شەڕی ئەمریکاو ئێران و تورکیا و زیانەکانی بۆ ئێراقیەکان

387
0
هاوبەشی :

شاندە دبلۆماسیە باڵاکانی ئەمریکی و ئێرانیەکان بۆ بەغدادو ئاڵوگۆڕەکانی گۆڕەپانی ئێراقی و ھەڕەشەکانی لەیەکدی کردن و بەخشکەیی داگیرکردنی بەشێکی گرنگی خاکی ئێراق، کەبەباشوری کوردستان ناسراوە( ویلایەتی موسڵ)، پێکدادانەکانی ناو خۆی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان. دەریدەخەن کە بونێکی ئێراقی کاریگەر نیە، ئەو ھێزە ئێراقیانەی لەگۆڕەپانی ئێراقدا کاردەکەن،خاوەن ھێزی ناوخۆو چارەسەری کێشەکانی ئێڕاق و خاوەن دەرکەوتوو لە خولیا، ھەبون و بڕیاری بەڕێوەبەری ئێراقیانە نین.

زلھێزو ھێزە ناوچەییەکان ئێراقیان کردوەتە گۆڕەپانی شەڕەکانیان و یەکلاکردنەوەی خواستەکانی خۆیان. ئێراقیەکانیش دابەش و پارچەبوون لەنێوان ھێزەکان و بەرژەوەندیە جیاوازەکاندا. بەبێ ئەوەی گەڕانەوەو تێگەیشتنیان ھەبێت بۆ کاریگەری پێگەی ئێراق لەسەر ئاستی جیۆپۆلەتیک، جێوئیکۆنۆمیک و ئەو پێگە مێژوییەی کەوەک لانکەو مامانی لەدایک بونی بەدەوڵەتبونی دەسەڵات دەرکەوتۆتە گۆڕەپانی مێژوو. ئەو پێگە لانکی و ئابوری و وزەیی و سروشتیەی ئێراق وای لێکردوە کە ھەمیشە لەپێناوی پاراستنی بنەما دروستبوەکانی دەسەڵات دەوڵەتدا دەستێوەردانی تێدابکرێت و ئێراق لەپێگەی لانک ناوەنددا نەھێڵرێت و لێی بدرێت. ئێستە میراتگری دەسەڵات دەوڵەت مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری و ناوەندە شاراوەکانی بەڕێوەبەری ئەو سیستەمە بۆ ھەمیشە دەستێوەردانی دۆخی ڕاگرتنی ئێراق دەکەن لەکەناردا.

بەھۆی نزیکی میزۆپاتامیای سەروو کارتێکردنەکانی کەوانەی زێڕین لەسەر بەڕێوەبەری و سیستەمی چینایەتی میزۆپۆتامیای خواروو ھەمیشە ترسی سیستەمی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری لەکاریگەریەکانی میزۆپۆتامیای سەروو ھەبوە لە لانکەی لەدایک بونی دەوڵەت – دەسەڵات. گەشەی کۆمەڵگەبون و ژیانی ھەرەوەزی و پێگەی ژن لە میزۆپۆتامیای سەروو ژیانەوەی ئەو کۆمەڵگەبون و ئازادی ژنە لە لانکەکەی خۆیدا ترس و خۆپاراستنێکی زیاتری بۆ سیستەمی دەسەڵات دەوڵەت  دروستکردوەو ھەرچی زیاتر دەستێوەردان و خۆپارێزی و ھێرشەکانی گەورەترو فراوانتر کردوە.

ھەموان دەیانەوێت ئەو سیستەمەی سۆسیۆلۆژیای ئازادی نەخزێتە خوارەوەو گەلانی ئێراق بەوسیستەمە ئاشنانەبن و ئێراق دیموکراتیزەو خاوەن لەخۆی دەرنەکەوێت. بۆیە ھەمیشە لەڕێگەی دەستێوەردان و ھێزە پرۆکسیەکانەوە دەیانەوێت لە تواناو ھێزی ئێراق و بونەکەی بدەن. ئێڕاق بێ سەرو بێ خاوەن دەھێڵنەوەو خاکەکەی دەکەنە گۆڕەپانەکانی خۆیان و خەڵکەکەشی پارچەو بێکاریگەرو دابەشبوو، ھەژارو تەسلیم بوو دەکەن. بۆئەوەی ئێراق ھۆشی بەبەر خۆی نەیەتەوەو پێگەی مێژووی و بەھێزی خوی نەناسێت و بەدەست نەھێنێتەوە، ھەمیشە لە ناو سیستەمێکی بەرھەمھێنانی پێکدادان و توندوتیژدا ھێڵڕاوەتەوەو دەھێڵرێتەوە.کۆمەڵگەکەی ژینگەکەی و نیشتیمانەکەی تێکدەدرێت!.

سیستەمی بیکردنەوەی باڵادەست، سیستەمی بەرھەمھێنانی توندو تیژی و پارچەبون و پێکدادانە. ئەوسیستەمە بەرھەمھێنانی ھۆشمەندی کۆمەڵگەی بەئامانج گرتوەو بڕستی بیرکردنەوەو خۆناسین و خاک و کۆمەڵگەناسی لێبڕیوەو کاتێکیش بە ئاستی خودناسی گەیشتبێت، خزێنراوەتە ناو گەمەیەکی قێزەونی ھەڵگیرسانی شەڕو لەناو تەپوتۆزی ئەو شەڕو پیلانگێڕیەدا سەری بیرکردنەوە بە ئامانج گیڕاوە، یان لەناوبراوە یان بێکاریگەرو بێھێز کراوەو لەجێگەی خۆی قەتیس کراوە.  

