراوە. دۆخی تەندروستی چۆنە؟ ئێمە هیچ زانیارییەکمان لەو بارەیەوە نییە. بۆی نییە چاوی بە بنەماڵەکەی و پارێزەرانی بکەوێت و لە زینداندا گۆشەگیر کراوە. بۆیە داواکاریی من بۆ دیدارەکە پێش هەموو شتێک دەستپێشخەرییەکی مرۆییە.

مەسەلەی دووەم ئەوەیە عەبدوڵا ئۆجالان زیندانییەکی ئاسایی نییە. ڕۆڵی سەرەکی بینیوە لە دانوستانەکان بۆ ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە شەڕ و ناکۆکییەکان. چونکە دەتوانێت ئەم کێشانە چارەسەر بکات، بۆیە دروست نییە لە زیندان بمێنێتەوە. بە واتایەکی تر توندوتیژی هەڵنابژێرێت. دەیەوێت کێشەی توندوتیژی و ململانێکان بە ڕێگەی سیاسی و دیپلۆماسی چارەسەر بکرێن.

من لە هەڵوێستی دەوڵەتی تورک بەرامبەر عەبدوڵا ئۆجالان تووڕەم. بۆیە دەمەوێت بنەماڵە، هاوڕێ و پارێزەرانی وەک نوێنەری هەڵبژێردراو ئاگادار بکرێنەوە. پێویستە بزانین باری تەندروستی و ئەو بارودۆخەی کە تێیدا دەمێنێتەوە و چ ئاستەنگێک لە پێشی دانراوە. ئێمە هیچ نازانین، هەموو شتێک شاراوەیە. بۆیە ئامادەم بۆ دیدار لە گەڵ عەبدوڵا ئۆجالان.

هاوبەشی :