کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی سیستمی ژیانی ئازاد

166
0
هاوبەشی :

کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی
سیستمی ژیانی ئازاد

نەجیبە قەرەداغی – بەشی یەکەم
ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٢٨ی کۆڤارەی ترووسکەدا بڵاوکراوەتەوە

کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی چیە؟ جیاوازی لەگەڵ دەوڵەت و کۆنفیدرالیزمی دەوڵەتیی چیە؟ کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی، کە مۆدێلێکە لە لایەن ڕێبەر ع. ئۆجالان و بزووتنەوەی ئازادیی گەلی کوردستان پێشخراوە، داخۆ تەنیا مۆدێلێکە لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بابەتی باس و پراکتیکە؟ یان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین و زۆر جێگەی تری جیهان چۆن سوود لەم مۆدێلە وەربگیرێت؟ سەرچاوەی ئەم مۆدێلە لە ڕووی مێژووییەوە چییە و چۆن پراکتیک دەکرێت؟

کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی سیستەمی کۆمەڵگەیە لەسەر بنەمای ئیرادەی خۆیی لە دەستنیشانکردنی پێویستییەکانی، کێشەکانیان و ڕێبازی چارەسەرکردنیانە. لە سادەترین پێناسەیدا (خۆبەرێوەبەریی کۆمەڵگەیە)و خۆڕێکخستنکردنە لە دەرەوەی سیستەمی دەوڵەت. بە واتایەکی تر ئەو پیرامید ” قوچەک“ەی دەوڵەت، کە ژوور بۆ ژێر شاقوڵیە، هەڵدەگێرێتەوە و لە ژێر بۆ ژوور لە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیدا بە شێوەیەکی ئاسۆیی، کۆمەڵگە خۆی ڕێکخستن دەکات. لە دەوڵەتدا هەر شت سەرەوە دەزانێ و لەوێوە بڕیاردەدرێ و کۆمەڵگە تەنیا جێبەجێکارە و ئۆبجێکتە. دیارە دەسەڵاتداریی و دەوڵەت سەرچاوەی خۆی لە خێزانی ناوک (خێزانی پێکهاتوو لە دایک، باوک و منداڵ) دەگرێت و لەسەر بنەمای پلەداری و دەسەڵاتداری وەک نوخبەیەک لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای پیاوسالاری لە کۆمەڵگەی سرووشتی دابڕا و وەک کەمینەیەک بەسەر زۆرینەی کۆمەڵگەوە هەنگاو بە هەنگاو لە پرۆسەیەکی هەزاران ساڵەدا بە فۆرمی جیاواز خۆی باڵاکرد.
خێزان، دەوڵەت و دەزگاکانی بە عەقڵیەتی پیاوسالاری دامەزران، ژنی ئۆبژە کرد، کۆیلە و داگیر کرد. لەسەر ئەو داگیرکارییەش چەمکەکانی (من و ئەوی دیکە)، پۆلێنکردنی ئۆبژێکتیڤیزم و سۆبژێکتیڤیزم بونیادنا و دواتریش بە میتۆلۆژی کرایە زیهنیەت، بە ئایین کرایە دەزگا و سیستەماتیزەکرا و لە فەلسەفەشدا ڕەوایی وەرگرت، کە خودی فەلسەفە خۆی لە خۆیدا لێگەڕینێک بوو بۆ خستنەژێر پرسیاری ئەو دیاردە نامۆیانە بە کۆمەڵگە و ئەو زیهنییەتەش بە زانستگەرایی کرایە تابۆ، خراپتر لە ڕێبازە ئایینیەکان. ئەمڕۆش زانست لە پاوان و خزمەت دەستەڵات و سەرمایەدایە بە هەموو لقەکانیەوە. دەوڵەت لەسەر سێکسیزم، نەتەوەپەرستی، ئایینگەرایی و زانستگەرایی درێژە بە هەبوونی خۆی دەدات و بەو ڕێبازانەش کۆمەڵگە دەکاتە دوژمنی یەکتر.