بەرەو پێشچونەکانی تێکۆشانی ئازادی کوردان و کاریگەریەکانی لەگۆڕەپانی کوردان و نەتەوەکانی ھاو پەیوەند لەگەڵیدا لە پانتایی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا گەورەو کاریگەرە. نەک بەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەرتەسک نەبوە، بەڵکو لەجیھانیشدا کاریگەریەکەی بەرچاوو دیاریکەرە. کاریگەریەکەی لە تورکیا، سوریا، ئێڕان و ئێراقدا لەبەرچاوە. لەسوریا سیستەمی خۆبەڕێوەبەری باکوری سوریای ئاواکردوەو گەلانی جیاواز وەک سیستەمی ژیانی ئازاد قبوڵیان کردوەو بەڕێوەی دەبەن. لە ئێراقدا، لەدوای ھێرشەکانی داعش ھۆشمەندیەک لەناو گەلانی ئێراقدا دروستبوەو پێکھاتەی ئێزدی پەراوێزخراو لەئەنجامی بەھاناوەچون و پاراستنیان لەھێرشەکانی داعش لەلایەن گەریلاو شەڕڤانانەوە بەھۆی کاریگەری ھزریەوە سیستەمێکیان بۆخۆیان وەک خۆبەڕێوەبەری شەنگاڵ ئاواکردوە، شەقامی ناڕازی عیراقی لەخواروی عێراق مەیلی چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگەی عیراقی لەسەر خۆبەڕێوەبەری و نەتەوەی دیموکرات تێدا جێبۆتەوە، لەتورکیا بەھۆی گەشەی تێکۆشانی دیموکراتیک و بەرەو پێشچونی پرسی چارەسەری کێشەی کوردەوە ، ھەدەپە لە شارەوانیەکانی باکوری کوردستاندا زۆرترین شارەوانی بەدەستخست و کاریگەری لەسەرخستنی جەھەپەش لە گەورە شارەوانیەکانی ئەستەنبوڵ، ئیزمیرو مێرسین …. ھەبوو. لە ئێرانیش کاریگەریەکانی لەناو گەلانی جیاوازدا بەرچاوە.

ئەوە لە کاتێکدایە سیستەمی دەسەڵات دەوڵەت لەگێژاوو بێچارەییدا دەخولێتەوەو گیری خواردوە. بۆیە دەیەوێت لە لانکەی یەکەم مامانی لەدیکبون و بەڕێکخستن بونی دەسەڵات بۆ ئاستی دەوڵەتدا، ئەو سیستەمە ئازادە جێگرتوو ناسراو نەبێت. چونکە گەلانی ئێراق، گەلانێکی زیندون و کاتێک گەیشتن بەھزری ئازادی و خاوەنی خۆیان، ئەوا مەرگی سیستەمی دەوڵەت ڕادەگەیەنرێت و ئێراق دیموکراتیزەو کێشەکان بەرەو چارەسەری ملی ڕێگە دەگرن. بۆیە ئەو سیستەمە بەھۆی ترسی لەو دیموکراتیزەبونەوە ناھێڵێت ئێڕاق ھەناسەبدات و ببێتە خاوەنی ھۆش و بیرکردنەوەی خۆی.

ئایا ئەم دۆخە بەدڵخوازی سیستەمی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری بەڕێوە دەچێت؟

لەدوای شەڕەکانی جیھانی یەکەم و دوھەم، ھێزە براوەکان کە نوێنەرایەتی سیستەمی سەرمایەی ئیمپریالیستیان دەکردو خۆیان بەبراوەی شەڕ دەزانی مافی ئەوەیان بەخۆیان دەدا کەنەخشەی ناوچەکەو جیھان سەرلەنوێ لەنێوان خۆیاندا دابڕێژنەوەو سیستەمی دڵخوازی خۆیان ئاوابکەن. سیستەمی دەوڵەت نەتەوە ئەو سیستەمە دڵخوازەبوو کەلەبەرچاویان گرتوو دایانڕشت. ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەھۆی بونی دەوڵەتی عوسمانی و سەفەویەوە، کەزۆرترین کاریگەریان لەسەر جوگرافیاکەی ھەبوو زۆرترین خاکیان بەپانتاییەکی گەورە لەبەردەستدابوو، بوبوە گۆڕەپانی شەڕو دەستێوەردانی ھێزە ئەوروپاییەکان. لەوشەڕانەدا دەوڵەتی عوسمانی کەبە دەوڵەتە نەخۆشەکە دەناسرا لەگەڵ ھاوپەیمانەکانی لەشەڕەکەدا دۆڕان و بەوھۆیەوە لەبەریەک ھەڵوەشاو لەسودی ھێزەبراوەکان ناوچەکە ئاوەڵابوو.

ئەوانیش لەچوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا، لەسەر نەخشەو خوێنی گەلانی ناوچەکە کۆمەڵێک دەوڵەتیان دروست کردو لەبەرژەوەندی خۆیان و ئاسان دەستێوەردانەکانیان، کۆمەڵێک دەوڵەتۆچکەی بچوکیان دروستکردو دامەزراند. ئەم دەوڵەتانە ھیچ خواستێکی گەلانی لەگەڵ نەبوو بەشداری ھیچ پێکھاتەو گەلانێکی تێدانەبوو، بەراوردەش نەکرا. بەڵکو دەوڵەتانێک بوون تەنانەت بەڕێوەبەرەکانیشی تاماوەیەکی زۆر دەوڵەتە ئەوروپیەکان، یان کەسایەتیە ھاوردەکانی دەرەوەی جوگرافیا بڕیار لێدراوەکەی دەوڵەتی دروستکراو بوون.

عیراق یەکێک لەو دەوڵەتە دروستکراوانەبوو، کە بەدڵخوازی ئینگلیزەکان دروستکراو لە ئەنجامی ململانێیەکی چەند ساڵی نێوان کوردەکان وتورکەکان و ئینگلیزەکاندا نەخشەی کۆتایی وەرگرت و دەوڵەتێکی نادڵخوازی پڕ لە کێشمەکێش بەپشتیوانی ئینگلیزو بەڕێوەبەری ھاشمیەکانی عەرەبەکانی دەرەوەی عیراق دروست دامەزرێنرا. ئەم دەوڵەتە لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لەسەر کۆمەڵێک ناکۆکی و گڕکانی تەقینەوە دامەزڕا کەھەرگیز نەبوە دەوڵەتی خەڵک ( دەوڵەت ھەرگیز ھی خەڵک نەبوە، بەڵکو ھی چینی دەسەڵاتداربوە) و ھۆکاری ئاسودەیی. بەڵکو لەسەر ناکۆکی و تەقینەوەو ئاسانکاری بۆ دەستێوەردانی دەرەکی دامەزرا، ئەویش بەناوی تێکدانی ئارامی و ئاشتی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیھانیەوە.

