تولای حاتەم ئۆغۆللاری: دەسەڵاتی ئاکەپە و هاوبەشەکانی ئەمڕۆ فرمێسکی درۆیینە بۆ غەززە دەڕێژن، کەچی هەمان ستەم لە جولەمێرگ دەکەن

50
0
هاوبەشی :

هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان ڕۆژەڤەکانی هەڵسەنگاند و ناڕەزایەتی توندی پیشاندا بەرامبەر قسەکانی سەرۆکی گشتی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی.

تولای حاتەم ئۆغۆللاری ڕایگەیاند: لە کوردستان و سەرانسەری تورکیا، لە حەوت تا ٧٠ ساڵی بەرخۆدان دەکرێت دژی دەستبەسەراگرتنی ئیرادە، هەمووان خاوەنداری لە ئیرادەی خەڵکی جولەمێرگ دەکەن.

ئاکەپە هەمیشە خۆی وەک قوربانی دەستی کودەتاکان نیشان دەدات، هەردەم کودەتای ٢٨ ی شوباتی بە نموونە دەهێنایەوە، بەڵام هەمان دەسەڵات ئەمڕۆ سەرباز دەنێرێتە سەر شەقامەکان، ئەمە دیمەنەکەیە، ئەمە بەردەم پارێزگای جولەمێرگە، مێژوو ئەم وێنەیە لەیاد ناکات، دەڵێن ئێمە دژی کودەتای سەربازیین، بەڵام سەیرکەن، سەرباز لێرەن، بەمە سەربازەکانیان کردە هاوبەشی کودەتای سیاسی لە جولەمێرگ.

تولای حاتەم ڕەخنەی لە وتەکانی دەوڵەت باخچەلی گرت کە دانانی قەیوم بە یاسایی ناوبردووە، دووپاتی کردەوە دانانی قەیوم زیندەبەچاڵکردنی دیموکراسییە لە تورکیا، داوای لە هێزە دیموکراسی و ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا کرد دژی دانانی قەیوم بوەستنەوە و دیموکراسی بپارێزن، وتی: دەزانین ئەگەر زیاتر بگرین، دەتوانین سەربکەوین و پاشەکشە بە فاشیزم بکەین.

هەروەها دووپاتی کردەوە دەسەڵاتی ئاکەپە و هاوبەشەکانی ئەمڕۆ فرمێسکی درۆیینە بۆ غەززە دەڕێژن، کەچی هەمان ستەم لە جولەمێرگ دەکەن، جەختیکردەوە، جولەمێرگیش غەززەیە، گەلی فەڵەستین چۆن دژی ستەمی ئیسرائیل بەرخۆدان دەکات، خەڵکی جولەمێرگ و هەموو گەلانی تورکیاش بەرخۆدان دەکەن.

جەختی کردەوە دانانی قەیوم گەڕانەوەیە بۆ سەدەی هەژدەهەم، بۆ سەردەمی پاشایەتی، دووپاتی کردەوە ئەمە زیهنیەتی فیرعەون و زوحاک و هیتلەرە، ستەمکاران هەرگیز چارەنووسیان باش نابێت و لەم دنیایە گەلێک پاشا و زوحاک و فیرعەون بەرامبەر مرۆڤایەتی شکستیان هێنا. ئێوە مەحکومن بە شکست.

کۆتاییدا هاوسەرۆکی گشتی دەمپارتی دووپاتی کردەوە تێکۆشانی دژی دانانی قەیوم بەردەوام و مەزنتر دەبێت.

هاوبەشی :