پژاک: خۆرێکخستنی گەل لەپێناو پاراستنی ژینگە دەبێت بکرێتە کاری لەپێشینە

71
0
هاوبەشی :

کۆمیتەی ئیکۆلۆژی پەژاک ئۆباڵی ئاگرکەوتنەوەکانی ئەمدواییەی لە هەندێک ناوچەی رۆژهەڵاتی کوردستان خستە ئەستۆی دەوڵەتی ئێران و تێڕوانینی ئەمنیەتی ئەو دەوڵەتە و داواشی لە گەل کرد لە پێناو پارێزگاری لە ژینگە خۆیان رێکبخەن.

کۆمیتەی ئیکۆلۆژی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) سەبارەت بە ئاگرکەوتنەوەکانی ئەم دواییەی لەوەڕگە و دارستانەکانی چەند ناوچەیەکی وەک جوانرۆ و پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. لە راگەیەندراوەکەدا وێڕای جەختکردنەوە لە سەر هەندێک هۆکاری گوماناوی لە کەوتنەوەی ئەم ئاگرانە داوا لە کۆمەڵانی خەڵک لە رۆژهەڵاتی کوردستان و چالاکوانانی ژینگەپاڕێزکراوە کە لەو بارەوە هەڵوێستیان هەبێت.

راگەیەندراوەکەی پەژاک بەم جۆرەیە:

“لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی هاوین، جارێکی دیکە دارستان و لەوەڕگەکانی ناوچە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رووبەڕووی ئاگرکەوتنەوە دەبنەوە کە هەندێک دەست وهۆکاری گوماناوییان لە پشتەوەیە، هەربۆیە خۆرێکخستنی گەل لەپێناو کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرکەوتنەوانە و پاراستنی ژینگە، بووەتە پێویستی. زۆربەی ئەم ئاگرکەوتنەوانە بە هۆی تێڕوانینی ئەمنیەتی سیستمی کاولکاری ئێرانەوە روودەدەن و پێویستە لە رێگەی هەڵوێستێک کە گەل بە بنەما دەگرێت بەرەنگاری ئەوە ببینەوە.

لە رۆژی پێنج شەممە ١٧ی جۆزەردانەوە (٨ی حوزەیران) زنجیرەیەک ئاگرکەوتنەوە لە لەوەڕگە و دارستانەکانی ناوچەکانی جوانرۆ و پاوە روویانداوە، بەڵام سیستمی دژە ئیکۆلۆژی ئێران کەمترین ئاوڕی لەو رووداوانە نەداوەتەوە. لە سایەی هەوڵی رێکخراوە مەدەنیە ژینگەپارێزیەکان و چالاکوانانی ژینگەیی ئەو ئاگرکەوتنەوانە کۆنتڕۆڵکراون. دیارە کە تێڕوانینی ئەمنیەتی رژێم و بوونی دەستی شاراوە ساڵانە هۆکاری کەوتنەوەی ئەم ئاگرانەیە. ئاگرکەوتنەوەکانی رۆژانی رابردوو لە دارستانەکانی جوانرۆ و پاوەش بەم هۆیەوە روویانداوە و بەردەوامن. ئەم سیاسەت و کردەوانەی رژێم تەنیا بە گرتنەبەری هەلوێست و چالاکی بێ پسانەوەی هێزەکانی گەل و چالاکوانانی ژینگەیی و هەروەها بە خۆڕاگری و پێداگریی رەوای رێکخراوە ژینگەییە مەدەنییەکان پوچەڵ دەکرێتەوە.

کۆمیتەی ئیکۆلۆژی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) وێڕای شەرمەزارکردنی بوونی دەستی شاراوە لەم ئاگرکەوتنەوانە و بێدەربەستی دامەزراوە حکومیەکان، داوا لە رێکخراوە مەدەنیە ژینگەپارێزیەکان،، چالاکوانانی ژینگەیی و توێژ و کۆمەڵانی خەڵک دەکات کە بۆ کۆنترۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکان هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ و خۆرێکخستنی گەل وکە مافێکی دیموکراتیک زیاتر پەرەپێبدەن. پێویستە گەلەکەمان بە بێ هیج چاوەڕوانیەک لە رژێمێک کە خۆی هۆکاری لەناوبردنی ژینگەیە، هەنگاو بنێت، هەربۆیە سەرەکیترین رێگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هۆکارانەی لە پشت ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانن، برەدانە بە خۆرێکخستنی دیموکراتیکی گەل و بەهێزکردنی یەکێتی و یەکڕیزی”.

هاوبەشی :