ئەم دەوڵەتی عیراقە، لەسەرناکۆکی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیھانی دامەزرا. لەسەر سێ تەوەر: کە ناوخۆیی، ناوچەیی و جیھانی بوون. کەھیچیان خواست و ویستی گەلانی ئێراقی تێدانەبوو.

یەکەمیان؛ تەوەری ناوخۆیی: عیراق کاتێک دامەزرا لەسەر چەمکی عیراقی عەرەبی سوننە دامەزرا کە دەیکردە خواروی زنجیرە چیاکانی حەمرین و پێکھاتبوو لە دوو ویلایەتی بەغداد و بەسرە. کاتێک سەیری ئەم نەخشەیە دەکەیت لەدوو لایەنەوە کەموکوڕە؛ یەکەمیان گەلانی جیاوازی تێدانیە بۆناکۆکی و تەقینەوەو دەستێوەردان. دووەمیان؛ نەخاوەنی ئابوری بەھێزە، نەخاوەنی سروشتی پاراستنیە. بۆیە ھەرکاتێک بکەوێتە بەر پەلامار توانای خۆپاراستنی نابێت و پارویەکی چەوردەبێت بەدەست ھێزە پەلامار دەرەکانەوە. بۆیە بیریان لەوەکردەوە کە باشوری کوردستان، واتە ویلایەتی موسڵ ببەستنەوە بە عیراقی عەرەبی و عیراقێکی نوێ دامەزرێنن و لەوێدا مافی کوردەکانیش پارێزڕاوبێت و ئەگەر خواستیشیان ئەوا لەڕێگەی دەنگدانێکی گشتیەوە دەتوانن دەوڵەتی دڵخوازی خۆیان دامەزرێنن. بەڵام ئەمە کەوتە ژێر کاریگەری دوو تەوژمەوە. کەتورکەکان و کوردەکانبوون.

تورکەکان لەگرنگی جیۆپۆلەتیکی و جیۆئیکۆنۆمی ویلایەتی موسڵ،تێگەیشتبون بۆیە نەیاندەخواست و ڕازی نەدەبون کە ویلایەتی موسڵ بخرێتە سەر دەوڵەتە تازە دامەزراوەکەی عیراق. لایەکەی تریش کوردان بوون، کەدەیانخواست دەوڵەتێک بۆ کوردەکان دروست بکرێت و خۆیان لەڕێگەی ھەندێ جار ھاوکاری ئینگلیزەکان و ھەندێ جار ھاوکاری تورکەکانەوە بەڕێوەبرێت، کەلە میساقی دەوڵەتە براوەکاندا بەسێ بەندی ( ٦٢، ٦٣ و ٦٤) دانیپێدانرابوو. ئەوە بۆ ئینگلیزەکان مایەی قبوڵ نەبوو کەدەستی تورکەکان لەناوچەکەداھەبێت. بەوھۆیەی کە تورکەکان دۆڕاوی شەڕبون و کوردەکانیش لەڕوی ئاینیەوە خۆیان بەنزیکی تورکەکان دەزانی بۆیە دەبونە سەرئێشە بۆ ئینگلیزەکان.

لەدوای کێشمەکێشێکی چەندساڵی نەخشەی کۆتایی ئێڕاق بەڕێککەوتنی ئینگلیزو تورکەکان ڕەنگ ڕێژکراو لەساڵی ١٩٢٦ی سەدەی ڕابردوو بڕیاری لێدراو کوردەکان کرانە دەرەوەی ھاوکێشەکە بەوە عێراق بوە گۆڕستانی مۆزائیکەکان. کە عیڕاقی عەرەبی بە بەڕێوەبەری عەرەبی ھاوردە دروست بکرێت و یەک ڕەنگ و یەک خاک و یەک نەتەوەو یەک دەوڵەت بێت. بەوە عیراقێک دروستکرا پڕ لەناکۆکی و کێشمەکێش. کوردەکان ڕازی نەبوون، تورکەکان ھەر چاویان لەسەر ویلایەتی موسڵ بوو، ئێرانیەکان بەھۆی بونی مەزھەبی شیعەوە لەناکۆکیدابوون. لەکۆتاییدا عیڕاقێکی عەرەبی سوننە دامەزرا بەو ھەموە ناکۆکیەوە. بۆیە عیراق ھەرگیز ئارامی بەخۆیەوەنەدی و عێراقی عێراقیەکان نەبوو، بەڵکو عیڕاقی ھێزە ئیمپڕیالیستی و دەرەکیەکان بوو. عیراق دابەشکراو بۆڕازی کردنی تورکەکان بۆ ٢٥ ساڵ پشکی نەوتی عیڕاق بەڕێژەی لە⁄١٠ پێدرا.

دووەم: تەوەری ناوچەیی؛ بەھۆی بونی سنوری وشکانی و ئاویەوە عیراق دابەشی سەر ناکۆکی جیاوازکرا لەگەڵ دەوڵەتە ھاوسنورەکانی، لەبەشی ئێرانەوە لەسەر ئاوی کەنداو لەناکۆکیدابوون. لەگەڵ تورکیا لەسەر ویلایەتی موسڵ و بونی تورکمان لە ناوچەکەدالەکێشەدابون، لەگەڵ سوریاو ئەردەن و سعودیەو کوێتیش ھەمدیسان لەکێشەو ململانێدابون. بۆ بەستنەوەی ئەو دەوڵەتەی کە لەعیڕاقدا دروستکرا، کێشەگەلێکی زۆری دەرەکیان بۆدروستکرد کەھەرگیز نەوێرێت لەقسەو نەخشەیان دەربچێت.

