خۆرھەڵاتی ناوین و سوڕانەوە بەدەوری خۆیدا

607
0
هاوبەشی :

 

 

نوسینی:- ئیدریس قادر.

لێرەدا دەمەوێت زۆر بە کورتی لە جەوھەری چارەسەریەک بدوێم ، کە تێزێکی گرنگ و تیۆرێکی فرە ڕەھەندی بیرمەند عبدللە ئۆچ ئالانە.
ئەو لە دوتوێی بەرگری نامەکەیدا چارەسەریەک بۆ کورد و بۆ خۆرھەڵاتی ناوین و دونیا دەخاتە بەر باس و لە ئاکامدا بە سیستەمێک دەگات کە بە سیستەمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک دەیناسێنێت کە ئەلتەرناتیفی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریە .
بەمەش چارەسەریەکەی لە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیکدا بانگەشە دەکات و بە ھەڵ وەشاندنەوەی دەوڵەت نەتەوە کۆتایی دێت.
بۆ ئەوەی ھەم ئاسانتر و ھەم سادەتر لەم تیۆرە بگەین ، دەبێت سەرەتا بزانین سیستەمی سەرمایەداری یان مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوودا چی بە گەل و نەتەوەکانی خۆرھەڵاتی ناوین بەخشی .
بەو پێیەی یەکێک لە پایە گرنگەکانی مۆدێرنە کە دەوڵەت نەتەوەیە ، بەمەش ئەو سیستەمە جیھانیەی لە دوای جەنگی جیھانی یەکەمەوە کە وەک میوانێکی نە خوازراو ڕوو لە ناوچەکە دەکەن و بەدوای سەرمایەو قازانجەوەبوون . بەمەش یەکەم کاریان دروست کردنی دەوڵەت بوو بۆ پارێزگاری کردنی بەرژەوەندیەکانیان .
دەبوو دەوڵەتی نەتەوەیی دروست بکەن و سنورەکان بچوک بکەنەوە و گەلەکانی ناوچەکە لە یەک داببڕن .
بەبێ گوێدانە ئەو ھارمۆنیەتە لە ژیان کردن کە ھەزاران ساڵە ئیتنیک و نەتەوەکانی ئەو ناوچانە پێکەوە دەژین .
ئەو سیستەمە نوێیەی کە نامۆیە بەڕۆحی پێکھاتەی کۆمەڵگەکانی میزۆپۆتامیاو خۆرھەڵاتی ناوین، بە ھێز و سەپاندن و زاڵیەتی، کلتورێکی تر لە سیا سەت و لە فۆرمی دەسەڵات بەسەر ناوچەکەدا دەچەسپێنێت.
بەمەش ھارمۆنیەتی ژیان و پێکەوەبوون دەگۆڕێت بۆ سەرکوت کردن و زاڵبوون . ژیانێکی سروشتی و ئاکاری دەگۆڕێت بۆ ژیانێکی پیشەیی و میکانیکی بێ ھەست و سۆز.
لە کشتوکاڵی و ھەرەوەزی کردنی یەکتر. دەگۆڕێت بە فۆرمێکی تر لە ئابوری، کە چاوچنۆکی و بەدەست خستنی قازانج و بەرژەوەندی جێگەی دەگرێتەوە.
سیستەمی نوێی جیھان بۆ ئەو کات پێویستی بە دروستکردنی دەوڵەت بوو بەمەش دەبوو نەتەوەیەک یان گروپ و مەزھەبێک بەرزکاتەوەو کلتور و زمانی ئەو گروپە بکاتە زمان و کلتوری دەوڵەت و لەو لاوەش ئەو گەل و نەتەوانەی کە بەم پرۆسەی دروستکردنەدا نەدەبران ، دەبوونە قوربانی و لە بۆتەی دەوڵەت نەتەوەدا دەتوانەوە و دەکرانە دەرەوەی مێژووەوە، نەتەوەی کورد یەکێک بوو لە قوربانیانی ئەو سیستەمە.
وە ئەم پرۆسەی دروست کردنە کە میکانیزمی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریە، لە خۆیدا ھەڵگری ڕق و کینەیە ، فاشیزم و ڕاسیزمی نەتەوەیی بەرھەمی ھزری ئەو سیستەمەیە.
قەڕنێکە تۆی رق و دوژمنایەتی جێگەی بە ھاوژیانی و خۆشەویستی نێوان گەل و نەتەوەکان گرتۆتەوە.
قەڕنێک بەسەر ئەم پرۆسەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا تێپەڕی و ھێشتا گەل و نەتەوەکانی خۆرھەڵاتی ناوین. ھەنگاوێکیان بۆ ژیانێکی باشتر نەناوە، وە ناتوانن بەردەوامی بە ژیانێک بدەن کە خەڵک و کۆمەڵگەی ئەو دەوڵەت نەتەوە دروستکراوانە لە ناو ئاشتیدا بژین.
قەڕنێکە ئەم مێژووی خوێن و سەھەڵگرتن و کوشت و بڕینە بەردەوامی ھەیەو دوبارە دەبێتەوە.
لەسەر ئەساسی ئەم تێگەشتنە قوڵەیە کە بەڕێز «ئۆچ ئالان » بانگی چارەسەری دەکات بۆ کورد و بۆ خۆرھەلاتی ناوین،
ئەو دەیەوێت ئەوە بڵێت کە پێشتر ئەم ناوچەیە لەناو ژیانێکی ھەمەئاھەنگی و ھارمۆنیەتی ژیانێکدا بووە کە ئاشتی و یەکتر قبوڵ کردن کرۆکی ژیان بوە.
چارەسەری کۆنفیدرلیزمی دیموکراتیک واتە گەڕانەوە بۆ ھەمان فۆرمی دەسەڵات و ژیانکردن پێش ھاتنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری.
واتە پێکەوە ژیانکردنی گەلان بەبێ بوونی یەک زمانی و یەک کلتوری و زاڵیەتی.
چارەسەری خۆسەری بەڕێوەبەری تێ پەڕاندنی ئەو سیستەمە فاشیستەیە کە ھێز و بەرژەوەندی و قازانج بەھاکان دیاری دەکەن.
گەڕانەوەیە بۆ کلتورێکی ئاکاری و تێپەڕاندنی سیستەمی ھێزە.
چارەسەری کە دەبێتە دوا پرۆژەی «ئاپۆ» بەمەش سیستەمە ھزریەکەی دادەڕێژێت و ھەموو ئەو خەتەرانەی لەناو سیستەمی سەرمایەداریدایە دیاری دەکات و دواجاریش وەک چارەسەری ئەو دۆخە خراپ ونالەبارەی مرۆڤ و کۆمەڵگە و نەتەوەکانی خۆرھەڵاتی ناوینی پێدا تێ دەپەڕێت . چارەسەریەکانیش دەست نیشان دەکات و دەیکاتە تیۆر و ئایدۆلۆژیا .

ادریس

هاوبەشی :