دەوڵەت لە بەرزترین ئاستدا ئۆرگانی ناوەندێتی و چەوسانەوە، بێ ئیرادەکردنی کۆمەڵگە، لە قاڵبدانی مرۆڤەکان لە یەک رەنگدایە. مێژووی دەسەڵاتداری و دەوڵەت یەکسانە بە مێژووی شەڕەکان. جیاوازی دەوڵەتی مۆدێرن لەگەڵ دەوڵەتی کلاسیکدا، ئەوەی یەکەم مرۆڤەکان نەرمتر و هێواشتر دەکوژێت، لە دەرەوەی جوگرافیاکەی خۆیدا شەڕ هەڵدەگیرسێتنێت ، تاکتیک، ستراتیژ، دەزگاکان، کەرەستە و پێویستی شەڕەکانیش دەستنیشان دەکەن. شەڕی جیهانیی یەکەم، دووەم و تەنانەت لە قۆناغی ئێستا شەڕی جیهانیی سێیەمیش، کە ئێستا لەئارادایە، ئەو ڕێبازە لەسەر کارە.
مێژووی نووسراوی پێنج هەزار ساڵی رابردووی دەوڵەت بە مۆدێرن و کلاسیکەوە نیشانی داوین، کە شتێك بە ناوی دەوڵەتی دیموکراتی، دەوڵەتی خۆشگوزەرانی، دەوڵەتی سۆسیالیست بوونی نییە. پراکتیکی دەوڵەت لە ئاست ڕەنگی جیاوازی کۆمەڵگە، پەیمانە ئاسایشی و ئیستخباراتییەکان نیشانیداوە دیموکراسی و دەوڵەت دوو شتی جیاوازە. لە هەندێ جێگە بە زۆر دەخوازرێ هاوسەگیریان پێ بکرێت بەڵام ناتوانن پێکەوە بژین، ئەگەر لە هەندێ وڵاتانی دونیا ئۆتۆریتەی دەوڵەت لەسەر کۆمەڵگە سست کراوە، ئەوە لە دیموکراتیبوونی دەوڵەتەوە نییە، بەڵکوو ئەوە لە هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و سیاسی و تێکۆشانی ژن و دژبەرانی سیستەمەوەیە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و میزۆپۆتامیای دێرین هۆکارەکەی لە کولتوور و ئەخلاقی کۆمەڵگەی سرووشتی و دایکانەوەیە. مێژووی تێکۆشانی چل ساڵی بزووتنەوەی ئازادی کوردستان دەمامکی دیموکراسی ساختەی دەوڵەتانی ئەوروپای بە زیادەوە داماڵی. فرۆشتنی چەک بە دیکتاتۆرەکانی ڕۆهەڵاتی ناوین و بێدەنگبوون لە کۆمەڵکوژییەکانی عەفرین، ڕێکەوتنی ١٠٠ملیۆن سترلینی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ئینگلستان ترێزا مەی لەگەل ئەردۆغان، باشترین نموونەی زیندوون.
کاتێ ئەردۆغان دەیەوێ پێکەوەژیانی کۆمەڵگە و سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی رۆژئاڤا تێکبشکێنێ و تورکمان، عەرەب و کورد بەیەکدا بدات، تاکە هۆکارەکەی بە ئامانجگرتنی کوردی ئازادە و پێکدانانی دوو مۆدێلی دەوڵەت – نەتەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و خۆبەرێوەبەریی دیموکراتیی مۆدێرنیتەی دیموکراتییە.
کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی بە مۆدێلی چەتر سیستەمی خۆبەرێوبەرییە، وەک بانیژەیەک ماڵێکە، ئەگەر بناغەکەی تۆکمە و بەهێز نەبێ، کۆمەڵگە ڕێکخراو نەبێ، هەر کاتێک بێت دەروخێت. هەر خانەیەکی دەبێ ڕێک بخرێت بۆ ئەوەی بۆشایی تێدا نەبێ، بۆشایی هەبێ دەوڵەت هەوڵی پڕکردنەوە و ڕووخاندنی دەدات. زۆرجار لە ڕێگەی ئابووری، لە زۆر جێی دیکەش بە بەکارهێنانی ئایین.
کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی لە لایەکی تر تێکدانی ئەو خوو(نەریت)انەیە، کە دەوڵەت لە زیهنی مرۆڤەکاندا بونیادی ناوە. فۆزا یوسف هاوسەرۆکی فیدراسیۆنی دیموکراتی باکووری سوریا دەڵێ: (کاتێ شۆڕشی ڕۆژئاڤا بەرپا بوو لە خەڵکمان پرسی چی بکەین؟ خەڵکەکە دەیانگوت ئێوە بڵێن و ئێمە پێکی دەهێنین، بەڵام من پێم گوتن؛ ئێمە بەشار ئەسەد نین بە ڕێبازی دەوڵەت فەرمان بدەین و کۆمەڵگە جێبەجێی بکات، پێکەوە گفتوگۆ دەکەین، پێکەوە بڕیاردەدەین و پێکەوە جێبەجێی دەکەین).
کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی وەک چەمک لەوانەیە نوێ بێت، بەڵام وەک ئەزموون نوێ نییە و ڕەگێکی مێژوویی هەیە، کە بۆ بەهاکانی کۆمەڵگەی سرووشتی دایکانە دەگەڕێتەوە. سیستەمێک نییە تەنیا بۆ دەربڕینی ئارەزوو و یۆتۆپیایەک بێت، بەڵکو ڕاستییەکە، بەڵام ڕاستییەکی ڕێکنەخراوە. ڕاستی کاتێ سیستەم بێ دەبێتە حەقیقەت. حەقیقەت لە کۆمەڵگەی سرووشتی و دایکانەدایە، کە بە دەستوەردان تێکدراوە و کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی گەڕانەوەیە بۆ ئەو بەهایانە، بە پێی هەلومەرج و ڕۆحی سەردەم.
وەک نموونە لە هەندێ لە گوندەکانی کوردستاندا تا ئێستاش پارە بە هێندەی ناوەندی شارەکان بەهای نییە، ژیانیان لەسەر سرووشت و لەگەڵ کۆمەڵگەکانی تر بە چەمکی خۆژێنی و ئالۆگۆڕی بەرهەمە نەک پارە بە بەرهەم. لە نێو کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا بێکاری لە ئاستێكی بەرزدایە، بەڵام کەس لە برسان نامرێت لەبەرئەوەی بەها کۆمەڵایەتییەکان تا ئێستا قووڵە و چەمکی دابەشکاریی کۆمەڵگەی دایکانە کاریگەریی خۆی وون نەکردووە. سیستەمی داگیرکاری و سەرمایەداری زۆر هەوڵی تێکشاندنی ئەو بەهایانە دەدات و بە ئاگاییەوە دەیەوێ بەهاکانی شارگەرێتی لێ باربکات، سیمای ژیانی سرووشتیان پێوە نەماوە. میترۆکانی پاریس، شەقامەکانی نیۆرۆک ، تاوەرە هەوربڕەکانی واشنتۆن، باڵەخانە بەرزەکانی وڵاتانی سەرمایەداری و لاساییە بێواتاکان لە شارەکانی کوردستاندا ئاماژەی کارەساتبارین بۆ مرۆڤایەتی.
کولتووری دایکانە ڕەگی مێژوویی لە کۆمەڵگاندا قووڵە، هەر وەک چۆن کۆنفدراسیۆنی عەشیرەتەکان لە میزۆپۆتامیا، ئایین و مەزهەبە مرۆییەکانی وەک عەلەوێتی، ئیزدایەتی، میترایی، زەردەشتیی، یارسانیی، ئەنجومەنی شارەکان لە سەردەمی جیاوازی جۆگرافیای ئێستای ئیتالیا، کۆمونەکانی پاریس، ئەنجومەنی شارۆچکەکان لە ئەمریکا، پێکهاتە گەڕەکییەکان لە ئیسپانیا بەهەمان شێوە بەڕێوەبەرێتی کۆنفیدراڵن.
لە سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی مەبەست و ئامانج ئەوە نییە، کە لە بناغەوە دەست بە بونیادنانەوەی کۆمەڵگە بکرێتەوە، بەڵکو کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی هەم لەسەر بنەمای رەخنەی ریشەیی و تێپەڕاندنێتی سیستەمی دەوڵەت، خۆی بە سیستەم و رێکخراوە دەکات هەم ئەو بەشانەی کۆمەڵگە رۆڵی سەرەکی تێدا دەبینن، کە لە سیستەم پەراوێزکراون و ئەوانەشی بە درێژایی مێژووی شارستانی بەرخودانیان لە بەرامبەر سیستەم کردووە. بە واتایەکی دیکە سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی سیستەمی کۆمەڵگەیە لە بەرامبەر سیستەمی شارستانی چینایەتی و دەوڵەت. لەبەرئەوەی، کە لە سیستەمی ئێستادا:
گوند لە ئاست شاردا پاسیڤ کراوە، کشتوکاڵ لە ئاست پیشەسازی نائیکۆلۆژیدا لەناوبراوە و کشتوکاڵ بۆ زیادکردنی سەرمایەیە و لە سرووشتی خۆی دەرخراوە. کشتوكاڵ لە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیدا نەک بۆ قازانج، بەڵکو بۆ پێویستی کۆمەڵگەیە، نەک بۆ بازرگانی بەڵکو سەرەتا بۆ وەڵامدانەوەی پێویستی خۆجێیە، کشتوکاڵێکی ئیکۆلۆژییە نەک پیشەسازگەریی.