سێھەم: تەوەری جیھانی؛ لەکاتی شەڕی جیھانی یەکەمدا ئاڵوگۆڕێکی سەیر لەنەخشەی دابەشکاری ناوچەکەدا دروستبوو. بەھۆی سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیاوە. ڕوسیا لەھاوکێشەی بەشی براوەی شەڕدا پاشەکشەی کردو گەڕایەوە سنورەکانی خۆی. ئەو شۆڕشە بەشۆڕشی سوسیالیستی ناسراو مۆری خۆی لە ئاڵوگۆڕە جیھانیەکانداو کاریگەری دروستکردو ترس و دڵەڕاوکەی خستە ناو سیستەمی سەرمایەداری ئیمپریالیستیەوە. بۆیە دەوڵەتە ئیمپریالیستیەکان ھەرچیان دەکرد حسابیان بۆ ئەو ترسە دەکرد. بەھۆی نزیکی عیراقیش لە ڕوسیای سوسیالیستیەوە دەترسان کە عیراق ڕوو لەو سیستەمە بکات و پشت بکاتە باوکە دروستکەرەکەی، بۆیە ھەمیشە عیراقیان لەناو ناکۆکی شەڕدا دەھێشتەوە.

شۆڕشی بیستی سەدەی ڕابردوی گەلانی عیڕاق و پێکەوە بونی گەلانی جیاواز لەدژی ئینگلیزەکان وانەیەکی مێژووی دایە ئینگلیزەکان کەھەرچی زیاتر بەتەگبیربێت و بێ ھۆشانە جوڵە نەکات. ھەرچەندە ئینگلیزەکان زۆرترین پشتیان بەھێز دەبەست. بەڵام لەنانەوەی ناکۆکیش کەمیان نەکرد. سیاسەتە ناسڕاوەکەی” ناکۆکی بنێرەوەو سود وەرگرەی لەبیری مرۆڤایەتی و ناوچەکە نەچوەتەوە. بۆیە ھەمیشە ھێزە ئیمپریالیستیەکان بەھۆی پێگەی گرنگی ئابوری، جوگرافی و سروشتی عێراقەوە لێی ترساون.

بزوتنەوە خۆجێیەکانی گەلانی عیراقیش کەم نەبوون، بەڵام بەھۆی نەبونی جیھانبینیەکی گونجاوو ھۆشمەندیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی کەبتوانێت ڕێبەری تێکۆشانی ئازادی بکات. نەتوانراوە ئەو تێکۆشانە لەناو تەڵەزگەی پیلانەکانی ھێزە ئیمپریالیستیەکاندا خۆڕاگرێت و دڕێژە بەتەمەنی خۆی بدات و سیستەمی خۆی ئاوابکات. بۆیە تێکشکاوەو تەسلیم بوەو بوەتە ئازار بۆ کۆمەڵگە. عیراق ھەرگیز خاوەنی سەری بیرکردنەوەی خۆی و بەڕێوەبەری خۆی نەبوە. بۆیە سەرچاوەی کێشە و دەستێوەردانەکان بەئاسانی توانیویەتی ئاخێزی ناو کۆمەڵگەی عیراقی ببێت و کێشەکان بتەقێننەوەو نائارامی باڵ بەسەر ژیانی گشتیدا بگرێت و بەشێکی کەمی دەسەڵاتدارو بەکارھێنراوان سودی لێوەربگرن.

ھێزو پارتی سیاسی جۆراوجۆر لەدەرەوەی دەوڵەت دەسەڵات ھەبوەو ناوی خۆی ناوە ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام نەک ھەر ئۆپۆزیسیۆن نەبوە، بەڵکو بوەتە ڕێگر لە ھاتنە دەرەوەی ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاستەقینەی سیاسی کە بتوانێت دەور و ڕێبازی سیاسی گونجاو بەڕێوە ببات. کێشەکە لێرەیە کە سیستەمی داگیرکاری ئیمپریالیستی سیستەمێکی بەگوێرەی بەرژەوەندی خۆی دروست کردوەو پەڕێوە دەبات. لەدەرەوەی ئەو سیستەمە ھێزی کۆمەڵگە نیە بۆ بەخاوەن خۆبون. ئەوەشی بەو ناوەوە دەردەکەوێت، کە دەگاتە دەسەڵات، کەسروشتی دەسەڵات ھەروابوە، خیانەت لەخەون و خەیاڵەکانی کۆمەڵگە دەکات و وەڵامێک بە ئاراستەی ئازادی، ئارامی و ژیانێکی باشتردا ناداتەوە.

گرنگی تێگەیشتن لە دۆخی ڕاستەقینەی عیراق، دەتوانێت ئاسۆی تێکۆشانێکی نوێ بێنێتە بەردەم شرۆڤەکاران، سیاسیەکان و کۆمەڵگەو پێکھاتەکانی عیراق. ئەویش ئەوەیە عیراقی دروستکراو بەزۆر کۆمەڵێک پێکھاتەی تێدا کۆکراوەتەوە کە خواستیان نەبوەو نیە! وەناتوانن بە ئاشتەوایی پێکەوە بژین. بۆئەوەی ئەو دۆخە چارەسەر بکرێت و ڕێگە لەشەڕوشۆڕ بگیرێت. پێویستە تێگەیشتنی کۆن پشت سەر بخرێت و ڕەخنەی قوڵ لەو مێژوە دروستکراوەبگیرێت. ئەویش بە ھزری نەتەوەی دیموکراتیک سیاسەتی دیموکراتیک و ناسینی عیراقێک کە فرە کلتور، فرە پێکھاتەو فرە جیاوازیە. کە پێویست دەکات ئەم ھزڕە فرە مۆزائیکیە ببێتە بناغەی یەکتر ناسین و یەکترقبوڵ کردن و پێکەوەبون. ڕێزداری بەرامبەر یەکترنیشاندان و ھاوکاری یەکتربوون.

نەتەوەی دیموکرات، واتە خودی نەتەوەبون و ناسینی نەتەوە جیاوازەکانی تریش. ئەوە بنچینەیەکە کەھەر وڵات، خاک و نیشتیمانێکی فرە مۆزائیکی دەتوانێت لەسەری دامەزراوەبێت و بە ئاشتەوا پێکھاتە جیاوازەکان لەناو سنورە بڕیار لێ دڕاوەکاندا دور لەھەستیاری و دوژمنایەتی پێکەوەبژین. نیشتیمانی پڕ لەمۆزائیک نیشانەی دەوڵەمەندیە کە ھەر پێکھاتەیەک دەتوانێت دەوڵەمەندیەکانی ئەویتر بەکاربێنێت و سودی لێببینێت و ڕێزدار بێت بەرامبەری. ئەمریکا وڵاتی نەتەوەیەک نیە، دەستورەکەی دەڵێت” ئەمریکا وڵاتی ئەمڕیکیەکانە”. بەڵام دەبینیت لە وڵاتانی ئێمەدا دەوڵەت لەسەر بنچینەی یەک نەتەوە دامەزراوە، واتە بۆنمونە عیراق نیشتیمانی نەتەوەی عەرەبە“، ئەمە لەکاتێکدا لەچەند سەردەمی جیاوازدا، چەند دەستور نوسراوە کە باسی عیراق بەنیشتیمانی نەتەوەی کورد- عەرەب و بونە جیاوازەکان دەکات. بەڵام ئایا ئەوەندە بەسە کە لەدەستوردا بنوسرێت و نەبێتە ژیانی سیاسی.

