زەوتکردنی مافی دیدار و پەیوەندی لە وریشە مورادی بەردەوامە

62
0
هاوبەشی :

وریشە مورادی، زیندانیی سیاسیی کوردی بەندکراو لە زیندانی ئێڤینی تاران، لە ١٧ی بانەمەڕی ئەمساڵەوە (٦ی مەیی ٢٠٢٤) تا ئێستا، بە دەستووری “دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی”، کە بە قازی مەرگ ناسراوە، مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵەکەی و پارێزەرەکانی لێ زەوتکراوە.

بەپێی ڕاپۆڕتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، حەفتەی ڕابردوو و لە سەروبەندی بەڕێوەچوونی دووهەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم ژنەچالاکە کوردەدا، جارێکی دیکە پارێزەرانی بە مەبەستی خوێندنەوەی دۆسیەکە سەردانی لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانیان کردووە بەڵام پێیان ڕاگەیەنراوە کە مافی وەرگرتنی دۆسیە و تەنانەت سەردانکردنی دووبارەی دادگایان نییە.

یەکەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی وریشە مورادی ڕۆژی ٢٧ی جۆزەردان بە تۆمەتی “بەغی” لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بەڕێوە چوو، لەم کۆبوونەوەیەدا وریشە مورادی مۆڵەتی وەڵامدانەوە و بەرگریکردنی پێ نەدرا و دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی تەنانەت بە پارێزەرەکانیشی مۆڵەتی بەرگریکردنی نەدا.

لە کاتێکدا کە بڕیار بوو یەکەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم چالاکە سیاسییە ڕۆژی ٢٤ی خاکەلێوە بەڕێوە بچێت، بەڵام بە هۆکارێکی نادیار دوا خرا و ڕۆژی ٢٥ی بانەمەي هەر بە دەستووری دادوەر سەڵەواتی، بە مەبەستی لێپرسینەوەی دووبارە لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤینەوە گوازرایەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین. وریشە و پەخشان عەزیزی وەک پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانە لە ئاست ئەم گواستنەوەیەدا، بۆ ماوەی ٢ ڕۆژ مانیان لە خواردن گرت.

وریشە مورادی، خەڵکی سنە و ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)، ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ دوای ڕاپەڕاندنی ئەرکە سیاسی و ڕێکخراوەییەکانی لە شاری کرماشان و لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ سنە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە دەروازەی ئەم شارەدا دەستبەسەر کرا.

ئەم ئەندامەی کەژار لە ١٣ ڕۆژی سەرەتادا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیم لە شاری سنە بوو و پاشان ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران کرا. وریشە مورادی بە درێژایی ئەو چەند مانگە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر گوشار و هەڕەشەوە و لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٢دا دوای ٥ مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین.

هاوبەشی :