لە ڕێبازی سیاسەتی دەوڵەتدا ویژدان و ئەخلاق مردووە. تەکنیک و تەکنەلۆژیا خوڵقکاری و هەستیاربوونی مرۆڤی نەهێشتووە و مرۆڤی بەرخۆر و بێخەم کردووە. کارێکی دیکە، کە دەبێ بکرێت ڕاستکردنەوەی و چەواشەکارییە لە پێناسەکردنی سیاسەتدا. کاتێ دەگوترێت سیاسەت یەکسەر (دەوڵەت، دەسەڵاتدار، پیاو، دەزگا، سیاسەتمەتدار و پارتەکان)بە بیردا دێت. لە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیدا پێناسەی سیاسەت (کاری کۆمەڵگەیە بۆ دەستنیشانکردنی پێویستییەکانی، گفتوگۆی کێشەکانی و دەستنیشانکردنی میکانیزمای چارەسەرکردنی کێشەکان)ە. کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیش سیستەمی جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتەیە و ئەو تێگەیشتنەش پووچدەکاتەوە کاتێک دەڵێ؛ (کۆمەڵگە ناتوانێ بێ دەوڵەت بژی). بەڵکو ئەوە دەوڵەتە، کە ناتوانێ بێ کۆمەڵگە بمێنێتەوە.
لە سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیدا دامەزراندنی دەزگاکان و دامەزراوەکانی ئۆتۆنۆمی ژنان تاکە ئەڵتەرناتیڤە و جەوهەری سیستەمەکەیە، گەڕانەوەی ئەو بەها ماددی و مەعنەوییانەیە، کە لە ژن و کۆمەڵگە دزراوە. چیرۆکی خوداوەند ئینانا، کە کۆپی خوداوەندی میزپۆتامیای ژوورین لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس (ئیشتار)ە، باس لە تێکۆشانی ئینانا دەکات لە بەرامبەر خودای فێڵبازی (ئەنکی)، بۆ گەڕاندنەوەی داهێنان و دۆزینەوەکانی کە بە (ما MA) هێمادەکرێت. لە زمانی سۆمەرییەکاندا (ئامارگی)یە و واتاکەی (ئازادی یان گەڕانەوە بۆ دایک).
سیستەم ئابووری، جەستە و ئەقلی ژنی بە شێوازی جیاواز داگیر و کۆیلە کرد؛
* یەکەم بە گوشار و ڕێبازی توندوتیژ.
* دووەم بە ڕێبازی نەرم و خەڵەتاندن.
ئەو دوو ڕێبازە تا ئێستا کاری پێدەکرێت. بە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی هەم لە ڕووی تیۆری و هەم پراتیکەوە، دەزگا ئەلتەرناتیڤەکانی ژنان و کۆمەڵگە دادەمەزرێن. دەوڵەت و کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی بەهێندەی زەوی و ئاسمان دوورن لە یەک بەڵام دەستنیشانکردنی چەند جیاوازییەکی جەوهەری بەکەڵکە:
لە دەوڵەتدا خۆسەپاندن و چەوسانەوەی توند و نەرم، لە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیدا خۆبەخشی. لە دەوڵەتدا هەڵبژاردنی شكڵی، لە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیدا بەشداریی ڕاستەوخۆ و هەڵبژاردن بە ئیرادەی کۆمەڵگە. لە دەوڵەتدا زانست بۆ خزمەتی نوخبەی دەسەڵاتدار و سەرمایەدارییە، لە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیدا زانست وەڵامدەرەوەی پێویستی کۆمەڵگەیە. لە دەوڵەتدا ئابووری پارە و قازانجە، هیچ پەیوەندیی بە پێویستیی سەرەکی کۆمەڵگەوە نییە. لە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیدا ئابووری چالاکی سەرەکی کۆمەڵگەیە، تیۆری بەهای دایک – ڕەنج بە بنەما دەگرێت. لە دەوڵەتدا کولتوور و هونەر بۆ تەسلیمکردنی ئیرادەی کۆمەڵگەیە بە سیستەم، لە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیدا کولتوور و هونەر ناسنامەی کۆمەڵگە و بۆ وەرچەرخان و پێشخستنی ژیانی کۆمەڵایەتییە.