دەبێت چی بکرێت؟

لە وڵاتانی فرەنەتەوەدا، نابێت لەسەر بناغەی نەتەوەیەک، یان ئەتنیکێک دەستورو سیاسەت دابڕێژرێت. بەڵکو پێویست دەکات لەسەر بناغەی فرەیی، ناسینی پێکھاتەکانی و داننان بەسیستەمی ناسنامە و خۆبەڕێوەبەریدا ئامادەبکرێت. ئەو خۆبەڕێوەبەڕیە لە کۆمارێکی دیموکراتیکدا دەبێت، یان لەسیستەمێکی فیدراڵ، یان کۆنفیدراڵدا دەبێت، ( کە بەبڕوای من سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک) باشترین چارەسەریە. ئەو بڕوایەش کەوتوەتە سەر گەلان و پێکھاتەکانی ناویو پڕۆژە سیاسیە ئازادو دیموکراتیکەکان.

ئەوەی لەمێژوی چەند سەد ساڵەی ئەم ناوچەیەدا تاقیکراوەتەوە، مێژوی دەسەڵاتدارەتی و پاوان بوە کە ئەنجامەکەی خوێنڕشتن، بەھەدەردان، لەبەرڕۆیشتنی سەروەتی نیشتیمانی و دواکەوتویی بوە. بۆیە پێویستە ئیتر کۆمەڵگەی عیراق بەخۆیدابێتەوە لەسەر بنچینەی سیاسەتی دیموکراتیک ببێتە خاوەنی جیھانبینی خۆی و خۆی لەسەر بنیات بنێت و ڕێگری لەو لەبەر ڕۆیشتن و دواکەوتوییانە بگرێت. بەوە عیراق دەبێتە یارمەتی دەری ھەستانەوەی شۆڕشی گەلان و دەبێتە بەشێک لەو تێکۆشانە ھزریەی کە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پێویستیەتی بۆ ھاتنە دەرەوە لەژێر ھەژمونی ھزری ئەوروپا گەری دەسەڵاتخوازدا.پێگەو توانایی مێژویی و ھزری عیراق لەپاڵ گەلانی ناوچەدا تێری ئەو بەرەو پێشچونە دەکات.

لێڕەوە تێدەگەین کە عیراق بۆچی بوەتە گۆڕەپانی شەڕی جیھانی سێھەم و ھێزە دەرەکیەکان دەتوانن بە ئاسانی دەستێوەردانی عیڕاق لەسەر ھەموو ئاستەکان بکەن. تەنیا ڕێگریش لەو دابەشکاری و دەستێوەردانانە بە عیراقیەکان بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە دەکرێت، لەسەر بناغەی سیستەمێکی دیموکراتیک و پێکەوەیی. کە تەنیا چارەسەر کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکە. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە لەسەر چوار ئاست شرۆڤەی پێداویستی تێکۆشان لە عیراقی نوێدا بکەین:

ئەویش؛ بواری سیاسی، بواری ئابوری، بواری پاراستنی، بواری کۆمەڵایەتیە.

یەکەم لەبواری سیاسیدا؛ عیراق و گەلانی ناوی پێویستە ھزرو بیرکردنەوەی کۆن ڕەخنە بکەن و لە دۆگماتیزم و خۆ بچوک بونەوەو پارچەبون خۆیان ڕزگار بکەن و دەستی ھێزە دەرەکیەکان لەسەر زھنیەت و ژیانی سیاسی خۆیان ببڕن و نەھێڵن. لەبری جێبەجێکەری نەخشەی ھێزە دەستێوەردەرەکان بن، ببنە ھێزی ھاوکاری ھێزو پێکھاتەکانی ترو پێکەوە بنەمای ھزری، سیاسی، ڕێکخستنی، یاسایی، دەستوڕی و کۆمەڵایەتی عیراقی نوێ. سیاسەت یەکێک لە بوارە ھەرە گرنگەکەی بەڕێوەبەری کۆمەڵگەیە کەلەسەر بنیاتنانی تاکی ئازاد دامەزراوە. بەبێ تاکی ئازاد توانای دامەزراندنی کۆمەڵگەی ئازاد نابێت. بۆیە پێویست دەکات کەسێتی بەھێز، خاوەن ئیرادەو ھزری ئازاد پەروەردەبکرێت. پێویستە سیستەمی پەروەردە، یاسا، بەڕێوەبردن و بەشداری بگۆڕێت و ئەڵتەرناتیڤەکەی لەسەر تاک و کۆمەڵگەی ئازاد بنیات بنرێت. بەبێ ئازادی ژنیش، نەتاکی ئازاد نەکۆمەڵگەی ئازاد بنیات دەنرێت. بۆیە سیستەمی سیاسی پێویستە کراوە بێت بۆ چارەسەری کێشەکان و بەشداری ڕاستەوخۆی تاک و نەتەوەو پێکھاتە جیاوازەکان لە بەڕێوەبەری و بڕیارداریدا.

