نوسەری کتێبی ( روناکی شەنگال ) سارا لوکا ‘خیانەت لەو مرۆڤانە کرا کە داعشیان تێکشکاند’

84
0
هاوبەشی :

نوسەری کتێبی ‘روناکی شەنگال’ سارا لوکارۆنی وتی، “ئەو رووداوانەی ئێستا لە کوردستان روودەدەن یەک لە دەرەنجامەکانی خراپەکاری بێکۆتایی رۆحی کۆلۆنیالیستی رۆژئاواییە کە لە سەر ئەم خاکە دەیکات. خیانەت لەو مرۆڤانە کرا کە داعشیان تێکشکاند”.

کۆمەڵکوژی لە شەنگال لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ دا لەسەر دەستی داعش ئەنجامدرا و لێکەوتەکانی ئەو کۆمەڵکوژیە دەبنە بابەت و هەوێنی بەرهەمی هونەری و وێژەیی. یەک لەو کەسانە لەسەر فەرمانی ٧٤ەمین کاری کردووە نوسەر-رۆژنامەوانی ئیتالی سارا لوکارۆنییە. لوکارۆنی کە دوای هێرشەکانی داعش چووە ناوچەکە و وەک رۆژنامەوان کاری کرد، کتێبێکی بەناوی ‘رووناکی شەنگال. گەشتێک بەناو قڕکردنی ئێزدییەکان’ ئامادەکرد و کتێبەکە بەر لە ماوەیەک بڵاوکرایەوە. سارا لوکارۆنی سەبارەت بە کتێبەکەی قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کرد.

لوکارۆنی سەرەتا باسی پرۆسەی بڕیاردان لەسەر ئامادەکردنی کتێبەکەی کرد و وتی، “کاتێک دەشتی نەینەوا کەوتە دەست دعش، ئەوەی زیاتر لە هەموو شتێک کاریگەری کردە سەر من دیمەنی گەل بوو کە بەبێ ئەوەی هیج شتێکیان هەبێت، بەرەو چیای شەنگال دەرۆیشتن، بەو پەڕی بێدەرەتانیەوە هەڵدەهاتن. ئەوەش گەلی ئێزدی بوو. مانگی ئابی ٢٠١٤ بوو.”

لوکارۆنی باسی لەوەکرد کە لەو کاتەوە هەوڵ دەدات باس لەو کەمینەیە بکات کە لە رووی هزری گەشبینی، ئاشتیخوازی، برایەتی نێوان گەلان زۆر کاریگەری لەسەر داناوە.

سەبارەت بە سەرچاوەکانی کتێبەکەی لوکارۆنی وتی، “من تەنیا سەرچاوەی راستەوخۆم بەکارهێنا. کتێبەکە وەک چاوپێکەوتێکە و تیایدا باس لە یەکەم سەردانم بۆ شەنگال دەکەم. دوای ئەوەی رێکاری پێویستی ئەمنی گیرانەبەر من رووم کردە کوردستانی عێراق و بۆ ئەوەی خۆم بگەیەنمە گروپێک شەڕڤان کە لە پێناو ئێزدییەکان لە دژی داعش شەڕیان دەکرد، کەوتمەڕێ. من ئەنجومەن و ریشسپی گوندەکان، ئەو ژنانەی رفێندرابوون و دواتریش رزگارکرابوون، هەروەها رزگاربووانی کۆمەڵکوژیەکە کە نائومێدانە هەوڵیان دەدا سۆراخی خوشک و کچەکانیان بکەن و بیاندۆزنەوە، ناسیمن و هەموو ئەوانە بوونە سەرچاوەی کتێبەکەم”.

لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا کۆمەڵگەی ئێزدی لە لایەن کۆمەڵگەی نێونەتەوەییەوە بە تەنیا هێڵراوە؟ لوکارۆنی وتی، “بەڵێ لەو کەسانە لە دژی ژنان و پیاوانی ئێزدی تاوانیان کرد، هیچ کەسێکیان دادگایی نەکران ئەوە بەتەنیا خۆی دۆخەکە رووندەکاتەوە. تەنیا ئەڵمانیا دوو ئەندامی پێشووی داعشی بە هۆی توانی جەنگ و تاوان لە دژی مرۆڤایەتی سزادا. بەڵام زۆرینەی داعشیەکان لە زیندانەکانی ژێر کۆنترۆڵی کوردەکاندان، هاوسەر و منداڵ ئەو داعشانە لە کەمپی هۆلی سوریان. ژمارەیەک دەوڵەتی رۆژئاوایی هاووڵاتیە تاوانبارەکانیان وەرناگرنەوە، دادگاییان ناکەن یاخود بە رێگەی بروکراسی لاواز دەیانگێرنەوە. هەروەها لە شەنگال تائێستا هەندێک گۆری بە کۆمەڵ بوونیان هەیە کە دەبێت هەڵبدرێنەوە. ١٠ ساڵ تێپەڕبوو، زیاتر لە ٢ هەزار مرۆڤ هێشتاش بێسەروشوێنن، ژمارەیەکی کەم لە بنەماڵەکان گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵیان. تەنیا چەند دەزگای مەدەنی و دامەزراوە بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال هەنگاوی بەرچاویان ناوە. هەموو ئەمانەش کەمن”.

نوسەر لوکارۆنی دەستنیشانی کرد کە شەنگال هەرێمەکی ستراتیژیکە و هەر کەس دەیەوێت ئاڵای خۆی لەوێ بچەقێنێت و وتی، “شەنگال دەبێت بۆ ئەو مرۆڤانە بێت کە بەسەدان هەزار ساڵە لەوێ دەژین؛ دەبێت ئێزدییەکان و هەموو کەمینەکانی دەشتی نەینەوا بێ کاریگەری دەرەوە بتوانن بڕیار لە چارەنوسی خۆیان بدەن.

لە کۆتاییدا ببنە خاوەن هێزێکی سیاس. هەندێک دەڵێن دەبێت لە ژێر چەتری نەتەوەیەکگرتووەکاندا بن. کاتێک مرۆڤ شکستی یاسای مرۆیی لە غەززە دەبینێت، دوودڵ و دڕدۆنگ دەبن کە ئاخۆ ئەوە چارەسەریە یاخود نا”.

سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەنگالیش لوکارۆنی وتی، “تورکیا زۆر مەترسیە. زۆر سیناریۆ دەگێڕێت و هەرگیز گەرنتیەکی سیاسی نادات. پەکەکە وەک دوژمنێک دەبینێت کە دەیەوێت لەناوی ببات. لە شەنگال هێرش دەکاتە سەر زۆر ئێزدی مەدەنی کە سەر بە هیچ حزب و گروپێکی چەکدار نین. ئەو مامەڵەیەی دەوڵەتی تورک کێشەیە و لەماوەیەکی نزیکیشدا چارەسەر ناکرێت”.

لە کۆتایی قسەکانیدا لوکارۆنی وتی، “شەڕڤانانی پەکەکە لە تێکشکاندنی داعشدا کاریگەرییان هەبوو. لە گۆڕەپانی شەڕ و دوای شەڕ بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایش بە قارەمانیەوە جوڵانەوە. بەڵام هەموو کاراکتەرەکان کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جوڵانەوە، خیانەتیان لە ئەوان کرد، خیانەتیان لێدەکەن. بەداخەوە بەتەنیا خۆیان شانیان داوەتە بەر باری قورسی ئامانجەکەیان لە پێناو خۆبەڕێوەبەری و سەربەخۆبوونی خاکەکەیان. ئەم دۆخە یەک لە ئەنجامەکانی خراپەکاری بێکۆتایی رۆحی کۆلۆنیالیستی رۆژئاواییە کە لەم خاکە ئەنجامی داوە”.

هاوبەشی :