تیرۆر گەورەترین مەترسی سەر ژیانی کورد

77
0
هاوبەشی :

تیرۆر چیە؟ کێ پێناسەی دەکات، مێژووی تیرۆر لە کەیەوە دەستپێدەکات، کێ سوود لە تیرۆر دەبینێت و کێ زیانی لێدەکات. تیرۆر ناو و چەمکێکی لاستیکیە و خاوەنی هیچ پێناسەیەکی تایبەت نیە. چەمکێکی گشتیە و هەرکەس، لایەن، هێز، دەوڵەت و ناوەندەکانی شەڕ دەتوانن بەگوێرەی خۆیان لێکدانەوەی بۆ بکەن. بۆیە ئەم چەمکە چەمکێکی دەسەڵاتخوازیە و هەرکەس و لایەنێک کە خاوەن هێزی زیاتربوو، دەتوانن بیسەپێنن بەسەر ئەوانی تردا. بۆیە هێز و باڵادەستی ناوەرۆکی پێناسەی تیرۆرە. ئەوەندە گشتیە تەنانەت لە شەڕی دوو منداڵدا دەتوانیت مانای بۆ بێنیتەوە. هەر بۆیە مێژووی تیرۆر مێژووی جیابونەوەی چینایەتی کۆمەڵگە و دروستبوونی جیاوازیە. هێند دورە بەقوڵایی مێژوودا ڕۆچوە. بۆیە ناکرێ بەئاسانی بەلایدا بگوزەرێین و لەدەرەوەی دەسەڵات ـ دەوڵەت و هێز بیبینینەوە.

هەربۆیە لە قۆناغەکانی مێژوودا تیرۆر لە ژێر ناوی جیاواز و واتای جیاوازدا درێژەی بەتەمەنی خۆی داوە. تا گەیشتوەتە ڕۆژگاری ئەمڕۆمان و لە ڕوی واتای سیاسیەوە وا پێناسە کراوە، باوترین پێناسەی تیرۆر: “بریتیە لە كوشتن و غافڵگیری، وێرانكاریی و كاولكاری، هەڕەشە و جۆرەكانی زۆرداریی و دوژمنكاریی، یاخود هەر كارێكی تر كە ئامانجی بڵاوكردنەوەی كەشی نائارامی و گوشاری هەمەجۆر بێت، هەروەها رفاندنی فڕۆكە و بارمتەگرتن و ئاگرخستنەوە و چەتەگەریی و تەقاندنەوەی بۆمب لە شوێنە گشتییەكان و بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن!”.

لەو پێناسەوە تێدەگەین کە چەندە گشتاندنێکی بێ واتا و ناوەرۆکە و چەندە هەڵگری دوژمنایەتیەکی کوێرانەیە. هەروەها چەندە نیشاندەری ئەوەیە کە هەرکەس لە ژێر هەرناوێکدا، یەکێک لەو کارانەی کرد بە تیرۆر بناسرێت و بەو پێیەش بە یاسای لێپرسینەوەی کوێرانەی دژە تیرۆر لێپرسینەوەی لێبکرێت. بۆیە یاسا و پێناسەی تیرۆر ناتوانێت لە هۆکاری کارە نەکردەنی، کوشتن، ڕفاندن و تەقینەوە بگات و چارەسەری پرسی توندوتیژی بکات. بۆیە هۆکارەکانی بوونی توندوتیژی و گەیشتن بە ئاستی تیرۆر لە خودی دەسەڵات و وێرانکاریەکانی دەسەڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت وە پێناسەکەشی بەگوێرەی ناوەندەکانی دەسەڵات ـ دەوڵەت و هێزە ناوچەیی و لۆکاڵی و فەرمیەکانە. هەرچی لەدەرەوەی فەرمیەت بوو یاساکان و پێناسەکانی تیرۆر نەک نایگرێتەوە بەڵکو مافی خۆپاراستنیشی پێنادرێت و چارەسەریشی بە تێگەیشتن لە پرسی ناکۆکیە کۆمەڵایەتی، ژینگەیی، چینایەتی، ڕەگەزی و نەتەوەییەکانەوە دەکرێت.