پێویستە عێراق ھەژمونی ھێزە دەرەکیەکان لەسەرخۆی کۆتایی پێبێنێت و خۆی لەسەر پەیوەندی ھاوسەنگ لەگەڵ ھێزە دەرەکیەکان پێناسەو دابمەزرێنێت. پەیوەندی ھاوسێێەتی لەسەر پەیوەندی ھاوسەنگ و ناسینی پێگەو بونی دراوسێیەتی لەبەرچاودەگیرێت. کە ھەرلایەک بۆ ئەویتر ھاوکارو لەپەیوەندی خوێنراوەو حساب بۆکراودابێت. کاتێک باسی پەیوەندی دەکرێت، بواری کاری دبلۆماسی دێتە پێش. کاتێک پەیوەندی ھاوسەنگ نەبێت بواری دبلۆماسیش ئاراستەی ئەرێنی خۆی لەدەست دەدات و دەبێتە کۆگەیەک بۆ دەستێوەردان و سیخوڕی و فشار لەسەر لایەنی ژێردەست. دبلۆماسیەت لەبری ئەوەی ڕێکخەری کاری پێکەوەیی و ھاوسەنگی بەڕێوەبردنی نێوان دوو ووڵات بێت، دەبێتە جێگەی خراپ بەکارھێنانی ھەژمونیەتی باڵادەستی لایەک بەسەر لایەنەکە یان وڵاتەکەی تردا.

بۆئەوەی ھەژمونیەت و باڵادەستی نەمێنێت، پێویستە ھەردوو لایەن یان لایەن و دەوڵەتە جیاوازەکان، دان بەبونی سروشتی و سیاسی وڵاتی بەرامبەرو ھاھسێدا بنێن و پەیوەندیەکانیان لەسەر یەکترناسین و پێکەوەیی دامەزرێنن، کە پێویستیەکانی ڕێزداری و ھاوکاری یەکترو چارەسەری ناکۆکیەکان بەڕێوەببەن. پێویستە پەیوەندی و ناکۆکی لەسەر چەمکی ھاوبەشی و ھاوکاری دابمەزرێت. بۆ تەواوکردنی بواری سیاسی پرسی پاراستن و ھێز دێتە پێشەوە کە دەکاتە:

تەوەری دوەم؛ پاراستن، سیستەمی ژیان لەسەر سێ تەوەر دامەزراوە، ئەویش خۆراک، زاوزێ واتە زۆربون، پاراستنە. پاراستن لەھەموو زیندەوەرەکاندا ھەیە، تەنیا جیاوازیەک کە لەنێوان مرۆڤ و زیندەوەراندا ھەبێت، ئەو تایبەتمەندیەیە کەمرۆڤ بەھۆی تەماعکاری و دەستبەسەرداگرتن و قۆرخکاریەوە بۆ دەسکەوت و سەرمایە لەڕێگەی دزینی بەرھەمی زیادەوە، جیای دەکاتەوە لە زیندەوەرەکانی تر. ئەو عەقڵە بەرسەوەندپەرستیەی مرۆڤ وادەکات ھێز بەکاربێنێت بۆ ئەو دەست بەسەرداگرتنە. بۆیە یەکەمین ھێرشە داگیرکاریەکان و شەڕەکان لە دزینی بەرھەمی زیادەوە دەست پێدەکات و تانوپۆی تەواوی لایەنەکانی کۆمەڵگەو سروشتی گرتوەتەوە.

لەبەرامبەر ئەو ھێرش و پەلامارانەشدا، پاراستن بوەتە ئەرکی سروشتی و دەست لێ بەرنەدراو. پاراستن ئەرک و مافێکی سروشتی ھەربوەنەوەرو زیندەوەرێکە، کە بکەوێتە بەر پەلاماری ھێرشی داگیرکاری و بەکۆیلەکردن و سڕینەوە. بۆیە ئەو ئەرکە سروشتیە مافێکی بەکارھێنانی بەرگریە لەبون و مانەوە. بون بەبڕیاری ھیچ لایەنێک یان ھێزێک ناسڕدرێتەوەو لەناونابرێت، ئەگەر ھێرشی سڕینەوە یان وەک خۆلێکردن ( ئاسمیلەکردن) ھەبوو، ئەوا پاراستنیش دەبێتە مافێکی دەست لێبەرنەدراو. لەبەرئەوەی سروشتی دەسەڵاتدارەتی خۆسەپاندن و داگیرکاریە، ئەرکی پاراسنیش وەستانەوەیە بەرامبەر بەو سروشتە دڕندەییەی دەسەڵاتدارەتیدا.

لەبەر ئەوەی کۆمەڵگەی عێراقی وەک گەشەکردنی سروشتی پێکەوەبونی زیندەوەرو بونەوەرەکان دروست نەبوەو گەشەی نەکردوە. بەڵکو سیستەمێکی لەدەرەوەسەپێنراو ھێنراوەو کراوەتە بەری کۆمەڵگەی عیراقی، بەوھۆیەشەوە سیستەمی پاراستن، سیستەمێکی دیموکراتیک و پاراستنی کۆمەڵایەتی سروشتی نیە. بەڵکو لەڕێگەی دامودەزگا سەربازی و پۆلیسیەکانەوە ڕەھەندە دڵخوازەکانی سیستەمی سەپێنراو، چەسپێنراوە. بۆیە ئەم سوپاو پۆلیسی و سیخوڕیەی ھەیە سیستەمی ھێزی دەسەڵاتە بۆلێدان لە کۆمەڵگەو مۆزائێکە جیاوازەکانی کۆمەڵگەو سروشت.

سەیری شەڕە خوێناویەکانی ناوخۆی عێراق بکە، لەنێوان کورد عەرەب، لەنێوان سوننە شیعە، لەنێوان کورد تورکمان عەرەب، لەنێوان ئیسلام مەسیحی – جولەکە ئێزدی کاکەیی- سابیئەو ئایین و ئاینزاکانی تردا کە ڕەنگدانەوەی کەم تازۆریان ھەیە. شەڕەکانی مرۆڤ بەسروشتی پێکھاتەی عیراقی. لەکاتێکدا خاکی عیراق، یەکێک لەخاکە ھەرەبەپیتە کشتوکاڵیەکان بوو، کە کشتوکاڵ ناوەکەی ئاڵتونی ڕەش بوو، کەچی دەبینیت خاکەکەی دەبێتە بیابان و زۆنگاوەکانی وشک دەکرێت، سەرچاوە ئاویەکانی دەگیرێتەوە، باخ و دارەکانی خورما دەبڕدرێتەوەو لەشوێنەکەی کۆشکە وشک ھەڵاتوە مردوەکان بینادەکربت.

