داگیركەری تورک لە کۆبوونەوەیەکی نهێنیان لەگەڵ ئێران داوایان كردوە، کە دەوڵەتی تورک هێرشەکانی لە سنووری سلێمانییەوە بۆ سەر هەرێمەکانى پاراستنى مەدیا ئەنجام بدات

73
0
هاوبەشی :

ستێرك تیڤی

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ لەناوبردنی کوردان، هەموو ڕێ و ڕێبازێک بەکاردەهێنێت، لە ئیستاشدا هەوڵەکانی زیاتر کردووە بۆ ئەوەی وڵاتانى ناوچەکە ڕاکێشێتە ناو پیلانگێڕییەکانییەوە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەریەک ئەردۆغان سەرۆکی دەوڵەتى تورک و وەزیری دەرەوە و ناوخۆ و بەرگریی سەردانی بەغدا و هەولێر کرد، تا بتوانن هاوشێوەی پەدەکە عێراقیش ڕابکێشنە ناو هێرشە داگیرکارییەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر گەریلاکانی ئازادیی.

لە میانی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق، ٢٦ ڕێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەشتنی لەگەڵ عێراق واژۆ کرا، بەڵام ئەردۆغان ڕاستەوخۆ ئەو ئامانجەی نەپێکا کە بۆی هاتبووە، وێڕای بەردەوامی هێرشەکان و بۆردوومانەکان ئەو هێرشە بەرفراوانەی بانگەشەی بۆی دەکرد تا ئێستا نەیتوانییوە ئەنجامی بدات.

لەلایەکی دیکەوە، بەپێی زانیارییەکان سەرانی دەوڵەتی تورک کۆبوونەوەیەکی نهێنیان لەگەڵ کاربەدەستانی ئێران ئەنجامداوە، تێیدا باس لەوە کراوە، کە دەوڵەتی تورک هێرشەکانی لە سنووری سلێمانییەوە بۆ سەر هەرێمەکانى پاراستنى مەدیا ئەنجام بدات.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک دەزانێت، ئەوەی ڕێگرە لە بەردەم داگیرکارییەکانی و زیندووکردنەوەی میساقی میللی، تەنها پەکەکەیە، بۆیە سەرەتا بە هەموو هێزیی خۆیەوە هەوڵی لەناوبردنی پەکەکە دەدات و دواتر دەیەوێت گۆڕەپانەکە بۆ لەناوبردنى هەموو گەلی کورد لە بەردەمییدا پاک بکاتەوە.

لە بەرامبەردا گەریلاکانی ئازادیی، درێژەیان بە بەرخۆدانی مێژوویی خۆیانداوە و بە بەردەوام چالاکیی و ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێریی ئەنجام دەدەن و مۆڵگە و پیلانەکانی دەوڵەتی تورک لە چیاکانی کوردستاندا لەناو دەبەن.

دوای سەردانەکانی کاربەدەستانی دەوڵەتی تورک بۆ بەغدا و هەولێر، بۆ جاری یەکەم، لە ٤ـی ئەم مانگە قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاریی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی هەردوو دەزگای پاراستن و زانیاریی کۆبوویەوە.

تا ئێستا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاشکرا نەبووە، بەڵام وەک ئەوەی لە ڕاگەیاندنەکاندا باس کراوە، لە کۆبوونەوەکەدا ئاڵوگۆڕی زانیاریی و هەماهەنگیی هەواڵگریی و ئاڵنگارییە ئەمنییەکان تاوتوێکراون .

بەپێی چەند زانیارییەکى تایبەتیش، لە کۆبوونەوەکاندا پرسی هاوکاریکردنى دەوڵەتى داگیرکەری تورک لە هێرشە داگیرکارییەکانى بۆسەر خاکی هەرێم یەکێکبووە لە تەوەرە سەرەکییەکانى کۆبوونەوەکە.

هاوبەشی :