دەستەی هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، لەبارەی ١٢مین ساڵوەگەریی شۆڕشی ١٩ـی تەمووزی ڕۆژئاوای کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە.

32
0
هاوبەشی :

لە پەیامەکەی کەجەکەدا هاتووە، گەلی ڕۆژئاوای کوردستان بە بڕیارێکی مێژوویی لە کۆبانێوە دەستیان بە پرۆسەی ئازادیی ڕۆژئاوای کوردستان کرد و ئەم هەنگاوە لە ماوەیەکی کورتدا گۆڕا بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوا، پاشان لە ئەنجامدا سیستەمی دیموکراتیک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پەرەی سەند، ئێمە ئێستا لە ١٢هەمین ساڵوەگەڕی ئەم پێشکەوتنە مێژووییەداین، ئەم پێشکەوتنە مێژووییە سەرەتا لە گەلی ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە گەلی عەرەب، ئەرمەن، سوریانی، تورکمان و هەموو گەلانی سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەلانی ستەملێکراوی جیهان، ژنان، گەنجان و هەموو هێزە شۆڕشگێڕ و دیموکرات و ئازادییخوازەکان پیرۆز دەیکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، کاتێک باسی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکرێت پێویستە هەمیشە ئەو ئینتەرناسیۆنالیستانە لەبیر نەکەین کە گەورەترین و مانادارترین پشتیوانی مێژووییان لە شۆڕشی ڕۆژئاوا نیشان دا، گەل لە هەموو جیهانەوە بۆ پاراستنی شۆڕشی ڕۆژئاوا لە بەرەکانی شەڕدا تێکۆشانیان کرد و شەڕیان کرد، زۆرێک لە دۆستانی ئینتەرناسیۆنالیست لەو تێکۆشانەدا شەهید بوون، هەروەها ئێمە بە ڕێزداریی و حورمەتەوە یادیان بەرز ڕادەگرین، وەک گەلی کورد و گەلی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زۆر قەرزداری ئەوانین.

دەشڵێن: شۆڕشی ڕۆژئاوا بە تایبەتمەندییەکانی بەهای نوێی بە مرۆڤایەتی بەخشیوە، وەک پێشکەوتنێکی نوێ لە ڕێپێوانی ئازادیی جیهانی گەلان، ژنان و چینە چەوساوەکاندا جێگای خۆی لە مێژوودا گرتەوە، شۆڕشی ڕۆژئاوا دژی ستەم، نایەکسانی و دڕندەیی لەسەر میراتی تێکۆشانی مێژوویی بۆ ئازادیی ستەملێکراو پەرەی سەند، لەم ڕووەوە ڕەگ و ڕیشەی لە مێژوودا چەقاندووە، بە پشتبەستن بە فەلسەفە و پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ، ڕێگەی بۆ پێشکەوتنە نوێیە مێژووییەکانی شۆڕش کردەوە، ڕێبەر ئاپۆ بە تیۆری مۆدێرنیتەی دیموکراتیک و پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژی لەسەر بنەمای ئازادیی ژن، چارەسەرێکی گرنگی بۆ کێشەی ئازادیی سەردەمی ئێمە خوڵقاندووە.

باسیان لەوەشکردووە، دەوڵەتی تورک و ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە کە دەستبەرداری عەقڵییەتی داگیرکاریی و کۆمەڵکوژیی نەبووە، لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ بە مەبەستی شکستپێهێنانی شۆڕشی ڕۆژئاوا هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوا و دەستی داوە بە هەموو جۆرە پەیوەندییەکی گەندەڵەوە، هەموو چەتە کۆنەپەرەست و فاشیستەکان بە تایبەت داعشی ڕێکخستووە و هێرش دەکەنە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەو پێیەی بە چەتەکانیەوە ئەو ئەنجامەی کە دەیویست بەدەستی نەهێنا، هێرشی ڕاستەوخۆی دەستپێکرد و ڕۆژئاوا و خاکی سووریای داگیرکردووە.

لە پەیامەکەدا کەجەکە ئاماژەی بەوەشداوە، بە گرنگی دەزانین کێشەکانی سووریا لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستانەوە بە شێوەیەکی دیموکراتیک و یەکسان چارەسەر بکرێت، چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا بەم چەمک و ڕێبازەوە دەکرێت، وەک بزووتنەوەی ئازادیی ئەمە زۆر بە گرنگ دەزانین و پشتیوانی لێدەکەین، هەرکەسێک گرنگی بە ئایندەی سووریا و گەلانی سووریا بدات، دەبێت نزیکبوونەوە و هەوڵێکی لەو شێوە بدات، لەسەر ئەم بنەمایە داوا لە هەموو لایەک دەکەین بەم ڕێبازەوە مامەڵە بکەن و لە ڕێگەی دیالۆگەوە کێشەکان چارەسەر بکەن.

هاوبەشی :