بۆیە سیستەمی پاڕاستن، پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ئارامی، ئاسایش و سیستەمی پاراستنی و پێکەوەیی مرۆیی سروشتی ژینگەیی و ئیکۆسیستەمی ژیانەوە ھەیە.

تەوەری سێھەم: ئابوریە، ھەتائێستا ئابوری بە پیشەسازی و بەرھەمھێنان و سەرمایە ناسێنراوە، لەکاتێکدا ئابوری مانای سەرچاوەکانی ژیان، لەدابینکردنی خۆراک و دانەوێڵە بۆ بەردەوامی ژیان. ھەرچی پیشەسازیە لەکۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا ئەرکی دۆزینەوەو پەرەپێدانی خێرایی گەشەی بەرھەمھێنانی کێڵان، دروستکردن و گەشەی بەرھەمی دانەوێڵەبوە بۆ ھەموان. بەپێی گەشەی دانیشتوان، پێویستی ھێزی فڕیاکەوتنی بەرھەمھێنانیش زیادی کردوە. بۆیە ئامێرە سەرەتاییەکانی کێڵان، بڕینەوەو کۆکردنەوە دۆزرانەوەو پەرەیان پێدراوە. سیستەمی ئاودێری جۆگە یەکێکیتر لەو دۆزینەوەو پەرەپێدانانە بوە. ھەموو ئەمانە پێکەوەو لە سروشتێکی تێرکردن و ھاوکاریدا بەڕێوەبراوە، تا ئەو لەڕێلادانە خراپەی بەیەکەم ھێرش بۆ دەسکەوتی ژن و دەستگرتن بەسەر بەرھەمھێناندا بۆقازانج دەستێ پێکرد.

لەوەبەدوا سیستەمی ھێز چینایەتی باڵادەست دەبێت و ھەرچی شت ھەیە لەو چوارچێوەیەدا بەڕێوەدەبرێت. بۆیە چینە جیاوازەکان لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەوسیستەمە دەکەونە ناکۆکی و پێکدادنەوە. بۆئەوەی سیستەمی چینایەتی بەڕێوەبچێت، دەبێت ھەژارو چینە دەستەوەستانەکان ھەبن کە چاوەڕوانی ژیان لە خوداوەندە دەمامکدارەکان و چینە باڵاکان بکەن. ئەم شەڕە بەدرێژایی مێژوو بەردەوام بوەو لەگەڵ خۆیدا کارەسات و کۆمەڵکوژی و وێرانی لەگەڵ خۆی ھێناوە.

بۆڕێگری لەسیستەمی چینایەتی باڵادەست. پێویستە سیستەم بگەڕینرێتەوەسەر دۆخی خۆی و بەرھەمھێنان بۆ دابینکردنی پێداویستی بێت و سیستەمێکی ھەرەوەزی و پێکەوەیی ئاوابکرێت، کە ھەموان بەھرەمەندبن لە ھەبونەکانی دەسکەوتی مرۆڤ سروشت گەردون. ببینە لە عێراقێکی پڕ دەوڵەمەندیدا مرۆڤی ھەژار ھەیە!. بەڵام لەولاوە کەس و لایەن و وڵاتان ھەن کەلەسەر دزینی بەرھەم و سەرمایەی سروشتی عێراق باڵای پارەو سەرمایەکانیان لە ئاستی خەیاڵیدایە. بۆیە کۆتایی ھێنان بەوەھا ڕەوشێک لەڕێگەی دامەزراندنی سیستەمی ئابوری خۆژێن و ھەرەوەزیەوە دەبێت، کە ھەموو تاک و زیندەوەرو سروشتیش سودی لێببینێت و بەشداربێت لە بەرھەمھێنان و سەرلەنوێ جوانکردن و ژیانەوەی زیندویی بونەوەری.

کۆتا ڕەھەند: ڕەھەندی کۆمەڵایەتیە؛ ئەوعیراقەی کەلەسەر دڵخوازی پێکھاتەکانی دانەمەزراو، وەک کۆمەڵگەیەکی تەندروست و خاوەن ھزری سروشتی دانەمەزراو پێکنەھات، بوەتە کۆمەڵگەیەک کەشەڕوو پێکدادانی لێ نەپچڕاوەو بێبەبەش نەبوە لێی. ھۆکارەکەی بۆ ئەو دروستکردنە دەگەڕێتەوە کەلەدەرەوە سەپێنراوەو خواستی ھیچ لایەن و پێکھاتەیەکی تێدانەبوە. سیستەمێکی دەسەڵاتخواز سەپێنراوە کەلەسەر ئینکارو لەناوبردن ئاوا کراوەو یەک ڕەنگ کراوە. واتە عیراقی عەرەبی، لەناو ئاینزاکانیشدا ئاینزای سوننە. بۆیە ئەم چەمکە دەسەڵاتخوازیە ڕێگە لەسەر نائارامی و نەبونی ئاشتی دەکاتەوە. بەئێستەشەوە کەدوای ڕوخاندنی عیراقی دەسەڵاتداری بەعسی، کە بەپێی دەستور، عیراقێکی فیدراڵی فرەیی دامەزرێنراوە، چونکە گۆڕینی زھنیەتی بەدوای خۆیدا نەھێناوە. ھەر پێکھاتەیەک دەیەوێت خۆی باڵادەست بێت و عیراق وەرچەرخێنراوەتە گۆڕەپانی ڕشتنی خوێنی پێکھاتەکان و دەستێوەردانە دەرەکیەکان.

بۆئەوەی بتوانین وەڵامی ئەم عێراقە خوێناویە بدەینەوە، دەبێت ئەو پرسیارە بوروژێنین. عێراقێک بەو ھەموو فرەییەوە دامەزراوەو دور لەدڵخواز پێکەوە بەستراون و بوەتە گۆڕستانی پێکھاتەکان و نەبونی ئارامی. بۆئەوەی چارەسەری ئەو کێشانە بکەین دەبێت چی بکەین؟. لەپێش ھەرشتدا دەبێت زھنیەت و تێڕوانینمان بگۆڕین، لەسەر نیشتیمانی عیراق، لەسەر ئەوەی لەچی پێکھاتوە، چی و کێی تێدا دەژی، چۆن بژین و پەیوەندیەکانمان چۆن بن، ئەوە پەیوەندی بەچەمک و تێڕوانینی دەسەڵات دەوڵەت و کۆمەڵگەی دیموکراتیکەوە ھەیە. لەسەر چەمکی دەسەڵات دەوڵەت قسەناکەین چونکە دەرەنجامەکانی دیارە. لەسەر چەمک و تێڕوانینی کۆمەڵگەی دیموکراتیک ڕونکردنەوە دەدەین. چونکە چارەسەری ئەو کۆمەڵگانەی کەفرە پێکھاتەن بە دیموکراتیزەکردن و نەتەوەی دیموکراتیک دەبێت.