هەربۆیە زەرەرمەندی یەکەم لە پرسی تیرۆر، نەتەوە ژێردەستەکان، ئایینە کۆمەڵایەتیەکان، ڕەگەزی ژن، چین و توێژە زەحمەتکێشەکان، ژینگە و پێکهاتە چەساوەکانە. بەتایبەت ئەوانەی خاوەنی هێز نین و توانای خۆپاراستنیان بەشێوەی سروشتی نیە و لەژێر هێرش و فشاری دەسەڵات و داگیرکاریدان. نەتەوەی کورد یەکێک لە هەرە زەرەرمەندترین نەتەوەکانی سەر ئەم گۆی زەویەیە کە زەرەرمەندی دەستی ئەو پێناسە گشتیەی تیرۆرە. بۆیە پێویست دەکات تیرۆر پێناسەیەکی کۆنکرێتی بکرێت، کە نەک دەسەڵاتەکان بپارێزێت، بەڵکو هاوسەنگیە کۆمەڵایەتی ژینگەییەکان بپارێزێت و ڕێزدار بيت بەرامبەر بە فرە ڕەنگیە سروشتی، ژینگەیی، کۆمەڵایەتی، ڕەگەزی، ئایینی و نەتەوەییەکان و تاکیش لەم پرسەدا پارێزراو بێت و نەکەوێتە ژێر فشارە جۆراوجۆرەکانەوە تا بۆ خۆپاراستن پەنابباتە بەر توندوتیژی و کاردانەوەی نەرێنی، کەواتە دەتوانین بڵێین؛ تیرۆر، ئەو کردوەوە نەرێنی و توندوتیژانەیە کە هێزەکانی دەسەڵات دەوڵەت بەپلەی یەکەم، ئەو لایەن و کەسایەتیە چاوچنۆک و قازانجپەرستانە، هێزەکانی سەرمایە و تاکە بێچارەکانن کە دەیکەنە سەر سروشت، ژینگە و جیاوازیە کۆمەڵایەتی، ڕەگەزی و نەتەوەییەکان. بۆیە هێرشکردنە سەر هەموو دەوروبەرە جیاوازەکان لە ڕووی توندوتیژیەوە پێی دەوترێت تیرۆر.
کەواتە تیرۆر بەرهەمی هێرشی توندوتیژانەی سەرمایەداری ـ دەوڵەت ـ هێز و مرۆڤە دڕدۆنگ و بەتاکخراوەکانە کە لە بێ چارەییدا هیچ ڕێگەیەکی تر شکنابات. هەربۆیە دەوڵەتەکان لە چوارچێوەی ڕەوایەتی بە تیرۆری دەوڵەتی و نێودەوڵەتیدا کۆمەڵێک یاسا و ڕێسایان بۆ داڕشتوە کە ڕەوایەتی بە تیرۆرەکەیان دەدات. بۆیە یاسای دژە تیرۆر سەرەڕای گشتاندنەکەی، بێ توانایە لە چارەسەری پرسی تیرۆردا. هەر بەو پێیەش تیرۆر بەشێکە لە توندوتیژی سیستەماتیک کراوی توندوتیژی. هەر لە توندوتیژی گەورە بۆ منداڵ، مرۆڤ بۆ ژینگە، پیاو بۆ ژن، ژن بۆسەر لەش و ئەندامەکانی جەستەی خۆی، نەتەوەی سەردەست بۆسەر نەتەوە بچوک و ژێردەستەکان، ئاژەڵ بۆ تێکدانی هاوسەنگی سروشتی ژیانی خۆی. هەموو هۆکارەکەشی سیستەمی سەرمایەی قازانجپەرستە.
لێرەوە دەچینە سەر تیرۆری دەوڵەتی و فەرمی بە سیستەم کراو بەرامبەر نەتەوە و هێزە دەرەوەییەکانی سیستەمی فەرمی کە کورد نەک لەدەرەوەی سیستەمی فەرمیە، بەڵکو بونێکی ئینکارکراوی نەفرەتی و فڕێدراوە دەرەوەی سیستەمی فەرمی سەرمایەداری مۆدێڕنە. بۆیە هەرتێکۆشانێکی کوردان بەرامبەر توندوتیژی ڕووبەڕووە. تا سیستەمی نکوڵی، قڕکەر و فاشیزمی دەوڵەت نەتەوە نەناسین و تا نەزانین بۆچی دۆزی کورد کراوەتە کێشە نە تێدەگەین لە توندوتیژی، نە چارەسەری تیرۆریش دەکرێت. چونکە بنچینەی تیرۆر مافخوراوی کوردان و هێرشی قڕکەری دەوڵەت نەتەوە داگیرکەرەکانی سەر کوردستانن.