سێ پرەنسیپی سەرەکی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی وەهایە:
* یەکەم: لە بەرامبەر شێوازی ناوەندێتیی دەوڵەت، خۆسەری دیموکراتییە.
* دووەم: لە بەرامبەر سەرمایەی دراو (فینانس کاپیتال)، ئابووری پیشەسازی ئەکۆلۆژی.
* سێیەم: لە بەرامبەر سیاسەتی لە ناوبردن، سیاسەتی دیموکراتی لە پێناو کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و سیاسی. ژن نەک تەنیا لە سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیدا خۆیان رێكخستووە، بەڵکوو هەموو سیستەمەکە بە پێرسپێکتیڤی دیموکراسی ڕادیکاڵ و ڕاستەوخۆ، ئیکۆلۆژی و ئازادیی ژن بەڕێوەدەچێت. هاوتەریب سیستەمی کۆنفیدرالی خۆشی ڕێکخستووە، بەڵام ئەم سیستەمە ئەڵبەتە بناغەیەکی هەیە.
ڕێبەر ئۆجالان دەڵێ؛ (پلەداری و دەوڵەت لەگەڵ سرووشتی ژندا ناگونجێ و ناکۆکە. ڕووخاندنی کۆیلایەتی لە بواری سیاسیدا لە ناوەڕۆکدا لەمیانەى سەرکەوتنی تێکۆشانی ئەم گۆڕەپانە فەراهەم دەبێت. تێکۆشانی ئەم گۆڕەپانە پێویستی بە ڕێکخستنێکی بەرفراوانی ئازادیی ژن و تێکۆشانەکەى هەیە. بزووتنەوەى ژنان، دیموکراسی بەدەست نەهێنێ ناتوانێ یەکسانی و ئازادیش بەدەست بهێنێ).
بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی کوردستان بناغە و جەوهەری ئەو سیستەمە دیموکراتییە پێکدەهێنێت و لە ماوەی چل ساڵی تێکۆشانی نەتەوەیی، چینایەتی و ڕەزگەزییاندا هەنگاو بە هەنگاو بە ڕەنج، قوربانی و تێکۆشان هێنایان تا ڕۆژی ئەمڕۆ. کاتێ باس لە گرنگی کەسایەتی ساکینە جانسز دەکرێت ئەو وەک ئیرادەی بەرجەستەبوونی ژن باسی دەکرێت نەک تەنیا وەک تاکەکەسێک و هەنگاوەکانی ئەو هەزاران ژنی بەدوای خۆیدا هێنا کە لە هەموو مەیدانەکاندا ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لە وەگەڕخستنی سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی گشتی و خۆسەر(ئۆتۆنۆمی ژن)دا.
ژنانی کورد بە هەنگاوی پێشەنگی لە ڕووی ئایدۆلۆژی، هزری و سیاسیەوە لەو باوەڕەدان کە ئەم سەردەمە سەردەمی مودێرنیتەی دیموکراتیکە، سەردەمی شۆرشی ژنە. ئەزموونەکانیان هەم لە چل ساڵ تێکۆشانی لە سێ قۆناغی وشیاربوونەوە، خۆڕێکخستنکردن و دامەزراندنی سیستەمی ئەلتەرناتیڤی خۆیان و هەم لە حقیقەتی مێژوویی کۆمەڵگەی سروشتی و دایکانە، هەم لە بزوتنەوە فێمێنیست و ئیکۆلۆژیستەکان و دژبەرانی سیستەمەوە وەرگرت.
