لە دژی گۆشەگیری لە ئیمراڵی داوای هەنگاوی بەپەلە لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکرێت

46
0
هاوبەشی :

پاڕێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە لە دژی گۆشەگیری رەها لە سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان داوای لە ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە کرد، کە هەنگاوی بەپەلە هەڵبگرێت.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی مێزۆپۆتامیا پارێزەرانی نوسینگەی یاسایی سەدە سەبارەت بە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و موەکیلە گۆشەگیرکراوەکانی دیکەیان لە ئیمراڵی؛ عومەر خەیری کۆنار، وەیسی ئاکتاش و حامیلی یەڵدرم لە ١٧ی ئایاردا داواکاری ‘چالاکی و هەنگاوی بەپەلە’یان ئاراستەی ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجە کردووە. پارێزەران سەردانی ریپۆرتەری تایبەتدا کە پەیوەندی بە راپەڕاندنی کاروباری پارێزەرانەوە هەیە.

پارێزەران لە سەردانەکەیاندا بە شێوەی هەمەلایەنە هەلومەرجی راگرتنی موەکیلەکانیان لە ئیمراڵی و کێشەکانی رێگری لەبەردەم ئەرکە یاساییەکان لە چوارچێوەی رێساکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیان خستەبەردەم ریپۆرتەران و رایانگەیاند، کە پێویستە داواکارییەکە دەستبەجێ پەسەند بکرێت. پارێزەران سەرنجیان بۆ سەر ئەوە راکێشا کە بۆ نەهێشتنی ئەو زیانانەی لە ئیمراڵی قەرەبووکردنەوەیان ئەستەمە، دەبێت دەستبەجێ داواکارییەکەیان بەهەند وەربگیرێت و کاری لەسەر بکرێت.

پارێزەران لەبارەی داواکاری کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ گرتنەبەری رێکار کە لە ٦ی ئەیلولی ٢٠٢٣ خرابووەڕوو، رایانگەیاند کە بڕیاری کۆمیتەی ئاماژەبۆکراو پاڵپشت و پشتیوانە بۆ ئەو دۆخە. ئەو یاساناسانە جەختیشیان کردەوە کە تورکیا تائێستاش ئەو بڕیارەی کۆمیتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکانی جێبەجێ نەکردووە.

بانگەواز بۆ خستنەگەڕی هەوڵەکان

پارێزەران لە داواکارییەکەیاندا ئەوەیان خستەڕوو کە بەربەست بۆ داواکاری پارێزەران (بۆ ئەنجامدانی دیدار) سازدەکرێت و داوایان کرد ریپۆرتەری نەتەوەیەکگرتووەکان لەپێناو هەڵگرتنی ئەو بەربەست و ئاستەنگیانە هەوڵەکانی بخاتەگەڕ.

دەقی داواکارییەکان

پارێزەران هەروەها لە داواکارییەکەیاندا ئەم داوایانەیان ئاراستەی ریپۆرتەری نەتەوەیەکگرتووەکان کرد:

*ئەم سەرلێدان و داواکارییە بەپەلەیە و دەبێت لەماوەیەکی کەمدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت

*دەبێت کۆتایی بە دۆخی پچڕاندنی پەیوەندییەکان بهێندرێت و دەستبەجێ داوا لە حکومەت بکرێت رێگە بە سەردانی پارێزەران و بنەماڵەکان بدات.

*دەبێت سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکرێت و لێکۆڵینەوە لە هەلومەرجی ئەوێ بکرێت و سەردانیکەران بتوانن رووبەڕوو دیدار ئەنجام بدەن.

*دەبێت ئەنجامی سەردانەکە و تێبینییەکانی سەردانیکەران بکرێنە راپۆرت.

* دەبێت ئەنجامی ئەو زانیاریانەی بەدەستدەهێندرێن لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرا بکرێن.

هاوبەشی :