کورد نەتەوەیەکی دێرینی ناوچەکە، کە نە تورک نە فارس بونیان نەبوە، عەرەبەکان خاوەنی بونێک بوون لەم ناوچەیەی کوردستاندا کە لەڕێگەی کۆچبەری و نیشتەجێبوونەوە هاتوون. بەڵام ئەم نەتەوە دروستبووانەی سەردەمی دەوڵەت نەتەوە بوونە خاوەن ستاتۆ و دەوڵەت و ناسنامە و لەسەر خاکی کوردان پێگەیان بۆ دروستکردن و بوونە دڕندەیەکی توندوتیژ بەرامبەر کوردان. تایبەتمەندی کورد لە ئیراقدا بۆ قەتیس کردنی تێکۆشانی ئازادی و ڕزگاری و گەمارۆدانیەتی و بەکارهێنانیەتی لەدژی بەش و پارچەکانی تر. هەربۆیە لایەنی هەرە گرنگی تیرۆر پەرەپێدانی هێڵی خیانەتی ناوخۆیە لەناو کورداندا. بۆیە هێزەکانی باشوری کوردستان لەبری پەرەپێدانی چارەسەری دیموکراتیک و بونە هێزی پاڵپشتی بەش و پارچەکانی تری کوردستان، بونە بارێکی قورس و هاوکاریکەری دوژمنی داگیرکەر و تێکدانی هۆشمەندی نەتەوەیی و دیموکراتیک و چارەسەر هێن.
هەربۆیە ئەم هێڵە خیانەتە بۆخۆی چەندە قوربانی دەستی تیرۆرە، ئەوەندەیتریش خۆی بوە هۆکاری پەرەدان بە توندوتیژی و تیرۆر و بۆخۆشی بوە بەشێک لە تیرۆری شۆڕشگێڕانی ناوخۆ و بەش و پارچەکانی تری کوردستان. لایەکی تری پەرەدان بە تیرۆر، شەڕی تایبەتە. تیرۆریزم لە ڕێگەی شەڕی تایبەتی ڕەشکردنی هێڵە تێکۆشەر و ئازادەکانی کوردەوە دەیەوێت داگیرکاری خۆی بەڕەوا و ئاسایی نیشانبدات و سیاسەتی ناهەستیاری و ئاسمیلە کردن دەگرێتە بەر. بۆیە شەڕی تایبەت بۆ کوردان وێرانکەرە. بەتایبەت ئەو چەمکەی کە دەڵێت “ کورد لەناوخۆیاندا یەکگرتونین” ئەوە بێ واتاترین چەکی شەڕی تایبەتە. چونکە سیستەمی دەوڵەت نەتەوە خۆی لەسەر نایەکگرتویی و شەڕی تایبەتی “پەرتکە و زاڵبە” دامەزراوە! ئیتر چۆن دەهێڵێت نەتەوەیەک یەکگرتوو بێت. کە خاوەنی ڕەگێکی مێژوویی، کلتورێکی دێرین، خاک و نیشتیمانێکی بەپیت و پڕ دەوڵەمەندیە جیاوازەکان و مرۆڤانێکی خاوەن هێز و کەسایەتی بەخشندە و سروشتی وەک ژینگەی نیشتیمانەکەی. هەربۆیە تیرۆر ئەو چەمکەیە کوردان پێویستە بە هەڵوێستەوە لەدژی ڕابوەستن و ئەو وێرانگەریەی سیستەمی داگیرکاری کەلەناوکوردان و لەسەرخاکەکەی پەرەی پێدەدات ڕاگرن و بەهەستیاری و هوشیاریەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن و هێزەکانی تیرۆر و دژە تیرۆر هەم لێک جیابکەنەوە، هەم لەدژی هەرجۆرە توندوتیژی و تیرۆرێک بن لەهەر شێوازێکدا بێت.
ئەوەش پێویستی بە تێگەیشتن لە پارادیگمای شۆڕشی ئازادی کورد و سیستەمی چارەسەری دۆزەکەیەتی. دۆزی کورد کێشە نیە! بەڵام سیستەمانی دەوڵەت نەتەوە کردویانەتە کێشە و بۆ درێژەدان بە سیستەمەکەیان هەمیشە بە تیرۆر ناودێری دەکەن و بەسیستەمێکی تیرۆری جیهانی لە ڕێگەی توندوتیژی و سیاسەتی کۆمەڵکوژیەوە بەرەنگاری بونی نەتەوەیی و خواست و مافە ڕەواکانی دەبنەوە. ئەنفال، کیمیابارانی هەڵەبجە، کۆمەڵکوژی شەنگاڵ، سوتاندنی سروشتی کوردستان و بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی فسفۆڕی و ئەتۆمی تەکتیکی لە بادینان و هاتنە ناوەوی ٣٠کیلۆمەتر بۆ خاکی کوردستان و دروستکراوی ناوچەی قەدەغە و بڕینەوەی دارە تەمەن چەند سەد ساڵیەکانی کوردستان، لە مەتینا، کوڕەژارۆ، ئاڤاشین و شاخە سەختەکانی زاگرۆس پەرەدانە بەو تیوندوتیژی، ڕەشەکوژی، کۆمەڵکوژی و تیرۆرەی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان لە دژی نەتەوەی کورد و ژینگە و خاکی کوردستان. بۆیە مرۆڤ و کۆمەڵگەی کورد پێویستە هوشیاربێت بەو داگیرکاریە و نەکەوێتە داوی توندوتیژی کوێرانە و هێڵی خیانەتی ناوخۆیی و تەسلمیەتەوە.