لە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی بە تیۆری هاوژیانی ئازاد، موڵکیەت لەسەر جەستەی ژن ڕەت دەکرێتەوە، تێکۆشان لە بەرامبەر سێکسیزم دەکرێت، بۆ ئەوەی یەکسانی لە هەموو ئاستێک دا دەبێ دەستەبەر بکرێت. یەکێک لە کاریگەرترین ڕێبازەکانی هێشتنەوەی ژن لەدەرەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی، بریتیە لە بێ بەش کردنی ژن لە سیاسەت کە میکانیزمەکانی گفتوگۆ و بڕیار و کردەی کۆمەڵایەتی دا. لە سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیدا نوێنەرایەتی یەکسان و بە چەمکی هاوسەرۆکایەتیە و ئەو هەنگاوە لە دژی کۆنترۆڵی داگیرکاریانەی زیهنیەتی پیاوسالاریە لە هەموو جێیەک و هەموو بوارێک.
ڕێبەر ئۆجالان دەلێ ” کاتێک ئازادی ژن ڕوو لەگۆڕەپانی سیاسەت دەکات دەبێ باش بزانێ کە رووبەڕووی دژوارترین لایەنی شەڕ دەبێتەوە. لەگۆڕەپانی سیاسەتدا سەرکەوتن بەدەست نەهێنێ، هیچ سەرکەوتن و دەسکەوتێک هەمیشەیی نابێت. سەرکەوتن لە بواری سیاسیدا بەواتای بزووتنەوەى دەوڵەتداری ژنان نایەت. بەپێچەوانەوە تێکۆشان بەرامبەر پێکهاتە دەوڵەت و پلەدارییەکان، بەواتای ئافراندنی ئەو قەوارانە دێت، کە ناوەندەکەى دەوڵەت نییە، ئامانجی گەیشتنە بە کۆمەڵگای دیموکراسی، ئیکۆلۆژیی و ئازادیی ژن“
سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی خۆسەریانە و لە دەرەوەی دەوڵەت، لە ڕەهەندە بنەڕەتییەکانی کولتووری، ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، یاسایی، دیپلۆماسی، ئیکۆلۆژی، پەروەردە و تەندروستی و پاراستنی جەوهەرییدا خۆی رێكخستن دەکات. ژنان لەناو سیستەمی گشتی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیدا بە شێوەیەکی خۆسەر خۆیان بەڕێکخستن دەکەن و لە هەموو شوێنێک هەبوون و نوێنەرایەتی یەکسانیان هەیە.
کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی ژن ئیکۆلۆژی وەک سەرکەوتنی ئایدیۆلۆژی لە بەرامبەر دژە – ئیکۆلۆژی سەرمایەداری دەبینێت، کە سرووشت و کۆمەڵگا لەناودەبات. ئەکۆلۆژی وەک ڕێپیشاندەری بۆ چارەسەری کێشەکانی سیستەم بەرامبەر گوند – کشتوکاڵ، خۆجێی – کۆچبەرییەکان، بێکاریی و ژنان، هاوسەنگکردنەوەی پەیوەندی مرۆڤ – سرووشت و مرۆڤ – مرۆڤ دەبینێت.
سیستەمی کاپیتالیزم خۆپاراستنی کۆمەڵگا و ژنی لاواز کردووە، لەبەرامبەر بەوە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی خۆپاراستن وەک مافێكی رەوا دەبینێت. خۆپاراستن لە واتا فراوانەکەیدا هۆشیاریی مێژوویی و ڕۆژانەیی لە پرسی ئازادیدا، لە هەمان کاتدا بونیادنانی هێزی سەربازی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هێرشێک، کە دەکرێتە سەر ژن و بە گشتی سەر کۆمەڵگە. ئەم مافە تەنانەت لە سرووشتدا هەیە. ڕێبەر ئۆجالان نموونەی گوڵەباخ دەهێنێتەوە، کە بە دڕکەکەی خۆی دەپارێزێت. ‌هێزەکانی پاراستنی ژن لە هەموو بەشەکانی کوردستان، جگە لە پاراستنی ڕەوا، شەڕ ڕەتدەکاتەوە
کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی ژن لە ئاستی نیونەتەوەییدا لەسەر بنەمای پەرەدان بە پشتیوانی، پەیوەندی – ڕێکەوتن، بەڕێکخراوەی هاوبەش، پەرە بە دامەزراوەی هاوبەش دەدات لەگەڵ بزووتنەوە فێمینیست و ئەلتەرناتیڤەکاندا.

هاوبەشی :