ئێمە وتمان عێراق فرە پێکھاتەیە! بەڵام ئەم پێکھاتانە بە خواست و دڵخوازی خۆیان نەھاتونەتە لای یەک و لە ئەنجامی گەشەیەکی سروشتی کۆمەڵایەتیەوە پێکەوەنەبون. بەڵکو بەھێزی زۆرو دور لەخواستی خۆیان بە ئاگرو ئاسن لە نەخشەیەکی خوێناویدا لێک گرێدراون. ئەمە بوەتە ھۆکاری شەڕ، لەناوبردن، کاولکاری و بەھەدەردانی تواناو وزە مرۆیی و ئابوری و سروشتیەکانی کۆمەڵگەو خاکی عیراق. دەبێت ئەمەبگۆڕین. لە ڕێگەی گۆڕینی زھن و تێگەیشتنمانەوە. لەقۆناغی یەکەمدا؛ بەخۆ جیاکردنەوەمان لە زھنیەتی دەسەڵاتخوازی خۆسەپێن. لەقۆناغی دووەمدا؛ بەگۆڕینی زھنیەت و دونیابینیمان، ئەویش بەوشێوەی کە عیراق، پێکھاتوە لە نەتەوەو پێکھاتەی ئاینی و ئاینزای جیاواز. کە پێویستە ھەموو ئەم نەتەوانە لەناوخۆیانداو پێکەوە پرۆسەی نەتەوەبون و نیشتیمانی بون و دیموکراتیک بون و یەکترناسین و یەکتر قبوڵکردن تەواو بکەن و بەڕێوەببەن. ھەرنەتەوەو پێکھاتەیەک چی بۆخۆی بەڕەوا دەبینێت، ئەوەش بۆ نەتەوەو پێکھاتە جیاوازەکەی ناو جوگرافیاو دەرەوەی جوگرافیای عیراق بەڕەوا بزانێت و وەک مافێکی سروشتی ھەبون و مانەوە قبوڵی بکات و ببێتە پشت و پەنای پاراستنی ئەوانی دی. بەوشێوە عێراقێکی نوێ دیموکراتیک، ئازادو ئاشتەوا بنیات دەنێین، کەنەک مافی نەتەوەو پێکھاتەکان، بەڵکو مافی ڕەگەزە جیاوازەکان، ئاژەڵ و زیندەوەر، ژینگەو سروشت پارێزراو بێت تێیدا.

فرەیی عێراق سەرچاوەی ھێزو وزە دەبێت بۆ یەکترو تێرکەر دەبێت بۆ پێکھاتە جیاوازەکان. بەوە دەوڵەمەندیە جۆراوجۆرەکانی عێراق بۆ ئاشتەوایی، ئارامی خۆشگوزەرانی پێکھاتەکانی عیڕاق بەکاردێنین. گەلی کورد، عەرەب، تورکمان، ئەرمەن، کلدۆ ئاشور، ئایینی ئیسلام، مەسیحی، جولەکە، ئێزدی، سابیئە، شەبەک و ئاینزای سوننە، شیعە، کاسۆلیک و ئەرتەدۆکس بون و ھەبونە فرەییەکانی عێراقن و پێویستە تەواوی ئەو پێکھاتانە لەکەشێکی تەباو پێکەوەییدا بژین و ناسنامەی جیاوازی یەکتربناسن و ڕێزداربن بەرامبەری. ھەریەک لەو نەتەوەو بونانە درێژکراوەی کلتوری ھەبونی چەندھەزار ساڵەن لەناوچەکەدا کەدرێژکراوەکانیان لە ناوچەکەدا بەھۆی دابەشکاری سنورە دەسکردەکانەوە لە جوگرافیاو وڵاتانی دراوسێی یەکترداھەن.

بۆیە چارەسەری کێشەکانی عیراق و دیموکراتیزەکردنی زھنیەتی عیراقی کاریگەری لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھانیشدا دەبێت. ئاشتەوایی عیڕاق لەسەر پێکەوەژیان و مافی خۆسەربون دەبێتە ھێز بۆ چاڕەسەری کێشەکانی ناوچەو دامەزراندنی سیستەمی پێکەوەژیانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. لەبەر ئەوەی چارەسەری کێشەکان ڕاستەوخۆ گرێدراوی ھەبونە جیاوازەکان و درێژبونەوەیانە بۆ قوڵایی بون و مێژوی ناوچەکە. ئەوە ئارامترین چارەسەریە، بەڵام پڕ کەندو کۆسپترین چارەسەریە، کاتێکیش چارەسەری پێشکەوت ھیچ ھێزێک خۆی لەبەردەمیدا ڕاناگرێت.

بەوە پێگەی لانکی عیراق لە ناوچەکەدا وەردەچەرخێتە سەر شۆڕشی زھنی دیموکراتیکی ناوچەکەو کاریگەریەکانی لەناوچەدا بەرچاو دەبن و بەوەش زێگە لە دەستێوەردانی دەرەکی دەگیرێت و عیراقیەکان بەتواناو وزەی خۆیان ھەم کێشەکانیان چارەسەر دەکەن، ھەم دەبنە ئاوێنەی باڵانوێنی چارەسەری کێشەکان و پەیامدەری دیموکراتیزەبونی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان و بەوە گورزی کوشندە لەسیستەمی وێرانکەڕی ئیمپریالیستی و داگیرکەر دەدرێت. چیدی عیراق نابێتە گۆڕەپانی شەڕو پێکادان، بەڵکو دەبێتە نمونەی ئاشتەوایی و پێکەوەژیانی دڵخواز.

هاوبەشی :