تێکۆشانی گەلی کورد ئیتر بەرچاو ڕونیەکی تەواوی شۆڕشگێڕانە و سیاسی ـ ڕێکخستنی هەیە بەرامبەر بە تێکۆشانەکەی و ڕێگەچارەی دیموکراتیکی و چارەسەری دۆزە مێژووییەکەی لە نەتەوەی دیموکرات و گەشەدان بە کۆمەڵگەی دیموکراتیک و بچوککردنەوەی دەوڵەت نەتەوە داگیرکەرەکان و بێچارەکردن و تەنگکردنەوەی هێڵی خیانەتی ناوخۆ و چارەسەری پێکەوەیی گەلان.
بێگومان هێشتا هێز و کاریگەریەکانی هێڵی خیانەتی ناوخۆی کوردان تێکنەشکاوە و فڕێنەدراوەتە دەرەوەی هاوکێشەی سیاسی کوردی و ناوچەیی، ئەویش هۆکاری خۆی هەیە؛ کە یەکیان، پێگەیانە لەناو داگیرکەراندا، واتە بونە هاوکار و هۆکاری ئاسانکاری بۆ داگیرکەران کە سیاسەتە جۆراو جۆرەکانیان لە دژی کوردان بەکاربێنن. لایەکی تر ساویلکەیی کۆمەڵگەی کوردی بەهۆکاری نەناسینی پێگەی ئەم هێڵە خیانەتکارە لە پرۆسەی تێکۆشانی گەلی کورد و سیاسەتی کوردایەتی کلاسیک، یەکیتریان کاریگەری و فراوانبونی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد و دەرخستنی ڕوخساری ئەو هێڵە خیانەتە و کەوتنە قەیرانیەوە، کە وای لێکردوە لە ڕێگەی شەڕی تایبەت و ڕەشکردنەوە کۆمەڵگە بۆ قەیران و قوڵکردنەوەی توندوتیژی ببات. لایەکی تر، قەیرانی سیستەمی دەوڵەت نەتەوە لە خۆرئاوا و لە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی سەر کوردستاندا. دیارە ئەوەش بە هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی تێکۆشانی تەڤگەری ئازادی کوردانە. کە دۆزی کورد بە دوو ڕیانی یان چارەسەری، یان شەڕی بەردەوام و خوێناوی.
بەڵام تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد، بەقۆناغێک گەیشتوە کە نەک تەنیا گەلی کوردی لەبەرچاودایە بەڵکو تەواوی مرۆڤایەتی ژینگە و دەوروبەر و ڕەگەز و گەلانی بە بناغەی تێکۆشانی خۆی وەرگرتوە. بۆیە سیستەمی ئینکار و تیرۆر هەرچی دەکات سیناریۆ و شانۆگەریەکانی نەک سەرکەوتو نابێت بەڵکو دەکەوێتە ژێر گاڵتەجاڕی کۆمەڵگەوە. بەڵام لە گاڵتەجاڕی گرنگتر بۆ کۆمەڵگە ناسینی زیاتری ئەو هێڵە خیانەتکارە هاوکارەی داگیرکەر و بە نەفرەتکردنی و ڕێکخراوبوونە لە دەوری هێڵی تێکۆشانی ئازادی و گەیاندنی گەلی کورد بە ئازادی و کۆتایی هێنان بە توندوتیژی، کۆمەڵکوژی، تیرۆر و شەڕی تایبەت. تا دۆزی کورد وەک پرسێکی حەقیقی مافی نەتەوەی کورد چارەسەر نەکرێت. نە توندوتیژی کۆتایی دێت، نە تیرۆر و شەڕی تایبەت دەوەستێت. بۆیە بانگەوازی دەکەین بۆ کۆمەڵگەیەکی ئارام و ڕێگری لە تیرۆر و توندوتیژی چارەسەری بۆ پرسی کورد پێویستیە ژیانیەکەیە.

هاوبەشی :